زیانە ژینگەییەكانی یارییە ئاگرینەكانی شەوی سەری ساڵ

زیانە ژینگەییەكانی یارییە ئاگرینەكانی شەوی سەری ساڵ

 

ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەزاران تۆن لە تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەكان دێنە بەكارهێنان لە بۆنەكان بەگشتی و، لە سەری ساڵی زایینیشدا بەتایبەتی و زیانەكانیشی فرە ڕەهەندن، بەڵام ئەگەر تەنیا بڕوانینە زیانە ژینگەییەكانی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەكان، ئەوا دەكرێت ئاماژە بە هەندێكیان بدەین. وەك: ئاگركەوتنەوە و ترساندنی گیانلەبەرە ماڵییەكان و پیسكردنی هەوا و زیادكردنی بڕی خاشاك و پاشماوە و دروستكردنی ژاوەژاو.

ئەم تەقەمەنی و یارییە ئاگرینانە بە شێوەیەكی سەرەكی هاڕاوەیەكی بارووت و چەند ماددەیەكی كیمیایی تێدایە كە دەنگ و ڕەنگی جیاوازیان پێدەبەخشێت، ئەمە جگە لە چەندین پێكهاتەی كانزا قورسەكانی دیكە، كە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنن لە ڕێگەی دەنگی بەرزی تەقینەوە لە نیوەی شەودا، بەتایبەت بۆ بەساڵاچووان و منداڵان و كەسانی نەخۆش.

سەبارەت بە گیانلەبەران بەگشتی و باڵندەكانیش بەتایبەتی، بەپێی ئەو ڕاستییەی كە كۆمەڵەی پارێزگاریكردن لە سرووشت (ئێن. ئەی. بی. یو) ئاماژەی پێ دەكات، باڵندەكان ئاشنان بە گۆڕانی وەرزەكان، بەڵام ئاشنا نین بەو بۆنانەی مرۆڤەكان دایدەهێنن.

بۆیە بەپێی تۆڕی «یۆرۆ نیوز»ی ئەوروپا و ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاریكردن لە گیانلەبەران لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، ساڵانە ڕەخنە ئاراستەی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكانی ئاهەنگی سەری ساڵی زایینی دەكرێت، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی مرداربوونەوەی هەزاران باڵندە.

كاتێك لە نیوەی شەودا باڵندەكان لەسەر درەخت و نێو هێلانەكانی خۆیاندان لەگەڵ دەستپێكی یارییە ئاگرینەكان و دەنگی بڵندی تەقینەوەكانی ڕادەچڵەكێن، زۆرێك لە باڵندەكان گیان لەدەست دەدەن بەهۆی:

بەئاگاهاتن بە ترس و شۆكبوون، یان خۆبەیەكدادان بە جووڵەیەكی توندەوە، یان بەركەوتنیان بە خودی یارییە ئاگرینەكان، یان خۆكێشان بە دار و دیواری باڵەخانەكاندا، یان بەركەوتنیان بە تەلی كارەبا، یان بە هۆی ماندووبوونیان بە هۆی بەردەوام فڕین و بەئاسمانەوەبوون لە نیوەشەودا، یان بە هۆی نەبوونی بوار بۆ نیشتنەوە و گەڕانەوە بۆ سەر درەختەكان، یان بە هۆی ڕووناكیی توند و درەوشاندنەوەی یارییە ئاگرینەكان، یان بە هۆی هەوای پیسبوو بە كاربۆن و دووكەڵی ژەهراویی ماددە كیمیاییەكانی نێو یارییە ئاگرینەكان.

هەر ئەم هۆیانەشن لە هەموو سەری ساڵێكدا كە دیمەنی كەوتنی هەزاران باڵندە لەسەر شەقامەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دەبینن.

بۆیە لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهاندا داوا دەكرێت، یارییە ئاگرینەكان قەدەغە بكرێن، لەبەر ئەوەی ناكرێت سەرەتای دەربڕینی خۆشیی مرۆڤەكان بە گیانلەدەستدانی باڵندەكان كۆتایی بێت.

بۆ نموونە: ڕێكخراوی چاودێریكردنی گیانلەبەرانی ئەڵمانیا داوای قەدەغەكردنی یارییە ئاگرینەكان دەكات لە سەرتاسەری وڵاتدا و، هەر لەم بارەیەوە وتەبێژی ڕێكخراوی ناوبراو لە لێدوانێكدا بۆ ڕادیۆی «ئار. بی. بی 24» دەڵێت: «یارییە ئاگرینەكان ساڵانە زیان بە ژینگە بەگشتی و باڵندەكان بەتایبەتی دەگەیەنێت، ئەمە جگە لە زیانە ئابووری و تەندروستییەكان بە هۆی زیادە مەسرەفی و سووتان و ئاگركەوتنەوە لە چەندین شوێندا».

ڕێكخراوی یەكێتیی ئاڵمانیا بۆ ژینگە و پاراستنی سرووشت (بی. یو. ئێن. دی)یش داوا دەكات، كۆت و بەندی زۆر بخرێتە سەر ڕێكارەكانی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكانی ئاهەنگی سەری ساڵ.

بەپێی ئەو توێژینەوانەی باس لە ڕەفتاری گیانلەبەران دەكەن، كە هەر یەك لە پەیمانگەی ماكس بلانكی ئەڵمانیا و پەیمانگەی ئیكۆڵۆژیای هۆڵەندا و سایتی دویچە ڤیللەی ئەڵمانیاش باسیان كردووە، دەركەوتووە لە دوای یارییە ئاگرینەكانەوە ئەو باڵندانەی بەئاگا هاتوون لەخەو بە یەكجاری ئەو شوێنەیان بەجێهێشتووە، تەنانەت هەندێكیان لەو سەرمای زستانەدا ناچار بە كۆچی پێچەوانە كراون، بەهۆی ئەو ترسەی بە هۆی دەنگ و ڕەنگی یارییە ئاگرینەكانەوە لەلایان دروست بووە.

بۆیە بەپێی هەواڵێكی سایتی دویچە ڤیللەی ئەڵمانیا، بەشێك لە توێژەرانی ژینگە لە هەندێك لە وڵاتانی جیهان لە بیری ئەوەدان كە جێگرەوەی ژینگەدۆستانە بۆ یارییە ئاگرینەكان بدۆزنەوە، وەك:

یەكەم: تایبەتكردن و سپاردنی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكان تەنیا بەلایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەكان لە كات و شوێنی دیاركراودا، نەك لە ماوەی درێژ و هەموو شوێنێكدا.

دووەم: بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای تایبەت بە لێزەری ڕووناككەرەوە لەبری یارییە ئاگرینەكان.

سێیەم: بەكارهێنانی درۆن كە ئێستا لە زۆرێك لە وڵاتاندا ئاسمان بە تابلۆی ناوازە دەڕازێنێتەوە و زیانی ژینگەییشی كەمە، یان زۆر كەمترە لە یارییە ئاگرینەكان.

 

Top