له نیرۆنه‌وه تا قه‌ززافی
August 26, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
(جیاوازیی نێوان دۆکتۆر و دیکتاتۆر ئه‌وه‌یه، ئه‌میان ئینسان له شتی خراپ، خاوێن ده‌کاته‌وه و ئه‌ویان نیشتمان له ئینسانی چاک، پاک ده‌کاته‌وه.)دوو ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیران له کالیگۆلا ده‌پرسن، ئه‌وه به چی پێده‌که‌نیت؟ به‌وه‌ی که ده‌توانم به سه‌رله‌قاندنێک، سه‌ری هه‌ردووکتان به په‌ڕاندن بده‌م. کالیگۆلا (که زوو زوو ده‌یگوت: خۆزگه گه‌لی ڕۆمان به هه‌موویان یه‌ک سه‌ریان هه‌بووایه، تا به تاقه شیروهشاندنێک بمپهڕاندایه،) دڵی هه‌ر به هێنده ئاوی نه‌ده‌خوارده‌وه که دژوارترین ئه‌شکه‌نجه‌ی نه‌یارانی بدات، به‌ڵکوو فڕێشی ده‌دانه به‌ر ده‌می دڕنده کێوییه‌کانه‌وه. کالیگۆلا که خاڵی نێرۆن بوو، دایکی نێرۆنیشی ئه‌شکه‌نجه ده‌دا. نێرۆن (37 _ 68) که (نێرۆ)یشی پێ ده‌ڵێن، پێنجه‌مین و دوا قه‌یسه‌ری ڕۆمان بوو له بنه‌ماڵه‌ی یۆلیۆکلۆدیا.
نێرۆن وای بۆ ده‌چوو هه‌م گۆرانیبێژێکی مه‌زنه و هه‌م تارژه‌نێکی بێ وێنه، ئه‌مانه وێڕای ئه‌وه‌ی پێی وابوو له بواری ئاژۆتنی گالیسکه‌ی جه‌نگیدا، شانی که‌س ناگاته داوێنی! نێرۆن له بواری گوتنی گۆرانی و نواندندا گه‌لێک خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه، ته‌نیا له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه، له هه‌ر پێشبڕکێیه‌کدا به‌شدار بووایه، ده‌سته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن زاتیان نه‌ده‌کرد، خه‌ڵاتی یه‌که‌م بێجگه له‌و به که‌سێکی دیکه بده‌ن.
نێرۆن شه‌یدای (پۆپایا) ده‌بێت و له پێناویدا ده‌ست له ژنه‌که‌ی هه‌ڵده‌گرێت، دایکی ئه‌م کاره‌ی پێ ناخۆش ده‌بێت، نیرۆن فه‌رمان ده‌دات دایکی بکوژن و ته‌رمه‌که‌یشی بسووتێنن، ئیدی له‌و ساته‌وه گه‌ردێک به‌زه‌یی له دڵیدا نامێنێت و ده‌ست له کوشتنی نزیکترین که‌سه‌کانی ناپارێزیت، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی سوپاسالاری له‌شکره‌که‌ی، مامۆستاکه‌ی (سینیکا) و پۆپایایش له سه‌روه‌ختی دووگیانی‌دا، بکوژێت. سپۆروس کوڕێکی گه‌نج ده‌بێت، چونکه له پۆپایا ده‌چێت، نێرۆن ده‌یخه‌سێنێت و به ئاشکرا ماره‌ی ده‌کات.
