ره‌خنه گرتن له دیموكراسی
June 18, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :محه‌مه‌د ئهلوهقید
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
-1-ده‌مانه‌وێ به گرێدانی په‌یوه‌ندی له نێوان قسه‌ی ئێستامان و كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌ی رابردووماندا، ده‌ست به ئاخاوتن بكه‌ین، كه تێیاندا به شێوه‌یه‌كی گشتی له پرسی دیموكراسیمان كۆڵییه‌وه. مه‌به‌ستیشمان له‌م هه‌نگاوه میتۆدكارانهیه ئه‌وه‌یه، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌مان شوێنی ئاسایی خۆی له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌دا بگرێت، كه هه‌وڵی درێژه‌دانیان به‌رده‌وامه. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌و بانگهێشته‌ی ئێستامان بۆ بیر كردنه‌وه له بابه‌ته‌كه، له چوارچێوه‌ی بانگه‌شه كردنمان بۆ ره‌خنه گرتن له دیموكراسی، حاڵی ده‌بن.
له رابردوودا دیموكراسیمان خسته روو، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی رێكخستنێكی سیاسی بێت بۆ كۆمه‌ڵ، به‌ڵكوو به‌وه‌ی ره‌هه‌ندێكی بنهرِهته له نێو ره‌هه‌نده‌كانیدا. ئه‌مه‌ش خستنه روویه‌كه وا له رێكخستنی دیموكرات سیاسییانه‌ی كۆمه‌ڵ ده‌كات، ببێته به‌شێك له رێكخستنێكی له‌و فراوانتر، كه ته‌نیا په‌یوه‌ست نه‌بێت به ژیانی سیاسییه‌وه، به‌ڵكوو له بری ئه‌وه، تێكرِای رواڵه‌ته‌كانی ژیانی جڤاك ده‌ته‌نێته‌وه. دانانی دیموكراسی به‌وه‌ی ره‌هه‌ندێكه له ره‌هه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵ، كه جێ بایه‌خی ژیانی رۆژانه‌یه‌تی، واته وا ته‌ماشا كردنی به‌وه‌ی پێكه‌وه ژیانی نێوان پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵه به هه‌موو ئاستێكییهوه، هه‌روه‌ها پێكه‌وه ژیان له نێوان ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵ به هه‌موو ئهركێكیانهوه.
پێمان وایه گونجاوه كه هه‌ندێك له‌و ئه‌نجامانه‌ی پێشتر پێیان گه‌یشت بووین، به كورتی بیانخه‌ینه روو. ئه‌وان، له روانگه‌ی ئێمه‌وه بوار ده‌ده‌ن له واتای ره‌خنه، كه ئێستا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ین، حاڵی بین. ئه‌وه‌شمان لێ روونه كه ئه‌و ناونیشانه‌ی بۆ توێژینه‌وه‌كه‌ی ئێستا دامان ناوه، ره‌نگه هێمای رۆیشتن به رێیه‌كی دیكه‌دا بدات، غه‌یری ئه‌و رێیه‌ی ده‌مانه‌وێ پێیدا برِۆین.
وامان له ره‌هه‌ندی دیموكراسی روانی به‌وه‌ی گرنگترین ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵه، سه‌لماندووشمانه كه ئاماده بوون و ئاماده نه‌بوونی، چون یه‌ك كاریگه‌ریی روونی به سه‌ر رێرِهوی كۆمه‌ڵه‌وه هه‌یه.
واش ته‌ماشای ره‌هه‌ندی دیموكراسیمان كرد به‌وه‌ی مۆركێكی مرۆیی به ژیانی كۆمه‌ڵ ده‌دات، واشی لێ ده‌كات له چوارچێوه‌یه‌كی پێكه‌وه ژیان و هاوكاریی نێوان تاكه‌كان و تواناكان و، له نێوان پێكهاته جیاجیاكانی ئه‌تنی و زمانی و بیر و برِوا و ئایدیۆلۆژیی كۆمه‌ڵدا، مومكین بێت.
ره‌هه‌ندی دیموكراسیشمان وه‌ك شێوازێكی جڤاكه گرێبه‌ست دانا، به بێ ئه‌وه‌ی به لای ئه‌وه‌دا بشكێینهوه و بڵێین گرێبه‌ستی ته‌واو و كۆتاییه، به‌ڵكوو به‌وه‌ی ده‌ڵێین جڤاكه گرێبه‌ستی له نوێ بوونه‌وه‌یه.
هه‌موو ئه‌وه‌ی پێشتر گوترا، پاڵی پێوه ناین، رواڵه‌ته‌كانی ئاماده بوون یان نه‌بوونی دیموكراسی به پێوه‌ری ره‌وشی هه‌ر كۆمه‌ڵێك سه‌باره‌ت به خۆی دابنێین، ئه‌وه له لایه‌ك، به‌وه‌ی هاوسه‌نگیی نێوان پێكهاته‌كانی، به‌رهه‌می دیموكراسییه و نیشانه‌ی ههبوونیهتی، نه‌بوونیشی نیشانه‌یه بۆ نه‌مانی هاوسه‌نگی. پاشان ئاماده بوونی دیموكراسی له كۆمه‌ڵگایه‌كدا، هه‌روه‌ها پێوه‌رێك بۆ رۆیشتنی كۆمه‌ڵ به‌و رێگایه‌ی مۆركی سه‌رده‌مه‌كه‌مانه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگای مرۆیی له‌م زه‌مانه‌ی ئێمه‌دا، زاده‌ی گۆرِان و وه‌رچه‌رخانی چه‌ندین سه‌ده‌یه.
له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا دیموكراسی بووه‌ته پێداویستێك كه ناكرێ ده‌ستبه‌رداری بین، رێگایه‌كیشه هیچ دهرهتهنانی له به‌رده‌مدا نییه. ئه‌و پێوه‌ری رێگایه‌كانی دیكه‌یه له ئاستی سیاسی و جڤاك و ئابووریدا. هه‌ر ئه‌ویشه كه ره‌هه‌ندی مرۆیی (مرۆڤانه) به رێگایه‌كانی دی ده‌دات.
پێمان وایه بۆ گه‌یشتن به‌و واتا زۆر فراوانتر و قوولتره، له روانگه‌ی ئێمه‌وه دیموكراسی نیشانه‌یه‌كه له نیشانه‌كانی سه‌رده‌م، چونكه بۆ شرۆڤه‌كارانی جۆره‌كانی سیسته‌می جڤاكانه و سیاسیانه ده‌ركه‌وت، (دیموكراسی) باشترین رێگایه بۆ به‌دی هێنانی هاوسه‌نگی له هه‌موو كۆمه‌ڵێكدا.
