دەستكەوتەكانی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەخرێنەڕوو

دەستكەوتەكانی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەخرێنەڕوو

 

وێڕای هەوڵەكانی حكومەت و پەرلەمان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و داكۆكیكارانی مافی ئافرەت، ڕێژەی توندوتیژییەكان دژ بە ئافرەتان لە هەڵكشاندایە و نەتوانراوە سنوورێك بۆ ئاستی توندوتیژییەكان دابنرێت. لە بەرانبەردا ساڵانە لە هەرێمی كوردستان هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەست پێدەكات و بۆ ماوەی 16 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، كە گوزارشتن لە ماف و ڕۆڵی ئافرەت و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دەكات و، كار بۆ بنبڕكردنی توندوتیژی دژی ڕەگەزی مێینە دەكات. بەڵام ئایا پاش ئەو هەموو قوربانیدانە، هەنگاوەكان بەرەو چ ئاراستەیەك بووە و چ ئاسۆیەكی لە بەردەم مسۆگەركردنی مافەكانی ئافرەتاندا كردووەتەوە و، ئایا لە هەرێمی كوردستان تا چەند بایەخ بەو هەڵمەتە و ناوەرۆكی پەیامەكانی دەدرێت؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

نەرمین سندی ڕاوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران، لە سەرەتای ئاخاوتنەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات كە: «هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی كە ساڵانە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، هەنگاوێكی مەدەنییانە و سەردەمییانەیە و گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە پرسی ئافرەت و پاراستنی مافەكانیان دەردەخات، ئەم جۆرە هەڵمەتانە كە بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە لە نێو تاكەكانی كۆمەڵگەدا، ئەنجام و كاریگەرییەكانی هەنووكەیین و لە هەمان كاتدا ستراتیجی و لە دوڕۆژدا باشتر ئەنجامەكانی دەبینرێ، دەستكەوتە سەرەكییەكانی ١٦ ڕۆژی چالاكیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، كەمپەینی ١٦ ڕۆژی چالاكیی هەنگاوی بەرچاوی لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك سەبارەت بە توندوتیژی جێندەری لە هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە. لێرەدا دەستكەوتە سەرەكییەكان دەخەینەڕوو:

1- زیادكردنی هۆشیاری و تێگەیشتن:

• هەڵمەتەكانی هۆشیاریی گشتی: ئەم هەڵمەتانە بە سەركەوتوویی خەڵكیان لەبارەی جۆرە جیاوازەكانی توندوتیژیی ڕەگەزییەوە پەروەردە كردووە، لەوانە توندوتیژیی خێزانی، ئازاردان و كوشتن.

• ڕوماڵی میدیایی: زیادبوونی ڕووماڵی میدیایی سەبارەت بە پرسەكانی توندوتیژیی جێندەری، یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی كێشەكە بخرێتە پێشەوەی گوتاری گشتی.

• بەشداریكردنی كۆمەڵگە: كەمپەینەكە هانی ئەندامانی كۆمەڵگەی داوە بۆ بەشداریكردن لە چالاكییەكانی هۆشیاری، وەك وۆرك شۆپ، سیمینار و بۆنە كولتوورییەكان.

2- باشتركردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەكانی پشتگیری:

• دامەزراندنی هێڵی گەرم و پەناگە: ئەم خزمەتگوزارییانە پشتگیرییەكی گرنگ پێشكەش بە ڕزگاربووانی توندوتیژیی جێندەری دەكەن، كە پەناگەیەكی سەلامەت و ڕاوێژكارییان پێشكەش دەكەن.

• یارمەتیی یاسایی: خزمەتگوزارییەكانی یارمەتی یاسایی بەهێزكراون بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی یاسایی بۆ ڕزگاربووان و بەدواداچوونی دادپەروەری بۆ تاوانباران.

• زیادبوونی دەستڕاگەیشتن بە چاوەدێریی تەندروستی: دابینكەرانی چاودێریی تەندروستی ڕاهێنراون بۆ دەستنیشانكردن و وەڵامدانەوەی حاڵەتەكانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری.

