كولتووری عه‌ره‌ب له نێوان میتۆدۆلۆژیا و ئایدیۆلۆژیادا
July 10, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :د. یوسف سه‌لامه
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته پرۆفیسۆری فه‌لسه‌فه‌یه له زانكۆی دیمه‌شق، هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌به.(بۆ به‌رچاو روونیی خوێنه‌ر، زاراوه‌ی میتۆدۆلۆژیا: واته میتۆدناسی، زانستی میتۆد).
گومانی تێدا نییه كه میتۆد كۆمه‌ڵێك چه‌مكی زه‌ینه (زه‌ینه چه‌مكه)، یان زنجیره‌یه‌ك رێسا و رێكاری پراكتیكییه، یان ته‌رتیبێكی زیندووه له هه‌ردووكیان، كه تێیدا زه‌ینه وێنا و رێسای پراكتیكی ده‌چنه نێو یه‌ك (تێكه‌ڵ به یه‌ك ده‌بن). هه‌ڵبه‌ت رێسا نابێت به‌ده‌ر له ژیانی عه‌ینیانه‌ی كۆمه‌ڵێك چه‌مكی تیۆری، كه ئه‌ویش هه‌ر ته‌نیا كۆمه‌ڵێك بیرۆكه و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی عه‌قڵییه، كه خۆی پیاده ده‌كات به‌وه‌ی بابه‌تێك ده‌خاته به‌ر پێداویستی خودێتیی خۆیدا، كه ئه‌ویش شتێك نییه بێ له هه‌مه‌كایه‌تیی هزر، ئه‌میش چاوگی هه‌مه‌كایه‌تی و بابه‌تایه‌تی و شموولایه‌تییه. به‌م واتایه، میتۆده‌كه ئاماژه ده‌كات به "دیدێكی دیاری كراوی عه‌قڵانی بۆ ئه‌و جیهانه‌ی" ئه‌و میتۆده‌ی تێدا گه‌ڵاڵه ده‌كرێت، واته میتۆد له ده‌ره‌وه‌ی دیرۆكدا نییه و لێشی جیا نابێته‌وه، مادام چركه‌یه‌كی دیاری كراوی مێژوویی، كه هه‌ر ئه‌وه له بنه‌رِه‌تدا میتۆد بۆ رووبه‌رِوو بوونه‌وه‌ی داده‌رِێژرێت، ئه‌ویش یان به هه‌ڵواسینی، یانیش به ئاشكرا كردنی ناته‌باییه‌كانی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و مادده‌یه‌كه ده‌كرێ له رێی تێگه‌یشتنی له‌و ده‌سگیر بكرێت، به‌ر له‌وه‌ی له هه‌نگاوێكی دواتردا ده‌ست به دروست كردنه‌وه (پێك هێنانه‌وه)ی بكرێت، ئه‌ویش به به‌رز كردنه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌یه تا ئاستی ئه‌و بیرۆكانه‌ی میتۆدێكی دیاری كراویان لێ پێك دێت. واته به گه‌رِاندنه‌وه‌ی بابه‌ت یان چركه‌ی به‌رمه‌به‌ستی دیرۆكی بۆ ده‌سه‌ڵاتی خود، كه ئه‌ویش ره‌وایی خۆی له خودی هزره‌وه به‌ده‌ست ده‌هێنێت، هه‌ڵبه‌ت بابه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێنێـته‌وه، پاشان دووباره دای ده‌رِێژێته‌وه، به چه‌شنێك ئه‌و میتۆده له‌م بابه‌ته‌دا به خۆی ئاشنا ده‌بێت، كه په‌یوه‌ندی له نێوانی ئه‌و و بابه‌ته‌كه‌یدا په‌یوه‌ندییه‌كی نامۆییانه‌ی به‌رامبه‌ر به یه‌كه، ئه‌ویش به‌ر له‌وه‌ی میتۆد له گۆرِینی بابه‌ته‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بێت، كه به گوێره‌ی ئه‌و میتۆده‌ی به سه‌ر ئه‌م یان ئه‌و بابه‌تدا پیاده ده‌كرێت.
ئه‌مه‌یه خه‌سڵه‌تی میتۆد، به‌ڵام ئاخۆ چی له پشت سوور بوونی توێژه‌رانه‌وه هه‌یه سه‌باره‌ت به له ئه‌ستۆ گرتنی میتۆدێك بێ له ئه‌وانی دی؟
میتۆد، چرِ كردنه‌وه‌ی دیدی توێژه‌ر یان بیرمه‌نده سه‌باره‌ت به جیهان له چركه ساتێكی دیاری كراوی مێژوویی‌دا. دید له را جیا نابێته‌وه، واته دید بریتییه له كۆی ئازادیی رای عه‌قڵیانه. بیر كردنه‌وه.. گریمانه‌ی ئازادی ده‌كات، ئازادییش گریمانه‌ی عه‌قڵ ده‌كات، مومكین نییه بێ له كه‌سی عاقڵ كه به راسته‌قینه ئازاد بێت. هه‌روه‌ها ئازاد هه‌ر خۆی عاقڵه، له‌به‌ر ئه‌و توانایه‌ی كه هه‌یه‌تی بۆ پاساو دانه‌وه‌ی خواسته‌كانی به‌رامبه‌ر به خواستی دی، كه دووریان ده‌خاته‌وه یان به درۆیان ده‌خاته‌وه. به‌م چه‌شنه، فره‌یی میتۆدی بیرمه‌ندان هه‌موو نیشانه‌كانی له‌وه‌دا چرِ ده‌بێته‌وه، كه مرۆڤ ئازاده، نه زیاتر و نه كه‌متر.
به‌م جۆره ئازادی لێره‌دا ئاماژه به توانای خود ده‌كات سه‌باره‌ت به هه‌ڵهێنجانی میتۆدێك كه ئازاد بوونی له به‌رامبه‌ر جیهان بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات، مادام ئه‌و میتۆده خود ده‌گه‌یه‌نێته ئاستی به‌رز كردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی تا ئاستی خۆی، ئیدی ئه‌و كات له لایه‌ك نامۆیی به‌رامبه‌ر به یه‌كی نێوان خود و جیهانه‌كه‌ی له‌ناو ده‌بات، له لایه‌كی دیكه‌وه خود ده‌كاته پێوه‌ری خۆی، به جۆرێك توانای پاراستنی سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی هه‌مبه‌ر به جیهانه‌كه‌ی ده‌بێت، هه‌روه‌ها به‌رز كردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی تا ئاستی خۆی، كه وا له خود ده‌كات ببێته خاڵی "ئه‌رشمیدی" له‌م جیهانه‌دا، له فره‌یی ئه‌ودا خودی خۆی له‌ده‌ست نادات، یه‌قینی خۆشی له‌ده‌ست نادات كه چاوگی هه‌قه له‌م جیهانه‌دا. جێی خۆیه‌تی هۆشداری بده‌ین كه قسه كردن لێره‌دا ناچێته سه‌ر خودی كه‌سایه‌تییه‌كی ساده‌وه، كه له زه‌ینیدا ئازادی تێكه‌ڵ به زۆره‌ملێ ده‌بێت، خودێتی به رێژه، به‌ڵكوو قسه كردن لێره‌دا ده‌چێته سه‌ر ئه‌و خوده‌ی، له یه‌ك كاتدا، خودێتی و هه‌مه‌كایه‌تیی خۆی، له تێكرِای ئه‌و وێنا و بیرۆكانه‌ی میتۆدكارانه وه‌ریان ده‌گرێت، كه خۆی له واتای میللی و لۆكاڵیی چه‌مكی خودێتیدا ده‌نوێنێت. ئه‌و خودێتییه‌ی لێره‌دا قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ین، زاده‌ی كۆمه‌ڵه پرۆسه‌یه‌كی فره ئالۆزی عه‌قڵییه، به‌ده‌م ئه‌و ئاستانه‌ی شارستانیه‌ت و مێژووه‌وه ده‌چێت كه خود له سایه‌یاندا ده‌ژیت، ئه‌مه‌ش وا له بیرۆكه‌كانی ده‌كات كه كارا بن و توانای دووباره