نارین فەقێ بۆ گوڵان:هونەری كوردی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤای كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

نارین فەقێ بۆ گوڵان:هونەری كوردی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤای كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

بەم دواییە خانمە هونەرمەندی ڕۆژئاڤای كوردستان نارین فەقێ بەرهەمێكی نوێی بڵاو كردنەوە بە ناوی «ڕۆژئاڤا» سەبارەت بەم بەرهەمە و چەند پرسێكی تایبەت بە هونەر لەو پارچەیەی كوردستان، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ساز كرد.

*بیرۆكەی (ڕۆژئاڤا) چۆن درووست بوو ؟

-دوایین بەرهەمی هونەریم گۆرانییەكە بە ناوی «ڕۆژئاڤا» بە حوكمی ئەوەی من خەڵكی ئەم بەشەی كوردستانم، لە ئێستادا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشی بەرەو گۆڕانكاریی چاوەڕوانكراو هەنگاو دەنێت، بۆیە بڕیارم دا كە ئەم گۆرانییە وەك دیارییەك پێشكەش بە هاووڵاتیانی خۆم و ڕۆژئاڤای كوردستان بكەم، بەو ستایلەی كە من پێی ناسراوم داوام لە مامۆستا ئەدیب چەلكی كرد كە شیعرێكم بۆ بنووسێت دەربارەی ڕۆژئاڤای كوردستان، بە مەرجێك لەگەڵ بیرۆكەی ئەم گۆرانییەدا بگونجێت كە ساڵێك لەمەوبەر لای من لەدایك بووبوو، مامۆستا ئەدیب چەلكی ڕۆژئاوای كوردستانی بە میر جەلادەت بەدرخانەوە گرێ دا، چونكە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بەر لە سەد ساڵ هزری سەربەخۆیی لەلایەن میر جەلادەت بەدرخان ساڵی ١٩٢٧ لە شاری بێحەمدون هاتە ئاراوە، كاتێك (خوییبوون)ی دامەزراند، ئەو كات ژمارەیەك كورد لە دەوری كۆبوونەوە و لە زوڵم و زۆرداریی ئەو كاتی ڕژێمی توركیا ڕایانكرد و لە بەیروت كۆبوونەوە و بیری دامەزراندنی (خوییبوون)یان دانا، مخابن ئێمەی كورد هەمیشە بێكەس بووین و هەر چواردەورمان دوژمنە، كە هەمیشە و بە هەموو شێوەیەك ڕێگر بوون، لە هاتنەدیی خەونی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان.

ڕۆژئاڤا لە تێكستی مامۆستا ئەدیب چەلكی و ئاوازی خۆم، دابەشكردنی موزیك لەلایەن هاوژینم هونەرمەند عەلی شاكر و كاری كلیپی گۆرانییەكە لەلایەن دەرهێنەری بە توانا هەژار دهۆكییەوە ئەنجام دراوە.

من پێموایە مامۆستا ئەدیب چەلكی یەكێكە لە شاعیرە بە توانا و لێهاتووەكانی كوردستان، بە جۆرێك دەتوانێت بیرۆكەی هونەرمەند بە جوانی بنووسێتەوە، چونكە شارەزاییەكی زۆری لە مێژووی كورد و كوردستاندا هەیە، هەر خۆیشی بیرۆكەكەی بەو شێوەیە دانا، كە منیش پێی ڕازی بووم، ئەوەشمان بیر نەچێت پێشەكیی ئەو تێكستە لەلایەن نووسەر «فورات جەوهەری» نووسراوە، بەشی هەرەزۆری ئەو ئەدیب و نووسەرانەی لە كلیپەكەدا نیشان دەدرێن لە شام نیشتەجێ بوون، دوای ئەوەی بەر لە سەدەیەك زیاتر لەبەر زوڵم و زۆرداری توركەكان شوێنی خۆیان جێهێشت و ئاوارە بوون و لە شام كار و خەباتیان كرد بۆ پێشخستنی ئەدەبیاتی كوردی، بەمەش بەشی زۆری هزر و ئەدەبیاتی كوردی لە ڕۆژئاوا بووە.

هەمیشە من هەوڵ دەدەم كاری نوێ و سەرنجڕاكێش لە ڕووی نەتەوەیی و ئەدەب و زمانی كوردی بە گۆرانی پێشكەش بە میللەتەكەمی بكەم لە هەموو پارچەكانی كوردستان، ئەم كارە نوێیەم پێشكەش بە كوردانی هەموو پارچەكانی كوردستان دەكەم، بەتایبەتی پێشكەش بە ڕۆحی میر جەلادەت بەدرخان و خانەوادەكەی و هەموو ئەو ئەدیب و نووسەرانە كە شان بە شانی میر جەلادەت بەدرخان خەباتیان كردووە و، ئەوانەی بەردەوامن لەو خەباتە بۆ پێشخستنی ئەدەب و ڕۆشنبیریی كوردی.

