پەرژین جەعفەر حاجی ڕۆستەم: هەنگاوەكانمان بە كردەیی دەخەینە خزمەت ئەو بەرنامە چڕانەی وەك بەڵێن بەخەڵكمان بەخشیوە

پەرژین جەعفەر حاجی ڕۆستەم:  هەنگاوەكانمان بە كردەیی دەخەینە خزمەت ئەو بەرنامە چڕانەی وەك بەڵێن بەخەڵكمان بەخشیوە

 

پەرژین جەعفەر حاجی ڕۆستەم، كاندیدی ژمارە 11 لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بازنەی هەولێر و یەكێكە لەو كاندیدە ئافرەتانەی بە متمانەیەكی بەهێز و بە كۆمەڵێك بەرنامە هاوشانی بەرنامە بنەڕەتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كێبڕكێی سەركەوتنە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. ناوبراو كچی باوكێكی پێشمەرگە و خوشكی شەهید (ئیدریسە) و دوو خوشكی لە پرۆسەی ئەنفالی گەرمیان تاكو ئێستا لە بیابانەكانی نوگرە سەلمان بێسەروشوێنن، مامۆستا پەرژین جەعفەر حاجی ڕۆستەم، جگە لەوەی بڕوانامەی ماستەری لە مێژوو هەیە، نووسەرێكی دیاریشە لەبواری مێژووی سیاسی. لە دیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە پڕۆژە و بەرنامەكانی دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

* وەك كاندیدێك لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، گوتار و دروشمتان چییە؟

- لای خەڵكی كوردستان و نەیار و دۆستی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕوون و ئاشكرایە، دروشم و گوتارمان بەشێكە لە واقیعیەتی كۆمەڵگەكەمان، كە هەڵقوڵاوی خواست و ویست و ئیرادەی میللەتێكە، ئامۆژگاری جەنابی سەرۆك مسعود بارزانییە، بەڵێنێك بە میللەتەكەمان نەدەین كە نەتوانین جێبەجیێ بكەین، بەردەوام لەو ئاستە دەبین كە ڕەنگدانەوەی واقیعی كوردستان بێت، بە دروشمی(ئارامی و ئاوەدانی، پێكەوەیی و خۆڕاگری) پێشمەرگە ئاسا خۆمان دەخەینە بەردەم ڕای هاووڵاتییانی كوردستان. هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو تەحەدیانە بووینەتەوە كە ویستوویانە یەكڕیزی میللەتەكەمان تێك بدەن و بە فشارەكانیان لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان پاشەكشەمان پێ بكەن، بەڵام بەوپەڕی ئیرادە و خۆڕاگرییەوە بە پشتیوانی خودا و میللەتەكەمان و بە حەكیمی سیاسەتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی ئەو قۆناغانەمان كرد بە مێژوویەكی پڕ سەروەری بۆ هەموو كوردستانیان.

* وەك ئافرەتێك بەرنامەكانی خۆت لە دەرەوەی بەرنامە گشتییەكەی لیستەكەتان، زیاتر كار لەسەر چ بنەمایەك لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان دەكەن؟

- كارنامەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و لیستەكەمان 190 لەسەرجەم كوردستان لە كۆمەڵێك سێكتەر خۆی دەبینێتەوە، ئامانج تێیدا خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە، جەختكردنەوەیە لە سەرجەم كارەكانی پێشووی كابینەكانی حكومەتی كوردستان، دابینكردنی خزمەتگوزاری زیاتر و شایستەبەخشین بە هەموو چین و توێژەكان، پرسی ئاوەدانكردنەوە، ئاوڕدانەوەیەكی جیاوازتر لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، ژیانەوەی ئابووری جیاواز لە پرسی نەوت و سامانە سرووشتییەكان، بەڵكو پیشەسازی و كشتوكاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی بكەین بە هەنگاوی ئاییندەییمان بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان. لە سێكتەرەكانی تەندروستی و پەروەردە و كارەبا و هەموو ئەوانی دیكە هەنگاوەكانی كابینەی 10یەم لە خزمەتی ستراتیژییەكی درێژخایەن و كورتخایەن دەبێت.

