داواكارم زیاتر بایەخ بە تۆپی بالە بدرێ

داواكارم زیاتر بایەخ بە تۆپی بالە بدرێ

چیا ئەحمەد یاریزانی بالەی یانەی خاك

داواكارم زیاتر بایەخ بە تۆپی بالە بدرێ
یاری بالە یەكێك لەم یارییانەیە كە سەر ئاستی پارێزگای كەركووك لەلایەن یانەكانی ئەو شارەوە گرنگی زۆری پێ دەدرێت، یانەكان هەموو كات چاویان لەوەیە بەتوانای یاریزانانی شارەكە بتوانن كێبڕكێ لە سەر بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە بكەن لە خولەكانی كوردستان و عێراقی بۆ ئەوەی بتوانن ناوی شارەكەیان بە بەرزی بهێڵنەوە لە یارییە جیاوازەكان، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش چیا ئەحمەد-ە ،ناوبراو وەكو یاریزان یاری بۆ یانەكانی خاك و سۆلاڤ كردوە، لەدایك بووی ساڵی 1997 پارێزگای كەركووك قوتابی زانكۆی كەركووكە لە بەشی ئینگلیزی، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو بڕیارتدا بێتە ناو یاری بالە؟
- سەرەتای هاتنە ناوەوەم بۆ بواری وەرزشی لە ڕێگەی مامۆستایەكی قوتابخانەمەوە بوو مامۆستا سوها لە قوتابخانە دەستم پێ كرد و دواتر چوومە یانەی وەرزشی خاك.
*چ هەستێكت هەیە یارییەكی قورس ئەنجام دەدەی؟
- یاری بالە یەكێكە لەم یارییانەی پڕ چێژ بەخشە و هەستێكی تایبەتی خۆی هەیە، هەر چەندە یارییەكی بە كۆمەڵیشە، بەڵام یاریزان دەتوانی كێبڕكێی تەواو بكات بە یارمەتی یاریزانانی دیكە.
*چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی یاری بالەی كچان بەرەپێش بچێت؟
- كردنەوەی خول بۆ هەموو ئاستەكان و هاوكاری كردنی ماددی و مەعنەوی یاریزانان وەك پێویست.
*گرفتی یاری بالە لە چی دەبینی؟
-تۆپی بالە لێرەدا وەك پێویست نییە كۆمەڵە گرفتێك وەك نەبوونی هۆڵ و تۆپدا لە كاتی خۆیدا گرنگی پێ نادرێت بە تایبەتی لە شاری كەركووك.
*ئاستی ئەم یارییە لەچ ئاستێكە لە شارەكانی كوردستان؟
-تاڕادەیەك باشە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خولەوە ئاستی یاریزان وەكو پێویست دەرناكەوێت.
* بە نیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-دەمەوێت ئاستی خۆم زیاتر بەرەوپێش ببەم و بە یارمەتی ڕاهێنەرەكانم كە هاوكاری من بۆ گەیشتن بە ئاستی بەرز.
*گرێبەستت پێشكەش نەكراوە لەلایەن یانەكان؟
- نەخێر لە بەر ئەوەی كردنەوەی خول زۆر كەمە بۆ كچان دەرفەتی ئەوە نەڕخساوە.
*بۆچی ئافرەت بە كەمی ڕوو لە وەرزش دەكەن؟
- بە گشتی لە چاو ساڵانی پێشوو تاڕادەیەك ئێستا كچان باشتر پەیوەندی بە یانەكانەوە دەكەن، پێشووتر لە بەر كۆمەڵگە و ماڵەوە زۆر كەم وەرزشیان هەڵدەبژارد.
*داواكاری و پێشنیارت بۆلایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- داواكارم زیاتر بایەخ بە تۆپی بالە بدرێ و كردنەوەی خولی زیاتر بۆ یاریزانان و هاوكاری كردنی بەردەوامی یاریزانان لە یانە وەرزشییەكان.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-خەونی وەرزشیم ئەوەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان یاری بۆ هەڵبژاردەی بالەی عێراقی بكەم.
*پلانت بۆ داهاتووی خۆت؟
- هەوڵ دەدەم وەك یاریزانێك ڕۆژێك لە دەرەوەی ووڵا ت یاری بكەم.
*پاڵەوان بوون چی دەگەینی لای تۆ؟
- هەستێكی تایبەتت پێ دەبەخشێت و ماندوو بوونەكانت لە بیر دەباتەوە.
*بەهیوای ئەوە نیت هەڵبژاردەی بالەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك بیت لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە؟
-بەهیوای ئەوەم ئەم هەڵبژاردەیە دابمەزرێ.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆخزمەتی بەردەوامی وەرزشیی ناوەخۆ لە سەرجەم شارەكانی كوردستان.

Top