مەلا ڕەجەب ئەحمەد محەمەد  بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئەتروش و شێخان لە یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان بۆ گوڵان:   هەندێك لەو گرووپ و لایەنە ئیسلامییە سیاسییانەی هەرێم بە بەرنامە و هزری دەرەكی دەیانەوێت مێژووی خۆمان لەبیر بكەین

مەلا ڕەجەب ئەحمەد محەمەد   بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئەتروش و شێخان لە یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان بۆ گوڵان:     هەندێك لەو گرووپ و لایەنە ئیسلامییە سیاسییانەی هەرێم بە بەرنامە و هزری دەرەكی دەیانەوێت مێژووی خۆمان لەبیر بكەین

 

 

دابەشكردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەنێوان خوداپەرستی و سیاسەت و بڵاوبوونەوەی هزری توندوتیژی و دروستبوونی دەیان حزب و گرووپ و تاقمی جیاوازی بەناو ئایینی، هەموو ئەمانە دوورن لە مێژووی پڕ لە سەروەریی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و كەلتوور و دابونەریتی زانا و مامۆستا و مەلای كورد، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مامۆستای مافپەروەر مەلا ڕەجەب ئەحمەد محەمەد وتارخوێن و پێشنوێژ لە مزگەوتی گوندی شەهیا لە سنووری شارۆچكەی ئەتروش ئەنجام دا.

 

* لە دوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ، ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمین لە میسر دامەزرا بۆ دووبارە گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و، دواتر فیكری ئیخوان بووە فیكرێكی جیهانی، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی ئیسلام دابەش بێت بۆ سیاسی و عیبادەت، ئایا ئەم دابەشكردنەی ئیسلام بۆ ئیسلامی سیاسی و عیبادەت تا چەند خزمەتی بە ئیسلام كردووە؟

- لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا یەكەمجار عیبادات بۆ موسڵمانان دیاری كراوە و عیباداتەكانیش فەرزن و ئێمە ناڵێین لە ئیسلامدا سیاسەت نییە، بەڵام سیاسەتەكە بۆ ڕێكخسنی كاروباری موسڵمانانە و بۆ خۆشگوزەرانی و ئازادییەكانی مرۆڤە، بەڵام وەكو لە پرسیارەكەش هاتووە لە دوای نەمانی خەلافەتی ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ، ئەوا ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمین بە زەقی لە وڵاتی میسر بۆ گێڕانەی خەلافەت و دەسەڵاتگرتنە دەست دروست بوو. ئەو ڕێكخراوە وەكو ڕێكخستنی هەموو پارت و حزبێك كاری سیاسی تێكەڵی ئایینی پیرۆزی ئیسلام كرد و لەپاشان ئەو ڕێكخراوە بە وڵاتی ئیسلامی بڵاو بووەوە، لەگەڵیشدا چەندین گرووپ و لایەنی دیكەی سیاسی لە لایەن موسڵمانان وەكو جیهادی و ئوسووڵی و بزووتنەوە و ...هتد، بە ناوی ئیسلام هاتنە كایە و ئەو بیر و هزرانە هاتە وڵاتی ئێمەش، كە ئێستا لەناو هەرێمی كوردستان چەندین لایەن و حزب بە ناوی ئیسلام دروستبوونە لەتەك حزبە علمانی و نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، بۆیە دەكرێت زۆر بە كورتی بڵێین ئەو لایەن و گرووپە ئیسلامییانە، ئیسلامی سیاسین كە مەبەستیان بەرژەوەندیی تاكە كەسی و گەیشتن بە كورسی و دەسەڵاتە، واتە ئەو لایەنە ئیسلامی سیاسییانە موسڵمانانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دابەش و پچڕ پچڕ كردووە. بە تەئكید ئەو ئایینە پیرۆز و جوان و پاكە كە كراوەتە دوو بەش (عیبادات و سیاسەت) و هەر لایەن و گرووپێكیش خۆیان لەوەی دیكە پێ باشتر و ڕاستترە، ئەمە وای كردووە، ئایینەكە كێشەی بۆ دروست بكەن و بیروباوەڕ و هزری جۆراوجۆر لە وڵاتەكەمان بڵاوبكەنەوە كە زۆربەی ئەو بەرنامە و هزرانەی ئەو لایەنانە لە كوردستان هەڵیانگرتووە و كاری لەسەر دەكەن، بیری دەرەكین و لە خزمەت مێژووی نەتەوەی غەیرە كوردە و وایان كردووە سەرلێشێوان و پشێوی لە هەندێ كات بۆ كۆمەڵگەكەمان دروست بكەن. هەر بۆیە نابێت بەو جۆرەی ئەو لایەنە ئیسلامییە سیاسییانە دەیكەن، ئایینی ئیسلام دابەشی سەر عیبادات و سیاسەت بكەن، چونكە دەبێتە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئایینەكە و كۆمەڵگەكەشمان. 