رۆڵی ئه‌رێنیانه‌ی ره‌هه‌ندی دیموكراسی له كۆمه‌ڵگای فره پێكهاته له رووی بنه‌چه‌ی ئه‌تنیك و ریشه‌ی كولتوورییه‌وه، هه‌روه‌ها له نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی پێكهاته‌ی مرۆییانه‌یان له رووی باوهرِی ئایینی و ئایدیۆلۆژییه‌وه جیاوازه، روونتر ده‌رده‌كه‌وێت. نه‌بوونی ره‌هه‌ندی دیموكراسی له كۆمه‌ڵگای له‌و چه‌شنانه، وا ده‌كات رێگا كراوه بێت به‌ره‌و ململانێیه‌ك كه كۆتایی نایه‌ت. بێ له‌وه، دووركه‌وتنه‌وه له پهیرِهو كردنی دیموكراسی، ته‌گه‌ره ده‌خاته به‌رده‌م گه‌شه‌ی ئاساییانه، كه به ئاراسته‌ی ئامانجه‌كانی پێشكه‌وتن و ئاشتی هه‌نگاو ده‌نێت. ئاشتی و ته‌بایی كۆمه‌ڵ له ئاستی ناوخۆدا به‌نده به‌و هاوسه‌نگییه‌وه، كه ئاماده بوونی ره‌هه‌ندی دیموكراسی بۆی مسۆگه‌ر ده‌كات. جا، كه ده‌ڵێین ره‌هه‌ندی دیموكراسیی كۆمه‌ڵ هاوسه‌نگیی بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات، ئه‌وه مانای وا نییه، كه هه‌موو جۆره‌كانی ململانێ له نێو كۆمه‌ڵ دهسرِێتهوه، به‌ڵكوو مه‌به‌ست له‌وه عه‌قڵاندنی ئه‌و ململانێیه‌یه كه له نێوانی پێكهاته جیاجیاكاندا هه‌یه، واش له ههمهرِهنگی (فره‌یی) بكرێت، كه ببێته چاوگێكی ئه‌رێنی سه‌باره‌ت به بزاوتی ژیان له نێویدا. دیموكراسی كار و ده‌ست پێ كردنه له ههمهرِهنگی و جیاوازیی قبووڵ كرا‌و، هه‌روه‌ها رۆیشتنه به‌ره‌و گونجانێك، كه ئازادی و جیاواز بوون مسۆگه‌ر ده‌كات، نه‌ك له سه‌ر سه‌ركوت كردنی (هه‌ردووكیان) رۆبندرێت. دیموكراسی ئامرازێكی كارایه تا بنه‌چه‌ی جیاواز له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌ڵ بكه‌ن، هه‌روه‌ها بۆچوون و بیر و برِوای هه‌مه‌چه‌شن پێكه‌وه بژین. ئه‌مه‌ش واته پاڵ دانی جیاوازی به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه تێیدا زبر و درِندانه بێت، هه‌روه‌ها پاڵ دانی ململانێیه تا نه‌بێته له‌مپه‌ر له به‌رده‌م گه‌شه‌ی هاوسه‌نگانه‌ی جڤاك، كه هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵ ده‌گرێته‌وه.
هه‌موو ئه‌وه‌ی باسمان كرد، له راستیدا ئه‌وه بوو كه پاڵی پێوه ناین، (به‌وه‌ی بزانین) دیموكراسی ره‌هه‌ندێكی مرۆییه له هه‌ر كۆمه‌ڵێكدا كه رێنماییه‌كانی پهیرِهو ده‌كات و، به گوێره‌ی خواسته‌كانی ئه‌ویش خۆی رێك ده‌خات. چونكه دیموكراسی مه‌رجی جڤاكانهیه و ده‌رگا له به‌رده‌م پهرهسهندنێكدا ده‌كاته‌وه، كه توانای له‌خۆ گرتنی هه‌موو تواناكانی كۆمه‌ڵ و گرووپه‌كانی هه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌موو شیانهكانیشی ده‌گرێته خۆ. نه‌بوونی ره‌هه‌ندی دیموكراسیی كۆمه‌ڵ، ئه‌وه ده‌بێته مایه‌ی یه‌كتر ره‌ت كردنه‌وه و یه‌كتر دوورخستنه‌وه له نێوانی پێكهاته‌كان، هه‌روه‌ها له‌ده‌ست دانی شیان و به فیرِۆ چوونی تواناكان. بۆیه پێمان وایه ئاماده بوونی دیموكراسی مه‌رجه بۆ گه‌شه‌ی ئاساییانه، كه هه‌موو توانا ماددی و مرۆییه‌كانی كۆمه‌ڵ وهگهرِ ده‌خات، ده‌شبینین به نه‌بوونی، ده‌بێته ئاسته‌نگه مه‌رجی ئه‌و گه‌شه كردنه. سه‌باره‌ت به ئاراسته‌ی شرۆڤه كردنمان بۆ ئه‌و سیسته‌مه جڤاكی و سیاسییه، ره‌هه‌ندی مرۆییانه‌ی دیموكراسی واته، ئه‌و سیسته‌مه (رژێمه) پتر له هی دیكه بوار ده‌دات به رۆیشتن به‌و رێیه‌ی، كه وا ده‌كات به‌های مرۆڤ له ئه‌وانی دی باڵاتر بێت. واش له ژیانی مرۆڤانه ده‌كات پتر هه‌ست به پێگه‌یشتنی خۆی بكات، كه له رێی په‌ره‌سه‌ندن و دژبه‌ری و ململانێوه به‌دی هاتووه، هه‌روه‌ها سوورتره له داوا كردنی پێگه‌یشتنی هێشتا زیاتر، كه به هۆی ئه‌وه‌وه به‌های وێنا كراوی مرۆیی هاوشان به خۆی (خودی) ده‌بێت، ئه‌و له دهزگاگهلێكدا به‌رجه‌سته‌یه، كه كار بۆ پاراستنی له رووداوی رۆژانه‌دا ده‌كه‌ن، ئه‌میش نیشانه‌یه به به‌رده‌وام بوونی پێگه‌ی به‌های باڵا(1).
-2-
وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌ی پێشتر باس كران، هه‌وڵێك بوو بۆ له چوارچێوه دانی بیرۆكه‌ی ره‌خنه گرتن له دیموكراسی، تا ئه‌و بیرۆكه‌یه شوێنی ئاسایی خۆی بگرێت له نێو كۆمه‌ڵێك وێنا، كه گوزارشت له دیموكراسی ده‌كه‌ن به‌وه‌ی خواستێكه له پێناو هاوسه‌نگ بوونی هه‌ر كۆمه‌ڵێك كه ئه‌وی تێدا ده‌بێته باو. ره‌خنه گرتن له دیموكراسی سه‌باره‌ت به ئێمه، بیركردنه‌وه‌یه‌كه تێكه‌ڵ به داوا كردنی خودی دیموكراسی ده‌بێت، هه‌رگیز ناچێته نێو ئاره‌زووی رۆیشتن به رێی تێپهرِاندنی دیموكراسییه‌وه، چونكه ئه‌و تێپهرِاندنه نایه‌ته دی ته‌نیا به لادانی دژبه‌رییه‌كانی خودی ئه‌و سیسته‌مه جڤاكه سیاسییه، ئه‌و وێرِای دژبهرییهكانیشی كه ره‌نگه شرۆڤه‌كاران پێی بگه‌ن، باشترین ئه‌گه‌ره سه‌باره‌ت به رژێمێك كه ده‌كرێ هاوسه‌نگیی كۆمه‌ڵ مسۆگه‌ر بكات. ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی ده‌مانه‌وێ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه به‌راییه‌ك بێت بۆ ئه‌و، هه‌روه‌ها دانانی كارنامه‌یه‌ك بێت بۆ رۆیشتن به رێگایهكهیدا، هه‌ر به خودی دیموكراسی ده‌گات، كه به شێوازێكی ئاماده بوونی باشتر و به دینامیكییه‌تی به‌هێزتری مه‌رجه‌كانی له چوارچێوه‌ی پێكه‌وه ژیانی نێوانی تێكرِای پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵ و ده‌زگا و وزه و تواناكانی مرۆیی ئه‌ودا. كه‌واته، كاره‌كه په‌یوه‌سته به ره‌خنه‌ی ناوخۆوه، ئه‌مه میتۆدێكه بابه‌ت به هه‌مان رێرِهوی خۆی، كه رێچكه‌ی پێ گرتووه، ده‌بات، چونكه فاكته‌رێكه كاری لێ ده‌كات تا ره‌وتی خۆی بپارێزێت.
ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه له دیموكراسیی بگرین، مه‌به‌ست پاراستنیه‌تی وه‌ك ده‌سكه‌وتێك كه په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگاكانی مرۆڤایه‌تی زانیویانه. مه‌به‌ست له‌و ره‌خنه‌یه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ین، كه به‌ره‌و دوا بگهرِێتهوه تا به دوای بنه‌چه‌دا بگهرِێین، یان له نێو سیسته‌مه‌كانی پێشووتردا، پێشینان بۆ سیسته‌مه‌كانی ئێستای دیموكراسی بدۆزینه‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی لێره‌دا به لامانه‌وه گرنگه گۆ (په‌یڤ: وشه)كه نییه، به‌ڵكوو ئه‌و واقیعه‌یه كه له رابردوویه‌كی نادوورهوه ئه‌و په‌یڤه ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر رۆشنایی مێژووی دوور و درێژی سیسته‌مگه‌لی سیاسی و جڤاكی و ئابوورییه‌وه، كه مرۆڤایه‌تی ناسیویه‌تی لێی برِوانین. ئێمه گهرِانهوه به‌ره‌و دوا بۆ گهرِان به دوای بنه‌چه‌دا، به‌شێكه له ره‌خنه به واتای گشتیی، به‌وه‌ی له واقیعی ئێستایه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات بۆ گهرِان به دوای فۆرمگه‌لی به‌رایی (پێشین) بۆ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌به‌ر چاوانه، هه‌روه‌ها به‌وه‌ی ئه‌و فۆرمه به‌راییانه ره‌نگه به سوود بن بۆ رۆشنایی خستنه سه‌ر ره‌وشی ئێستای دیموكراسی، به‌وه‌ی له‌و (فۆرمه بهراییانهوه) په‌ره‌ی سه‌ندووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێمه ده‌ڵێین ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی مه‌به‌ستمانه، ئه‌وه‌یه كه له ئێستاوه به‌ره‌و ئایینده دهرِوات، نه‌ك له ئێستاوه به‌ره‌و رابردوو به دوای راڤه‌دا بگهرِێت. ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی روو له ئایینده‌یه، مه‌به‌ستی راڤه نییه به‌ڵكوو مه‌به‌ستی تێپهرِاندنه.
ئه‌و بیرۆكه‌ی ره‌خنه‌ی ناوخۆیه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه، له راستیدا له‌و ئه‌نجامانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه له تێكرِای ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی پێشوومان له بابه‌ته‌كه‌دا هه‌ڵمان هێنجاوه، كه ئه‌وسا ته‌نیا به ئاماژه‌دان به‌سمان لێ كرد. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌مان سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌یه بۆ باس كردنی ئه‌و پرسانه‌ی پێشتر تێبینی كران، به بێ ئه‌وه‌ی به شێوه‌ی شایسته به خۆی، له ئاستیدا هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین. جاران ئامانجمان ئه‌وه بوو نیشانه به زه‌رووره‌تی دیموكراسی بده‌ین، به‌وه‌ی چاكترین ئه‌گه‌ره بۆ رانینی كاروانی كۆمه‌ڵ به‌ره‌و واقیعێكی مرۆییانه‌تر، جا ئه‌وسا بۆچوونمان له‌باره‌ی دیموكراسییه‌وه له‌باره‌ی دیموكراسییه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی واقیعێكی بێ گرفته یان واقیعێكه روو له پێش هه‌نگاو ده‌نێت، به بێ ئه‌وه‌ی دژبه‌ریی تێدا ده‌ربكه‌وێت، یان له‌مپه‌ر بێته به‌رده‌م ره‌وته‌كه‌ی (رێرِۆیشتنهكهی).
بیرۆكه‌ی ده‌سپێك كه له بیركردنه‌وه‌مان له دیموكراسییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئه‌وه‌یه كه وا ته‌ماشای ئه‌م سیسته‌مه‌ی جڤاك و سیاسه‌ت بكه‌ین، به‌وه‌ی نموونه‌یه‌كی پێویسته بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگاكانی مرۆیی. وا ته‌ماشای دیموكراسی نه‌كه‌ین كه واقیعێكی به‌رجه‌سته‌یه له شوێنێكی جیهاندا، به‌وه‌ی شوێنانی دیكه‌ی جیهانیش له‌وه زیاتریان بۆ نییه، كه هه‌وڵ بده‌ن، به تێكۆشان بۆ به‌ده‌ست هێنانی خه‌سڵه‌ته‌كانی، ئه‌و نموونه به‌دی هاتووه پهیرِهو بكه‌ن. دیموكراسی به‌رهه‌می په‌ره‌سه‌ندنه له وێنا كردنی سیسته‌می جڤاكانه، به‌ڵام ئه‌و خۆبه‌خۆ واقیعێكی په‌ره‌سه‌ندووه، قابیلی وه‌رچه‌رخانی به‌رده‌وامه، هه‌وڵه به ئاراسته‌ی رێكخستنی په‌یوه‌ندی له نێو كۆمه‌ڵدا، به‌و چه‌شنه‌ی بوار به پێكه‌وه ژیانی نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌تنی و كولتووری و ده‌زگایی ده‌دات.
كاتێك ده‌ڵێین دیموكراسی به‌رهه‌می مێژوویه‌كه، ئه‌وا ئه‌و پرسه له لای ئێمه واتای ئه‌وه‌ی هه‌یه، كه چه‌ند هه‌نگاوێك تێپهرِیون به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینه ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا، واته به‌ر له‌و شێوه(فۆرم)انه‌ی كه سیسته‌مگه‌لی ئێستای سیاسی و جڤاكیی تێدا ده‌ربكه‌ون و، پێشیان ده‌ڵێن دیموكراسی. ئه‌م كاره‌ش، به ته‌بیعه‌تی حاڵ، پرسی سیفه‌تی نموونه‌یی ئه‌و هه‌نگاوانه ده‌خاته روو، كه له مێژوودا به‌دی هاتوون، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و واقیعه‌ی به‌رهه‌می په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی پێشوون. ئه‌وجا كاره‌كه به‌م شێوه‌یه‌ی دادێ ده‌بێت: به‌جێ گه‌یاندنی دیموكراسی گهرِانهوهیه بۆ ئه‌و نموونه‌یه‌ی به‌دی هاتووه و گهرِانه به‌و مه‌رجانه‌ی، كه به سایه‌ی ئه‌وانه‌وه به‌دی هاتووه، پاشان هه‌وڵدان بۆ سه‌ر له‌نوێ به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌و مه‌رجانه.
به‌ڵام، كاتێك ده‌ڵێین، ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی له دیموكراسیی ده‌گرین و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌یه ئاراسته به ئایینده‌ی بكه‌ین، ئیدی ئه‌وه له لای ئێمه، واته مێژووی دیموكراسی به‌ند نییه به نموونه‌یه‌ك كه به‌دی هاتووه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه كه به‌رهه‌می تێكۆشانی مرۆییه له هه‌وڵیدا به ئاراسته‌ی به‌جێ گه‌یاندنی سیسته‌مێكی چاكتر و هاوسه‌نگتر. به‌م جۆره، ئه‌و دیرۆكهی ئێستا له دیموكراسی ده‌خوازرێت، له رابردوودا قه‌تیس نامێنێت، كه له سایه‌ی ئه‌ودا خه‌سڵه‌ته‌كانی وه‌ك سیسته‌م هاتنه دی، به‌ڵكوو دیرۆكی داهاتووشه كه مرۆڤایه‌تی له سایه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی خودی دیموكراسیدا دروستی ده‌كات.
وا دیاره له میانه‌ی ئه‌وه‌ی پێشتر گوتمان، ئێمه سه‌باره‌ت به دیموكراسی گرفتێك ده‌خه‌ینه روو، تێیدا وا ده‌رده‌كه‌وێت نه‌ك به‌وه‌ی مێژوویه‌كه كۆتایی هاتووه، به‌ڵكوو مێژوویه‌كه سه‌ر له‌نوێ به‌رده‌وام درێژه به خۆی ده‌دات. جا به گوێره‌ی ئه‌م وێنا كردنه‌ی گه‌ڵاڵه‌مان كرد، دیموكراسی هاوسه‌نگییه، به‌رده‌وامیش به‌ره‌و هاوسه‌نگیی چاكتر دهرِوات.
ئه‌و وێنا كردنه‌ی له‌وه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، كه دیموكراسی به نموونه‌یه‌كی ته‌واو به‌دی نه‌هاتوو داده‌نێت، چه‌ندین پرسیار بۆ ئه‌و كه‌سه ده‌خاته روو، كه بیر له‌و سیسته‌م(رژێم)ه جڤاكی و سیاسییه ده‌كاته‌وه. یه‌كه‌م پرسیاریش، به‌های نموونه‌یه سه‌باره‌ت به بیر كردنه‌وه له‌م ته‌رزه رێكخستنه جڤاكی و سیاسییه‌ی پێی ده‌ڵێین دیموكراسی.
ئایا ئه‌و نموونه‌یه‌ی به‌دی هاتووه و به دیموكراسییش وه‌سف ده‌كرێت، زه‌رووره‌تێكه هه‌ر ده‌بێ پهیرِهوی بكه‌ین؟
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به ئه‌رێ بوو، ئیدی ئه‌وه واتای ئه‌وه‌یه، جیاوازیی نێوان ئه‌و وڵاتانه‌ی رژێمه‌كه‌یان دیموكراسییه و ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌و رژێمه‌یان تێدا نییه، له دواكه‌وتنێكی مێژوویی تێپهرِ ناكات. وڵاتانی نادیموكراتیش ده‌توانن به هه‌مان ئه‌و هێڵی په‌ره‌سه‌ندنه‌دا برِۆن كه وڵاتانی دیموكرات پێیدا رۆیشتن، تا بتوانن بگه‌نه ئاستی دامه‌زراندنی ئه‌و سیسته‌مه جڤاكی و سیاسییه، كه له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا بووه‌ته پێویست، به‌وه‌ی نیشانه‌یه‌كه له نیشانه‌كانی بوون به رۆڵه و مه‌ردی ئه‌م سه‌رده‌مه.
به‌ڵام كاره‌كه له روانگه‌ی ئێمه‌وه له‌و وه‌سفی راسته هێڵانه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی دیموكراسی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، ئاڵۆزتره، هه‌روه‌ها به ئاستی جیاواز ئه‌م رژێمی جڤاكی و سیاسییه ئاماده بوونی ده‌بێت له كۆمه‌ڵی جۆربه‌جۆر له رووی پاشخانی مێژووییه‌وه و له رووی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی له ئاستی جیاجیای ژیاندا ناسیویانن، به تایبه‌تی له رووی په‌ره‌سه‌ندنی ژیانی سیاسی له نێویاندا. كاره‌كه په‌یوه‌ست نییه به نموونه‌یه‌ك كه ده‌بێ پهیرِهو بكرێت، چونكه ئه‌و نموونه‌یه، له‌و وڵاتانه‌ی ئهمرِۆ برِیار ده‌ده‌ین، كه سیسته‌می ده‌سه‌ڵات تێیاندا دیموكراسییه، به هه‌مان مه‌رجی خۆیه‌وه، قابیلی دووباره بوونه‌وه نییه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و شێوه به رواڵه‌ت جیاجیایانه‌ی رژێمگه‌لی جڤاكی و سیاسی كه ده‌یان بینین و به دیموكراسی باس ده‌كرێن، له ئاكامی په‌ره‌سه‌ندنی هه‌مه‌چه‌شنه‌وه هاتوون. دیموكراسی له جیهانی ئهمرِۆدا به درێژایی زه‌مانی دوور و درێژ په‌ره‌ی سه‌ندووه، له ئه‌زموونی ههمهرِهنگهوه به گوێره‌ی وڵات یان ناوچه یان لایه‌ن په‌یدا بووه، به گوێره‌ی هه‌ر نه‌ریتێكی سیاسی و جڤاكی كه پهیرِهوی ده‌كرد یان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، رۆیشتن به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و. بۆیه، ئه‌وه‌ی ئهمرِۆ له دیموكراسی مه‌به‌ستمانه، تێكه‌ڵه‌یه‌كه له چه‌مك، له لای یۆنان و رۆم گه‌شه‌ی كرد، پاشان له سه‌رده‌می ناوه‌ند و سه‌رده‌می رێنیسانسدا(2).
كه‌واته، به‌م جۆره، ئه‌گه‌ر دروست بێت قسه له‌باره‌ی نموونه‌یه‌ك له‌باره‌ی دیموكراسییه‌وه بكرێت، ئه‌وه واتای ئه‌وه نییه نموونه‌یه‌كی چه‌سپاومان هه‌یه، ئه‌ركی ئێستا سه‌باره‌ت به‌و وڵاته‌ی تێده‌كۆشێت سیسته‌می دیموكراسی برِیار بدات، ئه‌وه‌یه پهیرِهوی بكات. ئێمه له به‌رده‌م نموونه‌یه‌كی گه‌رم و گورِدا نین كه زاده‌ی گۆرِان بێت و بووبێته واقیعێكی به‌رده‌وام، به‌ڵكوو ئێمه له به‌رده‌م نموونهیهكداین، هێشتا له گۆرِانی به‌رده‌وامدایه، كه له رێی ره‌خنه گرتن له دژه‌كانییه‌وه گه‌شه ده‌كات، هه‌روه‌ها له رێی خۆبه‌خۆ ره‌خنه گرتن له پێكهاته‌كانی، گه‌شه ده‌كات.
ئه‌گه‌ر دیموكراسی واقیعێكی مێژوویی بێت، ئه‌وا ئه‌و مێژووه‌ی كه ده‌توانین سه‌ره‌تایه‌كی دیاری كراوی بۆ گریمانه بكه‌ین، هه‌ر له دانانی پهیڤهكهوه ده‌ست پێ ده‌كات و هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه. ئێمه له به‌رده‌م مێژوویهكداین هێشتا به گهرِان به دوای شێوه‌گه‌لی تۆكمه‌تر و پتر به‌ده‌نگه‌وه چووی ئه‌وه‌ی ده‌كرێ پێی بڵێین كۆمه‌ڵی دیموكراسی، سه‌ره‌تاكانی خۆی تازه ده‌كاته‌وه. له‌وه‌ش زیاتر، ئێمه كاتێك هۆشداری له‌باره‌ی ئه‌و ناوه‌رۆكه‌ی په‌یڤی دیموكراسی گوزارشتی لێ ده‌كات و ته‌نیا له ئاستی خودی پهیڤهكهش ناوه‌ستین، به‌وه ده‌گه‌ین كه دیموكراسی واقیعێكه زاده‌ی شێوه‌گه‌لی جیاجیای په‌ره‌سه‌ندن. مادام كاره‌كه په‌یوه‌سته به جۆرێك له ده‌سه‌ڵاته‌وه، كه زۆرینه ده‌كاته هاوبه‌ش، له بری ئه‌وه‌ی له سه‌ر رای كه‌مینه رۆنرا بێت، به دوای راوێژه‌وه وێڵه له بری ئه‌وه‌ی له سه‌ر سه‌پاندنی را رۆنرا بێت، ئیدی ره‌نگه به‌راییه‌كانی ئه‌م سیسته‌مه جڤاكی و سیاسییه جیاواز بێت، ئه‌ویش به گوێره‌ی ئه‌و مێژووه‌ی ره‌نگه هه‌ر شارستانیه‌ت یان هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان گرووپێكی مرۆیی پێیدا تێپهرِ بووبێت.
