د.نەهلە قادر محەمەد ئەفەندی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: ئەگەر ئەم یاسایە هەموار بكرێت ڕێژەی تەڵاق 10 بەرامبەر و زیاتریش بەرز دەبێتەوە
د.نەهلە قادر محەمەد ئەفەندی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و ئەندامی لیژنەكانی « ئافرەت و خێزان و منداڵ، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لیژنەی ڕۆشنبیری، لیژنەی گەشتوگوزار و ڕاگەیاندن»ـە لە پەرلەمانی عێراق و، پێشتر پرۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین بووە و یەكێك بووە لەو چالاكوانانەی ڕێكخراوەكانی مەدەنی، كە بەردەوام كاری بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئافرەت و بەدیهێنانی مافەكانی ئافرەت و منداڵ و بەدیهێنانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی كردووە، لە گفتوگۆ ئەم جارەدا «هەمواركردنی یاسای باری كەسیی عێراق و ئاكامەكانی» بەم جۆرە دیدو بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.
دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم بۆ ئەم ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆ ڕاشكاوانە لەسەر پرسێكی هەستیار كە ئەویش «هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسیی عێراقە».
من ماوەی سێ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی ئافرەت و خێزان و منداڵم، بۆیە زۆر لە نزیكەوە ئاگاداری ئەوەم كە ئامانجی پشتەوەی ئەم پێشنیار و هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسییە چییە، مەبەست لەم هەموار كردنەوەیە تەنیا تێكدانی شیرازەی خێزانی عێراقییە، ئەوجا ئەو خێزانە كورد بێت یان عەرەبی شیعە و سوننە، یان پێكهاتە نەتەوەوەیی ئایینە جیاوازەكانی دیكە كە ئێستا لە عێراق بەوجۆرە بوونیان نییە و زیاتر لە هەرێمی كوردستان هەن.
ئەو ژینگەیەی ئێستا لە ناو پەرمانی عێراقا دەبینیم هەژموونی «نێرسالاری، باوك سالاری»ی تێدا باڵادەستە و بەو ئەقڵییەتە كاروبارەكان بەڕێوە دەچن و هەر بەو ئەقڵییەتەش سەیری مافەكانی ئافرەت دەكرێت و، تەنانەت ئەو ئافرەتانەشی كە هاتوونە پەرلەمان و ژمارەیان 93 ئافرەتە و تییاندایە كە بە دەنگی خۆی هاتووە و لە بازنەی خۆی یەكەم دەنگی هێناوە، كەوتوونە ژێر هەژموونی بیركردنەوەی پیاوسالاری و هیچ ئیرادەیەكیان نییە، لە دانانی لیژنەكانیشدا بۆ كاری پەرلەمانی 10 پیاو دادەنرێت لەبەرامبەردا یەك ئافرەت، كە دەبێتە هۆكاری ئەوەی لە لیژنەكانیشدا ڕۆڵی ئافرەت پەك بخرێت و نەتوانێت هیچ ڕۆڵێك بگێڕێت.
ئەمە وای كردووە پەرلەمانی عێراق بەو ئاراستەیە كاربكات و بەو ئاراستەیە هەوڵ بۆ داڕشتنی یاساكان بدات كە عێراق بەرەو كۆمەڵگەیەكی خێڵەكیی مەزهەبگەرایی بگێڕێتەوە، نەك هەنگاو هەڵبگرێت بۆ پێشكەوتن و بونیادنانی دەوڵەتێكی مەدەنی.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە «ئایا پاساو و بیانوو بۆ هەمواركردنەوەی باری كەسیی عێراقی چییە؟» من ئەم پرسیارەم ڕووبەڕووی د.ڕائد مالیكی كردەوە كە خۆی یەكێكە لەوانەی پێشنیارەكەی پێشكەش كردووە و لێم پرسی بۆچی دەتانەوێت ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە؟ هیچ وەڵامێكی نەداینەوە، لێم پرسی تۆ ئامادەیت كچی خۆت بە 9 ساڵی بەشوو بدەیت؟ ووتی نا، لێم پرسی دەتەوێت كچێك بێنێت تەمەنی 9 ساڵ بێت؟ دیسان گوتی نا هیچ وانییە و ئێمە دژی بە شوودانی كچی منداڵ «زواج القاصرات»ین، كەواتە تەنیا پاساو بۆ هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە تێكدانی شیرازەی خێزانە لە عێراقدا.
