د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: باشترین سیناریۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم هاوپەیمانیی پارتی و یەكێتی و بەشداریی پێكهاتەكانە
د.جەلال ئەحمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و بەرپرسی بنكەی توێژینەوە و ڕاپرسیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، مامۆستای كۆمەڵناسییە لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەددین-هەولێر، لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (ئەگەرەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم و ئایندەی هەرێمی كوردستان)، بەم جۆرە دیدوبۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.
دەمەوێ سەرەتا بەوە دەست پێ بكەم، كە جگە لەو پێنج سیناریۆیەی وەك ئەگەر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم باس دەكرێن، ئایا لە ئەگەری بوونە واقیعی هەر یەكێك لە سیناریۆكانی پێكهێنانی كابینەكەدا، تا چەند حكومەتەكە ئەگەر بنكە فراوان بێت، سەركەوتوو دەبێت؟ دروستكردنی حكومەتێكی تەكنۆكرات تا چەند بەدیلێكی شیاوترە لە حكومەتی بنكە فراوان؟
بەر لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، دەمەوێ بڵێم بە هۆی چڕبوونەوەی ململانێكان و پێشهات و ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەكە و عێراق و، هاوكات نزیكیی وادەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، پرۆسەی پێكهێنانی كابینەكە ئاسان نابێت و ڕەنگە دوا بكەوێت. جێی خۆشیەتی تیشكێك بخەینە سەر سیناریۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ، كە دەشێ یەكێك لەمانە بێت: یەكەم: پارتی و چەند لایەنێك بەبێ بەشداریی یەكێتی، دووەم یەكێتی و هەندێك لە لایەنەكان بەبێ پارتی، كە ئەم دوو ئەگەرە هەم زۆر لاوازن، هەمیش ئەگەری سەركەوتنیان لاوازە، لەبەر ئەوەی هەردوو حزب لە زۆنێكی دیاریكراودا حوكمڕان و خاوەن هێزی سیاسی و ئابووری و قاعیدەی جەماوەرین، پارتییش براوەی سەرەكیی هەڵبژاردنە و پێكهێنانی كابینەكەش مافی سەرەكیی ئەوە. سیناریۆی سێیەم و چوارەم هاوبەشی پارتی، یا یەكێتییە لەگەڵ نەوەی نوێدا بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە ئەمەشیان بە هەمان شێوە ئەگەری زۆر لاوازن، لەبەر مەرجەكانی نەوەی نوێ بۆ بەشداریكردن، كە دەڵێت «یا سەرۆك وەزیران، یا هەموو وەزارەتەكان»، لەبەر ئەوەی نەوەی نوێ خۆیشی باش دەزانێت، ئەم مەرجانەی دەستەبەر نابن، زیاتر وەك كەرەستە لە یارییەكی سیاسیدا بەكاریان دەهێنێ و، جۆرێكیشە لە خۆدەربازكردن لە بەرپرسیارێتی و ڕاگرتنی باڵانسی دەنگدەران و بەدەستهێنانەوەی ممانەیانە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
سیناریۆی پێنجەم، كە بریتییە لە بەشداریكردنی تەنیا یەكێتی و پارتی و پێكهاتەكان، سیناریۆی شەشەمیش بەشداریی پارتی و یەكێتییە بە بەشداریی ژمارەیەك لایەنی سیاسی و پێكهاتەكان. ئەم دوو سیناریۆیە هەچەندە دوو ئەگەری بەهێزی پێكهێنانی كابینەی نوێن، بەڵام لە بەردەم ئالنگاری و حیسابات و خوێندنەوەی سیاسیدان، ئەگەر بە تەنیا كابینەكە هی یەكێتی پارتی و پێكهاتەكان بێت، ئەوا بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان و كاریگەر لە پەرلەماندا دروست دەبێت، بە دڵنیاییشەوە ئاستەنگی زۆر بۆ كابینەكە دروست دەكەن، بەتایبەت لە حاڵی بەردەوامیی قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچەدا، ئەمەش لە ڕێی جووڵاندنی ڕای گشتی و شەقام و دروستكردنی پشێوی لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا، بوارێكیش بۆ یەكێتی هەمیشە كراوە دەبێت، كە لە كوێ لە بەرژەوەندیدا بوو، لەگەڵ پارتی بێت، بە پێچەوانەشە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن بێت.