ئه‌م مێژووه جیاوازه جۆرێك له نارِۆشنی ده‌خاته نێو چه‌مكی دیموكراسییه‌وه، ته‌نانه‌ت له واقیعی خودی ئه‌و چهمكهشدا ده‌بێته نیشانه‌ی. شێوه‌گه‌لی جیاجیای رژێمگه‌لی جڤاكانه و سیاسیانه، وێرِای جیاوازیی رواڵهتهكانیان، خۆیان ده‌ده‌نه پاڵ سیسته‌می دیموكراسییه‌وه، ته‌نانه‌ت خۆیان به باشترین به‌رجه‌سته بوونی ئه‌و داده‌نێن. گومانی تێدا نییه دیموكراسی له كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخدا خواستێكه، رواڵه‌ته‌كانی گونجانی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا به‌و ده‌پێورێن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م كاره دیموكراسیی كرده چه‌مكێكی باو، گه‌لێك سیسته‌می جۆراوجۆری جڤاكی و سیاسی خۆیان ده‌ده‌نه پاڵی. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی دیموكراسییش له كۆمه‌ڵی خۆیاندا ده‌كه‌ن، له بری ئه‌ویش رژێمی سیاسیی دیكه‌ی دژ به رێنماییه‌كانی داده‌مه‌زرێنن، یان به‌و جۆره رژێمانه رازی ده‌بن، ره‌نگه بشڵێن ئه‌و رژێمه‌ی دای ده‌مه‌زرێنن، رێیه‌كی چاكتره بۆ گه‌یشتن به خودی دیموكراسی، به قۆناغێك له قۆناغه‌كانی گه‌یشتن به‌و(به دیموكراسی)ی داده‌نێن. دواخستنی دیموكراسی له‌به‌ر پێنه‌گه‌یشتنی مه‌رجه‌كانی گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا، یه‌كێكه له شێوه‌كانی به‌رهه‌ڵستی كردنی به بێ ئه‌وه‌ی بگوترێت كه دژی ده‌وه‌ستنه‌وه، یان ئه‌و، شێوه‌ی هه‌ره دهربرِی به‌رهه‌ڵستی كردنیه‌تی، به بێ ئه‌وه‌ی گردهبرِانه (دیموكراسی) ره‌ت بكرێته‌وه(3).
لایه‌نێكی دیكه هه‌یه كه په‌شێوی بخاته نێو بیركردنه‌وه له دیموكراسی، واش ده‌كات بانگه‌شه‌كارانی (ئه‌و تێزه) ره‌خنه له رژێمهیلێك بگرن كه به خۆیان ده‌ڵێن دیموكراسی. مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه، جیهانگیری كردن له‌م سیسته‌مه جڤاكی و سیاسییه وای كرد سیفه‌تی دیموكراسی له به‌كار هێناندا باو بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی به‌ره‌واژیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. وه‌ك یه‌كێك له توێژه‌رانی ئه‌م بواره ده‌ڵێت، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گه‌یه‌نێت، هیچ واتایه‌كی نییه. به‌م جۆره كاره‌كه په‌یوه‌ندیی به دیموكراسییه‌وه هه‌یه، كه له‌م رۆژگاره‌ی ئێمه‌دا ده‌سته‌واژه‌یه‌ك نییه خاوه‌ن واتایه‌كی تایبه‌ت و دیاری كرا‌و بێت، هێنده‌ی كه درێژ بوونه‌وه‌ی نارِۆشنی چه‌مكێكی میللییه(4).
ئیدی ده‌بینین، ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به‌ده‌ستمان هێنا، به‌وه‌ی له‌و رێیه‌ی گرتوومانه‌ته به‌ر و پێشمان گوت ره‌خنه گرتن له دیموكراسی، سه‌رچاوه‌ی گرتووه. سه‌باره‌ت به ئێمه به‌رایی بیرۆكه‌كه ئه‌وه بوو، دیموكراسی به نموونه‌یه‌ك دابندرێت كه مرۆڤایه‌تی ده‌یخاته به‌رده‌می خۆی، به‌رده‌وامیش تێده‌كۆشێت بگاته پله‌یه‌كی باشتر له‌و، به‌وه‌ی هاوسه‌نگییه بۆ كۆمه‌ڵ، یان مه‌رجی باڵایه و بوونه‌كه‌شی هاوبه‌نده له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگیی جڤاكدا. ئه‌م به‌هایه‌ی پێی گه‌یشتین، كه ده‌كرێ ئه‌نجامی دیكه‌ی له سه‌ر بنیات بندرێت، وا ده‌كات مێژووی دیموكراسی به‌ره‌و رووی ئایینده‌یه‌كی هه‌میشه نوێ كراوه ببێته‌وه، ئه‌ویش دژ به هه‌ر بۆچوونێك كه بیكاته نموونه‌یه‌كی ره‌ها و چه‌سپاو، مێژووه‌كه‌شی بكاته مێژوویه‌كی به كۆتا هاتوو له ئاست ئه‌و نموونه‌یه‌دا.
كه‌واته، بیرۆكه‌یه‌كی دیكه‌مان له لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت، دژ به‌وه‌یه كه بیرمه‌ندی هاوچه‌رخ "فره‌نسیس فۆكۆیاما" رای گه‌یاند، كاتێك باسی كۆتایی مێژووی كرد. ئێمه ده‌زانین فۆكۆیاما مه‌به‌ستی كۆتایی هاتنی كردهنیانهی مێژووی مرۆڤایه‌تی نییه، به‌ڵكوو مه‌به‌ستی كۆتایی هاتنی مێژوویه‌كی دیاری كراوه. ئه‌وه‌ی به لای ئه‌وه‌وه گرنگ بوو، ئه‌و مێژووه نه‌بوو كه رووداوه‌كانی دوا به دوای یه‌كدا دێن، چونكه ئه‌و مێژووه له خاڵێكی دیاری كراودا، ئه‌گه‌ر بتوانین ده‌ست نیشانی بكه‌ین، كۆتایی نایه‌ت. ئه‌و مێژووه‌ی فۆكۆیاما برِیاری كۆتایی هاتنی داوه، ئه‌و به‌رده‌وامییه ساده و پێكه‌وه به‌نده‌یه، كه له یه‌ك كاتدا ئه‌زموونی هه‌موو گه‌لان ره‌چاو ده‌كات. له راستیدا ئه‌و كۆتایی هاتنه‌ی مێژوو كه فۆكۆیاما قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كات، له هه‌مان كاتدا سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌یه. هه‌ر ده‌بێ بۆ فۆكۆیامای بسه‌لمێنین، كه مه‌به‌ست له كۆتایی مێژوو له لای ئه‌و، سه‌رباری ئه‌وه‌ی پێشوو گوتمان، یه‌ك تاكه شێوه‌ی ده‌وڵه‌ته، كه له ئهمرِۆوه جیهان ده‌ته‌نێته‌وه، هه‌ر خۆشی تاكه چوارچێوهشه كه تێیدا رووداوه‌كانی مێژوو له لای هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به دوای یه‌كدا دێن، چونكه مێژووی ململانێی نێوان ئه‌و سیسته‌می جڤاكانهی ئه‌و ده‌وڵه‌ته پێكی ده‌هێنێت و، نێوان هه‌ر سیسته‌مێكی دیكه‌ی دژ به ئه‌و، له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و سیسته‌مه، كه ده‌وڵه‌تی دیموكرات لیبراڵه، كۆتایی هات(5).
