بە ئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی ڕێوڕەسمی پلاتفۆڕمی هیوا و گرنژین لە هەولێر بەڕێوە چوو
540 یەکەی نیشتەجێبوون بە خانەوادەی سەربڵندی شەهیدان پێشكەش كران
ڕێوڕەسمی پلاتفۆڕمی هیوا و گرنژین لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە چوو، كلیلی 540 یەکەی نیشتەجێبوون لە لایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی بە خانەوادەی سەربڵندی شەهیدان پێشكەش كرا، هاوكات منداڵانی تووشبووی تالاسیمیا، ئۆتیزم، نەخۆشی چارەسەركراو لە دەرەوەی وڵات، منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و منداڵانی ئازیزی یەكەمی قوتابخانەكان لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون و خەڵات كران.
بە ئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و ئیداری و چالاكانی مەدەنی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێكەوتی 13\10\2024 لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتی بە ناوی (پلاتفۆڕمی هیوا و گرنژین)ی لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە برد. لەو ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەك لە منداڵانی دەرچووی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم كە دوای شیاندنەوەیان تێكەڵ بە قوتابخانەی ئاسایی دەكرێنەوە بەشدار بوون. هەروەها ژمارەیەك لە منداڵانی تووشبووی تالاسیمیا و بەشێك لە منداڵان كە بە هۆی نەخۆشیی زگماكی نەشتەرگەریی دڵیان بۆ ئەنجام دراوە و ژمارەیەك لە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت كە لە پڕۆژەی كورسیی جووڵاو (ویلچەر) سوودمەند بوون، لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون. ژمارەیەك لە منداڵانی ئازیز (بێباوك)یش كە قوتابین و بە كۆنمرەی زۆر بەرز دەرچوون و یەكەمی قوتابخانەكان بوون، بەشداری ڕێوڕەسمەكە بوون و خەڵاتی تایبەتیان پێشكەش كرا.
بەشی دووەمی ئەو ڕێوڕەسمە، چالاكییەكی گەورە بوو، بۆ خزمەتكردنی بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەی كە لە شەڕی دژی داعش و بەرگری لە خاك و كیانی كوردستان شەهید بوون. كلیلی 540 یەکەی نیشتەجێبوون لە لایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی بە خانەوادەی سەربڵندی شەهیدان پێشكەش كرا.
ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حكومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێوڕەسمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە: "بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە لەسەر ڕاسپاردە، فەرمان و ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی بووە و جەنابیان هەمیشە خۆی بە قەرزاری بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەزانێت"، گوتیشی: "هەموو خەڵکی کوردستان هەر هەموومان، خۆمان بە قەرزاری ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست (بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان) دەزانین؛ خزمەتکردنی ئێوە، ئەرکە و شانازییە بۆ ئێمە".
ڕێزدار سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە درێژەی وتارەكەیدا سەبارەت بە پێشکەشکردنی 540 یەکەی نیشتەجێبوون بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، گوتی: "ئەرکێکی زۆر بچووکە لە بەرانبەر ئەو قوربانییەی ئێوە بۆ گەل و وڵاتەکەتان داوە، هیچ شتێک ناتوانێت قەرەبووی قوربانی ئێوە بکاتەوە، مەگەر خوا بۆ خۆی، چۆن ئێوەی سەربەرز کردووە لەم دونیایە، پاداشتی ئێوە لەو دونیایەش بداتەوە ئینشائەڵلا." ئەوەشی دووپات کردەوە: "هەرچی بکەین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، هەر کەمە و بەداخەوە لەبەر بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەكە، لەوانەیە نەمانتوانیبێت وەکوو پێویست لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا بین، هەرچەندە خزمەتکردنی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ئەرکی لەپێشینەی حکومەت بووە و هی تاکە تاکی ئێمە بووە، هی دەزگای خێرخوازیی بارزانییش بووە". گوتیشی: "هەوڵمان داوە ئەوەی پێمان بکرێت بۆ ئاسانکردنی گوزەری ژیانی هاووڵاتییان بەتایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بیکەین؛ وەک دابینکردنی ئاسانکاری و پێدوایستیی تەندروستی بۆ ئەو کەسانەی پێویستییان پێیەتی، یانیش دابینکردنی هەلی خوێندن بۆ منداڵانی سەربەرزی شەهیدان".
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەو ڕێوڕەسمەدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە كرد كە "ڕۆژ بە ڕۆژ متمانەیەكی زیاتر لە نێوان هاووڵاتیانی كوردستان و سەرمایەداران و ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دروست دەبێت و وەكو پردێك سەیری دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكرێت، كە هەمیشە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت و لە هەر شوێنێك پێویست بێت، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشمەرگە ئاسا لەو شوێنە ئامادە بن و ئەو وتەیەی جەنابی بارزانیی نەمر بەجێ بهێنن كە فەرموویەتی: شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت. هاوكات گوتی: "دوو ساڵ لەمەوبەر جەنابی سەرۆك وەزیران پێی گوتین كە جەنابی سەرۆك بارزانی یەكێك لە ئاواتەكانی ئەوەیە كە هیچ خانەوادەیەكی شەهید نەبێت كە یەكەی نیشتەجێبوونی وەكو دیارییەكی بچووك پێ نەدرێت. ئێمە لە ژێر سەرپەرشتیی جەنابیان دەستمان پێكرد و تا ئێستا بە ئەمڕۆوە 968 یەكەی نیشتەجێبوون ئامادە كراون. بەشێكیان لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتی لە دهۆك و بەشێكیشی ئەمڕۆ پێشكەش دەكرێن". گوتیشی: "جەنابی سەرۆك بارزانی پێی خۆش نییە كە ناوی لە بابەتی هاوكارییەكان بێت، بەڵام پشتیوان بووە لەو پڕۆژەیەی كە تەواو بووە و ئەمڕۆ پێشكەشی ئێوەی خۆشەویستی دەكەین.
بەڕێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە سەرجەم پڕۆژەكانی خزمەتكردن بە منداڵانی نەخۆش و ئازیز و خاوەن پێداویستییانی تایبەت بە پشتیوانی و ڕاسپاردەی جەنابی مەسرور بارزانی بووە. ئەوەشی خستەڕوو كە هەر كەسێك پشتیوانیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هاریكاریی مرۆیی كردبێت، هەموو هاوكارییەكەی تۆمار كراوە و دەستنیشان كراوە كە چۆن و لە كوێ بۆ لێقەوماوان و هەژاران دابەش كراوە. ئەوەشی بە هۆكارێك ناو برد كە متمانەیەكی بەهێزی لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەخشەرانی كوردستان و هاریكاریبەخشانی نێودەوڵەتی دروست كردووە. هاوكات گوتی: "عێراق ئێستا لە دەرەوەی لیستی هاوكارییەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانە بەڵام تەنیا لە ئەمساڵدا زیاتر لە 27 ملیار دینار لە ڕێگەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە پێشكەش كراوە بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆر".
بەڕێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەشی كۆتایی وتارەكەیدا مزگێنی ئەوەی بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دا، كە لە ژێر ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و بە پشتیوانیی ڕێزدار سەرۆكی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پڕۆژەی دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بەردەوام دەبێت.