زیادبوونی چەوریی جگەر نەخۆشیی شەكرە پەیدا دەكات!
لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە حاڵەتی زیادبوونی نائەلكهولی چەوریی جگەر NAFLD بنەمایەكی بەهێزە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، چونكە جگەر ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە ڕێكخستنی شەكر لە لەش و كۆبوونەوەی چەوری لە ئەندامە گرنگەكاندا، كە گرفت دەخاتە بەردەم كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن. لە لایەكی دیكەوە زیادبوونی چەوریی نا ئەلكهولی جگەر دەبێتە هۆی پەیدابوونی بەرگریی خانەكان بۆ هۆرمۆنی ئینسولین Insulin resistance، بەمەشەوە ئاستی شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە هاوكات لەگەڵ تێكچوونی كرداری میتابۆلیزمی چەوری. پەیدابوونی بەرگریی بەرانبەر بە ئینسولین لە جگەر و شانەی ماسوولكەكان و چەورەشانەكاندا، بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین لە خوێندا لەگەڵ تێكچوونی كاردانەوەی خانەكانی بێتا β-cells لە گلاندی پەنكریاسدا، بنەمان بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم لە حاڵەتەكانی زیادبوونی چەوریی جگەردا.