زاگرۆس بەرواری چاودێری سیاسی لە دهۆك: پرۆسەی ئاشتی بە سێ قۆناغی (ڕاگرتنی شەڕ، چەسپاندنی مافی كورد لە دەستوور و ئازادكردنی ئۆجەلان) بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە دەبینێت

زاگرۆس بەرواری چاودێری سیاسی لە دهۆك:  پرۆسەی ئاشتی بە سێ قۆناغی (ڕاگرتنی شەڕ، چەسپاندنی مافی كورد لە دەستوور و ئازادكردنی ئۆجەلان) بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە دەبینێت

 

 

بە درێژایی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان، تەواوی دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان بۆ نكۆڵیكردن لە بوون و مافی كورد، پەنایان بۆ هێزی سەربازی بردووە و هێرشیان كردووەتە سەر كوردستان و گوند و شارەكانیان كاوڵ كردووین، بەڵام لەناو ئەم ڕەوشە ناتەندروستەشدا، ئەگەر دەرفەتێك بۆ ئاشتی هاتبێتە پێشەوە، كورد پێشوازی لێ كردووە و ڕەتی نەكردووەتەوە.

ماوەی یەك دوو مانگە لەناو میدیاكانی توركیا، باس لە پرسی ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد دەكرێت، بەڵام لە یەك دوو هەفتەی ڕابردوو دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی مەهەپە، كە پارتێكی نەژادپەرستی توركە و بەردەوام نكۆڵی لە بوون و مافی كورد لە توركیا كردووە، بە ئاشكرا و بێ ترس سەردانی فراكسیۆنی دەم پارتی» كە پارتێكی كوردییە، لەناو پەرلەمانی توركیا دەكات و پێیان دەڵێت «من پێشنیار دەكەم، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵییەوە بێتە ئێرە «ناو پەرلەمانی توركیا» و پەیامێك ڕابگەیەنێت و بڵێت «ئەوە تەڤگەری چەكداریمان هەڵوەشاندەوە، لەجێی ئەو ئێمە ئاشتی لە نێوان كورد و تورك دەست پێدەكەین».

دەم پارتی پێشوازی لەم پەیامەی باخچەلی كرد و بایەخی زۆری پێ دا، لەبەر ئەوەی ئەوە یەكەمجار بوو سەرۆكی مەهەپە ئاخاوتنێك بدات كە بكەوێتە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە باكوور، هەر لە دوای ئەویش وتەبێژی حكومەتی توركیا هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و ئاك پارتی بە هەمان ئاراستە قسەیان كرد و گەلی كورد لە باكوور پێشوازی لەو پەیامانە كرد. هەروەها سەڵاحەدین دیمیرتاش كە هاوسەرۆكی دەم پارتییە، لە زیندانەوە ڕایگەیاند «ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت، منیش دەبمە هاوكارێك بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد و هەوڵ دەدەم توانای كەسایەتییە ئاشتیخوازەكانی كورد و تورك بێنمە ناو پرۆسەكە، ئێمە نایەڵین جارێكی دیكە خوێن بڕژێت، ئەمە بۆ هەموو كورد باشە بە كوردی هەموو پارچەكانی كوردستانەوە، لەمەش زیاتر لەسەر ئاستی ڕۆژئاواش مەزڵووم عەبدی سەرۆكی پەیەدە ڕایگەیاندووە، هەر دەفەتێك بێتە پێشەوە بۆ ئاشتی ئێمە هەنگاوی جددی بۆ هەڵدەگرین».

سەردانی عومەر ئۆجەلان كەسی نزیكی ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی بۆ ئیمڕاڵی و كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕاگەیاندنی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ئاشكرا لە میدیاكانەوە كە دەڵێت «ئەگەر دەرفەت بێتە پێشەوە، لەماوەی تەنیا دوو هەفتەدا كۆتایی بە شەڕ دەهێنم و لە جێی ئەو چارەسەری ئاشتییانە بۆ كێشەی كوردی باكوور جێبەجێ دەكەم»، ئەمە بە وەرچەرخانێكی مەزن دێتە هەژماردن.

لەسەر پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی تورك، پارتی گەلی كۆماری توركیا «جەهەپە» لەسەر زاری سەرۆكی پارتەكەیانەوە «ئۆزگۆر ئۆزەل» ڕایدەگەیەنێت «ئێمە گرنگی بە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد دەدەین. وڵاتی ئێمە پێویستی بە پرۆسەی ئاشتییە»، ئەمەش مانای ئەوەیە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا لەگەڵ ئاراستەی حكومەت و ئۆپۆزسیۆن لەناو توركیا یەك دەگرێتەوە.

لەناو ئەم هاوكێشیەدا، بە تێڕوانینی من هەڵوێستی پەكەكە بە دوو بەرەدا دابەش دەبێت، لەناو سەركردایەتیی پەكەكە ئەوەیان بە خۆیان دەڵێن میانڕەو «بەرەی كۆتر» پابەند دەبن بە پەیامەكەی ئۆجەلان وەك سەرۆكی پەكەكە، بەڵام ئەوانەی ڕادیكاڵن و پێیان دەگوتریت «بەرەی هەڵۆكان» ئەوان بەو جۆرە پێشوازی لێ ناكەن و مەرج بۆ پرۆسەكە دادەنێن.

خاڵی گرنگ لەم پرۆسەیەدا «هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا»، لەبەر ئەوەی لە ماددەكانی «4، 42، 61، 62»ی دەستووری توركیادا، كورد و زمانی غەیرە تورك قەدەغە دەكات، لە بەرانبەردا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە توركیا « یەك دەوڵەت، یەك میللەت، یەك زمان، یەك ئاڵا» بێت. بۆیە ئەگەر نییەتی ڕاست بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور هەبێت و ئەو ماددانەی ئاماژەم پێكردن بە دروستی هەموار بكرێنەوە، ئەوا پرۆسەی ئاشتی بە سێ قۆناغ بەرەوپێشەوچوونی زۆر گەورە بە خۆیەوە دەبینێت بەمجۆرە:

1. شەڕ ڕابگیرێت.

2. مافی كورد لە پرۆسەی هەمواركردنەوەدا. لە دەستووری توركیا بچەسپێنرێت.

3. عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بكرێت.

 

Top