3 - بەهێزتركردنی چوارچێوەی یاسایی :

• یاسادانان و چاكسازی لە سیاسەتدا: كەمپینەكە بەشداریی كردووە لە پەرەپێدان و جێبەجێكردنی یاسا و سیاسەتی بەهێزتردا بۆ پاراستنی ئافرەتان لە توندوتیژی.

• باشتركردنی جێبەجێكردنی یاسا: دەزگاكانی جێبەجێكردنی یاسا ڕاهێنراون بۆ وەڵامدانەوەی كاریگەرانە بۆ كەیسەكانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری.

4- ڕۆڵی بەرچاو لە بەهێزكردنی ئافرەتان:

• بەرنامەكانی بەهێزكردن: ئەم بەرنامانە ئافرەتانیان بەهێز كردووە بۆ تەحەددای توندوتیژیی جێندەری.

• دەرفەتە ئابوورییەكان: دەستپێشخەرییەكان بۆ دابینكردنی دەرفەتی ئابووری بۆ ئافرەتان دەستی پێكردووە، كە دەتوانێت یارمەتییان بدات و لە دۆخە توندوتیژییەكان ڕزگاریان بێت.

5 بنیاتنانی هاوبەشی و هاوكاری:

• هاوكاریی نێوان دەزگاكان: هاوبەشییەكی بەهێز لە نێوان دەزگاكانی حكومەت، ڕێكخراوە ناحكومییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چارەسەركردنی توندوتیژی جێندەری دروست كراوە.

• هاوكاریی نێودەوڵەتی: هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئاسانكاری بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و باشترین پراكتیزەكان كردووە.»

فەزیلە شۆڕش چالاكی بواری مافەكانی ئافرەتان، لەم بارەیەوە دەڵێت: «بێگومان توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان واتە نەهێشتنی هیچ بەهایەكی مرۆڤایەتی بۆ مرۆڤ، بەتایبەتی بۆ ئافرەت، توندوتیژی شڵەژاوی و نائارامی دەبەخێشێتە تاكەكانی كۆمەڵگە، پێچەوانەكەی كە ڕێزگرتن و خۆشەویستی و ئارامییە، بنناغەی یەكسانی و مرۆڤ بوون و هاوسەنگییە.

لە ساڵی ٢٠٠٠ نەتەوەیەكگرتووەكان ڕۆژی ٢٥ نۆڤەمبەر بە ڕۆژی جیهانی دژی توندو تیژیی دژ بە ئافرەتان ڕاگەیاند، هەموو ساڵێكیش لە ٢٥ نۆڤەمبەر تا ١٠ دیسەمبەر ڕۆژی ماڤی مرۆڤ بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ كەمپینی جیهانیی (جیهان بكە بە نارنجی) ڕادەگەیەنێ، ئەم كەمپینە لە زۆربەی وڵاتاندا بە چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێ بۆ هۆشیاركردنی خەڵك بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەت.

جێگەی خۆشحاڵییە لە كوردستانیش كەمپینی جیهانیی (جیهان بكە بە نارنجی) لە ٢٥ نۆڤەمبەرەوە تا ١٠ دیسمبەر دەست پێدەكات، بە ئەنجامدانی چەندەها چالاكیی جۆراو جۆر، ئەوەی جێگەی شانازییە حكومەتی هەرێم هاوكارە لەم كەمپینەدا و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان.

ئەم كەمپینەی كوردستان بێگومان سوودی خۆی هەیە، هەرچەندە لە كوردستان زۆر لەمێژ نییە ئەم كەمپینە دەستی پێكردووە، هەر كارێكی واش بەدەم و دەست دەرئەنجامەكەی دیار نابێت، یا زۆر نابێ، بەڵام ڕۆڵەكانی دوا ڕۆژ هۆشیار دەبن و لەسەر بنەمای نا بۆ توندوتیژی پەروەردە دەكرێن، نەمانی یا كەمبوونی توندوتیژی واتە دەستەبەربوونی ئازادی، بەراورد لەگەل جاران یا پێش كەمپینی ١٦ ڕۆژەكە ئافرەتانمان ئێستا زیاتر بوێر و ئازاتر بوون، بەتایبەتی لە بەشداریكردنیان لە كار و چالاكییەكانی سیاسی و مەدەنی و كۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنەكاندا، لە كوردستان خەڵك هەن هۆشیارن و دەزانن كە نابێ توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت بكرێت، ڕاستە هەموو ڕۆژێك گوێمان لە ئازارەكانی ئافرەتانە، بەتایبەتی لە ڕاگەیاندنەكاندا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئافرەتان ئێستا بوێرتر بوون بۆ قسەكردن و باسكردن لە ئازارەكانیان، بەداخەوە توندوتیژی لە ڕێگەی سۆشیال میدیاشەوە نەك هەر لە كوردستان، بەڵكوو لە هەموو جیهاندا تەشەنەی كردووە، بۆیە لەم ١٦ ڕۆژەدا دەبێ جەختێكی زۆر لەسەر هۆشیاركردنی تاك بكرێت لە بەكارهێنانی سۆشیال میدیا بە شێوە دروستەكەی».

حاجی عزەدین ڕاوێژكاری یاساییە سەبارەت بەم پرسە دەڵێت: «لە هەرێمی كوردستان ساڵانە ئەم ڕۆژە بەئەنجامدانی چالاكی جۆراوجۆر بۆ ماوەی (١٦) ڕۆژ بەرز ڕادەگیرێ، لە لایەن دامەزراوە فەرمییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی تایبەتمەند بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، كە خۆیان دەبیننەوە لە ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان وەك دامەزراوەیەكی ڕاوێژكاری و هەمەماهەنگیكار لە نێوان وەزارەت و لایەنەكانی دیكەی حكومی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكاندا، هەروەها بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، وەك لایەنێكی تایبەتمەند بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، هۆشیاری، ڕاوێژ، ڕینمایی یاسایی، دەروونی، كۆمەڵایەتی، گرتنەبەری كارڕایی یاسایی لە دژی ئەوانەی ئەم تاوانە ئەنجام ئەدەن، بە سزادانیان بەپێی یاسای ژمارە(٨)ی ساڵی٢٠١١ و یاساكانی دیكەی بەركار لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دادگاكانەوە.

گرنگیدان بەم ڕۆژە و ئەنجامدانی چالاكیی جۆراوجۆر، بۆ بیرهێنانەوەی دەرئەنجامە نەرێنییەكانی ئەم دیاردە جیهانییەیە، كە كۆمەڵگەی كوردستانیشی گرتووەتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان زیاتر هۆشیاربن بۆ خۆپارێزی لە توندوتیژی و ئاشنابوون بە چۆنیەتیی گرتنەبەری كارڕایی یاسایی لە كاتی ڕوودانی هەر توندوتیژییەك.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەت و دامەزراوەكانی خۆیەوە كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی فەراهەم كردووە بۆ قوربانی و ڕزگاربوانی توندوتیژی، لەوانە ماڵەكانی داڵدەدان، چارەسەری پزیشكی، پشتیوانیی یاسایی و...هتد.

ئەم ساڵ (٢٠٢٤) لەژێر ناونیشانی (بێ بیانوو یەك بگرن بۆ كۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان) بێگومان یادكردنەوەی ئەم ڕۆژە و ئەنجامدانی چالاكییەكان، ڕۆڵی گەورە و بەرچاوی هەیە و هەبووە و بووەتە هۆكاری كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان، ئەگەر بەڕێژەییش بێت، بەهۆی ئاشنابوونی ئافرەتان بە چۆنیەتی سودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییەكان و داواكردنی مافەكانیان، هەروەها بۆ ئەوانەی كە لە ناو خێزانەكاندا كەسانی توندوتیژن پێویستە ئاگاداری ئەم پاراستن وپارێزگارییە یاساییەی ئافرەتان بن و زیاتر پابەندی ڕێزگرتن بن لە ماف و پێگەكانیان لە ناو خێزان و كۆمەڵگەدا بەگشتی.