هه‌ڵبه‌ت هه‌ر ته‌نیا فۆكۆیاما نییه، كه بیرۆكه‌ی كۆتایی مێژوو له ئاست ئه‌و فۆرمه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌ڵێن. ئه‌و بۆ خۆی ده‌ڵێ له دوو فه‌یله‌سووفی به‌ر له خۆی، هیگل و ماركس، هه‌ڵیهێنجاوه. هیگل و دوای ئه‌ویش ماركس، وای بۆ چوون كه مێژووی مرۆڤایه‌تی، هه‌ر له سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵگاكانی مرۆڤه‌وه تا ده‌گاته ئهمرِۆ، بریتییه له زنجیره‌یه‌كی توند و تۆڵی بویه‌ر و رووداو و په‌ره‌سه‌ندن، بووه مایه‌ی گواستنه‌وه له جڤاكی خێڵه‌كییه‌وه بۆ كۆمه‌ڵی مۆدێرن. به‌ڵام هیگل و له پاش ئه‌ویش ماركس، پێیان وا نه‌بوو مێژوو بۆ هه‌تا هه‌تایه له په‌ره‌سه‌ندن و دژبه‌رییه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌ر یه‌كه‌یان باسی كۆتایی مێژوویان كردووه، كاتێك په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی به‌ره‌و پێكهێنانی كۆمه‌ڵێك ده‌چێت، تێیدا خواسته قوول و بنهرِهتهكانی مرۆڤ به‌دی دێن. هه‌ڵبه‌ت هیگل و ماركس له وێنا كردنی شێوه‌ی كۆتایی مێژووی په‌ره‌سه‌ندنی فۆرمه‌كانی سیسته‌می جڤاكانهدا جیاواز بوون ، هیگل گوتی ده‌وڵه‌تی لیبراڵه، ماركسیش گوتی جڤاكی كۆمۆنیسته.
فۆكۆیاما ئیلهام له هه‌ر یه‌ك له هیگل و ماركس وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له‌و وێنا كردنه‌ی له‌باره‌ی كۆتایی مێژووه‌وه پێی ده‌گات، جیاوازه. ئه‌و ده‌ڵێ كۆتایی مێژوو بریتییه له‌و فۆرمه‌ی ئهمرِۆ توانیویه‌تی له ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمه‌ڵگاكاندا خۆی بسه‌پێنێت، به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیش له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی رۆڵی یهكلاییكهریان له‌و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی له جیهاندا روو ده‌ده‌ن، هه‌یه.
دوایین فۆرمی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵ، ئه‌وه‌ی ئهمرِۆ له گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی جیهاندا، واته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا ده‌یبینین، هه‌ر ئه‌ویشه كه له وڵاتانی سه‌ره‌كیی ئه‌وروپاشدا ده‌بینین. زۆر وڵاتیش له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو كیشوه‌ره‌ش، هه‌وڵ ده‌ده‌ن وه‌ك سیسته‌می جڤاكانهی خۆیان برِیاری بده‌ن. ئه‌و قه‌یرانانه‌ی تووشی سیسته‌مه‌كانی دی بوون سه‌ری خورادن، بۆ ئه‌وه‌ی (ساغ بێته‌وه) ته‌نیا سیسته‌مێك كه قابیلی مانه‌وه‌ی بێ كۆتایی بێت، ده‌وڵه‌تی لیبراڵ دیموكراته. جۆره‌كانی قه‌یران رواڵه‌ته‌كانی بێهێزیی له فۆرمه‌كانی دیكه‌ی سیسته‌می جڤاكانه و سیاسیی خسته روو، ئه‌م قه‌یرانانه ئه‌وانی به‌ره‌و هه‌ره‌س برد. به‌ڵام ئه‌م كاره به سه‌ر ئه‌و رژێمه‌دا پیاده نابێت، كه ده‌وڵه‌تی لیبراڵ دیموكرات نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات، بریتیشه له كۆتایی مێژووی تایبه‌ت به شێوه‌كانی رێكخستنی كۆمه‌ڵ، وا دیاره ئه‌ویش (لیبراڵ دیموكرات) ئه‌و شێوه‌یه‌یه كه توانای به‌رده‌وام بوونی هه‌یه له رووبهرِووی هه‌موو شێوه‌كانی قه‌یراندا، كه رژێمه‌كانی دی نه‌یانتوانی هه‌مبه‌ر به‌وان خۆیان رابگرن(6).
له هه‌وڵێكی پێشووماندا كه ته‌رخانمان كرد بوو بۆ قسه كردن له‌باره‌ی كتێبی فۆكۆیاما و ئه‌و بیرۆكه بنهرِهتهی له‌باره‌ی كۆتایی مێژووه‌وه ده‌یگرێته خۆ، گوزارشتمان له ته‌واو كۆك نه‌بوونی خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌دا كرد. خۆ ئه‌گه‌ر واتای تایبه‌تی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی (فۆكۆیاما)مان زه‌ق كردووه‌ته‌وه، كه تێیدا (فۆكۆیاما) بیرۆكه‌ی كۆتایی مێژوو دووپات ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت مێژووی مرۆڤایه‌تی چه‌قی به‌ستووه و خه‌سڵه‌تی ئۆقره‌گرتنی هه‌یه، به‌ڵكوو ته‌نیا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه ره‌وته‌كه‌ی له ئێستا به دواوه ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی لیبراڵ دیموكراتدا ده‌بێت. له روانگه‌ی فۆكۆیاماوه، پرسه مه‌زنه‌كان به دروست بوونی ده‌وڵه‌ت، چاره‌سه‌ر كران. كۆتایی مێژوو له لای ئه‌و به‌نده به‌وه‌ی ده‌ڵێ، دیكتاتۆریه‌ت و شموولیهت روو له ئاوا بوونن، هه‌روه‌ها ئه‌و پهرهسهندنانهشه كه بواریان دا مرۆڤایه‌تی ته‌نیا یه‌ك ئه‌گه‌ری له پێشدا بێت، ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی لیبراڵ دیموكراته. سه‌ركه‌وتنی ئه‌م فۆرمه‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌تا هه‌تاییه. چی دی بواری پاشه‌كشه كردن له كاروانی مێژوو نییه، كه په‌ره‌سه‌ندنی به خۆوه نه‌بینیوه ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ئه‌م فۆرمه‌ی دوایی له سیسته‌می جڤاكانهدا نه‌بێت، هه‌میشه رۆیشتن به‌ره‌و پێشه‌وه‌یه. هه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌ره‌و ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه نهرِوات، زۆرتر و زۆرتر رووبهرِووی ئه‌و دژبه‌ریانه ده‌بێته‌وه، كه به زه‌رووره‌ت به‌ره‌و رێی بنیات نانی ده‌وڵه‌ت لیبراڵ دیموكراتی ده‌بات، واته هه‌موو كۆمه‌ڵێك به زه‌رووره‌ت به‌ره‌و كۆتایی مێژووی تایبه‌ت به خۆی دهرِوات، كه خۆی به گوێره‌ی پێوه‌ری سه‌رده‌م رێك بخات، ئه‌ویش بریتییه له ئه‌و رێكخستنی جڤاكانهی باسمان كرد.
له رووبهرِوو بوونه‌وه‌مان بۆ ئه‌و بیرۆكه‌یه، له چێوه‌به‌ندیی زانینكارانهیهوه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، جا ده‌ڵێین ئه‌و برِیارهی فۆكۆیاما ده‌رهه‌ق به مێژوو ده‌یدات، برِیاری كۆتایی هاتنی له ئاست فۆرمێكی دیاری كراوی ده‌وڵه‌تدا، ئه‌وه خودی مێژووی راسته‌قینه نییه، به‌ڵكوو كاره‌كه، وه‌ك ده‌بینین، په‌یوه‌سته به لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه راسته‌قینه‌یه. ئه‌و چێوهبهندییه یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ جیا كردنه‌وه‌ی واقیع له لێكدانه‌وه، واته له نێوانی بابه‌تی و خودانه، بوارمان پێ ده‌دات بیرۆكه‌كه‌ی فۆكۆیاما بخه‌ینه چوارچێوه‌ی بابه‌تیانه‌ی خۆیه‌وه، هه‌روه‌ها بواریشمان پێ ده‌دات، (ئه‌گه‌ر) بكرێ گفتوگۆی له‌باره‌وه بكه‌ین.
به‌م جۆره، به ره‌چاو كردنی سیفه‌تی مهجازیانهی قسه‌كه‌ی فۆكۆیاما، هه‌روه‌ها له پاڵ ئه‌وه‌ی وای دابنێین، كه ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێ ئامانجی وه‌ستان نییه له ئاست خاڵێك كه به كۆتایی رووداوه‌كانی مێژووی داده‌ندرێت، ئێمه وای ده‌بینین ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌و برِیاری كۆتایی هاتنی مێژووی له ئاست ده‌وڵه‌تی لیبراڵ دیموكرات لێ داوه، قسه‌یه‌كه قابیلی گفتوگۆ.
