خانمان لە مانگی ڕەمەزاندا باس لە كاری ڕۆژانەیان دەكەن

خانمان لە مانگی ڕەمەزاندا  باس لە كاری ڕۆژانەیان دەكەن

 

 

ئافرەتان بە شێوەیەكی گشتی لە هەموو بارودۆخ و قۆناغ و هەلومەرجێكدا لە بەڕێكردنی ژیانی رۆژانە و تێپەڕاندنی سەختییەكانی ژیاندا پشكی شێریان بەركەوتووە، بەڵام كۆڵنەدەرانە هەوڵیان داوە بەسەر هەموو ئاستەنگەكاندا زاڵ بن و هاوسەنگییەك لە نێوان كاری دەرەوە و ناوماڵ و خێزانداری و پەروەردەی منداڵ ڕابگرن. لە بۆنە ئایینی و نەتەوەییەكانیش ئەركی سەرشانیان گەلێك قورستر دەبێت. لە ئێستاشدا كە لە ناو مانگی ڕەمەزانداین، بۆ پێشوازی لەم مانگە پیرۆزە لەلایەن خانمانەوە ئامادەكاریی تەواو ئەنجامدراوە . بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان، لە دیدی جیاوازەوە خوێندنەوە بۆ بابەتەكە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«لە مانگی ڕەمەزان ئافرەتان زیاتر لە كاتەكانی دیكە هیلاك دەبن، بەتایبەتی ئافرەتی كارمەند، كە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، سەرەڕای ئەوەی هیلاك و بەڕۆژووە، دەست بە كاری ڕۆژانەی خۆی دەكات، چونكە ئافرەتی كارمەند ئەو كاتەی هەیەتی، بەشی ئیسراحەت ناكات».

ئەوە قسەی بەناز فەتحوڵڵایە، ئەو لە یەكێك لە فەرمانگەكان فەرمانبەرە و لەمبارەیەوە زیاتر گوتی: «ئافرەت كە لە كارەكەی گەڕاوە بۆ ماڵەوە، دەبێت بەپەلە خوانێك بە ئارەزووی تاكەكانی خێزانەكەی ئامادە بكات، بۆیشی نییە باسی ماندووبوون و شەكەتیی خۆی بكات، دوای خواردنیش ئەمجارە نۆرەی خاوێنكردنەوەی مەتبەخ و قاپشووشتن دێت، دوای ئەوە شیرینی و میوە دێنێتە بەردەست ئەندامانی خێزان، سەرەڕای ئەوەی لە شەوانی رەمەزان سەردانە كۆمەڵایەتییەكان لە نێو خێزانەكان زیاتر دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هاوسەرەكەی و تێكڕای ئەندامەكانی خێزان هەست بەوە ناكەن كە ئافرەتیش وەكو ئەوان بەڕۆژووە، هێشتا لە كارەكانی بەربانگكردن نەبۆتەوە، سفرە ڕازاندنەوەی پارشێو دەست پێدەكات. لەم كاتەشدا هاوسەرەكەم یان دەخەوێت، یان كاتەكانی بە خوێندنی قورئان، یان سەیركردنی تەلەفزیۆن بەسەر دەبات، منداڵەكانیش هەر یەكەو بە شتێكەوە سەرقاڵن بێ ئەوەی هاوكاری دایكیان بكەن».

شلێر قادر خانمێكی فەرمانبەرە و دایكی چوار منداڵە، لەمبارەیەوە دەڵێت: «لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ئێمەی ئافرەتان ئەركمان گەلێك زیاتر دەبێت، چونكە جگە لەوەی ئێمەش وەكو هەمووان بەڕۆژوو دەبین، ئەركی ڕوژانەی ماڵەوەشمان گرانتر و زیاتر دەبێت، بۆ بەربانگ چەندین جۆر چێشت و خواردن ئامادە دەكەین. لێرەشدا پێویست دەكات پیاوان بە شێوەیەك لانیكەم دەستخۆشییمان لێ بكەن و ناوبەناو لە ئامادەكردنی خۆراك و ڕازاندنەوەی خوان هاوكارمان بن، چونكە ئەو هاوكارییانە دەبێتە هۆی حەسانەوە و لە كۆتاییدا كۆی خێزانەكە دڵخۆش دەبین».