نێرۆن له ساڵی 64 دا ئاگر له ڕۆما به‌ر ده‌دات و به ده‌م چڕینی شیعره‌کانی هۆمیرۆسه‌وه که باسی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌که‌ی ته‌رواده ده‌که‌ن، له شوێنێکی به‌رزه‌وه ته‌ماشای سووتاندنی پایته‌ختی ئیمپراتۆریاکه‌ی ده‌کات و چێژی لێ ده‌بینێت. هه‌فته‌یه‌ک زیاتر ئاگره‌که خامۆش نابێته‌وه و له‌گه‌ڵیدا ژن و منداڵ ده‌سووتێن و نێرۆن که‌یفی پێ دێت، ئاخر پێ ده‌چێت ویژدانی نه‌بووبێت، ئه‌گه‌ر نا ده‌بوو ویژدانی ئازاری دابا. نێرۆن ئاگر له ڕۆما به‌ر ده‌دات و تاوانه‌که‌ی ده‌خاته ئه‌ستۆی کریستیانه‌کان. ڕه‌نگه که‌س هێنده‌ی ئه‌و ئه‌شکه‌نجه‌ی کریستیانه‌کانی نه‌دابێت، ڕه‌نگه که‌س هێنده‌ی ئه‌و له بواری شێوازی ئازاردانی ئه‌واندا، (داهێنان)ی تۆمار نه‌کردبێت. نێرۆن له ماوه‌یه‌کی که‌مدا زۆرترین که‌سی کوشت، دوا جار له ساڵی 68 دا خۆیشی به کوشتن چوو.
حاکمێکی(*) فاتمییه‌کانیش نیرۆن ئاسا که هه‌م گێل بوو، هه‌م شه‌یدای خوێنڕشتنیش بوو، ئاگری له قاهیره به‌ر دا، ئه‌ویش هه‌مان چاره‌نووسی نیرۆنی هه‌بوو، له ساڵی 411 ی کۆچیدا سه‌رانی سوپاکه‌ی خۆی کوشتیان. موعه‌ممه‌ر قه‌ززافی وه‌ک سته‌مکارێکی گێل، ئه‌ویش هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ڕابوون‌دا، هه‌ڕه‌شه‌ی سووتاندنی شاره‌کانی لیبیای له گه‌له‌که‌ی کرد. قه‌ززافی که به تاووسێکی گه‌مژه ناسراوه، ته‌نانه‌ت دیرۆکیشی شێواندووه، ئاخر له لیبیا مێژووی (کۆچی) له کۆچی په‌یامبه‌ره‌وه له مه‌ککه‌وه بۆ مه‌دینه ده‌ست پێ ناکات، له کۆچی دوایی په‌یامبه‌ره‌وه ده‌ست پێ ده‌کات. حاکمی فاتمییه‌کان کۆیله‌ی له باشووری سوودانه‌وه هێنا و ئه‌رکی سووتاندنی قاهیره‌ی پێ سپاردن، قه‌ززافی بۆ سه‌رکوتکردنی ڕاپه‌ڕیوان، له زیمبابۆیه‌وه چه‌کداری کرێگرته‌ی هێنا.
نیرۆن سه‌ردانی ئه‌و جێیانه‌ی ده‌کرد که سێکسیان تێدا ده‌فرۆشرا، قه‌ززافی پاسه‌وانه‌کانی له کچانی جحێڵ پێک ده‌هاتن. نیرۆن خۆی به گۆرانبێژ و ئه‌کته‌ر ده‌زانی، له قهززافییش وایه بیرمه‌ند و چیرۆک‌نووس و شاعیریشه، ئاخر ده‌یان (شیعر)ی کراون به گۆرانی! مۆسۆلینی ڕۆژنامه‌نووس بوو، هیتله‌ریش نووسه‌ر، بۆیه ئه‌گه‌ر سایکۆپاتێکی وه‌ک قه‌ززافی یان سه‌ددامیش خۆیان پێ نووسه‌ر بێت، شتێکی سه‌یر نییه.
