لە كوردستان پەرە بە وەرزش نادرێ

لە كوردستان پەرە بە وەرزش نادرێ

دینا حوسێن یاریزانی بالەی دەربەندیخان

لە كوردستان پەرە بە وەرزش نادرێ
قەزای دەربەندیخان یەكێك لەم شارانەی كوردستانە كە گرنگی زۆر بە یاری تۆپی بالەی دەدات، هەموو كات كچە یاریزانانی ئەو شارۆچكەیە بەردەوام ڕكابەری سەرسەختی یانەكانی تری كوردستان و عێراقن لەم یارییە ، لە زۆربەی چاڵاكییە وەرزشییەكان ساڵانە تیپە جیاوازییەكان بەشدارن لە خولەكان و ئاست و ئەنجامیان بەرچاوە، تیپی بالەی یانەكە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە ساڵانە لە هەریەك لە خولەكانی كوردستان و عێراق بەشدارن ، كچانی دەربەندیخان لەگەڵ كردنەوەی خولەكانی بالە بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان دینە حوسێن-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2007ی قەزای دەبەندیخان ، جگە لە دەربەندیخان تا ئێستا لە هیچ یانەیەك یاری ناكات ئەمساڵیش لە خولی بالەی كچانی عێراقی پلەی دووەمیان بەدەست هێناوە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بڕیاری ئەوەت دا بێتە نێو وەرزشی بالە؟
-خولیایەك بوو كە لە منداڵیەوە حەزم لێ بوو بۆیە هەڵم بژاردووە.
*هەست ناكەی وەرزشێكی تۆزێك قورست هەڵبژاردوە بۆ تۆی كچ؟
-نەخێر بە بۆچوونی من هیچ شتێك قورس نییە گەر بە ڕاستی بتەوێ ئەنجامی بدەی.
* بۆچی یاری بالە لە ئاستی پێویستدا نابینرێ؟
- چونكە لە كوردستان پەرە بە وەرزش نادرێ زۆر وەك لە وڵاتانی دیكە بۆیە لە ئاستی پێویستدا نابێت.
* هەست ناكەی ئەم یارییە پێشوازی باشی لێ نەكراوە لە شارەكان ؟
- یاری بالە زیاتر بۆ كچانە و زۆر كچیش حەز بەم یارییە دەكەن ئەگەر ماڵەوەیان پشتگیری بكەن ئەوە یاری بالە لە شارەكان پێشوازییەكی باشی لێ دەكرێت، لە ئێستاشدا یانەكان هەوڵ بۆ باش بوونی دەدەن.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە ئێستادا ئاستێكی باشە بە بۆچوونی من لە داهاتوودا بەرەوپێش دەچێ.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە وەرزشییە؟
-ئەگەر فێرخواز خۆی حەز و خولیای هەبێ هیچ شتێك نابێ بە ڕێگر لە بەردەم، بۆیە دەبێ گرنگی بە تواناكانی یاریزانان بدرێت.
* بەرنامەی داهاتووت چیە وەكو كچە وەرزشكارێك لەم یارییە؟
- ئاستم بەرەو پێش ببەم و زیاتر پێشبكەوم لەم یارییەدا.
* یانەی دەربەندیخان چۆن هاوكاریتان دەكات؟
- یانەی دەربەندیخان ئێمە لە قەزایەكی بچووكین و یانەكەشمان هاوكارمان لە هەموو شتێك.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- نەبوونی یاریگای گونجاو و هاوكاری نەكردنی بەردەوام ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ بەرەوپێش نەچوونی یاریزانان.
*خەونی وەرزشیت چیە لە داهاتوو؟
- خەونم ئەوەیە بەرەوپێش بچم و ئاستێكی باش پێشكەش بكەم هەم بە یانەكەم هەمیش بە خێزانەكەم.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن لە وەرزش كردن؟
-ئەگەر خانەوادەكەم نەبن بێگومان منیش ناكەم بە ئاستێكی باش، لە پشت هەر كچێكی سەركەوتوو خانەوادەیەكی باش بوونی هەیە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەكەتان كەوا پشتگیری كچەیایزانەكانی كوردستان دەكەن بە بێ جیاوازی لە شارەكان.

 

Top