هزری زانستی: خه‌سڵه‌ت و سنووری.. واقیعی زانست
October 1, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :كارڵ ماركس
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
وا دیاره میتۆدی دروست وا پێویست ده‌كات، له واقیعی عه‌ینییه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، كه مه‌رجی پێویستی كرده‌نی پێك ده‌هێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ نموونه له رامیارییه ئابووریدا، له دانیشتووانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، كه له سه‌ر بنه‌مای ئه‌وانه‌وه سه‌راپای پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانی كۆمه‌ڵ رۆده‌نرێت، له‌و پرۆسه‌یه‌شدا خودی كارا پێك ده‌هێنن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر له كاره‌كه وردببینه‌وه، هێنده نابات چه‌وتیی ئه‌و دهسپێكهمان بۆ روون ده‌بێته‌وه. چونكه دانیشتووان، ئه‌گه‌ر بۆ نموونه ئه‌و چینانه‌ی پێكی ده‌هێنن فه‌رامۆش بكه‌ین، ئه‌وكات هه‌ر ته‌نیا رووته بیرۆكه‌یه‌ك پێك ده‌هێنن. ئه‌و چینانه‌ش، ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی له سه‌ری به‌ندن وه‌ك: كاری به كرێ و سه‌رمایه و شتی دی فه‌رامۆش بكه‌ین، ئه‌وا هه‌ر ته‌نیا وه‌ك قسه‌ی پووچ و به‌تاڵ ده‌مێننه‌وه. ئه‌م كارانه‌ش له لای خۆیانه‌وه گریمانه‌ی ئاڵوگۆرِ و دابه‌ش كردنی كار و نرخ ده‌كه‌ن. بۆ نموونه، سه‌رمایه به بێ "كاری به كرێ" و به بێ به‌ها و دراو و نرخ و هی دیكه‌ش، هیچ واتایه‌كی نییه. جا به گوێره‌ی ئه‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه له دانیشتووانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، ئه‌وكات چه‌مكێكی تهمومژاویمان له‌باره‌ی هه‌مووانه‌وه ده‌بێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه پشت به شێوه‌یه‌كی وردتر ببه‌ستین، ئه‌وكات له رێی شرۆڤه‌وه ده‌گه‌ینه چهمكهیلێك، كه‌م كه‌م ساده‌تر ده‌بن. به‌م جۆره ئێمه له واقیعی مه‌جازییه‌وه به‌ره‌و ئه‌بستراكتی پتر ورد و دیاری كرا‌و ده‌چین، تا ده‌گه‌ینه سنووربه‌ندیی هه‌ره ساده. ئیدی له سه‌رمان پێویسته به ده‌سپێك له‌و سنووربهندییانهوه ده‌ست به پاشه‌كشه بكه‌ین، تا سه‌ر له نوێ ده‌گه‌ینه‌وه دانیشتووان. به‌ڵام ئه‌وكات ئه‌مانه خۆ نواندنێكی ته‌مومژاوی و ههرِهمهكی نابن له كۆ، به‌ڵكوو ده‌بنه كۆیه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند به سنووربه‌ندی و ههمهجۆر په‌یوه‌ندی، (.....). روون و ئاشكراشه، ئه‌م میتۆده‌ی دوایی میتۆدی دروستی زانستییه.واقیعی عه‌ینی، عه‌ینی ده‌بێت، چونكه بریتی ده‌بێت له تێك هه‌ڵكێشی چه‌ندین سنووربه‌ندی، واته ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیی یه‌كێتییه‌ك ده‌كات كه توخم (ره‌گه‌ز)ی ههمهجۆر له خۆ ده‌گرێت. بۆیه ئه‌و له هزردا وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی تێك هه‌ڵكێش و، وه‌ك ئه‌نجام ده‌رده‌كه‌وێت، نه‌ك وه‌ك خاڵی ده‌سپێك. ئه‌وه وێرِای ئه‌وه‌ی بریتییه له خاڵی راسته‌قینه‌ی ده‌سپێك، هه‌روه‌ها له ئاكامدا، بریتییه له خاڵی ده‌سپێكی دیتنی راسته‌وخۆ و به‌رجه‌سته بوونیشه.
