سوود و زیانەكانی بەكارهێنانی خەنە بۆ قژ و پێست
خەنە Henna بریتییە لە پاودەری گەڵای هاراوی ڕووەكێكی تایبەت كە ڕەنگێكی قاوەیی سوورباوی هەیە. بەكارهێنانی خەنە بۆ ڕەنگكردنی پێست یان قژ یان نینۆك لە كەسانی پێگەیشتوودا بەگشتی سەلامەتە، بە مەرجێك خەنەی سرووشتی بێت، واتە هیچ ماددەیەكی كیمیایی تێكەڵ نەكرابێت، ئەگەرچی هەندێك جار دەبێتە ئەگەری هەستەوەری بە شێوەی خورشت، سووتانەوە، ئاوسان، یان سووربوونەوەی پێست، یان هەتا پەیدابوونی بڵۆق یان ئاسەوار لەسەر پێستدا. بەكارهێنانی خەنە بۆ پێست یان قژ بۆ منداڵ هەرگیز ڕێنمایی ناكرێت، بەتایبەتی بۆ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی (پاقلە) Favism، چونكە زیان بە خڕۆكە سوورەكانی خوێن دەگەیەنێت. بەكارهێنانی خەنە بە دەگمەن دەبێتە ئەگەری هەستەوەریی توند، بەتایبەتی ئەگەر ماددەی كیمیایی بۆ مەبەستی جیاواز بۆ زیاد كرابێت وەكو خەنەی ڕەش Black henna، لێرەدا نیشانەكان بریتین لە: خورشت و سووربوونەوەی پێست، زیادبوونی دەردراوی لووت، دەنگی ویزە لەگەڵ هەناسەدا، لەگەڵ هەناسەتەنگی.