ئه‌فراندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی خۆیان بن، دووباره به‌رهه‌م هێنانه‌وه و لێكدانیان له ئاستگه‌لی تازه، ئه‌وانیش ئه‌و ئاستانه‌ن كه ئه‌و میتۆد وێنایانه‌ی ئاماژه‌یان پێ كرا، به‌ره‌و ئه‌وێ به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه. له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و خود میتۆده -ئه‌گه‌ر زاراوه‌كه دروست بێت- به زۆردارییه‌كی ده‌سكردانه و له خۆرِا بیرۆكه‌كانی داناهێنێت، به‌ڵكوو ئه‌و، ئه‌و كاته بیرۆكه‌كانی داده‌هێنێت كه خۆی له‌و په‌رِی گونجاندایه له‌گه‌ڵ قوولترین ئه‌و چه‌مكانه‌ی نه‌ته‌وه، كه له چركه ساتێكی دیاری كراوی دیرۆكیدا بیرمه‌ند سه‌ر به ئه‌و (نه‌ته‌وه) ده‌بێت. هه‌رچه‌نده ئه‌وه رێی ئه‌وه‌مان لێ ناگرێت كه ددان به‌وه‌دا بنێین، كه هه‌ندێك میتۆد یان دیدی میتۆدكارانه به ئه‌ندازه‌یه‌ك له رووی دیده‌وه به پیتن، بواریان پێ ده‌دات ره‌وایی و دروستیی خۆی تا ئه‌و دیوی چركه ساتی دیاری كراوی دیرۆكی، كه خۆی له پێناو دووباره بنیات نانه‌وه و لێكدانییه‌وه هاتووه‌ته دی، درێژ ببێته‌وه و په‌ل بهاوێت، به چه‌شنێك به‌ره‌و ئه‌و دیوی خۆی (خودی) ده‌چێت، ئیدی له رێی ئه‌و ده‌زگای وێناكارییه‌ی كه ناومان لێ نا میتۆد یان دیدی میتۆدكارانه‌وه، له‌گه‌ڵ دیدی خود بۆ جیهانه‌كه‌ی جووت (چون یه‌ك) ده‌بێت، جا ئازادی چییه، بێ له توانای خود بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ی جیهان تا ئاستی خۆی یان ئاستی دیده‌كه‌ی، هه‌ر ئه‌ویشه كۆتایی به حاڵه‌تی نامۆیی ئاڵوگۆرِانه (به‌رامبه‌ر به یه‌ك)ی نێوان خود و جیهان ده‌هێنێت(1).
هه‌رچی ئایدیۆلۆژیایه، وه‌ك ده‌زانین زاراوه‌یه‌كه له دوو په‌یڤی یۆنانی پێك دێت: یه‌كه‌میان واته بیرۆكه، دووه‌میشیان واته عه‌قڵ یان زانست، ئیدی واتای هه‌ردوو په‌یڤه‌كه پێكه‌وه ده‌كرێ ناوی بنێین به (بیرۆكه‌ناسی). سه‌یر له‌وه‌دایه هه‌ر زوو ئه‌م زاراوه‌یه له نیشانه دان به زانست یان زانستێكی تایبه‌ت به بوارێكی دیاری كرا‌و، گۆرِا به زاراوه‌یه‌كی نازانستی كه گرێدراوی هه‌رچی چه‌واشه یان هه‌ڵه یان شێواو یان ئه‌فرێنه‌ری وه‌هم و چه‌واشه‌ی دوور له مه‌به‌سته، كه ئێمه توانای به‌زاندنی یان تێپه‌رِاندنی ئه‌ومان به‌ره‌و هه‌قیقه‌ت نییه، به هۆی ئه‌وه‌ی چه‌واشه‌یه‌كی نه‌ستانه‌یه و بێ ئاگایانه ده‌رده‌چێت.
به هه‌ر حاڵ، ئه‌م زاراوه‌یه هه‌ر له په‌یدا بوونییه‌وه له كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه له لای دانه‌ره‌كه‌ی "دیتسوت دوتراسی"یه‌وه، واتایه‌كه‌ی بریتی بوو له "ئه‌و زانسته‌ی، به واتای فراوانی په‌یڤه‌كه، له بیرۆكه ده‌كۆڵێته‌وه، واته تێكرِای واقیعی هۆشیارانه‌ی له رووی په‌سن و یاسا و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌و نیشانانه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كه‌ن (ده‌ینوێنن)، نه‌مازه بنه‌چه‌كه‌یان"(2). خواستی بنه‌رِه‌تیانه‌ی دانه‌رانی ئه‌م زاراوه‌یه، ئه‌وا له بنچینه‌دا ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی و یاساكان بوو، كه به هۆی ئه‌وانه‌وه بیرۆكه گرێدراوی ئه‌و رووداوانه ده‌بێت كه ئاماژه‌یان بۆ ده‌كه‌ن. وا هاته پێش چاو كه ئه‌م كاره پێویست به به‌جێ گه‌یاندنی جۆرێك له جیا كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له خه‌سڵه‌ته‌كان ده‌كات، كه گریمانه وایه ئه‌وان مۆركی بیركردنه‌وه‌ن، ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ش ئه‌گه‌ر بدۆزرێنه‌وه ده‌بنه مایه‌ی ئاشكرا كردنی جۆرایه‌تیی په‌یوه‌ندیی نێوان بیرۆكه و رووداوه‌كان له لایه‌ك، هه‌روه‌ها تایبه‌تمه‌ندیی رووداوه‌كانیش به‌رامبه‌ر به بیرۆكه‌ی دیاری كرا‌و له لایه‌كی دیكه‌وه ئاشكرا ده‌كه‌ن. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مه هه‌ر زوو بوونه كۆمه‌ڵێك خواستی له بیر كرا‌و و ئامانجی ناجه‌وهه‌ری له‌به‌ر رۆشنایی په‌ره‌سه‌ندنی مێژووییانه‌ی زاراوه‌كه له قۆناغه‌كانی دواتر له مێژووی هزری ئه‌وروپادا. هێنده‌ی نه‌برد ئه‌م زاراوه‌یه له‌وه‌ی كه نیشانه بێت بۆ زانست و گرێدراوی ئه‌و بێت، گۆرِا (وه‌رگه‌رِا) به‌وه‌ی به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی زانسته، ته‌نانه‌ت به توندی گرێدراوی چه‌واشه‌كاری و هه‌ڵه یان هۆشیاریی چه‌واشه‌كارانه یان هۆشیاریی ناتوانا بوو، له‌وه‌ی هه‌قیقه‌تی په‌یوه‌ندیی خۆی به بیرۆكه‌كانییه‌وه دیار بكات، ئه‌وه له لایه‌ك و، هه‌قیقه‌تی په‌یوه‌ندیی بیرۆكه‌كانی به جیهانه‌وه كه تێیدا ده‌ژی و ژیانی تاكانه و جڤاكیانه‌ی خۆی له نێویدا ده‌هێنێته به‌رهه‌م، له لایه‌كی دیكه‌وه. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه به‌ره‌و چه‌واشه و هه‌ڵه هاوشان بوو له‌گه‌ڵ چرِبوونه‌وه‌ی زاراوه‌ی ئایدیۆلۆژیا له سه‌ر نیشانه‌ی جڤاكی و سیاسی و ئابووری. هه‌ر بۆیه دوای ئه‌و هه‌موو وه‌رچه‌رخانه، ده‌كرێ وا پێناسه‌ی ئایدیۆلۆژیا بكه‌ین كه "كۆمه‌ڵێك بیرۆكه یان باوه‌رِ یان رای تا راده‌یه‌ك پێكه‌وه به‌نده، كه به لای گرووپێكی دیاری كرا‌و یان پارتێكی دیاری كراوی سیاسییه‌وه وه‌ك پێداویستێكی عه‌قڵی داده‌نێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بزوێنه‌ری كرداره‌كییان په‌یوه‌سته به مه‌رجی پاساو دانه‌وه‌ی پرۆژه‌گه‌لێكی ئاماده كرا‌و بۆ به‌ده‌نگه‌وه چوونی مه‌به‌ستی سوودخوازانه"(3).
