هۆكارەكانی گرژبوونی كۆڵۆن
گرژبوونی كۆڵۆن IBS گرفتێكی فرمانیی كۆئەندامی هەرسە، واتە هاوكات نییە لەگەڵ هەوكردن یان تێكچوونی پێكهاتەی شانەییدا. ئەگەرچی تا ئێستا پسپۆران و توێژەران نەگەیشتوونەتە هۆكاری تەواوی گرژبوونی كۆڵۆن، بەڵام چەند هۆكارێكی هاندەریان دەستنیشان كردووە كە بریتین لە: سترێس، بۆماوە، پەستی و خەمۆكی، زیاد هەستیاربوونی ڕیخۆڵە یان زیاد هەستیاربوونی سیستمی دەماریی ڕیخۆڵە، ناهاوسەنگیی مایكرۆبایۆمی ڕیخۆڵە Dysbiosis كە ملیۆنان بەكتریا و ڤایرۆس و كەڕووی سوودبەخش لەخۆ دەگرێت، كە ڕۆڵیان هەیە لە هەرسكردنی خۆراك و فرمانی بەرگریی لەشدا، گرفت لە سیستمی بەرگریی لەشدا بە شێوەی زیاد چالاكبوونەوە و كاردانەوە بەرانبەر بە ماددەی بێزیانی خۆراكی، یان بەرانبەر بەو میكرۆبانەی كە بە شێوەیەكی ئاسایی لەناو ڕیخۆڵەدا دەژین، بۆیە دەبینین كە گەلێك لە تووشبووانی گرژبوونی كۆڵۆن بەرگەی هەندێك ماددەی خۆراكی ناگرن، وەكو لاكتۆزی شیرەمەنییەكان، گەنم، یان هێلكە كە خواردنیان وروژێنەر دەبێت بۆ سەرهەڵدان یان سەختتربوونی نیشانەكانی وەكو سكچوون، سك ئێشە یان كۆبوونەوەی گاز لە ڕیخۆڵەدا.