زیندان ئامەدی ئەندامی پێشووی پەكەكە : چەكدارانی پەكەكە بە دەستی وڵاتانی داگیركەر دژی هەرێمی كوردستان هەڵسوكەوت دەكەن

زیندان ئامەدی  ئەندامی پێشووی پەكەكە :  چەكدارانی پەكەكە بە دەستی وڵاتانی داگیركەر دژی هەرێمی كوردستان هەڵسوكەوت دەكەن

 

لەو كاتەی پەكەكە هاتوونەتە باشووری كوردستان لە چیای قەندیل، ڕێزی خەڵكی كوردستان و قەوارەی هەرێمی كوردستانیان نەگرتووە، بەردەوام سەرقاڵی كاری ناڕەوا و نانەوەی ئاشووپ و تەقینەوە و وێرانكردنی گوندەكانی كوردستانن، ئەوان بە فەرمان و ئەجندای دەزگا سیخوڕی و هەواڵگرییەكانی وڵاتانی داگیركەر هەڵسوكەوت دەكەن، چەندین جاریش دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سوور بووە. چەكدارەكانیان لەم دواییانەدا زیاتر سەرقاڵی كاری تیرۆریستی و تەقینەوە و كوشتن و بازاڕسووتاندنی خەڵكی سڤیل بوون، هەروەكو چۆن دەستیان لە كاولكردن و وێرانكردن و چۆڵكردنی گوندەكاندا هەیە. مەرامی سەرەكیی هاتنی پەكەكە بۆ باشووری كوردستان دروستكردنی كێشە و گرفتە بۆ هەرێمی كوردستان، هەر شوێنێك چەكدارانی پەكەكەی لێ بێت، هەر وەكو ئەوەی لە شنگال و سنوورەكەدا هەیە، ئەوا ناهێڵن ناوچەكە ئاوەدان ببێتەوە و، لە هەر شوێنێك بۆیان كرابێت، لێرە و لەوێ كچ و كوڕانی خوار تەمەنی (18) ساڵی هەڵدەخەڵەتێنن و لە باوك و دایك و خێزانەكانیان دەكەن، لەم دیدارەی گۆڤاری گوڵاندا ڕەمەزان محەمەد كە بە زیندان ئامەدی ناسراوە و ئەندامی پێشووی پەكەكەیە، تیشك دەخانە سەر ڕەفتارەكانی پەكەكە دژی خەڵكی كوردستان.

 

 

* بۆچی پەكەكە باكووری كوردستان كە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیەتی، جێی هێشتووە و هاتووەتە باشووری كوردستان؟ ئایا ئەمە پێی دەڵێن نەتەوەیی و كوردایەتی؟

- هاتنی پەكەكە بۆ باشووری كوردستان لەو كاتە بوو كە بە تەواوی لە باكووری كوردستان توانای بەرەنگاربوونەوەی هێزە سەربازییەكانی توركیایان نەمابوو، مەبەستێكی دیكەش لە پشت هاتنی پەكەكە هەبوو بۆ ناو سنووری هەرێمی كوردستان، ئەویش بۆ نانەوەی كێشە و گرفت و پشێوییە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی، ئەوەتا بوونی چەكدارانی پەكەكە لە باشووری كوردستان وای كردووە، كە سەربازی توركیا ئەو ناوچە و دەڤەرانەی پەكەكەی لێیە، لە ڕێگەی فڕۆكەی جەنگییەوە بۆردومان بكات، وەكو چەندین ساڵە دەیبینین بەو هۆیەوە چەندین كەسی سڤیلی ناوچەكانی باشووری كوردستان شەهید و بریندار بوون. هەر بە هۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە تا ئێستا زیاتر لە (600) گوندی ئەو سنوورانەی باشووری كوردستان ئاوەدان نەكراونەتەوە، تەنانەت ئەو گوندانەشی ئاوەدان بوون، دووبارە چۆڵ كرانەوە. هەموو ئەو ڕەفتارانەی چەكدارانی پەكەكە ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە بیروباوەڕی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستانییان نییە، هەر بۆیە دژایەتی و دوژمنایەتیی ئەو لایەن و حزبانەش دەكات كە بۆ ئەو مەبەستە شۆڕش و خەبات دەكەن، هەر وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەسەر ڕیبازی بارزانیی نەمرە. بۆیە چەكدارانی پەكەكە تا ئەوپەڕی ڕق و دوژمنایەتی و ناكۆكییان لەگەڵ پارتی هەیە و لە ناوچەكەدا بوونەتە داردەستی وڵاتانی داگیركەری كوردستان و بە پاڵپشتی و هاوكاریی ئەوان، بەتایبەتی بە پاڵپشتیی ئەو میلیشیاتە چەكدارانە دەجووڵێنەوە كە دژی هەرێمی كوردستانن .