روونه كه ئه‌م پێناسه‌یه پاڵ به ئایدیۆلۆژیاوه ده‌نێت به‌ره‌و گریمانه كردنی ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵێك بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆ و پێكه‌وه به‌ند پێك ده‌هێنێت، وه‌ك بڵێی به خۆی به‌شی خۆی ده‌كات و هه‌ر خۆشی خۆی راڤه ده‌كات، به بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات بیر له جۆری ئه‌گه‌ری په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌و بیرۆكانه بكرێته‌وه، كه گرووپێكی جڤاكی یان پارتێكی سیاسی له ئه‌ستۆی ده‌گرێت و، له نێوان ئه‌و رووداوانه‌ی كه ئه‌ركی راڤه كردنی بیرۆكه له رێكخستنی ئایدیۆلۆژی به واتای ئاساییانه‌ی ئه‌م زاراوه‌یه ده‌گرێته ئه‌ستۆ. بۆیه وه‌همێكی دووره وا له ئایدیۆلۆژیا برِوانین كه هزری تیۆرییه "به شێوه‌یه‌كی رووتاڵانه گه‌شه ده‌كات كه ته‌نیا پشت به ده‌رهاویشته‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌به‌ستێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م هزره له راستیدا هه‌ر ته‌نیا گوزارشته له واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌مازه ئابووری، كه خاوه‌نانی ئایدیۆلۆژیا د‌رك (هه‌ست)ی پێ ناكه‌ن، یان به لای كه‌مه‌وه د‌رك به‌وه ناكه‌ن كه ئه‌و رووداوانه هه‌ر خۆیان ناوه‌رۆكی بیر و بۆچوونیان برِیار ده‌دات"(4).
ئا لێره‌وه چه‌مكی چه‌واشه په‌یدا بوو، كه له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیا و به هه‌ر شتێكی ئایدیۆلۆژییه جووت بوو، چونكه خاوه‌نی ئایدیۆلۆژیا باوه‌رِی وایه چالاكیی هۆش له خۆرِا راڤه ده‌كرێت، یان بیرۆكه‌كان خۆبه‌خۆ راڤه ده‌كرێن. له كاتێكدا هۆش و ئه‌و بیرۆكانه‌ی ده‌یان هێنێته به‌رهه‌م، به هێزێكی ده‌ره‌وه‌ی هۆش و جیا و سه‌ربه‌خۆ له‌و، كه هێزی رووداوه‌كانی ده‌ره‌كین راڤه ده‌كرێن، به تایبه‌تی هێزی رووداوه‌كانی ئابووری كه به شێوه‌یه‌كی نائاگا شوێن و پێگه و هۆشی تاك له نێو ژیانی جڤاكیدا ده‌هێنێته به‌رهه‌م. به‌م جۆره ئایدیۆلۆژیستان راڤه‌یه‌كی سه‌راوبن بۆ جیهان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، كه به هۆشیاریی چه‌واشه كۆتایی دێت، كاتێك رووداوه‌كان و، تێكرِای سیسته‌می جڤاكی، به بیرۆكه له بری راڤه كردنی بیرۆكه‌كان به سیسته‌می جڤاكی و به رووداوه‌كان، راڤه ده‌كه‌ن، ئه‌و رووداوانه‌ی ده‌یانگرێته خۆ و له‌و پێك دێن.
ده‌توانین گه‌لێك ده‌ق له به‌رهه‌مه‌كانی ماركس و ئه‌نگلزدا بدۆزینه‌وه كه دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه ئایدیۆلۆژیا هۆشیارییه‌كی چه‌واشه‌یه، یان به لای كه‌مه‌وه، توند و تۆڵ به‌م جۆره له هۆشیارییه‌وه گرێ درا بێت. ئه‌نگلز ده‌ڵێ: "ئایدیۆلۆژیا پرۆسه‌یه‌كه "بیرمه‌ندی به ناو" به هۆشیارییه‌كی بێ سێ و دوو، به‌ڵام به هۆشیارییه‌كی چه‌واشه‌وه ده‌یكات. ئه‌و هێزه‌یله بزوێنه‌ره‌ی پاڵی پێوه ده‌نێن به لای ئه‌وه‌وه نادیار ده‌مێننه‌وه، ئه‌گه‌ر نا زه‌ینه به‌رده‌وامی نه‌ده‌ما، ئه‌و په‌سنی ناوه‌رۆكی ده‌كات وه‌ك چۆن په‌سنی ساغه هزر ده‌كات، جا چ هزری تایبه‌تی بێت یان هزری ئه‌وانی پێش ئه‌و. ئه‌و ته‌نیا به پشت به‌ستن به به‌ڵگه‌دار كردنی هزرانه كار ده‌كات، ئه‌و باسی ده‌كات به بێ ئه‌وه‌ی لێی ورد ببێته‌وه، كه ئاخۆ له هزره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، هه‌روه‌ها به بێ ئه‌وه‌ی له ئاستی به‌رده‌وامییه‌كی دوورتر و سه‌ربه‌خۆ له هزر، پتر لێی بكۆڵێته‌وه"(5).
دیسان ئه‌و ده‌شڵێ: "ئایدیۆلۆژیا واته كۆمه‌ڵێك بیر و بۆچوون كه ئازادانه ده‌ژین و ته‌نیا به یاساكانی تایبه‌ت به خۆیه‌وه به‌نده. هه‌موو مه‌رجه‌كانی ژیانی ماددی كه خه‌ڵكانێك تێیدا ده‌ژین و په‌یدۆزی ئه‌م به‌رده‌وامییه‌ی ئایدیۆلۆژیا له زه‌ینی ئه‌واندا ده‌كرێت، له دوایین شرۆڤه‌دا رێرِه‌وی ئه‌م به‌رده‌وامییه برِیار ده‌درێت، ئه‌م رووداوه له لای ئه‌وان هه‌ر ته‌واو نادیار ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وا هه‌موو ئایدیۆلۆژیاكان له بووندا نه‌ده‌سرِانه‌وه"(6).