برِیار دان به كۆتایی هاتنی مێژوو، وه‌ك فۆكۆیاما پێشكه‌شی ده‌كات، بێ دارِشتنی ئایدیۆلۆژی نییه، واته به لای ئه‌و توێژه‌ره‌وه گرنگه وه‌ك كه‌سێكی زانا كه لێكدانه‌وه‌ی بۆ مێژوو هه‌یه، هه‌روه‌ها وه‌ك كه‌سێك كه هێمایه بۆ قه‌واره‌ی ده‌سته‌جه‌معی و خۆشی رۆڵه‌ی ئه‌وه و به ده‌سپێك له بۆچوونێكیشهوه بیر له واقیع ده‌كاته‌وه. به‌م جۆره، تێگه‌یشتن له سنووری بیرۆكه‌ی فۆكۆیاما به گهرِانهوه بۆ چێوهبهند كردنی له نێو سیسته‌می مه‌رجه‌عه‌كه‌ی، كه له نێو ئه‌وه‌وه هه‌ڵقوڵاوه و به پێی مه‌رجه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی و به‌رهه‌م هێنانی بۆچوونه‌كانی(7).
كه‌واته، ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌ین، تێگه‌یشتن له بیرۆركهكهی فۆكۆیاما له هه‌لومه‌رجی خۆیدا، پاشان ده‌ست به گفتوگۆ كردن له‌باره‌یه‌وه بكرێت به پێی هه‌لومه‌رجێكی دی، كه ره‌وشی ئێستای شارستانییه و كۆمه‌ڵی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسلامی تێیدا ده‌ژین، به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا و باكووری ئه‌مریكادان، ئه‌گه‌ری دیموكراسییان به مه‌رجی تازه و به گوێره‌ی هه‌لومه‌رجێك، كه به زه‌رووره‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و خواستانه‌ی په‌ره‌سه‌ندنیان به‌خۆوه‌ی دیت و فۆكۆیاما ئاماژه‌ی پێ كرد، جووت نییه.
ئه‌وه‌ی به لای ئێمه‌وه گرنگه له بیرۆكه‌ی فۆكۆیاما له‌باره‌ی كۆتایی مێژوو، خۆبه‌خۆ ئه‌و بیرۆكه‌یه یان دارِشتنه گشتییه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكوو ئه‌و لایه‌نه‌ی تێیدا گرنگه، بابه‌ته‌كه‌ی ئێمه‌یه كه گرێدراوی ره‌خنه گرتنه له دیموكراسی. له لای فۆكۆیاما، وه‌ك بینیمان، مێژوو له‌و كۆمه‌ڵگایانه كۆتایی دێت كه رژێمی سیاسی‌یان ده‌وڵه‌تی لیبراڵ دیموكراته. خۆمان له سه‌نگه‌ری دژ به‌و بیرۆكه‌یه‌دا ده‌بینین، چونكه به لای ئێمه‌وه دوو واتای هه‌یه و له‌گه‌ڵ ئه‌و لۆژیكهشدا ناته‌بایه كه ئێمه له‌وه‌وه ده‌ستمان پێ كرد، واته روانین بۆ دیموكراسی به‌وه‌ی نموونه‌یه‌كه به‌رده‌وام مرۆڤایه‌تی هه‌وڵ بۆ به‌جێ گه‌یاندنی ده‌دات له باشتر و باشترین وێنه‌دا.
واتای یه‌كه‌م كه له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه به‌رهه‌ڵستیی ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌یه دیموكراسی له چێوه‌ی ئه‌و وێنایه‌ی ئێمه گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌كه‌ین، ده‌بێته خاوه‌ن مێژوویه‌ك كه به راسته هێڵێكدا دهرِوات، هه‌رده‌میش یه‌ك كۆتایی ده‌بێت، یان به قسه‌یه‌كی دی، هه‌مان مه‌به‌ستی ده‌بێت كه خۆی له یه‌ك شێوه‌ی سیسته‌می جڤاكانهی سیاسی‌دا ده‌بینێته‌وه.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه هه‌ر چییه‌ك بێت ههمهرِهنگیی رووداوه‌كانی دیرۆكی كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه و شارستانییه‌كان، ئه‌وا هه‌میشه به هه‌مان كۆتایی ده‌گه‌ن.
به‌م جۆره، ئه‌و مێژووه كه ده‌ست پێ ده‌كات ره‌نگه جیاواز بێت، به‌ڵام له كاتی گه‌یشتن به مه‌به‌ستی خۆی یان كۆتاییه‌كه‌ی، دهگهرِێتهوه سه‌ر رێككه‌وتن. ده‌وڵه‌تی لیبراڵ دیموكرات ئه‌و كۆتاییه‌یه كه هه‌موو سهرهتاگهلی جیاوازی مێژوو كۆتاییان پێی دێت، هه‌موو په‌ره‌سه‌ندنێكی ههمهرِهنگی كۆمه‌ڵگا و شارستانییه‌كان به‌ره‌و ئه‌وێ ده‌چن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و دژایه‌تییه‌ی ده‌رهه‌ق به‌و بیرۆكه‌یه ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی به سه‌ر كۆمه‌ڵگاكاندا له رێكخستنی سیاسییاندا دێت، جیاوازه، ئه‌و مێژووه‌ی پێشی ئاشنا بوون جۆراوجۆره. ئه‌وه‌ش بووه مایه‌ی هه‌بوونی شێوه‌ی جیاجیا له رێكخستنی جڤاكانه و سیاسیانه، كه هه‌ر یه‌كه‌یان پێی وایه شایانی ئه‌وه‌یه پێی بگوترێت دیموكراسی، دیرۆكی كۆمه‌ڵگاكانی مرۆڤایه‌تی به‌و راسته هێڵه‌دا نهرِۆیشت كه فۆكۆیاما كێشاویه‌تی.
واتای دووه‌م كه به‌رهه‌ڵستیی ده‌كه‌ین، په‌یوه‌ندیی به رۆڵی ئه‌وه‌وه هه‌یه به‌وه‌ی مێژوو به راسته هێڵێكدا دهرِوات، به‌ڵام كاتێك كاره‌كه په‌یوه‌ست به ئایینده ده‌بێت. هه‌ڵبه‌ت دوای كۆتایی هاتن به فۆرمی ده‌وڵه‌تی لیبراڵ دیموكرات، هه‌ر ته‌نیا یه‌ك په‌ره‌سه‌ندن له نێو خودی ئه‌و سیسته‌مه جڤاكییهدا ده‌بێت، بێ له دژبه‌ری له نێو ئه‌و رژێمه‌دا چی دی نابێت. ئه‌مه‌شه كه فۆكۆیاما گوزارشتی لێ كرد كاتێك گوتی، سه‌ركه‌وتنی سیسته‌می لیبراڵ دیموكرات كۆتایی هاتووه و بواری پاشه‌كشه كردنی تێدا نییه. له راستیدا ئێمه گوته‌ی كۆتایی هاتنی مێژوو له‌گه‌ڵ فۆرمی ده‌وڵه‌تی لیبراڵ دیموكراتدا، وا ده‌بینین برِیاری به‌هایه نه‌ك برِیاری واقیع، هه‌روه‌ها پێمان وایه پێشبینی كردنی ئایینده كه (ئه‌و) تاكه رێیه‌كه، برِیارێكه به‌هاكه‌ی به‌نده به برِیاری ئه‌و به‌هایه‌وه كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
به‌م جۆره، ئه‌گه‌ر ئێمه داوای پیاده كردنی بیركردنه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌یی له دیموكراسی ده‌كه‌ین، ئه‌وا پێمان وایه كه له نێو ئه‌و ره‌وتانه‌ی ده‌بێ ئه‌و بیره له سه‌ریان برِوات، لێكۆڵینه‌وه‌یه له فۆرمگه‌لی جیاجیای سیسته‌مگه‌لی جڤاكیانه و سیاسیانه، كه ئهمرِۆ وا سینگی خۆیان ده‌هێننه پێش گوایه دیموكراسین، ئه‌ویش بۆ گهرِان به دوای ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی ده‌ستی هه‌ر یه‌كه‌یانی گرت، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه له شیانی هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ره‌نگه پێمان وا بێت، كه ئه‌وه رژێمێكی به راستی دیموكراته. ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه تینی به‌رسڤ دانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌مان پێ ده‌دات، كه په‌یوه‌ندیی به یه‌كبوونی سیسته‌می دیموكراسی له فۆرمییهوه، یان ئه‌گه‌ری فره‌یی شێوه‌كانی و قه‌تیس نه‌كردنی ده‌سه‌ڵات له یه‌ك سیستهمیاندا.