كاری پەرلەمان ئەوەیە یاسایەك دەربكات كە خێزان بپارێزیت، مافی ژن و منداڵ بپارێزێت، نەك یاسایەك دەربكات دەرگا بكاتەوە بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ كچی منداڵ لە دەرەوەی دادگا ئەنجام بدرێت.
لە ئێستادا كە ئەو یاسا هەموار نەكراوە و بە یاسا گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام دەرێت، ڕێژەی تەلاق لە عێراقدا تەنیا لەیەك مانگدا زیاتر لە 6200 حاڵەتە، من دڵنیام ئەگەر ئەم یاسایە هەموار بكرێت و جێبەجی بكرێت، ڕێژەی تەلاق 10 بەرامبەر و زیاتریش بەرز دەبێتەوە.
پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و لێرەش د.هاشم كەندی دووبارەی كردەوە بەوەی ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هۆكاریی ئەو تویتانەین كە لە هەندێك باڵێوز و كونسوڵخانە دژی هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە بڵاوی دەكەنەوە، من لێرە بە بەروار وەڵامی دەدەمەوە.
ئەو دانیشتنەی پەرلەمان كە پێشنیاری هەمواركردنەوەی یاساكەی تێدا خوێنرایەوە لە ڕۆژی 24ی تەموزی 2024 كە بە سەرۆكایەتی د.شاخەوان عەبدوڵا بەڕێوە چوو، لە هەمان دانیشتن ئێمە ئیمزامان كۆ كردەوە بۆ ئەوەی ئەو پێشنیارە لە بەرنامەی كاری پەرلەمانی دەربهێنرێت، بەمەش لەبەرنامەی كار دەرهێنرا، بەڵام ئەو تویتانەی ئاماژەیان پێ دەكرێت لە ڕۆژی 21ی ئابی 2024 بڵاو كراونەتەوە كە 28 ڕۆژی فەرقە و ئەوەی ئێوە دەیڵێن تۆمەتە و ڕاستیی تێدا نییە.
هەر بۆیە ڕاشكاوانە دەڵێم، دوای كۆكردنەوەی ئیمزای پەرلەمانتارانی عەرەبی شیعە و سوننە، كورد، ئەگەر گوشارتان بە تێنەپەڕاندنی یاسای لێبوردنی گشتی نەكردایە، ئەوا نەتاندەتوانی خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاساكە بكەن.
ئێمە پشتگیری لە مافەكانی ئافرەت، مافی خێزان و منداڵ، مافەكانی مرۆڤ بەگشتی، پێشكەوتنی كۆمەڵگە دەكەین، نامانەوێت ڕەوتی پێشكەوتنی عێراق بگەڕێتەوە بۆ خێڵەكی و مەزهەبگەرایی.
بە حوكمی كارەكەم وەك مامۆستایەكی ئەكادیمی، لە ناو ڕێكخراەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كارم كردووە، بە دەیان كۆڕ و سیمنارمان ئامادە كردووە و لە گوندەكانی كورستان ئافرەتانمان كۆ كردووەتەوە بۆ ئەوەی هۆشیار ببنەوە، بزانن مافەكانی ئافرەت چین و بەرگریان لێ بكەین، كچێكی تەمەن نۆ ساڵ لە كوێ دەزانێت مافەكانی چین هەتا بەرگرییان لێ بكات، بۆیە ئەم هەموارە بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە و بە هیچ جۆرێك دەنگ بە تێپەراندنی نادەین.