د. ئازاد عەزیز مامۆستای زانكۆ: پێویستە بەپێی ماددەی 140ی دەستوور، ناوچە جێناكۆكەكان بارودۆخیان ئاسایی بكرێتەوە، ئەو كات سەرژمێریی گشتی لەو ناوچانە ئەنجام بدرێت

د. ئازاد عەزیز مامۆستای زانكۆ:  پێویستە بەپێی ماددەی 140ی دەستوور، ناوچە جێناكۆكەكان بارودۆخیان ئاسایی بكرێتەوە، ئەو كات سەرژمێریی گشتی لەو ناوچانە ئەنجام بدرێت

 

 

سەبارەت بەو سەرژمێرییەی كە بڕیارە لە 20ی تشرینی دووەمی داهاتوو لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەوا زۆر گرنگە گفتوگۆی جددی و ڕاشكاوانەی لەسەر بكەین و بەسەر دوو تەوەردا دابەشیان بكەین:

یەكەمیان: ئەو سەرژمێرییەی كە لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجام دەدرێت. دووەمیان: ئەو سەرژمێرییەی كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكرێت.

سەرژمێرییەكەی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو كەرتەكان و ئابووری گرنگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو سەرژمێرییەی لەبەردەستیدایە، هەموو پلان و پڕۆژەكانی خۆی دابڕێژێت، بەڵام سەبارەت بەو سەرژمێری و دەرئەنجامەكانی كە بڕیارە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام بدرێت، ئا لێرەدا پێویستە هەڵوەستەیەك بكەین، بەوەی لەناو هەموو حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق پرۆسەی تەعریب لەو ناوچانە بەردەوامی هەبووە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، پرۆسەی تەعریبەكە ڕانەوەستاوە. بۆیە پێویستی بەوە هەیە، پێش ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، هەموو ئەو ماددە دەستووری و بڕگانەی لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، لەو ناوچانەدا جێبەجێ بكرێن، كە تایبەتە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەی كە تایبەتن بە ماددەی 140ی دەستووریی هەمیشەیی عێراق، بە شێوەیەك ئەو ناوچانە بگەڕێنرێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان و هەموو ئەو عەرەبە هاوردانەی هێنراونەتە ئەم ناوچانەش، بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، بە پێچەوانەشەوە هەموو ئەو كوردانەی كەركووك و ناوچەكانی ماددەی 140 كە ئاوارەی شار و پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بوون، بگەڕێنەوە بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان، كە جوگرافیای ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، كە پێویستە ئاسایی بكرێنەوە، ئەو كات ئەو سەرژمێرییە لەو ناوچانەدا ئەنجام بدرێت، تاوەكو لە ڕووی سیاسییەوە غەدر لە ڕەسەنایەتی و كوردستانییەتی ئەو ناوچانە نەكرێت و، هەندێك لایەنی سیاسی دەرئەنجامی سەرژمێرییەكە بۆ مەرام و ویستی سیاسی دژ بە كورد بەكارنەهێنن.

 

Top