زیادبوونی ڕێژەی ئاسن لە لەشدا
ئاسن بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن پێویستە، پاش تەواوبوونی تەمەنی خڕۆكە سوورەكان لەش ئاسنەكە دووبارە بەكار دەهێنێتەوە. زیادبوونی ڕێژەی ئاسن لە لەشدا Haemochromatosis حاڵەتێكی زۆر باو نییە، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەكرێت، ئەوا لە چەند ئەندامێكی لەشدا كۆ دەبێتەوە و زیانی پێ دەگەیەنێت، بەتایبەتی جگەر. هۆكارەكان: بۆماوەیی، نەخۆشیی تالاسیمیا، هەندێك جۆری كەمخوێنی، زیاد وەرگرتنی خوێن یان خوێن گواستنەوە، هەروەها ڕاهاتن لەسەر ئەلكهول. نیشانەكان: كەمبوونی ئاستی وزەی لەش، هەستكردن بە مانووبوون و هیلاكیی جەستەیی، بێهێزبوونی لەش، ئازاری جومگە، تاریكبوونی ڕەنگی پێست، كەمبوونەوەی كێشی لەش، هەروەها ئەگەر چارەسەركردن دوا بخرێت ئەوا دەبێتە ئەگەری: مۆمبوونی جگەر، شێرپەنجەی جگەر، نەخۆشیی شەكرە، لەگەڵ نەخۆشیی دڵ. چارەسەركردن: وەرگرتن یان كێشانی بڕێك خوێن Venesection لە تووشبوودا، سەرەتا هەفتانە یەك جار تا ئەو كاتەی كە یەدەكی ئاسن لە لەشدا دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی، كە لەوانەیە یەك ساڵ درێژە بكێشێت، پاشان ساڵانە 2-4 جار بە درێژایی تەمەن، هاوكات لەگەڵ دووركەوتنەوە لە خواردنی گۆشتی سوور.