ئەڤین بەرازی بۆ گوڵان: سینەمای كوردی پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتر هەیە، بەداخەوە نابینین یارمەتیی دەرهێنەران بدرێت

ئەڤین بەرازی بۆ گوڵان: سینەمای كوردی پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتر هەیە، بەداخەوە نابینین یارمەتیی دەرهێنەران بدرێت

ئەڤین بەرازی كچێكی عاشقی سینەمایە لە شاری كۆبانێی ڕۆژئاوای كوردستان، بۆیە بواری هونەر و دەرهێنانی هەڵبژاردووە، سەرەتا لە لوبنان دەستی بە خوێندن كرد لە زانكۆی بەیروت و تێیدا بەرزترین پلەكانی بەدەست هێنا، ساڵی 2006 لە كەناڵێكی ئاسمانی كاری كرد، بەڵام دوای جەنگی تەمموز ناچار بوو بگەڕێتەوە سووریا و لە سووریا وەك دەرهێنەر و یاریدەدەری دەرهێنەر دەستی بە كار كردووە. سەبارەت بە كار و ئامانجەكانیشی چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

ئەڤین بەرازی بۆ گوڵان: سینەمای كوردی پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتر هەیە، بەداخەوە نابینین یارمەتیی دەرهێنەران بدرێت

*چی وای كرد ڕوو لە دەرهێنان بكەی؟

-لەوانەیە قەدەر ڕۆڵێكی سەرەكیی هەبێت لەوەی ڕوو لە دەرهێنان بكەم، مەبەستم ئەو قەدەرەیە كە بە دەیان ساڵە زوڵمی لە ئێمەی كورد كردووە، لە بیرمە كە لە سووریا كاسێت هەبوو، خانەوادەكەم گرنگییەكی زۆریان بەوە دەدا كە لە ڤیدیۆ سەیری فیلمە كوردییەكان بكەین، زۆر فیلمی دەرهێنەری گەورەی كور یەڵماز گونای هەبووكە حەز دەكەم بە «گەورەی سینەماكاران» ناوی بەرم، من لەگەڵ فیلمەكانیدا دەژیام و دەمپرسی بۆچی فیلمی كوردیمان كەمە؟ ئەمە بووە پاڵنەرێك و هیوابەخشێكی گەورە بۆ ئەوەی بێمە نێو بواری نواندن و تەواوكردنی كاروانی یەڵماز گونای.

*زیاتر لە سووریا و وڵاتە عەرەبییەكان كارت كردووە، ئایا زانیاریت دەربارەی سینەمای كوردی هەیە؟

-سینەمای كوردی پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتر هەیە، بەداخەوە نابینین یارمەتی دەرهێنەرانی كورد بدرێت بۆ ئەوەی كارەكانیان پێشكەش بكەین، بۆیە سینەمای كوردی نەیتوانیوە هەنگاوی گەورە بهاوێت و زۆربەی ئەو فیلمانەی بەرهەم هێنراون لە ئەنجامی ئەركی تاكە كەسیی دەرهێنەران بووە.

ئەڤین بەرازی بۆ گوڵان: سینەمای كوردی پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتر هەیە، بەداخەوە نابینین یارمەتیی دەرهێنەران بدرێت

*كەواتە دەتوانین بڵێین سینەمای كوردیمان هەیە؟

-بە ڕای من سینەمای كوردی عاشقانی سینەما و دەرهێنەران خوڵقاندوویانە، ئەویش بە بەدەستهێنانی خەڵاتی جیهانی لە ڕێگەی فیلمەكانیانەوە، كە بەهایەكی زۆریان هەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پێویستمان بە سەندیكایەكە كە دەرهێنەرە كوردەكان لە خۆ بگرێت و پاڵپشتی ماددی و لۆجستییان پێشكەش بكات، لە لایەكی دیكەوە لایەنی بەرپرسیش ئەركی ئەوەیان دەكەوێتە سەر شان كە پاڵپشتیی سینەما بكەن، جا لە باشوور یان ڕۆژئاوای كوردستان.