رێكاری یه‌كه‌م (كه له دانیشتووانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات) به‌رجه‌سته بوونی ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ سنووربه‌ندیی ئه‌بستراكت دهگێرِێتهوه، كه‌چی سنووربه‌ندیی رووت (ئه‌بستراكت) له رێكاری دووه‌مدا ده‌بێته مایه‌ی به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی واقیعی عه‌ینی له رێی هزره‌وه. بۆیه "هیگل" بووه قوربانیی وههم، ئه‌و واقیعی به به‌رهه‌می هزر دانا، ئه‌و "خودی" ده‌گرێته خۆ و دزه ده‌كاته نێوی، جا له خۆرِا ده‌جوولێته‌وه. ئه‌وه له كاتێكدا ئه‌و میتۆده‌ی رێ به باڵاكردی ده‌دات له رووته‌وه بۆ به‌رجه‌سته، هه‌ر ته‌نیا ئه‌و چۆنایهتییهیه كه تێیدا هزر واقیعی عه‌ینی ده‌گرێته خۆ و، له شێوه‌ی واقیعی هزری ده‌ی هێنێته‌وه به‌رهه‌م. ئه‌مه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك، ئه‌و پرۆسه‌یه نییه كه به گوێره‌ی ئه‌و، خودی واقیع پێك دێت (...).
سه‌باره‌ت به هۆشیاری، (هۆشیاریی فه‌لسه‌فی به‌و جۆره گه‌ڵاڵه بوو كه تێیدا وا داده‌ندرێت، هزر له رێی بۆچوونهكانییهوه هه‌ر خۆی مرۆڤی واقیعی پێك ده‌هێنێت، دوا جار جیهان به لای ئه‌وه‌وه واقیعی نابێت، ته‌نیا مه‌گه‌ر ملكه‌چی بۆچوونی عه‌قڵی بێت)، كه‌واته سه‌باره‌ت به هۆشیاری، ئه‌وا "جووله گوته‌كان" وا دێنه پێش چاو، وه‌ك ئه‌وه‌ی جووله‌ی پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانی (كه له ده‌ره‌وه هه‌ر ته‌نیا دنه‌دانێكی ساده ده‌بینێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش كارێكه جێی داخه) راسته‌قینه‌ی كرداره‌كی بێت، كه له‌وه‌وه جیهان له‌دایك ده‌بێت. ئه‌و كاره‌ش راسته به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی تێكرِای واقیعی، به‌وه‌ی تێكرِایهكه به‌رهه‌می هزر و وێنای عه‌قڵییه و، به‌وه‌ی به‌رجه‌سته بوونی هزرییه له‌باره‌ی واقیعه‌وه، به‌و ئه‌ندازه‌یه ده‌بێته به‌رهه‌مێكی هزر و وێنای عه‌قڵی (ئه‌مه‌ش ئه‌نجامێكی به‌ده‌ست هاتووه)، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، ئه‌و هه‌رگیز نابێته به‌رهه‌می ئه‌و چه‌مكه‌ی له خۆیه‌وه له‌دایك ده‌بێت، كه له ده‌ره‌وه‌ی دیدی راسته‌وخۆ و به‌رجه‌سته بووندا بیر ده‌كاته‌وه. تێكرِا (هه‌موو) وه‌ك ئه‌وه‌ی له هزردا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌وه‌ی تێكرِایهكه هزر داویه‌تییه ده‌ست، به‌رهه‌می مێشكێكه بیر ده‌كاته‌وه و به ته‌نیا جۆرایهتییهكیش، جیهان بووه‌ته موڵكی، كه له رێی ئه‌وه‌وه ده‌توانێت ئه‌و موڵكایهتییه بگرێته ده‌ست، واته به جۆرێكی جیاواز له‌وه‌ی له رێی هونه‌ر و ئایین و عه‌قڵی كردهییانهوه جیهان بكاته موڵك. هه‌ڵبه‌ت بابه‌تی واقیعی، جا چ به‌ر له زانین یان دوای ئه‌و بێت، سه‌ربه‌خۆ له ده‌ره‌وه‌ی هزردا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه هزر خۆی له ساغه رامان و ته‌ماشا كردن‌دا قه‌تیس ده‌هێڵێته‌وه.