نەوزاد هەمەوەندی مامۆستای زانكۆ: دەبێت پرۆسەی سەرژمێریی گشتی، دوور بێت لە مەرامی سیاسی و داتا و زانیارییەكان  بە لاڕێدا نەبرێن

نەوزاد هەمەوەندی مامۆستای زانكۆ:  دەبێت پرۆسەی سەرژمێریی گشتی، دوور بێت لە مەرامی سیاسی و داتا و زانیارییەكان  بە لاڕێدا نەبرێن

 

 

سەرژمێری، گرنگیی لە ڕاددە بە دەری بۆ كەرتەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی هەیە، بۆیە دەبێت هەموو چەند ساڵێك ئەم پرۆسە فراوان و گرنگە ئەنجام بدرێت. بەڵام دەبێت ئەم پرۆسەیەی سەرژمێریی گشتی، دوور بێت لە ئەجیندە و مەرامی سیاسی و ژمارە و زانیارییەكان و داتاكان بە لاڕێدا نەبرێن، یان زۆرجار لە سەرژمێرییەكاندا داتا و زانیاریی هەڵە و بە ئەنقەست بڵاو دەكرێنەوە. لە دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ماددەی 112ی بڕگەی 1 باس لە ئیدارەدان و بەرهەمهێنانی نەوت دەكات، كە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان و حكومەتی ناوەندیی عێراق سەرپەرشتی دەكرێت و دواتر داهاتەكەی بەپێی ڕێژەی دانیشتووان، دابەش دەكرێت. ئا لێرەدا ئەم خاڵە ڕەنگە سوودێكی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت، چونكە لە ئێستادا لە پرۆسە یاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا بەشێكی داهاتەكەی دەستی بەسەردا گیراوە و نادرێت، كاتێك سەرژمێرییەكە ئەنجام دەدرێت، ئەو كات بەپێی ئەو سەرژمێری و داتا و زانیارییەی كە لەسەر ژمارەی دانیشتووان كۆ كراوەتەوە، مافی تەواوی هەرێمی كوردستان لە داهاتی نەوت و بوودجەی گشتیی عێراق دیاری دەكرێت.

 

Top