*لەم بارودۆخەی ئێستادا بینەری كورد پێویستی بە چی هەیە؟

-پێم وایە پێویستی بە شۆڕشێكە بۆ هەستانەوە بە سینەمای كوردی و چارەسەركردنی زۆر لەو گرفتانەی كە ئاستەنگن لە بەردەم سینەمای كوردیدا لە ڕێگەی دامەزراندنی پەیمانگەی سینەمایی، گۆڤاری سینەمایی، دامەزراندنی هۆڵی سینەمایی و كۆمپانیا و كەناڵی سینەمایی تایبەت بە دابەشكردنی فیلمە سینەماییەكان، كە هانی بینەری كوردی بدات بۆ سەیركردنی فیلمە سینەماییەكان.

*بۆچی بینەری كورد وەك خوویەك سەیری فیلم و زنجیرە بیانییەكان بەتایبەتی توركییەكان دەكات؟

-بە ڕای من هۆكارەكەی لە كەمیی ژمارەی فیلمە كوردییەكانە، كە بەشێكی زۆریان پشت بە كۆششی تاكەكەسی دەبەستن، هەروەها نەبوونی پیشەسازیی سینەمای كوردی دەبێتە هۆی خوڵقاندنی زمانێكی سینەمایی هاوبەش.

*هەموو سینەماكارێك پەیامێكی تایبەتی خۆی هەیە، پەیامی ئێوە چییە؟

-هیوادارم دەنگی كورد بگەیەنمە ئاستی جیهانی، چونكە مێژووی كورد پڕە لە پاڵەوانیەتی كە بە زێڕ لە مێژووی كورددا نووسراونەتەوە، من ئەمە بە ئەركی سەرشانی هەر كوردێكی دەزانم بەتایبەتی هونەرمەندو دەرهێنەرەكان.

*مێژووی كورد پڕە لە كارەسات، كە دەكرێ ببێتە ماددەیەكی باش بۆ سینەما، ئایا توانیومانە سوود لەو مێژووە وەربگرین لە سینەمادا؟

-زۆربەی فیلمە كوردییەكان كە خەڵاتی جیهانییان بەدەست هێناوە پەیوەندییان بە واقعی كوردەوە هەیە لە ڕووی چیرۆك و ڕووداوەكانەوە، زۆر لەو فیلمانە توانیویانە تیشك بخەنە سەر بەشێك لە ئازارەكانی كورد، بەڵام من پێموایە كە واقعی كورد زۆر لەوە تاڵترە كە لە فیلمێكدا بەرجەستە بكرێت.

*ئەو بابەتانە چین كە حەز دەكەی لە فیلمەكانتدا تیشكیان بخەیتە سەر؟

-هەمیشە هەوڵ دەدەم تیشك بخەمە سەر لایەنی مرۆیی، هەر كوردێك چیرۆكێكی هەیە كە دەكرێ لە فیلمدا گوزارشتی لێ بكرێت، چونكە بە شێوەیەكی سەرەكی مرۆڤ ئامانجی منە.

*ئایا كاریگەریی سینەمای عەرەبی و ئێرانی، ئەرێنی یان نەرێنییە لەسەر سینەمای كوردی؟

-زۆر لە دەرهێنەرە كوردەكان لە ئێران توانیویانە خەڵاتی جیهانی بەدەست بهێنن، بوونی سینەمای كوردی لە ژینگەی عەرەبی یان ئێرانی یان توركیدا دەبێ كاریگەریی هەبێت، چونكە مرۆڤ كاریگەر دەبێت بەو كۆمەڵگەیەی تێیدا دەژی، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕوام بەوە هەیە كە هونەر تاكە ناسنامەیەكی هەیە، بۆیە من وای نابینم كە كاریگەریی كۆمەڵگەكانی دیكە نەرێنی بێت، هەرچەندە من تەحەفوزم لەسەر ئەم فیلمانە هەیە لە ڕووی ناوەڕۆكەوە.

*دوایین كارە سینەماییەكانت چین؟

-خۆم ئامادە دەكەم بۆ فیلمێكی دیكیومێنتی لەسەر كارەساتی كۆبانێ و خۆراگریی لە بەردەم قێزەوەنترین تیرۆردا كە جیهان بەخۆیەوە بینیوە، ئەو قارەمانیەتی و داستانانەی كە خەڵكەكەی تۆماریان كردووە لە بەرگریكردن لە شارەكەیان، هەروەها دەربارەی ژیانی ئاوارەیی و ئەو سەختییە كە خەڵكەكەی بەخۆیەوە بینیوە.

Top