ئەو خاتوونە لە درێژەی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە« مانگی پیرۆزی ڕەمەزان مانگی خێر و خۆشی و ڕەحمەت و بەرەكەتە، چونكە تێكڕای ئەندامانی خێزان لەسەر یەك سفرە و خوان كۆدەكاتەوە، ئەوەش وێڕای بەرەكەتدار بوونی خوانی ڕوژانەمان لە هەمان كاتدا هۆكارێكە بۆ ئەوەی هەمووان بە دڵخۆشی لە دەوری یەك كۆببینەوە، من بەشبەحاڵی خۆم لەم مانگەدا كارەكانم زیاتر دەبن، ڕۆژانە بۆ بەربانگ هەر چێشتێك ئامادە بكەم دەبێت بۆ خەزورم مەنجەڵێكی بچووكی كەم خوێ و كەم چەوری دروست بكەم، هەروەها بە حوكمی ئەوەی منداڵەكانیش بەڕۆژوو دەبن پێویستە هەموو ئێوارەیەك بۆ بەربانگ برنج و شلەمان هەبێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەست بە ماندوو بوون ناكەم، چونكە خوای گەورە هێزێكی لە ڕادەبەدەری بە ئێمە بەخشیوە».

د. سەید عەلی ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی مەلا ساڵح، سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە رای خۆی دەردەبڕێت: «بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، سڵاوات و سەلام بۆ گیانی پێغەمبەر(د.خ)، سەرەتا لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە موسڵمانان دەكەم، خوای گەورە ڕۆژووی هەموو لایەك قبووڵ بكات. ئافرەت هەمیشە لە بەڕێوەبردنی خێزان ڕۆڵی كارای هەبووە، لەم مانگەشدا جیاواز لە مانگەكانی دیكەی ساڵ ئەركی قورستر دەبێت، ئەویش بە خزمەتكردنی ئەندامانی خێزانەكەی و زۆربەی كاتەكانی بۆ خزمەتكردن و دڵخۆشكردنی ئەندامانی خێزانەكەی تەرخان دەكات، لە كاتێكدا ئەویش وەك تێكڕای ئەندامانی خێزانەكەی بەڕۆژووە و تەنانەت لە ئێستادا زۆربەی خانمان شان بە شانی پیاوان لە دەرەوەی ماڵیش ئەركیان لەسەر شانە و كاردەكەن، بۆیە پێغەمبەری نازدار (د.خ)، كاتێك هەست بەوە دەكات، ئەركی سەرشانی ئافرەت زۆر قورسە عیبادەت و خواپەرستیی ئافرەتان سنووردار دەكات و دەفەرمووێت: «إذا صلت المرأةُ خمسَها وصامتْ شهرَها وحفظتْ فرجَها وأطاعتْ زوجَها قيل لها: ادخلي الجنَّةَ من أيِّ أبوابِ الجنَّةِ شئتِ.» واتا ئافرەت ئەگەر پێنج فەرزە نوێژەكانی كرد، مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بوو، خۆی لە گوناح و حەرام پاراست و گوێڕایەڵیی هاوسەرەكەی كرد، ئەوا لە ڕۆژی دواییدا سەرپشكە لە كام دەرگای بەهەشت بچێتە ژوورەوە».

ئەو مامۆستا ئایینییە بە پێویستی دەزانێت كە «هەموومان لە بری ئەوەی عەیب لە خواردنەكان ببینینەوە و هەستی كابانەكەی بریندار بكەین، پێویستە ماندووبوون و شەنخوونی ئافرەتمان لەبەرچاو بێت و بەشێك لە ئەركەكانی ماڵەوەی لەم مانگەدا لەگەڵ دابەش بكەین، یان هەر هیچ نەبێ، ڕۆژانە سوپاسی بكەین و دەستخۆشی لێ بكەین».

 

خانمان لە مانگی ڕەمەزاندا  باس لە كاری ڕۆژانەیان دەكەن
Top