به‌م جۆره، ئێمه ده‌بینین ئه‌م جۆرایه‌تییه له روانین، ده‌كرێ توێژینه‌وه له بنه‌چه و له مێژووی تایبه‌ت به هه‌ر كۆمه‌ڵ یان نه‌ته‌وه یان شارستانیه‌تێك تێكه‌ڵ به چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌ی پێمان گوت ره‌خنه له دیموكراسی، بكات. هه‌ر ده‌بێ لێكۆڵینه‌وه له په‌ره‌سه‌ندن و قۆناغه‌كان بكه‌ین. ئه‌و فۆرمانه‌ی هه‌ر كۆمه‌ڵێك پێیان ئاشنا بووه، به‌رهه‌می (زاده‌ی) پهرهسهندنێكه كه ئه‌وانیش له لای خۆیانه‌وه له رووی قۆناغ و رواڵه‌ته‌وه جیاواز بوون. كاره‌كه سه‌باره‌ت به هه‌ر كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ست نییه به په‌ره‌سه‌ندنی راست و هێڵ ئاسا. دیموكراسییه‌كه‌ی ئهمرِۆ زاده‌ی ههمهرِهنگییه، ئه‌و له رواڵهتهكانیدا ههمهرِهنگه، ئێمه وای ده‌بینین له ئایینده‌شدا هه‌ر ئه‌وها ده‌بێت. له‌م حاڵه‌ته‌شدا ره‌خنه ده‌بێته گهرِان (لێكۆڵینه‌وه) له‌و سیسته‌مه سیاسی جڤاكیانه‌ی، به‌و چه‌شنه‌ی له مێژووه‌كه‌یدا ههمهرِهنگ ده‌رده‌كه‌ون و له واقیعی ئێستاشیاندا ههمهرِهنگ ده‌بن.
-3-
دهگهرِێینهوه سه‌ر بیرۆكه‌كه‌مان كه به ده‌سپێكی ئه‌وه‌ی پێمان گوت "ره‌خنه له دیموكراسی"مان دانا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و بیرۆكه‌یه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، به‌وه‌ی كارنامه‌ی توێژینه‌وه‌یه له‌و رژێمه سیاسی و جڤاكیانه. هه‌ر له‌و ئاسته‌دا ده‌بینین، كه ئه‌وه‌ی ده‌كرێ له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م كارنامه‌یه‌دا لێی بكۆڵینه‌وه گه‌لێك لایه‌نه، له هه‌مان كاتدا ئه‌و پرسیارانه‌ی به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌خرێنه روو، زۆر و ههمهرِهنگن.
واته دانانی دیموكراسی به نموونه‌یه‌ك، ئه‌وه واقیعێكه مرۆڤایه‌تی هه‌وڵ ده‌دات پێی بگات، ئه‌وانه‌ی له واقیعی گرووپێك له جڤاكهكانیشدا به‌دی هاتووه و وه‌ك رژێمی جڤاكیانه و سیاسیانه‌ی دیموكرات په‌سن ده‌كرێت، ئاماده بوونی ته‌واو و بێ كهموكورِی ناگه‌یه‌نێت، كه ئیدی مرۆڤایه‌تی چی دیكه‌ی له پێشدا نه‌ماوه بێ له رۆیشتن به رێیهكهیدا. هه‌روه‌ها فۆرمی ئێستای، ئنجا با لیبراڵ دیموكراتیش بێت، مادام ئه‌و فۆرمی باویه‌تی، ته‌نیا ئه‌گه‌ری به‌رده‌م مرۆڤایه‌تیی ئایینده نییه. ئه‌مه‌ش بوو له هه‌وڵه‌كه‌ی پێشوومان، كه تێیدا گفتوگۆمان له‌باره‌ی بیرۆكه‌ی فۆكۆیاما له‌باره‌ی كۆتایی مێژووه‌وه كرد، پاڵی پێوه ناین بڵێین مێژوویه‌ك هه‌یه هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه، مێژوویه‌كی دیكه‌ش هه‌یه هێشتا ده‌ستی پێ نه‌كردووه. ئه‌مه‌شه واتای داواكه‌مان كه ده‌بێ له رێی سیسته‌مێكی دیكه‌ی مهرجهعیانهوه بیر له بابه‌ته‌كه بكه‌ینه‌وه، تا بتوانین له واتای هه‌ردوو ئاسته‌كه بگه‌ین كه پێشتر ئاماژه‌مان پێ كرد. ئه‌وه‌ی فۆكۆیاما بیری لێ كرده‌وه مێژوویه‌كه، تێیدا مرۆڤایه‌تی گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی په‌ره‌سه‌ندن، كه رێی به‌و دا پێی وا بێت ئه‌و مێژووه ئیدی كۆتایی هاتووه، چونكه گه‌یشتووه‌ته خاڵێك كه چی دی په‌ره ناستێنێت، ته‌نیا له ئاراسته‌یدا نه‌بێت. له تواناشیدا نه‌بوو له‌و مێژووه‌ی كۆتایی نه‌هاتووه ده‌ست پێ بكات، چونكه جارێ ده‌ستی پێ نه‌كردووه، ئه‌ویش مێژووی ئه‌و وڵاتانه‌یه كه په‌ره‌سه‌ندنیان هێشتا به‌ره‌و دیموكراسی نه‌چووه(8).
ئێمه سه‌ر به لایه‌كی جیهانین، تێیدا دیموكراسی ده‌خوازێت له دۆخی ئه‌ركێكدا بێت كه ده‌بێ سه‌ره‌تای به‌جێ گه‌یاندنی به‌دی بێت، نه‌ك له دۆخێك‌دا بێت، كه هی ئه‌وه بێت ئه‌و له پله‌ی ئه‌و پهرِی په‌ره‌سه‌ندنی مێژووییانه‌ی پێشوودایه.
ره‌هه‌ندی دیموكراسی له وڵاتانی عه‌ره‌بدا هێشتا پێویستی به به‌دی هاتنه، هه‌مان مه‌رجه‌كانی هێشتا جێی مشتومرِن و له رێی به‌دی هاتنن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مریكادا، هێشتا (دیموكراسی) پتر خواسته نه‌ك واقیع، هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ش به‌شێكین له‌و وڵاتانه، ئیدی ده‌ڵێین ئه‌و وڵاتانه پێویستیان به دووباره كردنه‌وه‌ی ئاراسته‌ی مێژووییانه‌ی خۆیانه، تا په‌ره‌سه‌ندنیان تێدا ده‌ست پێ بكات، كه ده‌ستیان ده‌گرێت به‌ره‌و مه‌رجه‌كانی سیسته‌مێكی جڤاكیانه و سیاسیانه‌ی وا، ده‌كرێ وا په‌سنی بكه‌ین كه دیموكراسییه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خواستی دیموكراسییان له نێودایه، ئیدی ئ