یەكەمین دیداری فیلمی كوردی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت
دەزگای ڕۆشنبیری و هونەری كەركوك بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری كەركوك یەكەمین دیداری فیلمی كوردی لە بەغدا سازدەكات كە ئەم دیدارە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەرهەمی هەر چوار پارچەی كوردستان كۆدەكاتەوە.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی11/ تشرینی دووەم,یەكەمین دیداری فیلمی كوردی لە بەغدا بەڕێوەبچێت و دەستپێكی ئەم دیدارە بە فیلمی (ئالودە) دەبێت كە هونەرمەند (سیروان محەمەد) كاری دەرهێنانی ئەنجامداوە,هەروەها لە دیدارەكەدا 23 كورتە فیلمی كوردی نمایش دەكرێت.
هەروەها لەگەڵ نمایشكردنی ئەو فیلمانەی كە بۆ ئەم دیدارە نێردراون,لەلایەن سینەماكارانی بە ئەزموون و هونەرمەندانی بواری فیلمی سینەمایی,كۆڕی ڕەخنەیی بەڕێوەدەچێت و دەربارەی كارە سینەماییەكان ڕەخنەو تێبینییەكانی خۆیان دەخەنەڕوو.
شایەنی باسە..دوای وەرگرتنی فیلمەكان و داڕشتنی بەرنامەكان بۆ شێوازی بەڕێوەچوونی كارەكان,لەلایەن ئامادەكاران و لیژنەی باڵای ئەم دیدارەوە ڕاگەیەندرا بە پێی ئەوەی كە ئەم چالاكییە دیدارە ئەوا كێبركێ ناكرێت لە نێوان فیلمەكاندا و باشترین فیلم دیاری ناكرێت,بەڵكو هەموو ئەو 23 فیلمەی كە بەشدارن لە دیدارەكەدا بە تێكڕا دیاری ڕێزلێنانیان پێ دەبەخشرێت.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی