د.مەهدی ئەبووبەكر مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی: گۆڕانكاریی گەورە لە عێراق ڕوو دەدەن، ڕەنگە بگەن بە ڕووخانی دەوڵەتی عێراق و پارچە پارچە بوونی
د.مەهدی ئەبووبەكر مامۆستای سیستمە سیاسییەكان و كۆمەڵناسیی سیاسییە لە كۆلێژی زانستە ڕامیارییەكانی زانكۆی سلێمانی و، یەكێكە لەو چاودێرە سیاسییانەی لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ پرسە گەرمەكانی ناوچەكە و پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات و شرۆڤەی وردی سیاسییان بۆ دەكات، لە بازنەی گفتوگۆی ئەمجارەدا «دەرهاویشتەكانی كەوتنی ڕژێمی ئەسەد و ئاكامەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق»، لە سلێمانییەوە و بە ڕێگەی سكایب، بەمجۆرە دیدوبۆچوون و پێشنیارەكانی لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە خستەڕوو:
ئەم ڕەوشە تازەیەی دروست بووە، ناوچەكەی خستووەتە بەردەم دوو بژارەوە، یەكەمیان «دەرفەتی كرانەوە»، دووەمیان «مەترسیی جەنگ و پێكدادان». سەبارەت بەو دەرفەتەی كە دروست بووە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاڵبوونەوە و لەناوچوونی هەژموونی ئیسلامی سیاسیی شیعەگەرا. كە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە ناوی «بەرەی بەرەنگاریی» زۆربەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوینی خستبووە ژێر هەژموونی سیاسی، سەربازیی و هەواڵگریی خۆیەوە. بەو هۆیەشەوە شەڕ و پێكدادان زۆربەی ناوچەكەی گرتبووەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژ گەلانی ناوچەكە لە كۆیرەوەرییەكەوە بۆ كۆێرەوەرییەكی دیكە دەچوون، كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سیاسیی شیعەگەرا لە ناوچەكەدا؛ دەرفەتێكی زێڕینە لەبەردەم گەلانی ناوچەكەدا تا دەست بە بنیادنان و گەشەكردن بكەن لە ڕووی ئابووریی، كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە.
سەبارەت بە مەترسییەكان؛ ئەوە پەیوەستن بە سەرهەڵدانەوە و گەشەكردنەوەی سەرلەنوێی ئیسلامی سیاسیی سوننەگەراوە، كە خۆیان وەكو ئەڵتەرناتیڤی شیعەی سیاسیی بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیلەوە بخەنەڕوو. دەتوانین بڵێین: ئەگەر ئەم گریمانەیە بێتەدی، ئەوا ناوچەكە لە جاران خراپتر تووشی كارەسات و ماڵوێرانی دەبێتەوە، چونكە گەشەكردنی ئیسلامی سوننی هەڕەشەیە نەك بۆ ئەو دەوڵەتانەی پێشتر كەوتبوونە ژێر هەژموونی شیعەی سیاسییەوە بە سەركردایەتیی ئێران، بەڵكو نائارامیی، جەنگ و كوشتار دەباتە ناو ئەو دەوڵەتانەی وەكو «دەوڵەتانی میانڕەو» لە جیهانی عەرەبیدا ناو دەبرێن، لێرەدا مەبەست لە عەرەبستانی سعوودی، ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو، ئوردن و میسرە.
سەبارەت بە كاریگەرییەكانی گۆڕانكارییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان، ئەوا دەتوانین بڵێین: هەمان «دەرفەت و مەترسیی» لەبەردەم دەرگای هەرێمی كوردستاندایە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان «دەرفەت و مەترسییەكان» كاریگەرییان زیاترە و مۆركێكی زیاتر كوردستانییانە وەردەگرێت.
ئەگەر باس لەو دەرفەتانە بكەین كە هاتوونەتە بەردەم هەرێمی كوردستان، ئەوا دەبێت پێش هەموو شتێك باس لەوە بكەین؛ ڕاستە دەرفەتەكان هاتوون، بەڵام ئەو دەرفەتانە پێویستیان بە كۆمەڵێك فاكتەری یارمەتیدەر هەیە، تا بەدی بێن؛ لە پێش هەموویانەوە؛ پێویستە هەردوو پارتی فەرمانڕەوای هەرێمی كوردستان «پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان»، كێشە و ناكۆكییەكانی نێوانیان لە شێوەیەكی دۆستانە چارەسەر بكەن، حكومەت و پەرلەمانێكی بەهێزی یەكگرتوو دابمەزرێنن، هێزی پێشمەرگە و ناوخۆ یەك بخەنەوە و متمانە بۆ دامەزراوە یاساییەكانی هەرێم بگێڕنەوە. هەروەها دەست بە جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازیی ئابووریی، كارگێڕی، سیاسی و یاسایی بكەن، ئەوكات دەتوانن لەم گۆڕانكارییە تازەیەی لە نەخشەی سیاسیی ناوچەكەدا دروست بووە، سوود وەربگرن و هەرێمی كوردستان بەهێز بكەن.