كۆمەڵێك پرسم لە ئەولەویەتی خۆم داناوە كە هەموویان لە پێناو دەوڵەمەندكردن و خێراتر كردنی پرۆژەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە كابینەی 10م، بەتایبەتی لە پرسی گەنجان و ئافرەتان و كاسبكاران و پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەكان و خانەوادەی شەهیدان، بە دڵنیاییەوە كاری جیدی دەكەین و خۆمان تەرخان دەكەین بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانمان، ئەگەر شایستەی متمانەی خەڵكی بەشەرەفی بازنەی هەولێر بووین، ئەوكات هەنگاوەكانمان بە كردەیی دەخەینە خزمەت ئەو بەرنامەچڕانەی وەك بەڵێن بەخەڵكمان بەخشیوە.

* لە خولەكانی ڕابردوودا پەسەندكردنی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، ئایا ئێوە لە داهاتوودا چ هەنگاوێك لەمبارەیەوە دەنێن؟

- بەداخەوە ئەو پرسە كرایە قوربانی ململانێیەكی حزبیانە و چارەنووسی هەرێمی كوردستان بووە بەشێك لە ئەجێندای تەسكی حزبی، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە هەوڵ و كۆششی بەردەوامدا بوونە بۆ ئەوەی بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە چوارچێوەی هەرێمە فیدراڵییەكان ببین بەخاوەن دەستوورێك كە نەخشەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی دەستنیشان بكات. لە سەرجەم خولەكانی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان و لە نێو لێژنەی ئامادەكاری ئەو پڕۆژە یاسایە، پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونترین ڕوئیای بۆ پەسەندكردنی ئەو دەستوورە هەبووە، هەرجارە و لایەنێك لە پێناو جێبەجێنەكردنی هەنگاوەكانی بوون بە خاوەن دەستوور، هەرێمی كوردستان خراوەتە بەردەم مەترسی، ئێمە لەم خولەدا كۆششێكی دیكە دەكەین، هەوڵدەدەین سەرجەم لایەنەكان بهێنینە سەر مێزی گفتوگۆ، بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و ئاییندەی كوردستانیان لە بەرچاوبگرین بەوەی كە دەستوور دەبێتە هۆكارێكی دیكەی چەسپاندنی دیموكراسی و حوكمڕانی هاووڵاتی.

* نەخشەی كابینەی دەیەم ڕوونە بەسەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت، هێڵی گشتی كاركردن و پێكهێنانی كابینەكەتان دیراسە كردووە؟

_ پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە سەرچاوەی دڵنیایی و تەبایی و ڕێزگرتن بووە لە ڕای میللەتەكەی خۆی، هیچ كاتێك نەترساوە لە خۆخستنەبەردەم ڕای جەماوەری كوردستان، بۆیە كابینەی دەیەم بەدڵنیاییەوە بە سەرۆكایەتی و پرۆژە گرنگەكانی جەنابی كاك مەسرور بارزانی دەبێتە هێڵی گشتی كاركردنی كابینەكە، هەوڵدەدرێت كابینەیەك بێت وەك هەمیشە هاووڵاتی سەنتەر بێت، وەك جەنابی كاك مەسرور بارزانی دەڵێت: بەرپرس نین، بەڵكو خزمەتكاری خەڵكی كوردستانین، هەر لایەنێكیش لە چوارچێوەی ئەم خزمەتكارییەدا ئامادەیی هەبێت شان بداتە بەر حوكمڕانی، پارتی لە جیاتی یەك دەرگا، هەموو دەرگایەكی دیكەی بۆ واڵا دەكات، هەرچەندە لە ئێستاوە زووە لەسەر ئەم پرسە قسە بكرێت، بەڵام خەڵكی كوردستان ئەو ڕاستییە دەزانن پارتی لە پێكهێنانی كابینەكانی حكومەتدا ئەوەندەی مەبەستیەتی خزمەت پێشكەش خەڵك بكات، ئەوەندە مەبەستی نییە چەند پۆست و چۆنی بەردەكەوێت.

 

Top