سینیکا گوتاری بۆ نیرۆن ده‌نووسییه‌وه، قه‌ززافی پاره‌ی ده‌دا، تا نووسین و چیرۆکی بۆ بنووسن و لێکۆڵینه‌وه‌یش له‌سه‌ر کاره ساخته‌کانی بکرێت، ئه‌وه بۆیه تا هه‌نووکه نزیکه‌ی سه‌د باس و لێکۆڵینه‌وه، ته‌نیا له‌سه‌ر (چیرۆکه‌کانی) بڵاو کراونه‌ته‌وه و جێی داخه هه‌ندێک له‌و باسانه له لایه‌ن نووسه‌رانی ڕاسته‌قینه‌وه نووسراون و باس له ته‌کنیکی نووسین و نوێکردنه‌وه لای قه‌ززافی ده‌که‌ن. (گونده‌که، گونده‌که) کۆچیرۆکێکی قهززافییه، ئه‌و باسانه‌ی ده‌رباره‌ی نووسروان، هێنده زۆرن، له دووتوێی سێ به‌رگدا چاپ کراون.(1)
چیرۆکنووسێکی لێهاتووی وه‌ک عه‌بدولڕه‌حمان مه‌جید ئه‌لڕوبه‌یعی ده‌نووسێت: (چیرۆکه‌کانی قه‌ززافی پێوه‌ندییه‌کی پته‌ویان به ترپه‌ی دڵی خه‌ڵکه‌وه هه‌یه.) نووسه‌رێکی لوبنانی که وه‌جیه فانووسی ناوه، ده‌ڵێت: (ئه‌زموونی قه‌ززافی، ئه‌زموونێکی نوێیه له دنیای ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش.) عه‌لی عوقله عه‌رسان که ساڵانێک سه‌رۆکی نووسه‌رانی عه‌ره‌ب بوو، ده‌ڵێت: (له چیرۆکی قه‌ززافیدا هه‌ناسه‌یه‌کی جیاواز، گاڵته‌جاڕییه‌کی تاڵ و حه‌سره‌تێکی قووڵ هه‌یه که بۆ گۆڕانکاری بانگمان ده‌که‌ن.) ئه‌گه‌ر له بیرتان مابێت، سه‌ددام حوسه‌ینی (ڕۆماننووس) له زینداندا خووی دابووه، نووسینی (شیعر)یش.
جیاوازیی نێوان قه‌ززافی و که‌سایه‌تییه‌کی کاریکاتێری، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه بێت، ئه‌میان له گۆشت و خوێن پێک هاتووه و ئه‌ویان له ڕه‌نگ و کاغه‌ز. (خۆپیشاندان ئازاده، به‌ڵام نه‌ک له‌سه‌ر جاده.) ئه‌وه یه‌کێکه له قسه (نه‌سته‌ق)ه‌کانی ئه‌و سه‌رکرده سه‌رچڵه شێتۆکهیهی، چل و دوو ساڵ سه‌رۆکی لیبیا بوو، سه‌رۆکێک که وه‌ک ناخ کلاون و به ڕووکه‌ش ڕۆڵی بیرمه‌ندی وازی ده‌کرد. ڕه‌نگه قه‌ززافی تاقه سه‌رۆک بێت، نه‌یارانی خۆی به پشیله، مشک، سه‌گی به‌ره‌ڵا و قالۆنچه شووبهاندبێت. که به‌عس له ئه‌نفالکردنی کورد بووه‌وه، له 21 ی دێسه‌مبه‌ری هه‌مان ساڵدا، قه‌ززافی فڕۆکه‌یه‌کی له‌سه‌ر گوندی لۆکه‌ربی ته‌قانده‌وه، که 270 قوربانیی لێ که‌وته‌وه. ڕه‌نگه ئه‌وه‌یش بۆ خۆی کاره‌ساتێک بێت، له‌وانه‌ی ده‌بنه هه‌وێنی پێکه‌نینیش که به‌شێک له کورد ساڵانێک دڵی به به‌ڵێن و کۆمه‌کی ئه‌و کلاونه خوێنڕێژه خۆش‌بوو.(**)
(گۆڕانکاری به‌و سه‌دان که‌سه ده‌کرێت که ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قام و سڵ له مه‌رگ ناکه‌نه‌وه، نه‌ک به‌و میلیۆنانهی له ماڵه‌وه به دیار دراما سه‌د ئهڵقهیییهکانی تیڤییه‌کانه‌وه داده‌نیشن.) کانت باشی بۆ نه‌چووه که گوتوویه‌تی: (هاوسۆزی له گه‌ڵ شۆڕشدا، هیچی که‌متر نییه له به‌شداریکردن تێیدا،) ئاخر زه‌ریایه‌ک له سۆزی دیلکراوی میلله‌ت، هێنده‌ی زنه‌یه‌ک له خۆڕاپسکانی جه‌ماوه‌ر کاریگه‌ریه‌تیی نابێت.