نارین فەقێ بۆ گوڵان:هونەری كوردی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤای كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

*پێشەكی ئەم بەرهەمە باس لە چی دەكات؟

-پێشەكییەكەی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

میر جەلادەت بەدر-خان د تاریتیێ دە چرووسكەك ڕۆناهی بوو

ئە‌و كوردێن كو ل دۆرا وی كۆم بووبوون سەرخەتی بوون

لێ ژ بەر زلما تركان كۆچبەری بنخەتێ بووبوون و بووبوون ڕۆژئاڤایی.

وی ب هاوارا خوە بنگەهێ ئەدەبیاتا مە یا نووژەن دانی

مە دا دوو شۆپا وی.روهێ وی و هەموو كەدكارێن دەما وی شاد بە.

*لە ئێستادا ڕەوشی هونەری كوردی لە ڕۆژئاڤا چۆن دەبینی؟

-دوای ئازادكردنی كۆبانێ بەر لە هێرشكردنە سەر عەفرین و شارەكانی دیكە، ڕەوشی هونەر زۆر باش بوو، كەسانی بەتوانا كاری زۆر جوان و سەركەوتوویان پێشكەش كردووە لە ڕووی موزیك، گۆرانی و كلیپ، ئەگەر ئێستا بەراوردێكی ڕەوشی پارچەكانی كوردستان بكەین دەتوانین بڵێین لەم ساڵانەی ڕابردوودا باشترین كاری هونەری لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤا بەرهەم دەهێنرێن، ئێستا ڕەوشەكە خەریكە تێك دەچێت و شەڕ دووبارە لە ئارادایە بەرهەمهێنانی كاری نوێ و باش زۆر زەحمەت دەبێت، بەڵام بە گشتی من لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤا هونەری جوان و پاكم بەدی كردووە، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە لە باشوور و باكوور كاری جوان بەرهەم نایەت، چونكە لەم پارچانەش زۆر هونەرمەندی باش و بە توانامان هەیە، كە زۆر ناسراون و كاری زۆر جوان پێشكەش دەكەن.

*لە ڕۆژئاڤا ئەو هونەرمەندانە كێن كە كاری جوان پێشكەش دەكەن؟

-ڕۆژئاڤای كوردستان هەمیشە هونەرمەندی بە توانای هەبووە و زۆیان ڕوویان لە دەرەوە كردووە، ئێستا زۆرلە هونەرمەندانی ڕۆژئاڤا كە لەوێ ماون كاری زۆر جوان پێشكەش دەكەن، بەتایبەتی بەرهەمە فۆلكلۆرییەكان و بەرهەمی نوێ.

*لە ئێستادا جیاوازیی كاری هونەری لە ڕۆژئاڤا و لە ئەوروپا چۆن دەبین؟

-هەر كارێكی هونەری كە هەڵقوڵاوی ئێش و ئازارێك بێت ئەو هونەرە ڕۆحیەتی نەتەوەیی زیاترە و پەیامەكەی باشتر دەگاتە جەماوەر و كاریگەریشی زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی ئێمە خاوەن دەوڵەتێك نین و كورد لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بوونەتەوە، ئەمەش وای كردووە جیاكردنەوەی هونەری پاك و جوان لە هونەرێكی ئاست نزم كارێكی ئەستەمە، تەنیا ئەو كەسانەی كە لە تێكستی هونەری و موزیك تێدەگەن، ئەوان دەزانن چ دەنگێك باشە و چ هونەرێك پاكە و چ هونەرمەندێك كاری جوان پێشكەش دەكات، بۆیە من هەمیشە گوێ لە سەرنج و تێبینیی ئەو جۆرە جەماوەرە دەگرم بۆ ئەوەی هەمیشە كاری باش پێشكەش بكەم.

٭هەرچەندە زۆر جار ئەو پرسیارە دووبارە كراوەتەوە، بەڵام ڕەوشی هونەری كوردی چۆنە؟

-پێم باشە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لیژنەیەكی تایبەت هەبێت و كۆنتڕۆڵی بەسەر هەموو كەناڵە كوردییەكاندا هەبێت، هەر بەرهەمێكی هونەری لە هەر پارچەیەكی كوردستان بەرهەم بهێنرێت بەرلەوەی بڵاو بكرێتەوە پێویستە هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە بۆ بەرهەمەكە بكرێت، ئەمە هەنگاوێكی زۆر پێویستە بۆ پێشكەوتنی هونەری كوردی و لەگەڵ زۆر هونەرمەندی گەورەش ئەم پرسەم باس كردووە، هەموویان ئەو بۆچوونەیان هەبووە، چونكە ناكرێ هەر كەسێك بیەوێت چەند وشەیەك كۆ بكاتەوە بە ناوی تێكست و ئاوازێكی ناڕێك و بیانیی بۆ دابنێت و بەناوی هونەرمەند تۆمار و بڵاوی بكاتەوە و بە ملیۆنان ڤیۆ بۆ خۆیان پەیدا بكەن، ئەم جۆرە كارانە لە ساڵانی ڕابردوو ڕەوشی هونەری كوردییان تێك داوە.

Top