سەرەڕای ئەمانە، ئەم هەڵمەتە هۆشیاری و پابەندبوونی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردستان لە ڕێزگرتن و بەگرنگی زانینی پێگە و ڕۆڵی ئافرەتان، لە هەموو پایەكانی زانستی، كارگێڕی، كۆمەلایەتیدا نیشان دەدات، بە جۆرێك بە هەموو جیهان بڵیین ئێمە كۆمەڵگەیەكی پابەندین بە ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و ئافرەتان، بەتایبەتی و، دەخوازین لە ژیانێكی ئارام و ئاسوودە و دوور لە توندوتیژی بژین، تاكو ئاشتی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەكەماندا بەرقەرار بكەین».

ئاواز شێرزاد چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بۆچوونی بەم جۆرەیە: «لە هەرێمی كوردستاندا ساڵانە لەگەڵ دەستپێكی ئەم هەڵمەتەدا، چەندین چالاكی لەسەر ئاستە جیاوازەكان ئەنجام دەدرێت، ئەوەش ڕێكارێكی درووستە و ڕۆڵی ئەرێنیی هەیە لەسەر تێڕوانینی كۆمەڵگە، بەڵام كافی نییە و پێویستە گرنگیی زیاتر بدرێت بەو ڕێكارانە لە تەواوی ساڵدا، بۆ ئەوەی بە شێوەیەك بێت كە لەم هەڵمەتی شازدە ڕۆژەدا ئەنجامی شەونخوونیی تەواوی ساڵەكە بخرێتە ڕوو، چونكە لەگەڵ هەبوونی ئەم هەموو ڕێكارە یاسایی و كۆمەڵایەتییانەدا، هێشتا ئامارەكان پێمان دەڵێن كۆمەڵگە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بنبڕ بكرێت. واتە ئافرەت قوربانیی زۆرێك لە بارودۆخە كۆمەڵایەتییەكانە و هێشتا لە ناو خێزان و كۆمەڵگە و زۆرجاریش لە ناو دامودەزگاكان بە هەموو جۆرەكانیەوە، توندوتیژیی بەرانبەر دەكرێت، ئەمەش وا دەكات ئافرەت دەستبەرداری مافەكانی ببێت و لە هەمان كاتدا زۆر جار لە ئەنجامی كێشە و ململانێی نێوان خێزانەكاندا ببێتە قوربانیی یەكەم».

ئاواز شێرزاد پێشنیار دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زیاتر بە بواری هۆشیاركردنەوەی خێزانەكان بدات، چونكە دوا جار خێزان كۆڵەگەی كۆمەڵگەیە و لە ناو خێزاندا پەروەردەی نا تەندروست، وا دەكات توندوتیژی لە هەڵكشاندا بێت و، زۆر جار توندوتیژییەكان لە چوارچێوەی خێزان دەردەچن و كارەساتی مەزنی بە دوادا دێت. لە لایەكی دیكەوە پێویستە سەنتەرەكانی ڕاوێژكاریی خێزانی گرنگییەكی زیاتریان پێ بدرێت، تا بتوانن هۆشیاریی زیاتر بڵاو بكەنەوە و ببنە چەترێك بۆ پاراستنی بەها گرنگەكانی خێزان، كە بە ڕای ئەو ناوەندەكانی خوێندن باشترین شوێنن بۆ ئەوەی ئامانجی یەكسانیی ڕەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی تێدا پراكتیك بكرێت.

 

دەستكەوتەكانی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەخرێنەڕوو
دەستكەوتەكانی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەخرێنەڕوو
دەستكەوتەكانی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەخرێنەڕوو
دەستكەوتەكانی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەخرێنەڕوو
Top