ئایا چالاكیی جەستەییت گونجاوە لەگەڵ تەمەنتدا؟
ناتوانرێت بە مەشقی وەرزشی ساڵەكان بسڕێنەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت كە بە مەشقی وەرزشی تا ڕادەیەكی باش ڕێگە لە كاریگەرییەكانی بەساڵاچوون بگیرێت. لە ڕاستیدا، بوون بە خاوەن لیاقەیەكی فیزیكی (بەدەنی) باشترین شتە بۆ تەندروستیی دەروونی و جەستەیی. لیاقەی بەدەنی هاندەرە بۆ كەمكردنەوەی ڕیسكی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییە درێژخایەنەكان هاوكات لەگەڵ كەمكردنەوەی نیشانەكانی پەستی و خەمۆكی لە گەلێك كەسدا. بە پێی ڕاپۆرتێكی كۆڵیژی هەنتیگدۆن Huntingdon لە ویلایەتی ئەلەباما/ ئەمریكا، بوونی كەسێك بە خاوەن لیاقەیەكی فیزیكی باش، واتە بوون بە خاوەن تەندروستیی یەكێك كە 10-15 ساڵ لە تەمەن بچووكتر بێت. بەگشتی لیاقەی جەستەیی Physical fitness واتە بوونی هێزی باشی ماسوولكە لەگەڵ چوستی و بەرگەگرتن، جووڵەی باشی جومگەكان، لەگەڵ بوونی توانا بۆ ئەنجامدانی چالاكییە جەستەییەكان بێ هەستكردن بە ماندووبوون یان هیلاكیی سەخت.