* بەپێی ئەم مێژووەی ئیخوان موسلیمین، ئەوە دەركەوتووە كە فیكری ئیسلامی سیاسی بایەخ بە پرسی خاك و نەتەوە نادات و پیرۆزییەكانی نەتەوە بێ بەها دەكەن، لێرەش لە كوردستان دەبینین كە لەو مەد‌رەسانەی حزبە ئیسلامییەكان سەرپەرشتی دەكەن، پڕۆگرامەكانیان سڕینەوەی هزری نەتەوەیی و نیشتمانییە. ئایا سڕینەوەی ئینتیما و پیرۆزییەكانی نیشتمانی چ كارەساتێكی لێدەكەوێتەوە؟

- لە ئایینی ئیسلامدا خاك پیرۆزە و ڕێزی زۆری لێگیراوە. ئەگەر خاك نەبێت، موسڵمانان و بەندەكانی خوا لە چ شوێنكك عیباداتی خۆیان بەجێ بگەیەنن؟ لەلای پێغەمبەر (د. خ) بەهەمان شێوە خاك زۆر پیرۆز بووە، هەر بۆیە گوتوویەتی هەر كەسێك لەسەر بەرگری لە خاك و ماڵی خۆی بكوژرێت، ئەوە بە شەهید هەژمار دەكرێت. خاك ئەو نیشتمانەیە كە لە سەری دەژین و نەتەوەكەشمان هەر خوا پێی داوین، بۆیە پێویستە هەموو كەسێك و موسڵمان بەتایبەتی زۆر ڕێز لە نەتەوە و نیشتمان و بەرژەوەندییەكانی خۆی بگرێت. ئەگەرچی لەلایەن ئیسلامی سیاسی لەو هەرێمەی خۆماندا بە فەرمان و دەستی دەرەكی دەیانەوێت دڵسۆزی و فیداكاری لەلایەن كەسەكان نەهێڵن، یان كەمی بكەنەوە كە لە و بارەشەوە ئیسلامی سیاسی درێغییان نەكردووە، ئەمەش جگە لەوەی لە ئایینی ئیسلام شتی وا نییە، گوناهێكی گەورەش بۆ خۆیان دروست دەكەن. هەر بۆیە من بە پێویستی دەزانم لێرەدا بڵێم، تا دەكرێت پێویستە ئێمە و هەموو نەتەوە و میللەتێكی دونیا كە لە ئەزەلەوە هەین، بەرگری و داكۆكی لە خاك و نیشتمانمان بكەین.

دەبێت هەوڵ بدەین هەقیقەتی ئەو گرووپ و لایەنە ئیسلامییە سیاسییانە بەتایبەتی لەلایەن ئێمەی پیاوانی ئایینی بۆ خەڵك و میللەتەكەمان ڕوون بكەینەوە، تاوەكو خەڵك لەخشتە نەبرێن و ڕێگای ڕاستەقینەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بزانن، كە بەرگریكردن لە خاك و نیشتمان ئەركە لەسەر هەموو تاكێكمان.

* ئێمەی كورد وەك گەلێكی موسڵمان، خاوەنی مێژوویەكی پاكی موسڵمانیەتی و كوردایەتین و چەندین زانای گەورەی ئیسلامیمان هەبووە، هەر لە ئەحمەدی خانی تا دەگاتە مەولەوی و نالی، بۆچی ئیسلامی سیاسی ئەم مێژووە فەرامۆش دەكات و دەیەوێت مێژوویەكی دیكە لە كوردستان بڵاو بكاتەوە، كە ئەویش مێژووی عەرەبییە؟

- میللەتی كورد خاوەنی خاك و نیشتمانی خۆیەتی، بەڵام ئەو كوردستانە خۆشەویستە پارچە پارچە كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا كورد میللەتێكی موسڵمانی زۆر پاك و خاون عیبادات و بەندایەتیی خوای خۆیەتی و لەسەرەتای هاتنی ئیسلامیشەوە كورد لە سەركەوتنی ئەو ئایینەدا بەشدار بووە و چەندین زانا و شارەزا و بلیمەتی زۆر ناودار لە ناو كورد هەڵكەوتوون، كە زانای ئیسلامی لەبیرنەكراون و هەموو سەركردەكانی كورد و شۆڕشی ڕزگاریخوازیشمان وەكو قازیی مەحمەد، شێخ سەعیدی پیران، مەلا مستەفا بارزانی و چەندانی دیكە هەر هەموویان كەسایەتیی دیاری ئایینی پیرۆزی ئیسلام بوون، تا ئاستی شاعیران و ڕۆشنبیرانیشمان هەر پابەندی عیبادات و بەندایەتیی خوای گەورە بوون. كورد لە هەموو گوند و شوێنكدا كە دوو ماڵی لێ بێت، ماڵی سێیەم مزگەوت و حوجرە و مەدرەسەی ئایینی بووە. كورد خاوەنی چەندین ڕێگای تەسەوف و خواپەرستی بووە، لەوانە نەقشبەندی و قادری، بەڵام ئەو كەس و لایەنانەی كار لە ئیسلامی سیاسی دەكەن، بێگومان دەیانەوێت ئەو مێژووە پاك و جوانەی كە كورد هەیەتی بەتایبەتی لە ئایینی پیرۆزی ئییسلامدا لە بیر خەڵك و كۆمەڵگەكەمان ببەنەوە، ئەمەش هەر بە دەستی دەرەكییە، بەتایبەتی بیر و هزری عەرەب بە سەریاندا زاڵە و هەر بۆ عەرەب و مێژووی عەرەبیش كار دەكەن. ئەوانە دەیانەوێت مێژووی عەرەب بخەنە شوێنی مێژووە دوور و درێژ و پڕ سەروەرییەكەمان وەك مێژووی دیاری كورد و كوردستان، بەڵام لەو مەبەست و مەرامەیان ئیسلامی سیاسی شكستیان هێناوە و مەرامە خراپەكانیان سەركەوتوو نەبووە و لە سایەی زانایان و موفتییە بەتوانا و بلیمەتەكانمان هەرگیز ئەو گرووپە ئیسلامییە توندڕەوانە لە پەیامەكانیان سەركەوتوو نابن. 