ئه‌وه‌ی له دوو ده‌قی رابردووه‌وه گه‌ڵاڵه ده‌كرێت ئه‌وه‌یه، ئایدیۆلۆژیا به سه‌هوودا ده‌چێت كه توانای پێشكه‌ش كردنی دارِشتنی هزریانه‌ی جودا له واقیعی هه‌یه، له كاتێك -به بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانێت- ملكه‌چی زه‌بری رووداوه‌كانه، ئه‌وه‌ش ئایدیۆلۆژیا له روانگه‌ی ماركسیزمه‌وه ده‌كاته سه‌رخانێك كه ره‌نگدانه‌وه‌ی ژێرخانێكه و به‌ویش نه‌بێت راڤه ناكرێت. ئه‌م ژێرخانه‌ش هه‌ر ته‌نیا ئه‌و رووداوانه‌ن كه به جموجۆڵ و بزاوتیان له هه‌ست به‌ده‌رن، نه‌مازه ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی رووداوه‌كانی ژیانی ئابووری له هۆشدا ده‌یان سه‌پێنێت، كه دوایین گوزارشتی خۆیان له‌و ناته‌باییه‌دا ده‌بینن كه له نێوان هێزه‌كانی به‌رهه‌م و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مدا له‌م كۆمه‌ڵ یان ئه‌وی دی له ئارادان. ره‌نگه دروست هه‌ر ئه‌وه بێت كه پاڵی به ماركسه‌وه نا بڵێت: "ناكرێ به پێی رای خۆی له‌باره‌ی خۆیه‌وه، حوكم به سه‌ر چاخێك له چاخه‌كاندا بده‌ین. ته‌نیا ناته‌باییه‌كانی نێوان هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێن و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌م هێنان هۆیه‌كانی پێویست پێك ده‌هێنن، واته هێزه‌یلی برِیارده‌ر و یه‌كلاییكه‌ر. كه‌واته ده‌بێ ئه‌م ناته‌باییانه‌ی واقیع، وه‌ك كه زانست شرۆڤه‌یان ده‌كات، له شێوه‌كانی مافناسی و سیاسی و ئایینی و هونه‌ری و فه‌لسه‌فی جیا بكرێنه‌وه... به كورتی له‌و شێوانه (فۆرمانه)ی ئایدیۆلۆژیا، كه خه‌ڵك به‌وانه‌وه د‌رك به‌و ململانێیانه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌ره‌و كۆتایی ئه‌وانیشمان ده‌به‌ن"(7). راڤه كردنی بیرۆكه به بیرۆكه ناكرێت به‌ڵكوو به بنه‌ماگه‌لی ماددییانه‌ی، حوكم دان به سه‌ر چاخێك ورد نابێت ئه‌گه‌ر هاتوو له بۆچوونی چاخه‌كه‌ی له‌باره‌ی خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت بێت، چونكه هه‌ر ده‌بێ به وردی چاودێریی هێزه‌یلی بزوێنه‌ر و كارا له نێو ئه‌و چاخه‌دا بكه‌ین، له پێناو تێگه‌یشتنی و كێشانی وێنه‌یه‌ك بۆی كه تا راده و ئه‌ندازه‌یه‌ك ورد بێت. له‌به‌ر هه‌موو ئه‌مانه، ئایدیۆلۆژیا زاده‌ی هۆشیاریی چه‌واشه یان هۆشیاریی ناورده، به هۆی هه‌وڵدانی بۆ تێگه‌یشتن له خود به پشت به‌ستن به به‌رهه‌می خۆی، له كاتێكدا ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی هزر یان زه‌ین، ده‌بێ به‌و هێزانه‌ی ئه‌ویان هێناوه‌ته به‌رهه‌م و به‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی كه به سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵدا سه‌پاندوویانه، وه‌ك یه‌ك، راڤه بكرێت.
ئه‌گه‌ر ماركس و ئه‌نگلز وا ته‌ماشای ئایدیۆلۆژیایان كرد كه له هۆشیاریی چه‌واشه‌كارانه نابێته‌وه، كه ئه‌ویش زاده‌ی هه‌ڵوێستی مرۆڤی چینه و به‌رژه‌وه‌ندیی چینایه‌تییه‌كه‌یه‌تی، كه به بێ گه‌رِانه‌وه بۆ شوێنی تاك له پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێناندا ناكرێ راڤه بكرێت، ئه‌وا لینین شكۆی بۆ چه‌مكی ئایدیۆلۆژیا گێرِایه‌وه، كاتێك وا لێی راونی كه به‌شێك له كۆی ململانێیه‌كانی شه‌رِی چینایه‌تی پێك ده‌هێنێت... هه‌روه‌ها به‌وه‌ی "چه‌كی باوه‌رِدارانه‌یه له ده‌ستی چینه‌یلی جڤاكیدایه"(8). هه‌روه‌ها ئه‌و له كتێبه‌كه‌ی "كار چییه؟"دا ده‌ڵێ: "به بێ تیۆرییه‌كی شۆرِشگێرِانه ناكرێ بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆرِشگێرِانه دروست ببێت"(9).
لێره‌شدا ده‌بێ ئاگادار بین كه چه‌مكی تیۆریی شۆرِشگێرِانه هاوواتای چه‌مكی ئایدیۆلۆژیایه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی لینین له ئایدیۆلۆژیا كه ناكۆكه له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی ره‌وانی ماركسیزم له‌و، ئه‌و بۆ خۆشی پشت به بنه‌مایه‌ك ده‌به‌ستێت كه خودی ماركس له دوایین تێزی خۆیدا له‌باره‌ی "فیۆرباخ"ه‌وه دایناوه و ده‌ڵێ: "فه‌یله‌سووفان بێ له‌وه‌ی راڤه‌ی جۆراجۆریان بۆ جیهان كرد، هیچی دیكه‌یان نه‌كرد، به‌ڵام پێویست ئه‌وه‌یه بگۆرِدرێت"(10). هه‌ڵبه‌ت به‌وه‌ی به بێ هه‌بوونی تیۆرییه‌كی رێ نیشانده‌ر، ئه‌سته‌مه جیهان بگۆرِدرێت، ئیدی ئایدیۆلۆژیا به لای لینینه‌وه بووه چه‌كێكی باوه‌رِمه‌ندانه، كه ئه‌سته‌مه به بێ ئه‌و به‌ره‌و پێش چوون به‌دی بێت. به هه‌ر حاڵ، پێوه‌ری راست و دروست یان جووت بوون -جا چ سه‌باره‌ت به لینین بێت یان سه‌باره‌ت به مامۆستایانی به‌رایی ماركسیزم بێت- ئه‌وا هه‌ڵوێستی چینایه‌تییه كه كرداری دروستی مێژووییانه ئاراسته‌ی ده‌كات. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به هۆشیاری و ئایدیۆلۆژیاوه هه‌بێت، ئه‌وا ئێمه خۆمان له به‌رده‌م دووانه‌یه‌كی توند و تیژدا ده‌بینینه‌وه، كه ئه‌سته‌مه چاره‌سه‌ر بكرێت یان له هه‌ردوو سه‌ره‌كه‌ی نزیك ببینه‌وه، مه‌به‌ستم به‌رامبه‌ر بوون له نێوانی هۆش یان من یان خود له سه‌ر ئاستی ده‌روونیدا له لایه‌ك و، له نێوانی ئایدیۆلۆژیا له سه‌ر ئاستی جڤاكی له لایه‌كی دیكه‌وه، چونكه، وه‌ك پێ ده‌چێت، هه‌یه هه‌مان ئه‌رك راده‌په‌رِێنێت، واته خۆی به سه‌رچاوه نه‌ك رژگه داده‌نێت(11).
ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ی خود و ئایدیۆلۆژیا خۆیان به خاڵی ده‌سپێك داده‌نێن كه غه‌یری خۆیان به‌وان راڤه ده‌كرێت، نه‌ك خاڵی كۆتایی كه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، به‌وه‌ی پێشتریانه‌وه راڤه ده‌كرێن. به دڵنیاییه‌وه جیاوازییه‌كه‌ی نێوان وێنای خود له‌باره‌ی شوێنی خۆی له جیهان و نێوان ئه‌و شوێنه‌ی ئایدیۆلۆژیا پێی وایه به كرده‌نی پرِی كردووه‌ته‌وه، گه‌وره‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌كرێ خود هۆشیارییه‌كی مێژوویی و ره‌خنه‌یی هه‌بێت، به جۆرێك كه بیر و بۆچوونی پاك ده‌كاته‌وه و له هه‌ر شتێكی ئایدیۆلۆژیاش پاكی ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئایدیۆلۆژیا له هه‌مان كاتدا، كه تێیدا خود ده‌ڵێ كه هه‌ڵوێستێكی ره‌خنه‌ییانه‌ی فه‌لسه‌فی یان سه‌روو ئایدیۆلۆژیی هه‌یه، ئه‌وا ئایدیۆلۆژیا هه‌وڵ ده‌دات هۆش یان خود به تۆرِه‌كه‌ی خۆی راو بكات، كاتێك وا په‌سنی هه‌مان ئه‌و هه‌ڵوێسته ده‌كات، به‌وه‌ی چی دی نییه بێ له شازه هه‌ڵوێستی ئایدیۆلۆژی.
هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندیی نێوان فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆژیا بریتییه له كێشه‌یه‌ك كه چاره‌سه‌ری ئاسان نییه، ئه‌وا گرنگترین كه‌له‌به‌ر كه ئایدیۆلۆژیا له خۆ لێ لادانی ده‌سته‌پاچه‌یه، بریتییه له "مه‌ترسیی به په‌یكه‌رێكی هزره راپۆرت، واته به فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ناتۆكمه‌ی به‌س له رووی عه‌قڵانیی ره‌خنه‌ییه‌وه. ئه‌م درزه‌ی نزیكه‌ی هه‌میشه له دیواری ئایدیۆلۆژیاكاندا كراوه‌ته‌وه، كه له رێی ئه‌وه‌وه (ئه‌و درزه‌وه) ته‌می هۆشیاریی چه‌واشه دزه ده‌كاته نێو بینای باوه‌رِداری، هه‌ر ئه‌ویشه كه "ج. مۆنرۆ" ئاماژه‌ی پێ كرد: ئایدیۆلۆژیاكان له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌كاندا ناته‌بان، ئه‌و به ده‌سپێك له فه‌لسه‌فه‌ی قوولتره‌وه داده‌رِێژرێت، (ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی) خرانه به‌ر هه‌موار كردنه‌وه به ئامانجی به‌ده‌نگه‌وه چوونی پێداویستی نائاگا (نه‌ستانه)، كه به گوێره‌ی به‌زم و ره‌زمی بازارِی رۆژانه‌ی سیاسه‌ت، به شێوه‌یه‌كی ره‌مه‌كیانه گونجێندراوه... یه‌كێك له سیفه‌ته بنه‌رِه‌تییه‌كانی ئایدیۆلۆژیا ئه‌وه‌یه كه شیاوی به‌كار هێنانه... ئایدیۆلۆژیاكان به سایه‌ی به‌رهه‌م هێنانییه‌وه، هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌دایك بوونییه‌وه پاڵێوراوی ئه‌وه‌یه كه رۆڵی ئه‌و لافیته‌یه بگێرِێت كه كاڵا داده‌پۆشێت"(12). خودی ئه‌م داپۆشینه‌ش هه‌ر خودی هۆشیاریی چه‌واشه‌كارانه‌یه، كه ئایدیۆلۆژیا ناتوانێت لێی ده‌ربچێت یان به‌ره‌و هه‌ڵوێستی جووت له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تدا تێپه‌رِێنێت.
وێرِای هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئایدیۆلۆژیاوه گوترا، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی په‌یوه‌ست بوونی به هۆشیاریی چه‌واشه‌كارانه‌وه، ئه‌و له ده‌ره‌وه‌ی چێوه‌ی په‌یوه‌ست بوونی به فه‌لسه‌فه‌وه یان به جیا له‌و، ناكرێ مومكین بێت، ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیزم هه‌ر ته‌نیا جۆرێك له گونجاندنی ئابووری و سیاسی و جڤاكیی فه‌لسه‌فه‌ی ماتریالیزمه. به‌ڵام گونجاندنێك دووباره بیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كانی تێدا داده‌رِێژرێنه‌وه، به جۆرێك كه ده‌چێته خانه‌ی گوزارشت كردن له به‌رژه‌وه‌ندیی گرووپه‌یلی جڤاكی پتر له‌وه‌ی ئامانجی زه‌ق كردنه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ته‌كان و دۆزینه‌وه‌یان بێت.
به هه‌مان شێوه ئایدیۆلۆژیای لیبرال هه‌ر ته‌نیا جۆرێكه له دارِشتنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژییانه بۆ ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی هه‌ر له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مه‌وه په‌یدا بوون، ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی مرۆڤیان له جیهانی نوێ‌دا كرده سه‌رقافڵه، واش ته‌ماشای كرد كه ناوه‌ندی جیهان و چاوگی ده‌سه‌ڵات و مه‌به‌ستی بوونه. لیبرالیزم بۆ خۆشی به‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیایه دووباره ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی بنیات نایه‌وه، یان به لای كه‌مه‌وه چه‌ند لایه‌نێكی، به جۆرێك بواری به به‌كار هێنانی زۆر له چه‌مكه‌كانی به‌كار هێنانێكی ئایدیۆلۆژیانه، كه به‌ژه‌وه‌ندیی هه‌ندێك چینی جڤاكی ده‌نوێنێت، ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی ساغ فه‌لسه‌فه‌ن گۆرِان به ئامرازی ئایدیۆلۆژی كه ره‌گه‌زه‌كانی هۆشیاریی چه‌واشه ده‌گرێته خۆ، له شێوازی به‌رامبه‌ر و ته‌واوكه‌ری هۆشیاریی چه‌واشانه له ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیزم له وێنه‌گه‌لی جۆربه‌جۆریدا.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ سه‌لماندنی ده‌كه‌وینه خۆ، ئه‌وه‌یه كه بنه‌گه‌ی ژێره‌وه یان بنه‌وه‌ی هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌ك ئه‌وا یه‌كێكه له نێو ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی خۆی بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ت له شێوه‌یه‌كی رێكخراوی زانستیدا ته‌رخان كردووه، گواستنه‌وه فه‌لسه‌فه له‌وه‌ی فه‌لسه‌فه یان زانستێكه به‌ره‌و ئه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیایه‌كه، ئاماژه به جۆرێك له چه‌واشه كردنی فه‌لسه‌فه ده‌كات، كه به تێكرِا به په‌یدا بوونی هۆشیاریی چه‌واشه له نێو ئایدیۆلۆژیادا كۆتایی دێت.
هه‌روه‌ها پیاده كردنی یه‌كێك له‌و میتۆدانه‌ی له یه‌كێك له فه‌لسه‌فه‌كاندا به‌كار هاتووه، له ده‌ره‌وه‌ی ئاسۆی شارستانیی ره‌سه‌نی خۆیدا كه تێیدا په‌یدا بووه و له نێو ئه‌ویشدا توانای فه‌لسه‌فی و میتۆدكارانه‌ی خۆی سه‌لماندووه -وه‌ك ئه‌وه‌ی میتۆدێكی فه‌لسه‌فی كه له یه‌كێك له فه‌لسه‌فه نوێیه‌كانی رۆژاواوه داتاشرا بێت و به سه‌ر بابه‌تێكی ئیسلامی‌دا پیاده‌ی بكه‌یت- ئه‌وه ده‌بێته مایه‌ی دابه‌زاندنی ئه‌و میتۆده فه‌لسه‌فییه‌ی به‌كار هێندراوه، له‌وه‌ی میتۆدێكی فه‌لسه‌فییه به واتای وردی په‌یڤه‌كه به‌ره‌و ئه‌وه‌ی كه ئایدیۆلۆژیایه‌كه، چونكه میتۆد وابه‌سته‌ی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی و ئه‌و ئاسۆیه‌شه كه تێیدا په‌یدا بووه، هه‌ر له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی له ئاسۆی شارستانیی ره‌سه‌نی خۆیه‌وه بۆ ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی شارستانی، ئه‌م شته به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌بێته مایه‌ی په‌یدا بوونی نامۆیی له نێوان میتۆد و ئه‌و بابه‌ته‌ی به سه‌ریدا پیاده ده‌كرێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی میتۆد پێشینه‌ی به سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌وه هه‌یه كه لێكۆڵینه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت -ئه‌مه‌ش له بنچینه‌دا هه‌بوونی میتۆد راڤه ده‌كات- ئیدی میتۆد له پێشه‌وه ئه‌نجامه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت، ئه‌وه ئه‌گه‌ر به سه‌ر بابه‌تێكدا پیاده كرا كه سه‌ر به ئاسۆیه‌كی شارستانیی جیاواز له ئاسۆی بنه‌چینه‌ییانه‌ی ئه‌و میتۆده بێت كه پیاده كراوه. به‌م چه‌شنه میتۆد ده‌بێته ئایدیۆلۆژیایه‌ك كه هۆشیارییه‌كی چه‌واشه ده‌گرێته خۆ و سه‌ر به‌و بابه‌ته نییه كه لێی ده‌كۆڵدرێته‌وه، به‌ڵكوو ئه‌و سه‌ر به‌و ئاسۆ شارستانییه‌یه كه میتۆده‌كه‌ی لێ ده‌رچووه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه به جۆرێك له چه‌واشه‌ی چه‌ند پات یان دووانه كۆتایی پێ بێت: چه‌واشه‌ی یه‌كه‌م گۆرِانی میتۆده بۆ ئایدیۆلۆژیا، چه‌واشه‌ی دووه‌م زاده‌ی ئه‌وه‌یه كه ئێمه ئه‌نجامی هۆشیارییه‌كی چه‌واشه‌ی هه‌ڵهێنجراو له ده‌ره‌وه‌ی ئاسۆی شارستانیی بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌وه پیاده ده‌كه‌ین. ئه‌مه‌شه كه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ئێستاوه به شێوه‌یه‌كی ورد و میتۆدكارانه ئاشكرای بكه‌ین.
