دكتۆر هومام ئەلشەماع كەسایەتیی ناسراوی عێراقی و شارەزای ئابووری بۆ گوڵان:   عێراق و ناوچەكە پێویستیان بە دیدگا و ڕۆحی شۆڕشگێڕی و لێبووردەیی مەسعود بارزانی هەیە

دكتۆر هومام ئەلشەماع  كەسایەتیی ناسراوی عێراقی و شارەزای ئابووری بۆ گوڵان:     عێراق و ناوچەكە پێویستیان بە دیدگا و ڕۆحی شۆڕشگێڕی و لێبووردەیی مەسعود بارزانی هەیە

 

 

گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەركێشییەكانی بەناو بەرەی مقاوەمەی عێراقی دژ بە ئیسرائیل هەڕەشەیەكی مەترسیدارە لە ڕاپێچكردنی عێراق بەرەو چارەنووسێكی نادیار و ناجێگیربوونی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی. گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر هومام ئەلشەماع كەسایەتیی ناسراوی عێراقی و شارەزای ئابووری سازدا.

 

* وەكو كەسایەتییەكی عێراقی و شارەزایەكی بواری ئابووری، ئایا پێت وا نییە هێزەكانی بەناو بەرەی موقاوەمە لە عێراق ڕەنگە بە هۆی بەردەوامبوونیان لە جووڵەكانیان دژی ئیسرائیل، وڵاتەكە تووشی كێشەی گەورە بكەن، چونكە وا دەردەكەوێت میلیشیاتە شیعەكانی ناو بەرەی موقاوەمە گوێڕایەڵی حكومەتی عێراق نابن و ڕەنگە بەم نزیكانە عێراق لەو شەڕەی نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل تێوەبگلێنن؟

- هەموو ئەو میلیشیاتە چەكدارانەی ناوی خۆیان ناوە بەرەی موقاوەمە و بەردەوام بە درۆن هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل، بۆ گوێڕایەڵبوونیان بۆ ئێران دەگەڕێتەوە. ئەوان پێیان وایە زوو بێت، یان درەنگ، دەبێت ببنە بەشێك لەو شەڕەی كە لە نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل هەڵگیرساوە. ئەوان دەمێكە لەو شەڕەوە تێوەگلاون و سەرقاڵی كۆكردنەوەی پارەی عێراقن و بە ملیۆنەها دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق سپی دەكەنەوە و ئاودیوی دەرەوەی سنوورەكانی دەكەن. ئەوان دەمێك بوو دەیانویست محەمەد شیاع سوودانی لاببەن، بەڵام هەندێك حیسابات و مەترسیی تێكچوونی بارودۆخی نێوخۆی عێراق ڕێگر بوو لە بەردەم ئەم پیلانەیاندا. ئەوەتا وڵاتێكی وا دەوڵەمەندی وەكو عێراق كە خاوەنی نەوت و داهاتێكی گەورەی پترۆدۆلارە، كەچی ئەوە حاڵی بەهای دینارەكەیەتی، چونكە ئەم میلیشیاتانە لە ڕێگەی باڵادەستییانەوە تەمویلی شەڕی ئێران و یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی دەكەن لە دژی ئیسرائیل و ناوبەناویش بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان نەشاردووەتەوە.

* پێت وانییە سەرۆك مەسعود بارزانی ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە هێوركردنەوەی ئەو دژایەتی و بارگرژییانە و چارەسەركردنی زۆر لە كێشە هەڵپەسێردراوەكان؟ پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا تا چەند بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لە نێوان هەر دوو حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی دەبێت بۆ بەهێزكردنی ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان؟

- كاریزمایی و ڕۆڵی مێژوویی مەسعود بارزانی كە درێژكراوەی بیروباوەڕی سەركردەی گەورەی كورد مەلا مستەفا بارزانییە، ڕۆڵێكی نیشتمانپەروەریی و ئاراستەیەكی ڕاست و دروستە، بەردەوام كاری بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و عێراق كردووە. ئەم سەركردە گەورەیەی كورد پارێزەری ئاشتی و ئارامی و پێكەوەژیانە، بۆیە بە درێژایی مێژوو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ڕۆڵ و خۆشەویستی و ڕێزی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بۆ ئەم سەركردە مێژووییە دیار و لەبەرچاوە. ئەوەتا دوور لە بارگرژی و توندوتیژی بارودۆخەكەی بە سەردانێك بۆ بەغدا هێوركردەوە و پاڵپشتیی هەموو هەوڵێكیش دەكات كە ئاكامە باشەكانی بڕژێتە ناو بەرژەوەندیی گەلانی عێراقەوە. مەسعود بارزانی لێبووردە بوو بەرانبەر ئەو هێزانەشی زیانی بە نەتەوەكەی و خێزان و بنەماڵەكەی گەیاندبوو، بۆیە عێراق و ناوچەكە پێویستیان بەم سەركردە مێژووییانەی وەكو مەسعود بارزانی هەیە، بۆ تێپەڕاندنی ڕۆژە سەختەكان و بارگرژییەكان، لە ئاكامی ئەم سیاسەتە حەكیمانەیەی سەرۆك بارزانی بارودۆخە سەختەكان تێدەپەڕێنین و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر ڕوو لە باشی دەكات.

