پ.ی.د. ماجید خەلیل: دەبێت سیستمی پەروەردەییمان ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی ئێمەی پێوە دیار بێت
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ماجید خەلیل مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی، لە دیمانەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە دۆخی ئێستای پەروەردە و فێركردن دەكات و تیشكدەخاتە سەر پرسە هەنووكەییەكانی پەیوەست بە توێژی گەنجان و دەرچووانی زانكۆ، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە كەرتی پەروەردە لە دامەزراوەی گشتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گرنگترین كەرتە كە ئێمە وەك قەڵایەك پشتی پێ ببەستین.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* بەشێوەیەكی گشتی ئامانج لە توێژینەوەی قوتابیانی زانكۆ چییە، ئایا تاچەند سوودی لێوەردگیرێت؟
- توێژینەوەی دەرچوون پەیوەست بە خوێندكارانی زانكۆوە زۆر گرنگە، چونكە ئەوە پێی دەگوترێت توێژینەوەی دەرچوون وەكو وانەیەكی سەربەخۆی قۆناغی چوار وایە، توێژینەوە هەنگاونانی قوتابییە بۆ قۆناغی پراكتیكی لەو پسپۆڕییەی كە لەماوەی چوار ساڵدا خوێندوویەتی، چونكە ئامانج لە زانكۆ دروستكردنی داهێنان و هێنانەپێشەوەی توێژەری نوێیە لە كایەیەك لەو كایە دیاریكراوانەی كە زانكۆ لە ڕووی زانستییەوە دانی پێداناوە، چ زانستە مرۆڤایەتییەكان بێت یان زانستە سرووشتییەكان بێت، توێژینەوەی دەرچوون سەرلەبەری سنووری توانای قوتابی وابەستەیە بەو توێژینەوەیە، ئەوە دەرەنجامی خوێندنی چوار ساڵییەتی كە بە شێوازی پراكتیكی دەیخاتە ڕوو، لە وانەیەكی سەربەخۆدا هەنگاونانی قوتابییە بۆ پێناوێكی پراكتیكی تەواوی ژیانی كە لەو ئەزموونەدا هەڵدەسەنگێندرێت، لەبەر ئەوە گرنگ و بایەخی زۆری هەیە.
* بە چ میكانیزمێك دەتواندرێت بایەخ بە گەنجان بدرێت و ئەوانیش بزنسی خۆیانیان هەبێت كە بەدیلی دامەزراندنی كەرتی حكومی بێت؟ دەگوترێت لەبەر ئەوەی ئیمتیازاتی كەرتی تایبەت وەكو ئیمتیازاتی كەرتی گشتی نییە، هاووڵاتی كەمتر ڕوو لەم كەرتە دەكەن، ئەمە چۆن چارەسەر دەكرێت؟
- مەرج نییە هەموو توانا و بڕستی بابەتییانەی كایە زانستییەكان والێبكەین لە كەرتی تایبەتدا خۆیان ببیننەوە، بە تایبەتی ئێمە ئەزموونێكی نوێمان هەیە لە ئێستای ئێمەدا كە حكومداری و حكومەت لە لۆژیكی كوردبوونی ئێمەدا ئێجگار لاوازە، لەبەر ئەوە پێویستە گرنگی تەواو بە كەرتە گشتییەكە بدرێت و قوتابی و كادیری نوێی ناوازە ڕابێنین، تاوەكو لە نێو كەرتی گشتیدا خۆی ببینێتەوە، من بۆخۆم پێم وایە حكومەت بایەخێكی زۆری داوە بە كەرتی گشتی و هەتا پێی بكرێت دەرچووانی زانكۆكانی لە نێو ناوەند و دامەزراوە حكومییەكان دامەزراندووە، دەتوانم بڵێم ئێمە لە سفرەوە دەستمان پێكرد، بۆیە ئەوە یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی خواستی نەتەوەییمان كە كەرتی گشتیمان تۆكمە بێت، لە هەمان كاتیشدا ئێمە دەزانین لە ئەمڕۆدا كەرتی تایبەت سەرلەبەری دنیای گرتووەتەوە و سیستمی سەرمایەداری باڵادەستە كە سیستمی سەركەوتووی ئەمڕۆی دنیایە، بۆیە لە وڵاتی ئێمەدا ئێستا بە هەزاران كۆمپانیا كاردەكەن و هاتوونەتە پێشەوە، پێویستمان بە هێزی مرۆیی و كادیری خۆمانە، لە كەرتی تایبەتیشدا پێویستمان بە دەرچووانی زانكۆیە، بەڵام هەندێك مەرجی گرنگ هەن پێویستە ڕەچاو بكرێن لە كەرتی تایبەتدا مۆنۆپۆڵ نەكرێ لە لایەن خاوەنكار و خاوەن كارگەكانەوە پێویستە حكومەت بڕیار و ڕاسپاردەی ڕیفۆڕم ئامێزی هەبێت و دایبەزێنێت بۆ ناو كۆمپانیاكان، دەكرێ بەو مەرجە ستاندارانەوە سەیری توانای خوێندكار بكرێت و نەچەوسێتەوە و بندەست نەكرێت و پلەی كەمی پێ نەدرێت هەروەها داهاتووشی بۆ حساب بكرێت و وەكو خانەنشینێك مافەكانی پارێزراو بن، لە بەرانبەردا ئەركی قورسی بەسەردا نەدرێت، ئەمە میكانیزمێكی زۆر گرنگە چونكە وڵاتی ئێمە لە سەرەتای ئەم قۆناغەدایە، دەبینین بە لێشاو كۆمپانیا هاتووەتە ناوەوە كە بە خواستی خۆی خەڵكی بیانی دێنێت و خەڵك دەگرێتە خۆی، دەری دەكات و مافی پارێزراو نییە.