قه‌ززافی وه‌ک هه‌ر دیکتاتۆرێکی دیکه به قسه‌ی شیرینی ڕاوێژکاره درۆزنه‌کانی فریوی خواردبوو، بۆیه پێی وابوو، لیبیا شامی شه‌ریفه. وه‌ک هه‌ر دیکتاتۆرێکی دیکه، که ڕه‌خنه‌یه‌کی لێ ده‌گیرا، وای بۆ ده‌چوو، ده‌ستی ده‌ره‌کیی له پشته‌وه‌یه. وه‌ک هه‌ر دیکتاتۆرێکی دیکه، ده‌ستڕۆییشتووه‌کانی وڵات، که‌سوکاری خۆی بوون. وه‌ک هه‌ر دیکتاتۆرێکی دیکه، له تاریکیدا هه‌نگاوی ده‌نا و ناڕوونیی ڕه‌چاو ده‌کرد. وه‌ک هه‌ر دیکتاتۆرێکی دیکه، نه بڕوای به ئازادی هه‌بوو، نه گوێی بۆ ڕای گشتی شل ده‌کرد. وه‌ک هه‌ر دیکتاتۆرێکی دیکه، گاڵته‌ی به ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات ده‌هات و چێژی له ئازاردانی میلله‌ت وه‌رده‌گرت. وه‌ک هه‌ر دیکتاتۆرێکی دیکه، نه باوه‌ڕی به هیج هه‌بوو، نه خاوه‌نی نموونه‌ی باڵا بوو، نه درۆههڵڕشتنی پێ خه‌وش بوو.
قه‌ززافی هه‌ر دیکتاتۆر نه‌بوو، سایکۆپاتیش بوو. سایکۆپات هاوسۆزیی له‌گه‌ڵ که‌سدا نییه، پێی وایه خۆی له‌سه‌روو ڕێساکانهوهیه و ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ویژدان، ئه‌و شکی نه‌بات. سایکۆپات هه‌میشه خۆی پێ له‌سه‌ر هه‌قه و قه‌ت ناچێته ژێر ئه‌وه‌ی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش هه‌ڵه بکات. که‌س له شه‌ڕدا له سایکۆپاتی ناباته‌وه، ئاخر چی پێ بکرێت، ده‌یکات، بۆیه خه‌ڵکی خۆیانی لێ لا ده‌ده‌ن، وه‌لێ کاره‌سات له‌وێدایه، ئه‌و خۆی له خه‌ڵک لا نادات. ئایا ئه‌وه سه‌رکه‌وتنه، دیکتاتۆرێکی سایکۆپات، دوای ئه‌وه‌ی سی چل ساڵێک میلله‌تێک ده‌کوژێت و ده‌بڕێت، ئینجا له سێداره بدرێت؟
23. 08. 2011
(1) عبده وازن، فی (أدب) القذافي، 28 فبرایر 2011 الحیاة.
(*) حاکم بأمر الله.
(**) ڕه‌نگه پێش بنووسی ئه‌م باسه، هیچ کوردێک ناوی قهززافیی نه‌خستبێته نێو ڕسته‌ی شیعرییه‌وه:
له‌و ده هه‌زاره‌ی قه‌ززافی
دوای سه‌فه‌ره‌که‌ی سوێدم
مایه‌وه هه‌زاری سافی،
مه‌سره‌فه گرانه‌که‌ی شام
ئه‌ویشی له ده‌ست ده‌رهێنام،
ئیدی بۆڵه‌بۆڵی چیته،
هاوڕێی خه‌بات!
دانێک گه‌زێ درێژ بێ
دۆلارێکت به ده‌ست ناگات،
تۆیش بڕؤ نه‌خشی خۆت بێنه
ئه‌گه‌ر من نه‌مگوت عه‌وافی،
هه‌قته لێم ببی به شاعیر
هه‌جووم بکه‌ی،
وه‌کوو من فه‌یسه‌ڵ پاشا بم،
تۆیش ڕه‌سافی!
22. 02. 1988