د. خەڵات موسا مامۆستای زانكۆ: دەبێت بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاسایی بكرێنەوە، ئینجا سەرژمێریی گشتی لەو ناوچانە بكرێت
سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، پرۆسەیەكی ئاساییە بۆ زانین و دەستكەوتنی گشت زانیارییەك لەسەر ژمارەی دانیشتووان و زانیاری لەسەر هەموو تاكێكی خەڵكی عێراق، هەرێمی كوردستانیش وەكو هەرێمێكی دەستووری و یاسایی لەناو چوارچێوەی عێراقدا ئەو سەرژمێرییە دەیگرێتەوە. لەم سەرژمێرییەدا هەموو كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان بە دیار دەكەون، بەتایبەتی لە سێكتەرەكانی خوێندن و تەندروستی و زیادبوونی ژمارەی تاكەكانی ناو كۆمەڵگە لە پارێزگا و دەڤەرەكان، بەراورد بە پارێزگا و دەڤەرەكانی دیكە. ڕەنگە مەترسییەكە تەنیا لەوەدا بێت، كە زۆر ناوچەی كوردستانی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە كەركووك و دیالە و مووسڵ كە هێشتا ماددەی 140ی دەستووری تێیدا جێبەجێ نەكراوە و نەتوانراوە بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێنەوە، بەتایبەتی كە تاوەكو ئێستا خەڵكێكی زۆری ئەو ناوچانە و كوردی ڕەسەنی ئەو پارێزگایانە نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و خەڵكێكی زۆری عەرەبی هاوردەش هەن، كە نەچوونەتەوە شوێنی ئەسڵیی خۆیان.