ئەگەریش سیناریۆی شەشەم سەركەوت و حكومەتێكی بنكە فراوان پێكهات، ئێمە ئەم فۆڕمی كابینەیەشمان پێشتر ئەزموون كردووە و سەرەڕای سەرنجەكانی پێشتر لەسەر كابینەی حكومەتی بنكە فراوان، بارودۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەكە لە ئێستادا جیاوازن و حكومەتی بنكە فراوان، كە پێشتر نەیتوانی یەكڕیزی و نێوماڵی كورد كۆ بكاتەوە، لە ئێستاشدا ئەگەرەكانی پێكهاتن و سەركەوتنیشی لاوازن، بەتایبەت، كە پارتی پەیامی سەرەكیی بۆ ئەم كابینەیە بریتییە لە «یەك هەرێم و یەك حكومەت و یەك پەرلەمان و یەك هێزی پێشمەرگە». حكومەتی بنكە فراوان حكومەتی دابەشكاری و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی لایەنەكان لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە باڵاكان بوو، حكومەتی بنكە فراوان حكومەتی بزربوونی ئەوەیە كێ بەرپرسیاری سەرەكیی بەردەوامیی كێشە و قەیرانەكان و وەك پێویست دابین نەبوونی خزمەتگوزارییەكان بوو، حكومەتی بنكە فراوان حكومەتێكە ئەگەری كشانەوەی لایەنێكی سەرەكی، یا لایەنەكانیتر تێیدا زۆرە لە ترسی دەنگدەرانیان، لە حاڵێكدا كە حكومەتەكە نەیتوانی لە ماوەیەكی زەمەنیی دیاریكراودا ڕێككەوتن و مەرجەكانی بەشداربووانی كابینەكە جێبەجێ بكات. ئێستا لایەنە سیاسییەكان حیسابێكی زۆر بۆ سایكۆلۆژیای دەنگدەرانیان دەكەن و ئەزموونی شكستی هەندێ لایەنی سیاسییان لە یاد و لەبەر چاوە.
كەواتە هێندەی پێكهێنانی كابینەكە گرنگە، گرنگتر لەوەش سەركەوتنی كابینەكەیە لە گواستنەوەی هەرێم بۆ قۆناغێكی جیۆسیاسی و ئابووریی سەقامگیر و باشتر. بەڕای من باشترین و سەركەوتووترین سیناریۆی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەو سەرنجانەی پێشتر باسم كردن، كابینەی حكوومی پارتی و یەكێتی و پێكهاتەكانە بەو مەرجەی حكومەتێكی تەكنۆكرات بێت، بۆ؟
لەبەر ئەوەی ئێمە ماوەیەكی زۆرمان لەگەڵ بەردەوامیی چەندین گرێ كوێرە و قەیرانی سیاسی و ئابووریدا ئەزموون كردووە، هیچ كام لە هەوڵەكانی پێشتریش بە ئەندازەی پێویست سەركەوتوو نەبوون لە كردنەوەی گرێ كوێرەكان و چارەسەركردنی قەیرانەكاندا، بۆیە دەكرێ پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكراتیی ڕاستەقینە، حكومەتی تێپەڕاندنی قەیرانەكان بێت. ئەم فۆرمەی حكومەت لە ماوەی نزیكەی سەد ساڵی ڕابردوودا توانی چەندین وڵات لە قەیران و پێشهاتی زۆر گەورە و ترسناك ڕزگار بكات.
داهێنەری بیرۆكەی حكومەتی تەكنۆكرات ئەندازیاری ئەمریكی هوارت سكۆت، بە پیادەكردنی پرەنسیپی خۆڕێكخستنەوە، توانی ئەمریكا لە گەورەترین قەیرانی ئابووری ڕزگار بكات، لە وڵاتی ئیتالیا ماریۆمۆنتی لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٣، توانی وڵاتەكە لە مایەپووچبوون ڕزگار بكات، پاڵپشت بە ئەزموونی كەسانی ئەكادیمیی شارەزای خاوەن ئەزموون، ئەمەش بێگومان دوای كاركردنی بەو فۆرمەی حوكمڕانی وەك سیستـمێكی گۆشكراو بە مەعریفەیەكی زانستی و تەكنیك و شارەزاییەكی عەقڵانیی واقعبینانەی لۆژیكی لە گەڵاڵەكردن و پیادەكردنی بڕیارەكاندا. بە كورتییەكەی «نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب». سەرباری هەوڵەكانی كابینەی نۆیەم و خودی كاك مەسرور بارزانی بۆ خۆڕێكخستنەوە و چاكسازیكردن، لەو كابینەشدا دەبێ پرەنسیپی سەرەكی لە دیاریكردن و دانانی كەسانێك لە پۆستە باڵاكاندا خاكیبوون، ئیرادەدۆستی و بوێری لە بڕیاردان، لێزانی لە جێبەجێكردن و پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاكان بێت، هەرچەندە كە دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت، كە لە دۆخی مانەوەی ژمارەیەكی زۆر لە تەكنۆكراتەكان بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ، ئەزموونەكە سەركەوتوو نابێت. لە یەكێتیی سۆڤێتی جاراندا ژمارەیەكی زۆر لە ئەندازیاری بە تەمەن و بێ ئاگا لە گۆڕان و پێشهاتە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان و پێداویستی و داخوازییەكانی گەنجان و نەوەی نوێ، كە بۆ مانەوەی ماوەیەكی دوور و درێژ و لە جومگەكانی حكومڕانیدا مانەوە، وای كردن حكومەتی تەكنۆكراتەكان تووشی شكست ببێت. بۆیە حكومەتێكی تەكنۆكراتی بەردەوام ئەبدەیت، حكومەتێكی سەركەوتوو و فریادڕەسی قەیرانەكانە.