ئوسترالیا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەغە دەکات
ئەنتۆنی ئەلبانیز؛ سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند، یاسایەک پەسەند دەکات بۆ قەدەغە كردنی بەکارھێنانی سۆشیال میدیا بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ١٦ ساڵ.
ئەنتۆنی ئەلبانیز؛ سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا شەوی چوارشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیان بە منداڵان دەگەیەنن.
بە وتەی ناوبراو ئەم یاسایە بەم زوانە جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا گوتی: سۆشیال میدیا زیان بە منداڵەکانمان دەگەیەنێت و من کۆتایی بەو کارە دەهێنم.
ماڵپەڕی سیدنی مۆرنینگ هیرالد بڵاویکردەوە، ئەلبانیز چەند مانگێک پێش ئێستا پێشنیاری سنووردارکردنی تەمەنی بۆ بەکارهێنانی سۆشیال میدیای وەک ئینستاگرام و تیک تۆک و فەیسبووک کردبوو، بەڵام ئەمە یەکەمجارە تەمەنی بەکارهێنەرانی دیاری دەکات.
ئەم بەرپرسە باڵایەی ئوسترالیا گوتی، کە یاسا نوێیەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەنێردرێت بۆ بەرپرسانی حکومەت و لە کۆتایی ئەم مانگەدا پێشکەش بە پەرلەمانی وڵاتەکە دەکرێت.
هاوکات میشێل ڕۆلاند؛ وەزیری پەیوەندییەکانی ئوسترالیا ئاماژەی بەوەدا کە پرۆگرامەکانی حکومەتی ئەم وڵاتە بۆ منداڵان لە جیهاندا ناوازەن.
بە گوتەی ڕۆلاند، دیاریکردنی غەرامە پێویستیەکی جددییە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بەم یاسایە.
حکومەتی ئوسترالیا هیچ وردەکاری گرنگی نەخستەڕوو، لەوانە ئەو تەکنەلۆژیایەی کە بۆ دوورخستنەوەی منداڵان بەکاردەهێنرێت، سزای کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا کە سەرپێچی یاساکان دەکەن و ڕادەی لێخۆشبوونەکان.
گوڵان: سەردار خەلیل