هەموو ئەو شتانە دەبێت لە پەرلەماندا ڕێوشوێنی تەواویان بۆ دابدنرێت ڕێنمایی باش دەربكرێت.
دەبێت مەرجی كۆمپانیاكان ئەوە بێت كە بڕوانامە و توانای كادرێك وابەستە بێت بە سیڤییەوە، دەبێت چۆن لە كەرتی گشتیدا سیڤی و بڕوانامە گرنگە بۆ دامەزراندن، لە كەرتی تایبەتیشدا هەمان گرنگی و بایەخ هەبێت، ئەو كاتە ئەو بێسەروبەرییە نامێنێت و حكومەتیش ئەو فشارەی لەسەر نامنێنێت. ئەمانە ڕێكخستنەوەیان زۆر ئاسانە لە هەمان كاتیشدا گرفتێكی گەورەیە، پێویستە یەكێك لە پێشینەكانی كاری كابینەی دەیەم ئەوە بێت، كە ڕێنمایی تایبەت لە پەرلەمانەوە دەربچێت بۆ كەرتە تایبەتەكان بۆ كۆمپانیاكان، كە هەم حكومەت فشاری زۆری لەسەر نامێنێت هەم تاكیش بەوپەڕی لێهاتویی و لێوەشاوەیی دەتوانێت خۆی لە ناو كەرتی تایبەتدا ببینێت.
* بە گوێرەی ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردووی دۆخی پەروەردە و بەپێی گوتاری پەروەردەكاران، دەردەكەوێت كە سیستەمی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە گۆڕانكاری و چاكسازی كردن هەیە، بۆچوونتان لەسەر ئەم پرسە چییە؟
- سیستمی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا وەكو دامەزراوەیەكی ئێجگار گرنگی كەرتی گشتی، ئێمە ناڵێین چەقبەستووە بەرەوپێش نەچووە و گۆڕانكاری گەورەی تێدا نەكراوە، دەزانین كە فراوان بووە و هەزاران قوتابخانەی لێ هاتۆتە پێشەوە و قوتابخانەی ئەهلیمان هەیە كە دیسان وابەستەن بە كەرتی گشتییەوە، مامەڵە و كۆنتاكتی هاوبەش لەنێوان قوتابخانە ئەهلی و حكومییەكان هەیە، هەروەها قوتابخانەی نێودەوڵەتیمان هەیە، دەكرێ بڵێین بەرەوفراوانبوونێكی گەورە لە كەرتی گشتیدا بەدی دەكرێت، ئێمە بانگەشەی ئەوە دەكەین كە بابەتییانە بنەما پەروەردەییەكانمان بەرەوپێشەوە دەبەین، ئێمە دەڵێین لە چوارچێوەی چارەنووسسازی پەروەردەییدا دەبێت وابكەین ئەزموونە پەروەردەییەكەمان شایانی ئەو دەستوورە دانراوەمان بێت كە باس لە دیموكراسی و ئازادی و مافی هاووڵاتی بوون بكات، كەرتی پەروەردە لە دامەزراوەی گشتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گرنگترین كەرتە كە ئێمە وەك قەڵایەك پشتی پێ ببەستین، تاوەكو قەدەری قۆناغە مێژووییەكەمان بەرەو پێشەوە ببەین.
ناكرێ پرۆگرام و میتۆد و سیستمێكی هێنراوی پێشكەوتوو بێنین لێرە بەبێ ڕەچاوكردنی شێوازی كلتووری و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی خۆمان ئەزموونی بكەینەوە، دەبێ سیستمی پەروەردەی ئێمە هەڵێنجراوی كلتوور و دابونەریتی كۆمەڵایەتی و پێویستییەكانی ژینگەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بێت، پێویستە سیستمی پەروەردەییمان بۆن و بەرامێكی بابەتیانەی پێوەبێت لە هاوكات سەردەمییانەش بێت، نابێت دەستبەرداری تایبەتمەدیی نەتەوەیی خۆمان بین، بەڵكو دەبێت سیستمی پەروەردەییمان ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ڕەسەنایەتی نەتەوەیی ئێمەی پێوە دیار بێت، لە هەمان كاتدا چەقبەستووش نەبێت، دابڕاو نەبێت لەو تیۆرانەی گۆڕانكارییەكانی ئەمڕۆ ئاراستە دەكات، بەگشتی تەركیز بخرێتە سەر مافی هاووڵاتی بوون تێیدا ئازادییەكان لە ناویدا بە تایبەتی ئازادی ئایینی و كلتووری و فەرهەنگی و سیاسی.