گریمانه‌ی بنه‌رِه‌ت كه ده‌مانه‌وێ له رێی ئه‌وه‌وه بچینه نێو توێژینه‌وه‌كه‌مان، ئه‌وه‌یه ده‌ڵێین كه یه‌ك بیرۆكه‌ی شارستانی له یه‌ك شارستانیه‌ت به‌و لاوه چی دیكه‌ی له سه‌ر هه‌ڵناچندرێت. ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش -هه‌ر چییه‌ك بێت بایه‌خه‌كه‌ی له روانگه‌ی ئێمه‌وه- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌سته‌مه، ئه‌گه‌ر هاتوو پێشتر شارستانیه‌تێك له دروست بوونیدا پشتی پێ به‌ست بێت، هیوامان به به‌رپا كردنی شارستانیه‌تێكی نوێ بێت كه له‌و بیرۆكه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئیدی ئه‌و سه‌ر به رابردووی رۆحیی جیهانه. هه‌رچه‌ندی هه‌وڵیش بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه بدرێت، ئه‌وا زیندوو كردنه‌وه‌ی كارێكی ئه‌سته‌مه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست هه‌ڵهێنجانی شێوه (فۆرم)ی تازه‌ی ژیان بێت، كه ئه‌و شێوانه (فۆرمانه)ی پێشتر له سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه رۆنرا بوون، تێپه‌رِێنێت.
جا به‌م پێیه، مومكین نییه ده‌ست گرتن به بیرۆكه‌یه‌كه‌وه كه له‌وه‌وه پێش مرۆڤایه‌تی شارستانیه‌تی له سه‌ر رۆناوه، له‌و ده‌رفه‌ته بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه هه‌وڵ ده‌دات ده‌ستی پێوه بگرێت، زیاتر برِه‌خسێنێت كه تا ماوه‌یه‌كی درێژتر له ژیاندا بمێنێته‌وه، به‌ر له‌وه‌ی بچێته نێو شه‌وی درێژی پووكانه‌وه‌وه، ئه‌و شه‌وه رۆحییه‌ی تێیدا هه‌موو شتێك خه‌سڵه‌ته‌یلی زیندووی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. ئه‌م هه‌بوونه سه‌رباره ناكرێ خاوه‌ن مۆركێكی داكۆكیكارانه نه‌بێت كه بێ هیچ داهێنانێكه. هه‌ڵبه‌ت به هه‌ر حاڵ، په‌ناگه‌یه‌كی كاتی بۆ نه‌ته‌وه‌ی فه‌وتاو ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، به‌ڵام په‌ناگه‌یه‌كی روو له ته‌پینه. ئه‌م شرۆڤه‌یه به سه‌ر تێكرِای بیرۆكه مه‌زنه‌كانی شارستانیه‌تدا له نێویشیاندا خودی ئیسلامیش، پیاده ده‌بێت.
دووه‌مین گریمانه كه هه‌وڵ ده‌ده‌ین توێژینه‌وه‌ی خۆمانی له سه‌ر رۆ بنێین، له په‌یوه‌ندیی نێوان میتۆدۆلۆژیا، ئه‌وه‌یه كه میتۆد یان میتۆدناسی به گشتی میتۆدۆلۆژیا، هه‌ر دیاری كردنێكه له دیاری كردنه بێ كۆتاییه‌كانی ئه‌م بیرۆكه شارستانییه یان ئه‌وه‌ی كه شارستانیه‌تی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه یان هی دیكه‌ی له سه‌ر رۆنراوه. راستیشه كه میتۆد كۆمه‌ڵێك زه‌ینه چه‌مكه، یان زنجیره‌یه‌ك رێسا و رێكاری پیاده‌كارانه‌یه، یان تێكه‌ڵه‌یه‌كی زیندووی هه‌ردووكیانه، كه زه‌ینه وێنا و رێسای پیاده‌كارانه تێیدا تێكه‌ڵ به یه‌ك ده‌بن، به چه‌شنێك رێسا هه‌ر ته‌نیا ژیانی عه‌ینیی كۆمه‌ڵێك تیۆرییه چه‌مكه كه خۆیان پیاده ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی بابه‌تێك ده‌خه‌نه ژێر ركێفی پێداویسته‌كانی خۆیانه‌وه، به‌م جۆره ئه‌م بابه‌ته هه‌ر ته‌نیا ئه‌و گۆرِه‌پانه‌یه كه بیرۆكه‌ی شارستانیی نه‌ته‌وه بوارێكی به پیت بۆ دیاری كردنی تێدا ده‌دۆزێته‌وه.
به‌م پێیه، ده‌كرێ وا ته‌ماشای میتۆد بكرێت كه چالاكیی زیندووانه‌ی بیرۆكه‌ی شارستانییه له جیهاندا. میتۆدیش ئه‌م كاراییه‌ی خۆی له رێی گه‌رِاندنه‌وه‌ی فره‌یی بۆ یه‌كایه‌تی پیاده ده‌كات، یان ملكه‌چ پێ كردنی زۆریی خواست بۆ یه‌كایه‌تیی بیرۆكه یان چه‌مك. به‌رد هه‌ر به ته‌بیعه‌ت، به به‌راورد له‌گه‌ڵ خۆی سان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بایه‌خی نییه، بوونی بێ لایه‌نی هه‌یه، به‌ڵام ده‌كرێ ئه‌و به‌رده په‌یكه‌رێكی میسری یان یۆنانی یان رۆمانی بێت، به‌ڵكوو ره‌نگه ده‌كرا ئیسلامی بووایه، ئه‌وه په‌یوه‌سته به‌و میتۆده‌ی په‌یكه‌رتاشه‌كه له چاره‌سه‌ر كردنیدا په‌یرِه‌وی ده‌كات، به‌ڵكوو ده‌شكرێ هه‌مان به‌رد، به پێی میتۆدێكی دی، ببێته ئامرازێكی به‌رگری و چه‌كێك كه به‌ره‌و رووی زوڵم و داگیركاری راست بكرێته‌وه. ئه‌مه‌ش واته میتۆده كه له نێو شتان و جیهانیشدا به گشتی ناسنامه ده‌هێنێته به‌رهه‌م، هه‌روه‌ها له نێو ئه‌و خودی شارستانییه‌ی هونه‌رمه‌ند یان زانا یان فه‌یله‌سووف یان پێشمه‌رگه سه‌ر به ئه‌وه. ئه‌م به‌رهه‌م هێنانی ناسنامه‌یه‌ش هه‌ر شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی له‌ناو بردنی نامۆیی شتان كاتێك كه‌سێك دێت و پێكی ده‌هێنێت، كه بیرۆكه‌یه‌كی دیاری كراوی شارستانی به‌كار ده‌هێنێت، كه ده‌یخاته نێو پێستی شتانه‌وه یان به سه‌ر سروشتی‌دا ده‌بارێنێت و به سه‌ر هه‌ر شتێك كه مۆركێكی ماددیی هه‌یه، مۆركێكی رۆحییان پێ ده‌به‌خشێت، كه بوارمان پێ ده‌دات كه بیخه‌ینه پاڵ ئه‌و بیرۆكه شارستانییه یان ئه‌وی دی(13).
به‌م پێیه، میتۆد ده‌بێته ده‌روونی زیندوو بۆ بیرۆكه‌ی شارستانی، چونكه به‌وه‌وه دێته دی، بێ ئه‌ویش له‌به‌ر چاو ون ده‌بێت و ره‌ش را ده‌بێت.
