پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   باشترین بژاردە بۆ پێكهاتەكانی سووریا ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەكی نیشتمانی و ئاشتەواییە لەژێر دروشمی «سووریای نوێ تەنیا بۆ سووریاییەكان»

پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     باشترین بژاردە بۆ پێكهاتەكانی سووریا ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەكی نیشتمانی و ئاشتەواییە لەژێر دروشمی «سووریای نوێ تەنیا بۆ سووریاییەكان»

 

 

پ.د.نەزاكەت حسێن، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، سەرنووسەری ڕۆژنامەی كوردیش گلۆپە، كە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەبێتەوە، لە بازنەی گفتوگۆی ئەم جارەدا «دەرهاویشتەكانی كەوتنی ڕژیمی ئەسەد و ئاكامەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق «، بەم جۆرە دیدوبۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو:

 

قسەكردن لەسەر پرسی سووریا و دوای ئەم هەموو گۆڕانكارییانە، باسێكی ئاڵۆزە، هاوكێشەكان ئاڵۆزن، لایەنە بەشداربووەكانی پرۆسەكە لە ئازادكردن، ململانێ، بەرژەوەندی، ژێردەستە و چەوساوە، گەلێك زۆرن، سووریا جیاوازترە لە هەموو ناوچەكانی دیكە و وڵاتانی دەوروبەری، كە جەنگ تیایدا ڕووی داوە، یان ئازاد كراون. لە لایەكەوە ئەم جەنگ و ململانێیە زۆری خایاندووە و زیاتر لە دەیەیەكە بە جۆرێك لە جۆرەكان گۆڕانی سیاسی لەو وڵاتەدا ڕووی داوە، پێنج دەدیەیە دەسەڵاتێكی تۆتالیتاری خوێنڕێژ زوڵمی تیادا دەكات و خەڵك دەچەوسێنێتەوە و تۆوی ڕق و كینەی تیادا چاندووە، ئەم بەرەیەی زاڵ كردووە بەسەر ئەو بەرەیەدا، پرسێكی گەورەی وەك پرسی نەتەوەیی كوردی تێدایە كە ١٠٠ ساڵە و بەرخودان تیایدا بەردەوامە، وابەستەیە بە پرسی كورد لە سێ پارچەكەی دیكەی كوردستان. پرسی مەزهەبی لەو وڵاتەدا هەیە كە سەرچاوەی بەشی زۆری كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هاوسنوورە لەگەڵ كۆمەڵێك وڵاتدا كە خۆیان ململانێ و گرژییان هەیە، بەتایبەتی لوبنان و عێراق و توركیا و ئێستا ئیسرائیلیش.

هەندێك هاوكێشەی سیاسی تێك چوون، ئاوەژوو و بوونەتەوەوە، هەندێك وڵات هێزیان لەدەست داوە، كە مێژوویەك لەو وڵاتەدا خەباتیان كردووە و خەرجیان كردووە و سەربازیان بە كوشت داوە، هەندێك وڵات دەرفەتی زیاتری بۆ ڕەخساوە تا بێتە ناوەوە، هەندێك وڵات داوای هەژموونی زیاتر دەكات، هەندێك وڵات دەیەوێت بە كەمترین زەرەر لە گەمەكە دەرباز ببێت. ئەمانە بە ئاسانی ڕاست نابنەوە و دڵڕازی ناكرێن و بێدەنگ ناكرێن، جگە لەوەش بوونی هێزی چەكدار و ئیسلامی سیاسی كە سەرچاوەی پشێوین، هێزی بیانی كە لە سووریا جێگیر كراون، كار بۆ ئەجێندای خۆیان دەكەن و بەرژەوەندیی سووریا لای ئەوان زۆر گرنگ نییە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە بەرژەوەندیی خۆیان پارێزراو بێت، هێشتا بەرچاوڕوونییش نییە، ئەو مەتبەخە نێودەوڵەتییە كە ئێستا چاودێریی بارودۆخی سووریا دەكات و لە پشت ئەم ڕووداوانەوەیە، نییەتی چییە بۆ سووریا، سووریایەكی پر گێژاو و ناسەقامگیر، یان سووریایەكی سەقامگیر، لەوەش قووڵتر نەخشە نوێیەكە دیار نییە بۆ سووریا و ئایندەی ناوچەكە، تا ئەمانە ڕوون نەبن، ئاسان نییە بڕیاردان لەوەی ئایندەی سووریا چی بەسەردێت، چونكە ئەم مێژووە قووڵەی ململانێ وڵاتی دابەش كردووە هەر كۆمەڵێك حەق بە خۆی دەدات، هەر بەرەیەك، لایەك لەو وڵاتەدا خۆی بە ڕاست دەزانێت و ترسی لەوی دی هەیە و بۆ پارێزگاری لە خۆی بیر لە چەندین میكانیزم دەكاتەوە، ئەگەر تەنانەت میكانیزمەكە جەنگ و ململانێی چەكدارییش بێت. ئەم دابەشبوونە بۆ كۆمەڵێك ڕیاڵیتی كاتی دەبێت بڕەوێتەوە و یەكتریان قەبووڵ بێت، لەژێر دەستی دەرەكی و هاندەرەكانیان بێنە دەرەوە، دەبێت بە حوكمڕانییەكی ڕاگوزاری و بێلایەنیی چاودێریی بەهێزی نێودەوڵەتی ماوەیەكی زۆر و دوور لە چەك و جەنگ و گرژی و بەریەككەوتن ئەو وڵاتە بەڕێوە ببرێت، تاكو لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوە لە نێوان پێكهاتەكاندا دروست بكرێت و ڕەتكردنەوەی یەكتر لە زیهنییەتی تاكی پێكهاتەكانی وڵاتدا كاڵ بكرێتەوە. لە هەموو گرنگتر بڕیاری سوورییەكان خۆیانە كە بە دروشمی «سووریای نوێ تەنیا بۆ سووریایەكان»ـە، پڕۆژەیەك و ئاشتەواییەكانی نیشتمانی ڕاگەیەنن. كە تەنیا بە عەقڵی سووریایی بیر بكەنەوە، ئەو وڵاتە بۆ خۆیان پێكهاتەكانی سووریا و هاووڵاتیانی بە ڕەگەز سووری بونیادی بنێنەوە، چونكە ئەوان قوربانیدەری یەكەمی ئەو هەموو ساڵە زوڵم و ستەمەی ڕژیمی ئەسەد و جەنگ و ململانێكانی ئەم دواییەش بوون. لە ئەگەری دروست نەبوونی سەقامگیری لە وڵاتەكەیاندا هەرخۆیان قوربانی دەدەن، ئەوی دی جەنگی بەرژەوەندیی خۆی و شەڕی هاوكێشەكان دەكات، بە وەكالەتیش دەیكات خۆی دەستی ناسووتێت. باشترین میكانیزمیش بۆ گەیشتن بەم پرۆژە نیشتمانییە لێكتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان پێكهاتەكانە، وەك ئەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی لە ڕاگەیاندراوەكانی تایبەت بە سووریا لەم ڕۆژانەدا جەختی لەسەر كردوە.

 

Top