رۆژانە چەند كالۆری دەسووتێنیت؟

رۆژانە چەند كالۆری دەسووتێنیت؟

  لەش ڕۆژانە بڕێك كالۆری دەسووتێنێت بەبێ هیچ مەشقێكی وەرزشی، ئەمەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دی جیاوازە بەپێی ڕەگەز، تەمەن، درێژیی باڵا، ئاستی چالاكیی فیزیكی، تەندروستیی كەسی، لەگەڵ كێشی لەش. سووتاندنی بڕی زیادی كالۆری كە زیاتر بێت لەو بڕە كالۆرییەی كە لە خۆراكەوە وەردەگیرێت، دەبێتە هۆی دابەزینی كێشی لەش. لە كاتی حەسانەوەدا، لەش بۆ ڕاپەڕاندنی فرمانی كۆئەندامەكان بڕێك وزە سەرف دەكات، بۆنموونە هەناسە، سووڕی خوێن، هەرسكردنی خۆراك، هەروەها نوێبوونەوەی خانەكان، بەمەش دەگوترێت تێكڕای میتابۆلیزم لە حەسانەوەدا RMR كە زۆربەی كالۆریی سەرفكراوی ڕۆژانە پێك دەهێنێت، بۆنموونە لە كەسانی پێگەیشتوودا دەگاتە 1600 كالۆری بۆ پیاو و 1400 كالۆری بۆ ئافرەت. بە مەشقی وەرزشی بڕی زیاتر كالۆری دەسووتێت، ئەو مەشقانەی كە دەبنە هۆی زیادبوونی لێدانەكانی دڵ وزەی زیاتر سەرف دەكەن، بۆنموونە لێخوڕینی بایسكل لە یەك كاتژمێرا نزیكەی 250 كالۆری سەرف دەكات، ڕاكردنی مامناوەند 400 كالۆری، مەلەكردن 350 كالۆری، پیادەڕۆیی مامناوەند 150 كالۆری، ئیشی ناوماڵ 230 كالۆری، تۆپی پێ 500 كالۆری یان زیاتر.

Top