تاڤگە عومەر ڕەشید: ڕەوشی ئێستای مافی مرۆڤ لە ئاستی خواستی ئێمەدا نییە و پێویستی بە هەڵوەستە و كاری زیاتر هەیە
تاڤگە عومەر ڕەشید، بەڕێوەبەری گشتیی یاسا و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، هاوكات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ كە دەكاتە 10ی دیسەمبەر، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، قسە لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكات و جەختیش لەوە دەكاتەوە تایبەتمەند كردنی بكوژانی ژن و بێبەش كردنیان لە لێبوردنی گشتی تاڕادەیەكی باش هاوكێشەی توندوتیژییەكان دەگۆڕێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* بەپێی ئامار و داتاكانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، لە ئێستادا پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لەچ ئاستێكدایە؟
- بە گوێرەی ئامار و داتاكانی تیمەكانی دەستەی سەربەخۆی مافی مروڤ و بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشێلكاری لە سێكتەرە جیاوازەكان بۆ سەر مافی مرۆڤ بوونی هەیە، ئەوەش بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانەی كە دەستە ئەم ساڵ بڵاوی كردووەتەوە و لە كۆتایی ساڵیشدا ڕاپۆرتی ساڵانەی دەبێت و كۆی پێشێلكارییەكان دەخاتەروو، جگە لە خستنەرووی ئەو پێشكەوتنانەی كە بە دەست هاتوون لە ماوەی ئەم ساڵی كاركردندا، لەگەڵ ئەو رێگەچارانەی كە ئەنجامدراون بۆ چارەسەر كردنی پێشێلكارییەكان. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ڕەوشی ئێستای مافی مرۆڤ لە ئاستی خواستی ئێمەدا نییە و پێویستی بە هەڵوەستە و كاری زیاتر هەیە، تاوەكو ئاستەنگەكان كەم بكرێنەوە و ڕەوشەكە باشتر بكرێت.
بێبەشبوونی بكوژانی ئافرەت لە لێبووردنی گشتی تاچەند هاوكێشەی توندوتیژییەكانی بەرامبەر بە ئافرەت چارەسەر دەكات؟
- بابەتی بێبەشبوونی بكوژانی ژن لە لێبووردنی گشتی، هەروەك لە پەیامی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتبوو، لە دەستپێكی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، وەرچەرخانێكی دیكەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و ئەنجامدانی تاوان دژی ئافرەتان، ئەویش لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی چونكە كوشتن دوا قۆناغی توندوتیژییە و یەكێكە لە تاوانە قورسەكان، هەر بۆیە تایبەتمەند كردنی بكوژانی ژن و بێبەش كردنیان لە لێبووردنی گشتی تا ڕادەیەكی باش هاوكێشەی توندوتیژییەكان دەگۆڕێت، بەڵام پێویستە لەكاتی دەركردنی یاساكە ئەو بابەتە خاڵی جەوهەری بێت، تاوەكو هاوكات لەگەڵ یاسا كارپێكراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، لە دژی بكوژانی ئافرەت پانتایی بەرەنگاربوونەوە فراوانتر بكات و پاڵپشتی یاسایی تۆكمە تر بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە كە هەنگاوەكانیش بە ئاراستەی ڕوونەدانی تاوان بڕوات و ئەو كۆششە ماددی و مرۆییەی لە پێناو دەستگیركردنی بكوژان و دادگایی كردنیان و هێشتنەوەیان لە چاكسازییەكان ئەنجامدەدرێت، دەكرێت ئەو كۆششە لە لایەن دەزگا جیاوازەكانەوە بە شێوازێك بگۆڕدرێت، كە هەر لە سەرەتاوە ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوانەكە بكرێت و گیان و ژیانی ئافرەتان زیاتر پارێزراو بێت.
* دەگوترێ جێبەجێنەكردنی یاسای لەسێدارەدان هۆكاری سەرەكی تاوانكارییە، بە تایبەت كوشتنی ئافرەت، خوێندنەوەت لەسەر ئەوە چییە؟
- بە گوێرەی خوێندنەوەی خۆم، پێموایە هیچ كاتێك لە سێدارەدان نەبووەتە هۆكاری كەم بوونەوەی تاوان، ئەگەر تاوانەكە دەرهەق بە ژنان بێت یان دەرهەق بە پیاوان بێت، لە سێدارەدان بە تێگەیشتنە جیهانییەكەی واتە ئەنجامدانی توندوتیژی و تاوان لە لایەن دەوڵەتەوە بەرامبەر بە تاك، بۆیە لە سێدارەنەدان پاساو نییە بۆ ئەنجامدانی تاوان، بەڵكو مانەوە لەناو چاكسازییەكان و بەندكردنی هەتاهەتایی یان بەندكردن تا مردن(كە لە ئێستادا لە یاسای عێراقی و كوردستانیدا بوونی نییە) سزایەكە ڕەنگە زۆر قورس تر بێت لە لەسێدارەدان، ئەمە لە لایەك و لە لایەكی تریشەوە كاتێك ئێمە دەمانەوێت چاكسازی لەسەر تاوانبار ئەنجام بدەین، بەڵام كە مافی ژیانی لێ وەربگیرێتەوە ئەوا هیچ مانایەك بۆ چاكسازی نامێنێت. بۆیە لە هەموو ڕوویەكەوە سەلمێنراوە كە لە سێدارەدان سزایەكی تەواو نامرۆڤانەیە و دژی بنەما سەرەكییەكانی مافەكانی مرۆڤە.
* بەردەوام ئاماژە بە دەستەبەر و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەدرێت، ئایا پێشێلكارییە بەردەوامەكانی سەر مافی ئافرەت لەگەڵ ئەو ئاماژەیە چۆن یەكدەگرنەوە؟
- دەستەبەر كردن و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بەشێكی دانەبڕاوی مافەكانی ئافرەتانن، چونكە كاتێك دەڵێین ئافرەت واتا ئەویش مرۆڤە و مافی هەیە، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت كە تێگەیشتنێكی تەواو هەبێت بۆ پەیكەری كۆمەڵایەتی و بنەماكانی پێشكەوتنە كۆمەڵایەتییەكان، لەبەر ئەوەی هەموو دۆكیومێنتە نێودەوڵەتییەكانی مافەكانی مرۆڤ جەخت لە یەكسانی نێوان ڕەگەزەكان و باوەڕبوون بە مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ و پاراستنی شكۆی مرۆڤەكان و ناجیاكاری و ناتوندوتیژی دەكەن، وێڕای ئەوەی ژینگەیەكی یەكسان و باش و تەندروست كە مافەكانی خوێندن و موڵكایەتی و دەنگدان و مووچەی یەكسان و چاودێری تەندروستی لە خۆ دەگرێت، كە ئەمەش بەڵگەی حاشا هەڵنەگری مافەكانی ئافرەتە لە فەزای مافەكانی مرۆڤدا و هەر پێشێلكاریەكیش لەسەر ئەو مافانە بكرێت، پێشێلكارییە لەسەر مافەكانی ئافرەت و پێچەوانەكەشی ڕاستە، واتا پاراستنی هەموو ئەو مافانە پاراستنی مافەكانی ئافرەتە.