* باس لە بەرهەمهێنانی توندوتیژی و تیرۆر لە فیكری ئیخوان موسلیمین و ئیسلامی ئوسووڵی دەكرێت. ئایا چاندنی تۆوی توندوتیژی و ئیرهاب لە كۆمەڵگە، تاچەند كۆمەڵگە بەرەو ناسەقامگیری و كاولبوون دەبات؟

- بە هیچ جۆرێك لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا توندوتیژی نییە و جێگای نابێتەوە و جیاوازی لە نێوان هیچ كەس و نەتەوە و ئایینێكیش ناكات. ئایینی ئیسلام ڕێزی لە هەموو ئایینەكانی دیكەش گرتووە. هەر بۆ نموونە پێغەمبەر (د.خ) دراوسێیەكی جوولەكەی هەبوو، ڕێزی گرتووە و تەعامولیشی بە شێوەیەكی ئاسایی لەگەڵ دەكرد، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی ئیخوان موسلیمین و گرووپەكانی دیكەی وەكو ئوسووڵی و جیهادی و سەلەفی و ...هتد، ڕابەرەكانیان بە ئارەزووی خۆیان لایەنگر و ڕێكخستنەكانیان لەسەر وەڵامدانەی خەڵك و هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كۆمەڵگە بە شێوەی توندوتیژی پەیڕەو كردووە، ئێستاكەش هەر بەو شێوەیەن. دەبێت بزانین هەموو ئەو گرووپ و لایەنە ئیسلامیییە سیاسییانە كە بەبێ هێنانی هیچ دەقێكی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) لە بەرانبەر بڵاوكردنەوەی بەرنامە و هزرەكانیان توندوتیژی بەكاردەهێنن، ئاكامی ئەو توندوتیژییانە بۆ سەر كۆمەڵگەی موسڵمانان زۆر خراپ و ناڕەوایە، چونكە خوای گەورە لەگەڵ پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەییدایە لە هەموو كۆمەڵگەیەك و تەواوی مرۆڤەكانی سەر ڕووی زەوی، كە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دروست كراون، بەڵام ئیسلامی سیاسی بۆ مەرامی تایبەتی و شەخسی و بەلاڕێدابردنی هەندێ پرەنسیپی مەدەنی و ژیاری دەیانەوێت وای نیشان بدەن كە لە بنەڕەتدا لە گەیاندنی پەیامی ئیسلامدا توندوتیژی هەبووە، كە ئەمە پێچەوانەكەی ڕاستە، چونكە بە قسەی خۆش و بە نەرمونیانی و گفتوگۆ و لێبوردەیی دەتوانرێت هەموو كێشەكانی نێوان دوو كەس و دوو گرووپ و دوو خێزان و دوو دراوسێ و دوو نەتەوە چارەسەر بكرێت.

* خاڵێكی دیكەی مەترسیدار كە لە هزری ئیسلامی سیاسی هەیە، دووبارە تەفسیركردنەوەی «فەتوا»دانە، كە دەبێت حكومەت، یان ئەمیری موئمنین فەتوا بدات، بەڵام ئیسلامی سیاسی دەڵێت، هەر كەسێك دەتوانێت فەتوا بدات و خەڵك بكوژێت. ئایا ئەمە بێماناكردنی فەتوا و دروستكردنی ئاژاوەوە لە كۆمەڵگە نییە؟

- بۆ هیچ كەس و لایەن و گرووپێكی ئیسلامی نەهاتووە لەسەر هەر كارێكی بچووك و گەورە فەتوا بدات. چونكە فەتوادان بە بێ زانست و بنەمای شەرعی كارەساتی زۆر گەورەی لێ دروست دەبێت، تا دەگاتە تاوانی كوشتن، بەڵكو دەبێت ئەو زانا و خاوەن زانستە ئیسلامییانە فەتوا بدەن كە بە تەواوی شارەزای شەریعەت و هەموو لایەنەكانی ئیسلامن. لە هەرێمی كوردستان ئێستا لێژنەی باڵای فەتوا هەیە و تەنیا ئەو لێژنەیە دەبێت فەتوا بدات، كە تەواوی ئەندامەكانی لێژنەكە موفتین و زۆر ئاگادار و خاوەن زانستی شەریعەت و هەموو بوارەكانی ئیسلامن.

 

Top