* وەكو كەسێكی شارەزا لە بانك و بواری نەختینەیی چۆن دەڕوانیتە شوێنەوارەكانی هەڵكشانی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی؟

- وەكو ئاماژەم پێدا كێشەكە زیاتر سیاسی و سەربازییە و بۆ ئەو بارگرژییە دەگەڕێتەوە كە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەری هەڵداوە و ئەگەری زۆریشی هەیە تەشەنە بسێنێت، ئەوەتا فرۆشتنی دۆلاری ڕۆژانەی بانكی ناوەندیی عێراق لە نێوان 260-270 ملیۆن دۆلاردایە، كەچی سەركەوتوو نەبووە بە ڕاگرتنی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی، هەر خۆی لە خۆیدا بە ددانپێدانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش وڵاتەكەی ڕۆژانە بۆ هێنانی كاڵاو پێداویستییەكان لە دەرەوە پێویستی بە 50 ملیۆن دۆلار هەیە. من لەتوێژینەوەیەكمدا ئەوەم سەلماندووە، كە جیاوازیی نێوان هێنراوەكان و خستنەڕووی دۆلاری ئەمریكی لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە خۆی لە 170 ملیۆن دۆلار دەدات. بە واتایەكی دیكە ڕۆژانە 170 ملیۆن دۆلار لە عێراق بۆ تەمویل و ئەجندە و بابەتی جیاواز لە ئابووری و قووتی خەڵك بەهەدەر دەدرێت، ئەمەش لەسەر حیسابی 50%ی دانیشتووانی عێراقە كە لە خوار هێڵی هەژاریدان. حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی ئەم ڕاستییە تاڵە باش دەزانێت، بەڵام ناچارە ئەو بڕە دۆلارە گەورەیە ڕۆژانە بخاتە بازاڕەوە، تاوەكو دیناری پێ بكڕێت و مووچەی مووچەخۆرانی بێ دابین بكات و دۆخی ئاشتیی كۆمەڵایەتی ڕابگرێت. هەر خۆی لە خۆیدا كاتێك وەزیری دارایی دەڵێت: لەتوانایدایە تاكو شەش مانگی داهاتوو موچەی مووچەخۆران دابین بكات، ئەوا بۆ ئەو بڕە دۆلارە دەگەڕێتەوە كە لەبەردەستی بانكی ناوەندیی عێراقدایە و ڕۆژانە بە بڕی 260-270 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە. ئەمە وێڕای ئەوەی مانگانە حەوت تریلیۆن دیناری پێویستە بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكانی بەكارخستن لەناو بوودجەی عێراقدا، بۆیە پێم وایە تاوەكو هێزەكانی بەناو موقاوەمەی عێراق بەردەوام بن لەسەر جووڵەكانیان لەدژی ئیسرائیل، ئەگەرەكانی هێرشكردنە سەر عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە زیاتر دەبێت، لەم بارودۆخەشدا زۆر زەحمەتە بتوانرێت بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی كەم بكرێتەوە. بە شێوەیەكی گشتی تا حزب و بەرەی بەناو موقاوەمە و لایەنگرانی ئێران لەعێراق دۆلاری ئەمریكی ئاودیو بكەن، ئەم دۆخە ناجێگیر و ناسەقامگیرییەی بەهای دینار و ئابووریی بەردەوام دەبێت.

* بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراقی كاریگەری و شوێنەوارەكانی لەسەر ئابووری عێراق چۆن دەبێت؟

- ئابوورییەك تەنیا پشتی بەستبێت بە داهاتی نەوت، ئەوا جگە لەوەی بارودۆخی ئابوورییەكەی ناسەقامگیرە، بەردەوامیش ئابووری و داراییەكەی ڕووبەڕووی تەحەددا و كێشەی ئاڵۆز دەبێتەوە. بە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراق، كێشەی هەڵاوسان و بێبازاڕی زیاتر دەبێت. پێشتر بانكی ناوەندیی عێراق ڕۆژانە 300 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بۆیە بارودۆخەكە و ئاودیوكردنی دۆلار بەردەوامی بە ناجێگیریی بەهای دۆلار دەدات.

ئەمریكا و دامەزراوە سیاسی و سەربازی و داراییەكانی باش دەزانن، حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی كە بە هاوبەشێكی ستراتیژیی دایدەنێن، لەژێر چ گوشارێكی ئەو میلیشیاتە شیعانەدایە كە ناوی خۆیان ناوە بەرەی موقاوەمە، بۆیە ئیجرائاتەكانی بانكی ناوەندی بەرانبەر حكومەتەكەی شیعاع سوودانی توند نابێت، لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا باش دەزانێت هەموو ئەم پارانەی عێراق دەچێتە ناو بەرژەوەندیی هێزە چەكدارەكانی سووریا و لوبنان و یەمەن، بۆیە ئەم ناجێگیرییەی بەهای دۆلار لەگەڵ گرژییەكانی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت.

* سەبارەت بە بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە زیانەكانی لە 21 ملیار دۆلار تێپەڕی كردووە، ئایا ڕێگری چییە لە دووبارە هەناردەكرنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كارپێكردنی بۆریی نەوتی كەركووك - جەیهان؟

- لە بەرژەوەندیی عێراقدایە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێ بكاتەوە و قەرەبووی ئەو هەموو زیانە بكاتەوە، ئیشپێكردنەوەی بۆریی نەوتی كوردستانیش لە كەركووكەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا گرنگە، بەتایبەتی لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری بارگرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئەگەری ڕاگرتن و بەرزبوونەوەی مەترسییەكانی بارگرتنی نەوت لە ڕێگەی كەنداوەوە، هەندێك لەو هێزە چەكدارانەی لەژێر ئەجندای دەرەكی كار دەكەن و دەسەڵاتیان لەناو پەرلەمان و حكومەتی عێراق هەیە، ڕێگرن لە گەیشتن بە ڕێككەوتنێك بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و ڕاگرتنی ئەو زیانە گەورەیەی بەر عێراق دەكەوێت، ئەمەش بابەتێكی سیاسییە زیاتر لەوەی تەكنیكی بێت.

* ئایا بارودۆخەكە لەبارە بۆ ئەوەی نەك تەنیا چارەسەری كێشەكان بكرێت، بەڵكو لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان تەكامولێكی ئابوورییش دروست ببێت؟

- كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵیدا، بۆیە دەبێت بەپێی دەستوور و یاسا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. نزیكبوونەوەی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ كە دەستپێشخەرییەكەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی باشی لێكراوە، دوا دەرفەتی ئەو نزیكبوونەوە و بەهێزبوونی پەیوەندییانەیە كە ئومێدی تەكامولی ئابووری لێدەكرێت لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی كوردستان و گەلی عێراق، ئەوەتا دەنگ و دژایەتیی ئەو هێزانەشی كە ئیرەییان بەم پێشكەوتنانەی كوردستان و پەیوەندییانە دەبرد، كپ كراوە. ڕاستە لێرە و لەوێ عەقڵییەتی داخراو و ئەجیندای دەرەكی و مەرام و بەرژەوەندیی شەخسی ئاستەنگ و بەربەست دادەنێن، بەڵام لە ئاست پەیوەندییەكاندا ئەم دەنگ و هەوڵانە لاوازن. سەبارەت بە تەكامولی ئابووری چەند نموونەیەك هەیە. عێراق ساڵانە 11 ملیار دۆلار كاڵا و شمەك و غاز و سووتەمەنی لە ئێرانەوە دەهێنێت، لە كاتێكدا زۆربەی هەرە زۆری ئەم پێداویستییانە لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە. هەولێر زۆر پێشكەوتووە و كەرتی بەرهەمهێنانی ڕووی لەگەشەكردن كردووە، دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم هەوڵ بدەن، ئەم بەرژەوەندی و پەیوەندییانە دوو لایەنە بێت و وەبەرهێنەرانی عێراقیش ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە هەموو پەیوەندی و بەرژەوەندییەك ئەگەر بەسوود و قازانجی هەردوو لا بێت، زامنی بەردەوامی دەبێت. 

* كێشە گەورەكەی عێراق لە ئابوورییەكەی و پشتبەستن بە تاكە سەرچاوەی فرۆشتنی نەوتە، ئایا حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی لە جێبەجێكردنی سیاسەتی فرەچەشنكردنی داهاتی ناوخۆ سەركەوتوو بوو؟

- بەداخەوە حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی لە هەوڵەكانی پەرەپێدان و بووژانەوەی هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بەپێی پێویست سەركەوتوو نەبووە، هەر دوو كەرتەكە لەبەردەم ئالنگاریی و ئاستەنگی گەورەدان، كەرتی كشتوكاڵ بە هۆی وشكەساڵی و كەرتی پیشەسازییش بە هۆی سیاسەتی هەڵەی پشتبەستن بە داهاتی فرۆشتنی نەوت و قەبەیی خەرجییەكانی بەكارخستن. بۆ دەربازبوون لە قەیرانە ئابووری و داراییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی داهاتی ناوخۆ زۆر گرنگە ڕوو لەم دوو كەرتە بكرێت.

 

Top