پێویستە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەماندا ڕوویان داوە، گۆڕانكارییەكی زۆر گەورەی تریش كە لە مانگی داهاتوو ڕوودەدات لەبەرچاو بگرین، ئەویش دەستبەكاربوونی «دۆناڵد ترەمپ»ـە وەكو سەرۆكی چوار ساڵی داهاتووی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە پێچەوانەی ئەوانەی لە ستراتیژ، سیاسەت، بیركردنەوە و باری سایكۆلۆژیی ترەمپ دەترسن، وەكو خۆم ترەمپ بە دەرفەتێكی گەورە بۆ سەرجەم گەلی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان دەبینم، بەتایبەتیی بۆ هەرێمی كوردستان تا بتوانین لە سەردەمی دەسەلاتەكەیدا «پڕۆژەی دەوڵەتی كوردستان» سەرپێ بخەین. بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش دەرفەتەكە هەمان دەرفەتە، بۆ ڕزگاربوون و بەدەستهێنانی مافەكانیان لە چوار ساڵی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپدا.
لە هەرێمی كوردستان، ئەو هۆكارەی دەرفەتی زیاتری بۆ دروستكردنی دەوڵەت دروست كردوە، ئەوەیە كە لە ماوەی داهاتوودا دەوڵەتی عێراق وەكو ئێستا نامێنێتەوە، بەڵكو بە دڵنیاییەوە گۆڕانكاریی گەورە لە عێراق ڕوو دەدەن، كە ڕەنگە بگەن بە ڕووخانی دەوڵەتی عێراق و پارچە پارچە بوونی، بەڵام لانی كەمی گۆڕانكارییەكان؛ گۆڕانكارییە لەم سیستمە سیاسییە سەركوتكارە تائیفییەی لە دوای 2003وە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە ڕوو دەدات و هەژموونی حزبە سیاسییە شیعەگەراكان بە چەكدار و بێ چەكەوە تا ئاستی نەمان دەڕوات. لە بەرانبەردا ڕۆڵی زێدەتر بە شیعەی مەدەنیی و سوننەكان دەدرێت، دەستی ئێران لە عێراق دەبڕدرێت، هەموو ئەوانە دەرفەتێكی زۆر گەورە بۆ جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەڕەخسێنن.
ئەگەر باس لە مەترسییەكانیش بكەین، ئەوا دەتوانین بڵێین؛ ئەوەی مەترسییەكان زیاتر و قووڵتریان دەكاتەوە «دابڕان و لێكترازان»ی نێوان حزبەكانی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتیی دابڕانی هەر دوو حزبە باڵادەستەكە «پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان»، چونكە ئەو دوو ئیرادەیەی لە نێوان ئەو حزبەدا سەبارەت بە هەموو پرس و بابەتە سیاسی، ستراتیژییەكان دروست بووە؛ بە شێوەیەكی مەترسیدار لەسەر ئاراستە و هەڵوێستی سیاسییان سەبارەت بە كۆی گۆڕانكاریی و ڕووداوەكان ڕەنگی داوەتەوە. بۆیە ئەگەر ئەو دوو حزبە ئیرادەیەكی یەكگرتووی كوردستانییانە دروست نەكەن، ئەوا كۆی ئەو دەرفەتانەی كە بە هۆی گۆڕانكارییەكانی خۆرهەڵاتی ناوینەوە جێبەجێ ببێت، بەداخەوە هەرێمی كوردستان بەم دۆخە سیاسییەی ئێستاوە ناتوانێت سوودیان لێوەربگیرێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەی وجوودی لە ڕووی دەستووریی و یاساییەوە دەكاتەوە، ئەگەرەكانی لەناوچوون، یان لانی كەم دابەشبوونی هەرێمی كوردستان بۆ دوو هەرێم لە ڕووی دەستوورییەوە زیاتر دەكات، لە كاتێكدا ئێستا بە دیفاكتۆ دوو هەرێمە لە ڕووی سیاسیی و ئیدارییەوە. جگە لەو مەترسییانەیش نابێت ئەگەری شەڕ و نائارامیی و سەرهەڵدانەوەی تیرۆریش نادیدە بگیرێت، چونكە ئەگەر گەلانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین لەبری بژارەی دەرفەتی گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە، بژارەی دووەم واتە بژارەی شەڕ و پێكدادانیان هەڵبژارد، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان، بەم دۆخە نالەبارەوە ناتوانێت خۆی لە نائارامی و شەڕ و ململانێی تیرۆریستان بپارێزێت.