* هەرێمی كوردستان پێگەی هەموو كوردێكی شۆڕشگێڕە كە لەدەستی چەوسانەوە ڕوو لەم هەرێمە دەكات، دژایەتی پەكەكە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی باشووری كوردستان چەند زیان بە كوردایەتی دەگەیەنێت؟

- پێویستە هەموو تاكێكی خەڵكی كوردستان وەكو گیان و چاوی خۆی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات. ئەركە لەسەر هەموو تاكێكی كوردستانی ئەم قەوارەیە بپارێزێت و بەرگری لێ بكات، چونكە باشووری كوردستان بۆ هەموو تاكێكی كورد و كوردستانی بووەتە پەناگە و لانكەیەكی هێمن و سەقامگیر، شوێنێكە بۆ ئێمەش كە تێیدا ژیان بكەین و هەوڵ دەین بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ڕۆژانەی خۆمان و خێزانەكانمان، بەتایبەتی لەو چوار پێنج ساڵەی ڕابردوو تا ئەو پەڕی ئازادیمان دیت و توانیمان بە ئاسوودەیی و سەقامگیری بەڕێوە بچین.

لە ئێستادا پەكەكە بووەتە چەند گرووپێكی چەكداری و هەر گرووپێك و دووان سەر بە سەركردەیەكن، چونكە هەموو ئەو سەركردانەی كە ئێستا لەگەڵ چەكدارەكاندا ماون، بیروباوەڕی تایبەت بەخۆیان هەیە، بۆیە دەبینین چەكدارانی پەكەكە بە شێوەی گرووپی بچووك لە سنوورەكانی ڕاپەڕین و بتوێن و قەڵادزێ و گەرمیان و كەركووك و مەخموور و سلێمانی و چەمچەماڵ دەردەكەون، كە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی سوپای توركیا ڕاستەوخۆ بگەنە سەریان و ئەو دەڤەر و شوێنانەش بۆردومان بكەن، لە ئەنجامیشدا خەڵكی سڤیلی باشووری كوردستانیش دووبارە بەو هۆكارەوە شەهید و بریندار دەبن. مەبەستی سەرەكیی ئەو گرووپە چەكدارانەی پەكەكە پەلكێشكردنی هێز و سوپای توركیایە بۆ ناو قووڵایی سنووری هەرێمی كوردستان و زیاتر نانەوەی پشێوییە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.

*  چەكدارانی پەكەكە تا چەند پەیوەندییان لەگەڵ میلیشیاكانی دژی هەرێمی كوردستان هەیە و بۆچی لە شنگال ناكشێنەوە؟

- چەكدارانی پەكەكە لەو كاتەی هاتنە شنگال تا ئێستا پەیوەندییەكی توندوتۆڵی سەربازی و لۆجستی و داراییان لەگەڵ میلیشیاكاندا هەیە و ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی پەكەكە مووچە و هاوكارییان لێ وەردەگرن، گرنگی و ستراتیژیی ناوچەكەی شنگال وا دەكات كە چەكدارانی پەكەكە بە دەست لەپشتدانی هەرێمایەتی لە شنگال و ناوچەكە نەكشێنەوە، هەر ئەوانن بوونەتە هۆكاری ئەوەی شنگال ئاوەدان نەبێتەوە و ئیدارە و دەسەڵاتی حكومەتی كوردستانیشی بۆ نەگەڕێتەوە، لەلایەكی دیكەوە ماوەی نزیكەی دوو ساڵ دەبێت بە پاڵپشتیی میلیشیاكانی چەكدارانی پەكەكە لێرە و لەوێ لە سنووری مەخموور دەردەكەون و كێشە دەنێنەوە.

* پەكەكە ماوەیەكە جموجووڵە گوماناوییەكانی دژی هەرێمی كوردستان زیاتر كردووە، ئایا كێ لە پشت ئەم كار و مەرامەیاندایە؟

-  دەبێت هەموومان وەكو كوردێكی نەتەوەیی ئەوەمان بۆ ڕوون ببێتەوە كە چەكدارانی پەكەكە حكومەتی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بە دوژمنی خۆیان دەزانن، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان لە سایەی پارتی و بارزانیدا هاتووەتەدی، هیچی كەمتر نییە لە دەوڵەت و سەربەخۆیی، چونكە فیدڕاڵییەتی هەرێمی كوردستان بە دەستوور و یاسا چەسپێندراوە، چەكدارانی پەكەكەش ئەو لایەنە نەتەوەیی و كوردستانییە نین، كە سەربەخۆییان بۆ كوردستان بوێت، بۆیە بە پیلان و دەست لەپشتدانی ناحەزانی كورد و كوردستان هەرچی بۆیان بكرێت، لە دژی باشووری كوردستانی دەكەن، هەر وەكو ئەو ئاگرەی لە بازاڕی قەیسەریی هەولێریان بەردا، كە بووە هۆی ئەوەی خەڵكی كاسبكاری هەولێر زەرەرمەند ببن و حكومەتی كوردستانیشی سەرقاڵ كرد، چونكە چەكدارانی پەكەكە گرووپی ئامادەكراو و مەشقپێكراویان بۆ كاری تیرۆریستی و ئاگركەوتنەوە و تیرۆر و زۆر مەبەستی دیكە هەیە.

* چەكدارانی پەكەكە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای توركیایان نییە، بۆچی واز لەشەڕ ناهێنن و ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆ ناگرنەبەر؟

- چەكدارانی پەكەكە نەك لەگەڵ سوپای توركیا، بەڵكو ناتوانن لەگەڵ هێزێكی بچووكیش شەڕ بكەن، بەڵام ئەو شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوانەی لە ئۆپەراسیۆنە گەورە و بەهێزەكەی توركیا دەیكات، تەنیا بۆ ئەوەیە بڵێت من دژی توركیام كە لە هەقیەقەتدا وا نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە زیاتر كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، ئەوە لە لایەك، لە لایەكی دیكە بەو ڕەفتارانەیان وا دەكەن، كە چەكدارەكان باوەڕیان بە سەركردە خۆپەرستەكانیان بمێنێت، بەڵام ئەو سەردەمە سەردەمی ئاشتی و دیالۆگە و پێویستە كێشەی كوردی باكووری كوردستانیش لەگەڵ توركیا هەر بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت، كە لەو بارەشەوە دیتمان كە جەنابی سەرۆك بارزانی ئەو پەڕی هەوڵ و توانای خۆی بەكار هێنا و قەناعەتی بە لایەنی حكومەتی توركیا كرد كە لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە گفتوگۆ بكەن و بە ئاشتی چارەسەری كێشەكە بكەن، بەڵام سەركردەكانی پەكەكە زانییان بەو كارە سەردەمییانە و حەكیمانەیەی جەنابی سەرۆك بارزانی خەڵك و میللەتی كورد لە باكووری كوردستان بە ئارامی و بە هێمنی و ئاشتی لە شار و ناوچەكانیان دەژین، سەركردەی ئەو چەكدارە بێ بەرنامە و پلانانە هەستان پڕۆسەی ئاشتییەكەیان لەناو برد و شەڕی خەندەقی خوێناوییان بۆ میللەتی كوردی باكوور نایەوە. 

* ئایا چەكدارانی پەكەكە لەو كردەوە و چوارچێوەیەی هەیانە دەمێننەوە، یان ئومێدێك هەیە گۆڕانكاری لە پلان و مەبەستەكانیان ڕووبدات؟

- نەخێر، چەكدارانی پەكەكە بە هیچ جۆرێك چاوەڕوانی كار و كردەوەی باش و كوردانەیان لێ ناكرێت، وەك ئەوی ئێستا ڕەفتار دەكەن لە دژی هەرێم و حكومەتی كوردستان، چونكە ئەوەی لە دەستیان بێت، زۆر زیاتر و خراپتر كاری ناڕەوا و پشێوی دروست دەكەن و نایانەوێت هەرێمی كوردستان لەو قۆناغ و بارودۆخە سەقامگیر و دیموكراتییەدا بمێنێت، بەتایبەتی كە دڵنیان ئەو حكومەتە و هەرێمی كوردستان لە دەستێكی ئەمین و كوردپەروەرانەی وەكو جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی و هێزی پێشمەرگەی كوردستاندایە.

Top