كه‌واته ئه‌ركی میتۆد به‌رز كردنه‌وه‌ی شتان و خواسته -ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت بڵێ سه‌رانسه‌ری جیهان- تا ئاستی بیرۆكه كه میتۆدێكی دیاری كرا‌و له‌و پێك دێت، ئه‌مه‌ش نایه‌ته دی ته‌نیا به گه‌رِاندنه‌وه‌ی جیهان یان چركه‌ساتی دیاری كراوی مێژوویی بۆ ده‌سه‌ڵاتی خود نه‌بێت، كه ره‌وایی خۆی له چوونه سه‌ر بیرۆكه‌یه‌كی دیاری كراوی شارستانی به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
به‌م جۆره، ئه‌م میتۆده ئازادیی راسته‌قینه بۆ خودی مرۆیی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌ویش بۆیه وایه چونكه وا دیاری كراوه، دیاری كردنه‌كه‌شی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه به بیرۆكه‌ی شارستانییه‌وه گرێ دراوه، ئه‌م میتۆده‌ش ده‌كه‌وێته ناوه‌ندی ئه‌و (بیرۆكه شارستانییه‌كه) و، ئه‌و جیهانه‌ی خود ئازادیی خۆی تێدا پیاده ده‌كات. به‌م جۆره میتۆد ده‌رفه‌ت بۆ خود ده‌رِه‌خسێنێت، كه هه‌مبه‌ر به جیهانه‌كه‌ی خۆی سه‌ربه‌ست بێت، مادام ئه‌و میتۆده توانای ئه‌وه به خود ده‌دات، كه په‌ره به بابه‌تی خۆی بدات تا ئاستی ئه‌و، ئیدی به‌م جۆره كۆتایی به به‌راییه نامۆیی نێوان خود و جیهانه‌كه‌ی له لایه‌كه‌وه ده‌هێنێت، ئه‌و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، خود ده‌كاته پێوه‌رێك بۆ خۆی، مادام به راوێژی كه‌س ناكات بێ له‌و قوولترین پێكهاته‌گه‌له هزرییه شارستانییه‌ی، كه ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه پشتیان پێ ده‌به‌ستێت، كه هونه‌رمه‌ند یا زانا یان فه‌یله‌سووف رۆڵه‌ی ئه‌ون.
ئه‌وه‌یه به كار هێنانی دروستی میتۆد، واته كاتێك ئه‌و میتۆده‌ی به سه‌ر بابه‌تێكدا پیاده ده‌كرێت، له رۆحی بیرۆكه‌ی شارستانییه‌وه هه‌ڵهێنجرا بێت و وه‌گیرا بێت، به سه‌ر بابه‌ته‌یلێكیشدا پیاده كرا بێت، كه ئه‌و میتۆده ناسنامه‌ی ئه‌و بیرۆكه شارستانیه‌ی پێ ده‌به‌خشێت، ئه‌وه‌یه حاڵی شارستانیه‌تی راچه‌نیو كه ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی به سه‌ر جیهانه‌كه‌ی خۆیدا هه‌یه. له‌م حاڵه‌ته‌دا میتۆد ئاماژه ده‌كات كه ئه‌و خۆی ئه‌و هێزه‌یه كه به هۆی ئه‌وه‌وه جیهان تا ئاستی خود یان تا ئاستی بیرۆكه‌ی شارستانی به‌رز ده‌كرێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت، كاتێك ئه‌و شارستانیه‌ته‌ی لێی ده‌كۆڵدرێته‌وه شارستانیه‌تێكی پووكاوه‌ی سه‌ر به رابردووی جیهان ده‌بێت پتر له‌وه‌ی سه‌ر به ئێستا بێت، كاره‌كه به ته‌واوی له‌وه جودا ده‌بێت. چونكه ئه‌گه‌ر میتۆدێك له شارستانیه‌تی باو یان زاڵ وه‌ربگرین و به سه‌ر ئه‌م شارستانیه‌ته‌دا پیاده‌ی بكه‌ین، ئه‌وكات خۆمان هه‌مبه‌ر به خواستێكی ئایدیۆلۆژیدا ده‌بین، پتر له‌وه‌ی هه‌مبه‌ر به خواستێكی میتۆد زانیندا بین. چونكه ئه‌و میتۆده‌ی له شارستانیه‌تی به‌هێز و راچه‌نیو ده‌خوازرێت، ئه‌نجامی پێش وه‌خت و دیاری كرا‌و به سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌دا ده‌سه‌پێنێت كه سه‌ر به شارستانیه‌تی پووكاوه، به‌م جۆره میتۆد ده‌گۆرِێت به جۆرێك له ئایدیۆلۆژیا كه دووباره شارستانیه‌تێك به ته‌واوی پێك ده‌هێنێـته‌وه، به ده‌سپێك له خواستی ده‌روونی و ئابووری و جڤاكیانه‌ی ته‌واو نامۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌ی لێی ده‌كۆڵدرێـته‌وه.
بۆیه ره‌نگه راست ئه‌وه بێت، كه له حاڵه‌تێكی له‌م جۆره‌دا خۆ له قه‌ره‌دانی میتۆدانه و دروست ئه‌وه‌یه، هزر له كرۆكی خودی ئه‌و بابه‌ته‌وه كه خراوه‌ته به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌وه، میتۆدی خۆی هه‌ڵبهێنجێت، له‌مه‌دا خۆی له سه‌پاندنی هه‌ر توخمێكی ده‌ره‌كی بپارێزێت، كه پێش وه‌خت، له ده‌ره‌وه‌ی بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌وه بهێندرێت. مادام ئه‌و بابه‌ته‌ی كه ده‌ته‌وێ میتۆدێكی دیاری كرا‌و بۆ لێ توێژینه‌وه‌ی به‌كار بهێنیت، بابه‌تێكی بێلایه‌نه كه ده‌كرێ هه‌ر میتۆدێكی به سه‌ردا پیاده ببێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له لایه‌كه‌وه سه‌ر به شارستانیه‌تێكی دیاری كراوه، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه خود سنووری میتۆدانه‌ی خۆشی هه‌یه، كه له‌و شارستانیه‌ته‌وه هه‌ڵهێنجراوه كه ئه‌و زاده‌یه‌تی. ئیدی پێویسته هه‌ر له نێو بابه‌تی لێكۆڵینه‌كه‌وه به دوای میتۆددا بگه‌رِێین، چونكه به دڵنیاییه‌وه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌رچاوی توێژه‌ر رووناك بكاته‌وه بۆ دیتنی ئه‌و میتۆده‌ی له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تیدا جووته، كه ئه‌ویش چ شتێك نییه بێ له رۆحی ئه‌و شارستانیه‌ته‌ی ئه‌و بابه‌ته زاده‌یه‌تی، جا خۆمان له نامۆ بوونی نێوان بابه‌ت و میتۆدیش ده‌پارێزین، ئه‌وكات زۆر له هه‌قیقه‌ته‌وه نزیك ده‌بین، چونكه به‌م جۆره ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین رۆحی ئه‌و شارستانیه‌ته بدۆزێنه‌وه كه ئه‌و بابه‌ته‌ی لێ توێژینه‌وه‌ی به پێی میتۆدی خوزراو نییه، زاده‌ی ئه‌وه. هه‌روه‌ها ئێمه ره‌سه‌نایه‌تی و قوولی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌ویش ئاشكرا ده‌كه‌ین. كه‌چی ئه‌گه‌ر میتۆدێكی خوزراو له شارستانیه‌تێكی دیكه‌ی به سه‌ردا پیاده بكه‌ین، ئیدی ئه‌و بابه‌ته نه‌رم و شل ده‌رده‌كه‌وت و ده‌كرێ بدرێته پاڵ ئه‌و رۆحی بیرۆكه شارستانیه‌ی میتۆدێك له فره میتۆده‌كانی سه‌ر به ئه‌و ده‌خوازێت، دوا جار خودی بابه‌ته‌كه‌ش ره‌نگی ئه‌و میتۆده یان ئه‌وی دی ده‌گرێت، كه ره‌نگه به سه‌ر بابه‌تی جیاوازی شارستانیدا پیاده‌ی بكه‌ین. له‌م حاڵه‌ته‌شدا، توێژه‌ر خۆی په‌یوه‌ست ده‌كات -ئه‌گه‌ر خۆبه‌خۆش بێت- به جۆرێك له دووباره كردنه‌وه‌ی مێژووییانه‌وه، كه ره‌نگه خۆی له ئه‌ركه‌یلێكدا بنوێنێت كه به‌جێی گه‌یاندوون. پاشان هه‌موو ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات و ئه‌وه‌ی له‌م حاڵه‌ته‌دا په‌یرِه‌وی ده‌كات، له‌وه زیاتر نییه كه دووباره كردنه‌وه‌یه‌كی بێ سووده، مادام كه تاكه بیرۆكه‌ی شارستانی هه‌ر ته‌نیا یه‌ك شارستانیه‌تی له سه‌ر رۆده‌ندرێت.