پڕۆفیسۆر ولیەم ولفۆرس بۆ گوڵان: دۆناڵد ترەمپ گرنگییەكی زۆر بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان نادات
ولیەم ولفۆرس، پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە كۆلێژی دارتمەوس، تایبەتمەند و پسپۆڕی چەند بواری دیاریكراوە، وەك تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئاسایشی نێودەوڵەتی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە دەرئەنجامەكانی سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و دەرئەنجامەكانی لەسەر جیهان و لەسەر ئەو كێشە و قەیرانانەی لە ئارادان.
* سەرەتا دەمانەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێبكەین، كە هۆكار و پاڵنەرەكانی دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چی بوون؟ ئایا خواستی گەلی ئەمریكا بوو بۆ گۆڕانكاری و بێزاری و بێئومێدبوون بوو لە سیاسەتەكانی ئیدارەی سەرۆك بایدن، بەتایبەتی كە ترەمپ سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا و لە زۆربەی ویلایەتە یەكلاكەرەوەكاندا دەنگی زۆرینەی بەدەست هێنا؟
- لە ڕاستیدا دۆناڵد ترەمپ بە ڕێژەیەكی كەمی دەنگ لە تێكڕای دەنگەكان لەسەر ئاستی وڵاتەكە هەڵبژاردنەكەی بردەوە، كەواتە نابێت لەم ڕووەوە بڵێین سەركەوتنێكی گەورە و یەكلاكەرەوەی بەدەست هێنا، بەڵام هەروەك ئاشكرایە، شێوازی هەڵبژاردن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە چەشنێكە كە ئەگەر هەر پاڵێوراوێك لە ویلایەتێكدا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا، ئەوا تێكڕای ئەو ویلایەتە بۆ ئەو یەكلا دەبێتەوە، كە دەكرێت لەم ڕووەوە بڵێین سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەست هێنا. ئەوەی پەیوەست بێت بە هۆكاری هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆكی ئەمریكا، ئەوا دید و تێڕوانینی باوی نێو شارەزا و تایبەتمەندانی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا ئەوەیە كە پاڵنەری سەرەكی بۆ دەرئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە بریتی بوو لە خواستی هێنانەئارای گۆڕانكاری، چونكە ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانی وڵاتانی پێشكەوتووی ڕۆژئاوا بڕوانیت، ئەوە بەدی دەكەیت، كە پارتە حوكمڕانەكان لە هەڵبژاردنەكاندا شكستیان هێنا، یان جەماوەریان لە دەست دا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبوونی خواست و ویستی گۆڕانكارییە، شارەزایانی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاش پێیان وایە ئەمە هۆكاری سەرەكییە كە بتوانین بۆی بگەڕێینەوە بۆ لێكدانەوەی ئەو دەرئەنجامەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا هاتنەئاراوە و ئاماژە بەوە دەكەن، لەبەر ئەوەی كامیلا هاریس نوێنەرایەتیی ئیدارەی جۆ بایدنی دەكرد، هاوشان كرایەوە بە سەرجەم ئەو كێشە و تێڕوانینە نەرێینانەی لە ئاست ئەو ئیدارەیەدا لە ئارادا بوون.
* ئاشكرایە كە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پرسێك نییە تەنیا بەو وڵاتەوە پەیوەندیدار بێت، بەڵكو دەرئەنجام و كاریگەری لەسەر تێكڕای جیهان دەبێت، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە تێكڕای جیهان سەرقاڵن بە لێكدانەوەی ئەگەر و دەرئەنجامەكانی سەركەوتنی ترەمپ لەم هەڵبژاردنانەدا، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- سەرەتا من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، سەرۆكی هەڵبژێردراو (دۆناڵد ترەمپ) گومانی لەسەر زۆرێك لە هەڵوێستەكانی ئێستای ئەمریكا لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا هەیە، لەم ڕووەوە لەسەر ئاستی جیهانیش باس و خواس لەبارەی ئەوەوە دەكرێت، كە ئایا دۆناڵد ترەمپ پابەند دەبێت بە هەڵوێستە درێژخایەنەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەرانبەر كێشەكانی وەك ئۆكرانیا و كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ ئایا لەم ڕووەوە گۆڕانكاری ڕوو دەدات؟ خاڵێكی دیكە لەم ڕووەوە ئەوەیە كە دۆناڵد ترەمپ و تیمەكەی دەیانەوێت ئەو بیرۆكەیە لای بەرانبەرەكانیان دروست بكەن، كە ناتوانرێت پێشبینیی سیاسەت و هەڵوێستەكانی ئەوان بكرێت. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر تیۆرێك، یان ستراتیژیەتێك هەبێت و بناغەی كاركردنی دۆناڵد ترەمپ و كەسانی دەوربەری بن، ئەوەیە كە پێشبینینەكردنی سیاسەتەكانیان دەبێتە هۆی ئەوەی كە لە كاتی گفتوگۆكاندا لە پێگەیەكی باشتردا بن.
