ســـەرۆك بـــارزانی: شۆڕشی ئەیلوول بە داستان و نەبەردییەكانییەوە، دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانی چەندین هەنگاو بەرەو پێشەوە برد

ســـەرۆك بـــارزانی: شۆڕشی ئەیلوول بە داستان و نەبەردییەكانییەوە، دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانی چەندین هەنگاو بەرەو پێشەوە برد

سەرۆك مەسعود بارزانی، پەیامێكی بە بۆنەی ساڵوەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەری و سیاسی و چەكداریی جەماوەری كوردستان بوو."

ئەمڕۆ چوارشەممە 11/9/2024، سەرۆك بارزانی پەیامێكی بە بۆنەی ساڵوەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بڵاو كردەوە و دەڵێت: "شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەری و سیاسی و چەكداریی جەماوەری كوردستان بوو، بۆ بەرگریكردن و چەسپاندنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان، شۆڕشی ئەیلوول ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ مرۆڤی كورد گەڕاندەوە و بوو بە بنەمایەكی بەهێزی سیاسی و ڕێكخراوەیی و جەماوەری بۆ بەردەوامیی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری."

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: "شۆڕشی ئەیلوول بە داستان و نەبەردییەكانییەوە و بە خۆڕاگریی سەركردایەتی و پێشمەرگە و جەماوەرەوە، دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانی چەندین هەنگاو بەرەو پێشەوە برد و بووە ئیلهامبەخشی خەبات و تێكۆشان بۆ قۆناغەكانی تری خەباتی گەلی كوردستان."

هەر لە پەیامەكەیدا، سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لە 63ـیەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین، هەروەها پێزانینم بۆ فیداكاری و ماندوونەناسیی هەموو ئەو پێشمەرگە و خەباتگێڕ و قارەمانانە هەیە كە شوێن پەنجەیان لەو شانازییە نیشتیمانییەدا دیارە، ئەو قارەمانانە مێژوویان بۆ گەلەكەیان تۆمار كردووە و ژیان و خەباتی هەركامەیان وانەی خەبات و خۆڕاگرییە."

Top