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كاتێك توێژه‌ر میتۆد له شارستانیه‌تێكی دی ده‌خوازێت، ئنجا به سه‌ر بابه‌تێكدا پیاده‌ی ده‌كات كه سه‌ر به شارستانیه‌تێكی پووكاوه یان به‌سه‌رچووه، هه‌ڵبه‌ت له راستیدا له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نا، به‌ڵكوو به‌ر له‌وان، بیرۆكه‌ی شارستانی یان رێسای رۆحی یان ژێرخانیش ده‌خوازێت، كه نه ئه‌و میتۆده و نه ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ش ناتوانن ئه‌ركی خۆیان بێ له‌و به‌جێ بگه‌یه‌نن. شتێكی به‌دیهییه چاوه‌رِوانی هیچ قازانجێك له خواستنی بیرۆكه یان رێسای رۆحی ناكرێت، مادام كه ئه‌سته‌مه تاكه بیرۆكه‌یه‌ك پتر له یه‌ك شارستانیه‌ت دابمه‌زرێنێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیرۆكه لێره‌دا وابه‌سته‌ی خواستنه، ئه‌وه واتای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه له نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا ئه‌ركی خۆی به‌ده‌ست هێناوه، چی دی توانای به‌جێ گه‌یاندنی هیچ شتێكی سوودبه‌خش به‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی ده‌یخوازێت نییه.
ئه‌گه‌ر ئێمه له بانگه‌شه‌كه‌ی ته‌ها حوسێن (نووسه‌رێكی ناوداری میسره-ت.ك) و بیرمه‌ندانی دیكه‌ی عه‌ره‌ب بۆ لیبرالیزم -ئه‌مه یه‌كێكه له پایه‌كانی بیرۆكه‌ی شارستانی كه هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مه‌وه تا ده‌گاته ئه‌مرِۆی ئێمه، شارستانیه‌تی رۆژاوای له سه‌ر رۆندراوه- ده‌بینین كه ئه‌وه‌ی ئه‌و چاوی تێ برِیوه له پشت زیندوو كردنه‌وه‌ی لیبرالیزم به هه‌لومه‌رجی عه‌ره‌بی، له كۆتاییدا بێ له بانگه‌شه‌یه‌ك بۆ دووباره كردنه‌وه‌ی سه‌رده‌مێكی به‌سه‌رچوو سه‌باره‌ت به شارستانیه‌تی رۆژاوا، چی دی نانوێنێت، هه‌رچه‌نده لیبرالیزم له‌م حاڵه‌ته‌دا بریتی ده‌بێت له خاڵی ده‌سپێك، بریتی نییه له داهێنان یان خستنه سه‌ر، به‌ڵكوو ئه‌و پێشه‌كییه‌كه ره‌نگه له پاش رێرِه‌وێكی درێژ بگاته جۆرێك له خستنه سه‌ر و داهێنان، كه بریتی ده‌بێت له هاوشان بوون له‌گه‌ڵ خودی بیرۆكه‌ی شارستانیدا كه رۆژاوا شارستانیه‌تی خۆی له سه‌ر رۆنا.
وێرِای ئه‌وه، خواستی لیبرالیزم له لای ته‌ها حوسێن و هی دیكه‌ش بێ ناته‌بایی و دژبه‌ری نییه، واته ده‌ست كردن به جێبه‌جێ كردنی ره‌نگه راسته‌وخۆ ببێته مایه‌ی پێچه‌وانه‌ی لیبرالیزم، مه‌به‌ستم وایه ره‌نگه ببێته مایه‌ی ده‌وڵه‌تی شموولی، به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی كه‌متر روون (ببێته مایه‌ی) ده‌وڵه‌تی تۆتالیتا‌ر. خواستی لیبرالی، وه‌ك ته‌ها حوسێن خۆی دای ده‌رِێژێت، كه له ده‌وڵه‌تی لیبرالدا خۆی ده‌نوێنێت، هه‌ر خۆی ره‌نگه بگۆرِێت به خواستێكی لیبرالانه، مادام ده‌وڵه‌تی لیبرال بۆ خۆی ناتوانێ خۆی به‌دی بهێنێت، ته‌نیا مه‌گه‌ر خه‌ڵك ناچار بكات كه له په‌روه‌رده‌دا ملكه‌چی یه‌ك میتۆد بن، ئه‌ویش ته‌ها حوسێن له كتێبه به ناوبانگه‌كه‌یدا "ئایینده‌ی كولتوور له میسر" دیاری كرد. ئه‌زموونیش سه‌لماندی كه ئاسانه ده‌سه‌ڵاتدار پاشتر لا بدات له‌وه‌ی خه‌ڵك په‌یوه‌ست بكات به‌وه‌ی ئازاد بن و با بداته‌وه به‌وه‌ی ناچاریان بكات له سایه‌ی ده‌وڵه‌تی تۆتالیتاردا به شێوه‌گه‌لی جیاجیای ئایینی و سكۆلاریزمییه‌وه، واز له ئازادیی خۆیان بهێنن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز پشتیان به هه‌مان بنه‌ما به‌ست، كه خۆی له‌و مافه‌دا ده‌بینێته‌وه كه ناومان برد. هه‌موو ئه‌وه‌ی كردیان، ئه‌وه بوو خه‌ڵكیان ناچار كرد به به‌های دیكه‌ی غه‌یری به‌هاگه‌لی لیبرالانه‌وه په‌یوه‌ست بن، كه له بنچینه‌دا ته‌ها حوسێن بانگه‌شه‌ی بۆ كرد. هێنده‌ی نه‌برد ده‌وڵه‌تی ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز له هه‌مه‌جۆر وڵاتانی نیشتیمانی گه‌وره‌ی عه‌ره‌بدا بڵاو بووه‌وه(14).
به هه‌مان شێوه، ئه‌و میتۆدی دیالكتیكیی میژووه‌ش كه ماركسیستانی عه‌ره‌ب له شرۆڤه كردنیان بۆ كه‌له‌پووری عه‌ره‌بی ئیسلامی و كولتووری عه‌ره‌بدا په‌نایان بۆ برد، به ئه‌نجامی ئایدیۆلۆژی كۆتایی دێت كه له مۆركی میتۆدی ماتریالییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئه‌ویش یه‌كێكه له‌و گوزارشتانه‌ی بیرۆكه‌ی شارستانیه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی رۆژاوا دای هێناون. هه‌ڵبه‌ت میتۆدی ماتریالی، وه‌ك میتۆدی لیبرالی، پێش وه‌خت ئه‌نجامه‌كانی له‌خۆ ده‌گرێت، به چاو پۆشین له‌و بابه‌ته‌ی كه به سه‌ریدا پیاده ده‌كرێت. به‌م جۆره هه‌ر زوو میتۆدۆلۆژیای ماتریالی له سه‌ر ده‌ستی ماركسیستانی عه‌ره‌ب گۆرِا به ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیستی، كه بێ شومار پیاده كردنی به سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی له كولتووری عه