یادگار مەحمود ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق- سلێمانی-: بە سازشی عەرەبی سوننە بۆ یاسای لێبووردنی گشتی خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای باری كەسی لە پەرلەمان كرا
بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی ناڕەزاییەكی زۆر توند لەسەر پێشنیاری هەمواری باری كەسیی عێراق هەبوو بەوەی نەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ نەكرێت، بەڵام بەهۆی گوشار و هەڕەشەی فراكسیۆنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، بەوەی ئەگەر ئەم پێشنیارە نەخرێتە بەرنامەی كاراوە ئەوە پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتیش كە لایەنی عەرەبی سوننە زۆر مەبەستیانە نەدەتوانرا بخرێتە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی بۆ بكرێت، ڕاشكاوانەتر عەرەبی سوننە سازشیان كرد بۆ ئەوەی یاسای لێبووردنی گشتی بخرێتە بەرنامەی كارەوە.
لەگەڵ ئەوەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەناو پەرلەمان توانیان بە گرێدانی سەفقە پێشنیارەكە بخەنە بەرنامەی كارەوە، بەڵام ڕای گشتی شەقامی عێراقی زۆر بەتوندی دژی وەستایەوە و، تەنانەت لە تەواوی هەرێمی كوردستانیشەوە ڕای گشتی لە دژی ئەو هەموارە بەرز بووەو دژی وەستایەوە، بەراستی ئەم هەموارە سووكایەتییە بە مافەكانی مرۆڤ، بە مافەكانی ئافرەت بە شكۆی خێزان لە هەموو عێراقدا.
ئەم هەمواركردنەوەیە ڕۆڵی دادگاكان پەراوێز دەخات و دەرگایەك دەكاتەوە كە پرۆسەی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا ئەنجامبدرێت، بوار بە شتی زۆر سەیر دەدات وەك مارەكردنی كچان لە تەمەنی نۆ ساڵیدا كە هێشتا منداڵە و نازانێت پرۆسەی هاوسەرگیری مانای چییە؟ ئەمەش دەكرێت بە یاسا و دەبێت كۆمەڵگە وەك دیاردەیەكی ئاسای قبوڵی بكات.
مەرامێكی سیاسیی بە بەرنامە نەخشەی بۆ ئەم هەمواركردنە داڕشتووە، ئەویش بەرنامەی لایەنە سیاسییە شیعییەكانە بۆ ئەوەی خۆیان بەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق فەرز بكەن، ئەم یاسای باری كەسیەی كە ئێستا لە عێراق كاری پێدەكرێت، مامەڵە لەگەڵ هەموو پرسەكانی باری كەسی وەك « هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات، لە خۆگرتنی منداڵ دوای جیابوونەوە ..هتد» هەموو ئەو پرسانەی ڕێكخستووەو بە یاسا كێشەكانی چارەسەركردووە.
لەڕووی مرۆڤایەتیشەوە دیسان ئەم هەمواركردنەوەیە پێشێلكردنی بەها مرۆییەكانیشە، بەتایبەتی بەها و شكۆ و مافی ئافرەت، مافی منداڵ ، پچڕانی شیرازەی خێزان، زیادبوونی جیابوونەوە و تەڵاق، كە ئەمانە هەموویان كێشەی گەورەیان بۆ دروست دەبێت.
لە ئێستادا دەبێت زۆر واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارە بكرێت، لایەنە شیعیەكان پاساویان ئەوەیە لە فیقهی جەعفەریدا پرسی تەڵاق زۆر سنوردار كراوە و مامەڵەیەكی توند لەگەڵ تەڵاق دەكات، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی ئەو ڕێژە بەرزەی تەڵاق شتێكی باشە، بۆیە دەكرێت پرۆژە یاسای جێگرەوە ئامادەبكرێت و دەكرێت لەو پرۆژە یاسایەدا سوود لەو لایەنەی فیقهی جەعفەری وەربگیرێت یان بوار بدرێت شیعەكان بەو مەزهەبە مامەڵە لەگەڵ پرسی تەڵاق و جیابوونەوە بكەن، بەڵام بواردان بە بە شوودانی كچی منداڵ «زواج القاصرات» ئەمەیان چۆن قبوڵ دەكرێت كە هەموو بەها مرۆییەكان پێشێل دەكات.
لە ئێستادا هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی تێپەراندنی هەمواری ئەم یاسایە ڕابگیرێت و خویندنەوەی دووەمی بۆ نەكرێت و نەخرێتە دەنگدانەوەو بەزۆرینە تێنەپەڕێنرێت، بەڵام ئەگەر بەزۆرینە تێپەڕێنرا ئەوا كۆمەڵێك گۆڕانكاری خراپ بۆ كۆمەڵگە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە وەك لە سەرەتاشەوە ئاماژەم پێكرد ئێمە لەسەر ئاستی سیاسی و مرۆیی و یاسایی ئەم هەموارە ڕەتدەكەینەوە و هەموو هەوڵێك دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم هەموارە تێنەپەڕێت.