* بۆچی دۆناڵد ترەمپ ئەم شێوازی كاركردنە پیادە دەكات؟ ئایا لە ئیدارەی پێشوویدا، ئەوە ڕێچكە و شێوازێكی سەركەوتوو بوو؟ ئایا بووە هۆی بەدەستهێنانی دەرئەنجامی خوازراو تاوەكو جارێكی دیكە دووبارەی بكاتەوە؟
- ئەوانەی لە نزیكەوە چاودێریی دۆناڵد ترەمپ و هەڵوێست و سیاسەتەكانی دەكەن، پێیان وایە ڕەنگە نەتوانرێت لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئیدارەی پێشووی ترەمپ پێشبینییەكی ڕاست و دروست لەبارەی ماوەی دەسەڵاتی داهاتوویەوە بكرێت، چونكە لە یەكەم ئیدارەیدا ڕووبەڕووی بەرهەڵستكاریی زۆرێك لە ئەندامانی ئیدارەكەی بووەوە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە ئەو كەسانەی پاڵێوراون بۆ ئەوەی پۆستەكانی ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی ترەمپ بگرنە دەست، كەسانێكن كە پتر دڵسۆز و وەلائیان بۆ سیاسەت و خواستەكانی ترەمپ دەبێت.
* دیوێكی دیكەی بانگەشەكردنەكانی ترەمپ بۆ ئەوەی دووبارە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگەڕێنرێتەوە بۆ پێگەیەكی مەزن و شكۆمەند، پشتگوێخستن و فەرامۆشكردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانە، بە واتایەكی دیكە ترەمپ دەیەوێت لە دەرەوەی ئەم دامەزراوانە كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بكات، بە دیدی ئێوە ئەمە چەند ڕاستە و ئایا دەرئەنجامەكانی چی دەبن؟
- من پێم وایە ئەمە ڕێی تێدەچێت و ئەگەری ئەوە هەیە ڕوو بدات. ئەگەرچی ناتوانین لە سەتا سەت دڵنیا بین لەم بارەیەوە. هەر چۆنێك بێت، دەكرێت گومانمان نەبێت لەوەی كە سەرۆكی هەڵبژێردراو (دۆناڵد ترەمپ) بایەخ بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان نادات و، تێڕوانینی ئەو لەم ڕووەوە ئەوەیە كە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان ئامرازێكی دەستی دەوڵەتە ئەندامەكانی ئەو دامەزراوانەن و پێی وانییە ئەم دامەزراوانە گرنگییەكی گەورەیان هەبێت لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا.
* ئێمە دەزانین كە دۆناڵد ترەمپ هەمیشە خۆی وەك كەسێك دەخاتەڕوو كە توانای گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و ئەنجامدانی ڕێككەوتنەكان هەیە، لەم ڕووەوەش پەنا بۆ شێوازێكی دیاریكراو و تایبەت بە خۆی دەبات. ئایا پێتان وایە بە گرتنەبەری ئەم شێوازە، كار بۆ چارەسەركردن، یان بەلای كەمەوە خاوكردنەوەی كێشە و قەیرانەكانی جیهان بكات؟
- من گومانم هەیە لەوەی دۆناڵد ترەمپ بتوانێت ئەو چەشنە ڕێككەوتنانە ئەنجام بدات كە خۆی بانگەشەیان بۆ دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم وایە ڕێچكەیەكی تەواو مامەڵەكارانە دەگرێتەبەر، هەروەها ئەو لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە دەست بە كارەكانی دەكات، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە پێگەیەكی تەواو بەهێزدایە بۆ چوونە نێو هەر گفتوگۆیەكەوە لەبارەی یەكلاكردنەوە و چارەسەركردنی زۆرێك لەو قەیرانانەی بەرۆكی جیهانییان گرتووە. من نازانم ئەمە تا چەند لە هەلومەرجە واقیعییەكەدا ڕەنگدانەوەی دەبێت، بەڵام ئەگەر لە گوتار و لێدوانەكانی بڕوانیت، ئەوا بەو دەرئەنجامە دەگەیت، كە دۆناڵد ترەمپ پێی وایە ئەمریكا لە پێگەیەكی بەهێزتردایە لەوەی كە ئیدارەی جۆ بایدن دەركی پێدەكرد. بۆ نموونە لە پەیوەندی بە وڵاتی چینەوە، ئەوا دۆناڵد ترەمپ پێی وایە بە هەڕەشەكردن بە سەپاندنی گومرگی زیاتر بەسەر كاڵاكاندا دەتوانێت چین ناچار بە سازشكردنی گەورە بكات. من نازانم ئەمە تا چەند ڕاستە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپ و ڕاوێژكارە سەرەكییەكانیەتی.
* دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەكات كە پێویستە لە پێگەی هێزەوە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكرێت و هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە شەڕ بدرێت. ئایا ئەمە ئەوە نییە كە ئێوە لەو وەڵامەدا ئاماژەی پێدەكەن؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە پێگەیەكی بەهێزەوە، ئەوا من گومانێكی زۆرم هەیە لەوەی دۆناڵد ترەمپ دەست بۆ زیادكردنێكی بەرچاوی بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكە ببات. واتە ڕاستە ڕەنگە بە ڕاددەیەك ئەم بودجەیە زیاد بكات، بەڵام پێم وانییە زیادكردنێكی گەورە دەبێت. هەرچۆنێك بێت پاڵێوراوی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی وەزیری بەرگری لە ئیدارەكەیدا، كەسایەتییەكی زۆر ناسراو نییە، بەڵام ئەگەر پەسەند بكرێت و ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، ئەوا ڕەنگە هەندێ لە سیاسەتەكانی ئەو وەزارەتە پێچەوانە بكاتەوە و كارێك بكات كە ببێتە هۆی ئەوەی، وا دەركەوێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە پێگەیەكی باشتر و بەهێزتردایە. بەڵام دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە سەرەڕای ئەوەی ناتوانرێت پێشبینیی ترەمپ بكرێت، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم كە بە ڕاددەیەكی گەورە و بەرچاو دەست بۆ زیادكردنی بودجەی بەرگریی ئەمریكا ببات.