ســــــەرۆکی هەرێمی کوردستان: شەهیدانی یەکی شوبات بوونە سیمبوولی خوێنی پێکەوەرژاوی کوردستانییان بە دەستی تیرۆریستان.
لە یادی 21 ساڵەی شەهیدانی یەکی شوبات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "شەهیدانی یەکی شوبات بوونە سیمبوولی خوێنی پێکەوەرژاوی کوردستانییان بە دەستی تیرۆریستان."
رۆژی شەممە، 01-02-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "باشترین وەفاداری بۆ گیانی شەهیدان و ڕاستترین ڕێگەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، تەنها تەبایی و یەکڕیزییە، هەر بەوەش دەتوانین دهستکهوت و مافەکانمان بپارێزین و ئامانجەکانمان بپێکین."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "پێویستە ساڵانە ئەم یادە و بیرهێنانەوەی ئەو تاوانە تیرۆریستییە بکەینە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچوونەوە و هەوێنی پتەوکردنەوەی برایەتی و پێکەوەیی و هاوچارەنووسیمان."
"شههیدانی یەکی شوبات، بوونە سیمبۆلی خوێنی پێکەوەڕژاوی کوردستانییان بە دەستی تیرۆریستان کە بەبێ هیچ جیاوازییەک، گیانی ئەو پۆلە سەرکردە و تێکۆشەرەی گەلەکەمان و هاووڵاتییانی سڤیلی کوردستانیان کردە ئامانج." سەرۆکی هەرێمی کوردستان وای گوت.
ئەمڕۆ لە هەولێر بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی، حیزبی، کۆنسووڵی وڵاتان و کەسوکاری شەهیدان تاجەگوڵینە لەسەر مۆنیومێنتی شەهیدان دانران.
لە 1ـی شوباتی ساڵی 2004 کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگەی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو تەقینەوەی خۆکوژی روویاندا و بەهۆیانەوە 103 کەس شەهید بوون و 246 کەسی دیکەش بریندار بوون.