گرنگى و سەردانى مەسروور بارزانى بۆ تورکیا چێمان پێدەڵێت ؟
تادێت ناوچەکە زیاتر پێدەنێت قۆناغێکى نوێی و چاوەروانى گۆرانکارى و پێشهاتى نوێى لە نەخشەى سیاسیی دەکرێت ، ئەوەش دەرخەرى ئەو راستییەیە کە هەرێمى کوردستان و سەرکردایەتیی بارزانى ، رۆڵێکى گرنگ و کاریگەرى وەک ئەکتەرێکى نادەوڵەتیی لە نێو هاوکێشەکاندا و بەتایبەتى بۆ سەقامگیرى و ئاشتى دەبێنێت و زۆرێک لە سەرکردەکانى ناوچەکە و جیهانیش بۆ چەندین پرسى گرنگ بۆ سیاسەت و دیپلۆماسى و بۆچوونى ژیرانەى بارزانى و هەرێمى کوردستان دەگەرێنەوە .
دیدار وکۆبوونەوەى مەسروور بارزانى ،سەرۆکوەزیرانى کوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هەروەها هاکان فیدان ، وەزیرى دەرەوەى تورکیا ، ئاماژەیەکى روونە بۆ تاوتوێکردنى چەندین پرسى گرنگ و ستراتیژى لە رووى سیاسى و ئابوورى و ئەمنى لە سەر ئاستى ناوچەکەدا و ئینجا ئێستا و ئایندەى پرسى کورد لە رۆژئاڤا و باکوورى کوردستان و بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و ئەنقەرە و ئینجا پیشهاتەکانى ئەم دواییەى عێراق و بەتایبەتى پرسى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان کە ماوەى 20 مانگە بە سیاسەتێکى ناڕەوا و بۆ مەرامێکى سیاسى دژ بە هەرێمى کوردستان راگیراا ،کە لە سەر ئاستى ناوچەکە ئەو دیدارە واتا گرنگى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى رۆژهەڵاتنى ناوەڕاستدا ، کە ئەمەش لە گفتوگۆکان لەگەڵ سەرکردایەتیی تورکیا وەک کارەکتەرێکى سەرەکى ئەم ناوچەیە مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت .
لە هەمانکاتیشدا ، بۆ دوژمنان و دۆستانیش دەرکەوتووە کە بە بێ رۆڵ و پێگەى گەلى کورد ئەستەمە هاوسەنگى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروست بێت ، بەتایبەتى کە توورکیاش ناتوانێت بە بێ هەرێمى کوردستان ، پرسى کورد چارەسەر بکات . هەروەها سەردانى مەسروور بارزانى لە کاتێکى هەستیارى وەک ئێستادا گرنگ وستراتیژییە ، چونکە دەتوانێت ڕۆڵى زۆر گرنگ لە سەر پرۆسەى چارەسەرى گەلى کورد لە باکووورى کوردستان و رۆژئاواى کوردستان ببینێت و بەڕێگەى پێشنییارى چارەسەرى بۆ دۆزى کورد .
بەتایبەتى دواى هەوڵە بەردەوامەکانى سەرۆک بارزانى و سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکوومەتى کوردستان لە ماوەى رابردوو لەگەڵ هێز ولایەنەکانى رۆژئاڤا و باکوورى کوردستان لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانى لەگەڵ کورد و پڕۆسەى ئاشتى و چارەسەریش لە ناوچەکە ، ئاماژەیەکى روونن بۆ گرنگى و سەنگ و پێگەى سەرکردایەتیی سیاسى هەرێمى کوردستان لە ناوچەکەدا .
هەروەها پێشوازیکردنى هاکان فیدان ، وەزیرى دەرەوەى تورکیا لە نێو ماڵەکەى خۆیدا ، ئاماژەیە بە پەیامێکى روون و ئاشکرا ، كە بە بێ چارەسەرى دۆزى کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەستەمە ئاشتى و سەقامگیرى لە ناوچەکەدا فەراهەم بێت و بێتەدى ، بۆیە ، پەیامى کۆبوونەوە و گفتوگۆکان ئەوەیە دەبێت لەگەڵ کورد کێشەکان چارەسەر بکات و هەرێمى کوردستانیش کارەکتەرێکى گرنگ و رۆڵى سەرەکى لەو بارەیەوە دەبینێت وەک چۆن لە چەند ساڵى رابردووش هەوڵى گرنگ و باشى بۆ چارەسەرى پرسى کورد لە باکوورو رۆژئاڤاى کوردستان داوە و بەردەوامیش بووە .
بەدڵنییاییەوە ، مەسروور بارزانى ، نەک هەر دەتوانێت رۆڵى گرنگ و ستراتیژى بۆ ئاشتى و چارەسەرى پرسى کورد ببینێت ، لەهەمانکاتیشدا سەرکردایەتیی تورکیا متمانەیەکى تەواویان بە بارزانى هەیە ، بەتایبەتى کە تورکیا باش دەزانێت ناتوانێت پرسى کورد بە بێ بارزانى و هەرێمى کوردستان چارەسەر بکات .
لە هەمانکاتیشدا ، تورکیا پێى وایە کە پەکەکە و پەیەدە و هەسەدە پلان و فەرمانەکانى ئێران دژ بە تورکیا جێبەجێ دەکەن و دەبێت دەستبەردارى ئەم سیاسەتە بن کە مەترسییە بۆ سەر بەرژوەندییەکانى ئەنقەرە لە ناوچەکەدا.
بەشێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێن کە، ئەم دیدارەى نێوان مەسروور بارزانى و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هاکان فیدان ، گرنگى و بایەخى زۆرى لە سەر ئاستى ناوچەکە هەیە ، بەتاییەتى لە بوارەکانى سیاسى ئابوورى و ئەمنیی و ئاشتیی و ئەم پێشهاتە نوێیانە کە پەیوەستن بە چارەسەرى دۆزى کورد و ئەم هەماهەنگییە دەتوانێت زیاتر ببێتە هۆکارى سەقامگیرى لە ناوچەکەدا ، لە هەمانکاتیشدا ئەم دیدارە بەڵگەیەکى گرنگە لە پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان کە نموونەیەکى جوانى حکوومڕانییە بۆ ئاشتى و ئارامى و پێکەوەژیان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا .