ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین سیمپۆزیەمی سریانی لە نیشتیمان، لە هەولێر بەڕێوەچوو.

ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین سیمپۆزیەمی سریانی لە نیشتیمان، لە هەولێر بەڕێوەچوو.


سەرۆکی حکومەت دەڵێ "كە ناحەزان و دووژمنان وەكو یەك سەیری ئێمە دەكەن، دەبێ ئێمەش یەكدەست و وەكو برا بین بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەموو ناخۆشییەكان ببینەوە".

ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2024) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین سیمپۆزیەمی سریانی لە نیشتیمان، لە هەولێر بەڕێوەچوو.

مەسرور بارزانی لەو سیمپۆزیۆمە وتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە پێکەوەژیان لە کوردستان کرد و گوتی "لە دەڤەری ئێمەدا (بارزان)، لە یەک گونددا مزگەوت، کەنیسە و کنشت، جێگەیان بووەتەوە و باوەڕدارانی ئەم ئایینانە و ئەم کولتوورە جیاوازانە، بەیەکەوە ژیاون و جیاوازییەکانی یەکتریان قبووڵ بووە."

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە لەوەی "حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو دۆخی بەیەکەوەژیانەی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان و مایەی شانازیمانە" و، هەمیشە داکۆکی و پارێزگاری ''لەم کولتوورە جوانە دەکەین و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هزرێکی تووندڕۆیی و جیاكاریش دەبینەوە.''

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی دا سەرۆکی حکومەت باسی کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی کرد لە پەرلەمانی کوردستان و گوتی "لەم دواییانە هەوڵدرا مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆ و دامودەزگای فیدراڵی پێشێل بکرێت، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە رووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بووینەوە."

هەروەها گوتی "سەرەنجام بەشێک لە مافە زەوتکراوەکان گەڕێندرانەوە و پشت بە خوا و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئومێدمان وایە ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لە بواری پەرلەمانی و ئیداریی هەرێمدا بە شێوەیەكی شایستەتر بچەسپێنین."


دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەت:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
(صپروخون هاوێ بريخا)

خوشك و برایانی بەڕێز، مێوانانی ئازیز و خۆشەویست، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم، بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، پایتەختی پێكەوەژیانی ئایین و كلتوورە جیاوازەكان، بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانە بەڕێزانە دەكەم كە لە سەرانسەری جیهان تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لەم سیمپۆزیۆمە، بەتایبەتی بەرپرسان و مامۆستایانی ئایینیی و هەموو كلتوورە جیاوازەكان كە لێرە بەشدارن، زۆر زۆر بەخێر بێن. هیوای سەرکەوتن بۆ كۆڕبەندە دەخوازم و دەستخۆشی لە رێكخەرانی دەكەم.

دەستخۆشی لە وەزارەتی رۆشنبیریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی و هونەریی سریانی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم سیمپۆزیۆمە.

ئومێدەوارم ئەو گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە و باسانەی لە میانەی ئەم کۆڕبەندەدا پێشکێش دەکرێن، ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدانی کولتووری سریانی و لە خزمەتی بەهێزترکردنی گیانی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەكانی ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان بن.

کوردستان بە درێژایی مێژوو، وەک بێشکەی مرۆڤایەتی، هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە چەند شارستانیەتی جیاواز وەک شارستانی ماددەکان و سۆمەری و ئەکەدی و کلدانی و ئاشووری و سریانی و چەندانی تر، لەسەر زەمینی کوردستان سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە.
من لە بۆنەی تریش ئاماژەم بەوە داوە کە لە دەڤەری ئێمەدا، لە یەک گونددا مزگەوت و کەنیسە و کنشت، جێگەیان بووەتەوە و باوەڕدارانی ئەم ئایینانە و ئەم کولتوورە جیاوازانە، بەیەکەوە ژیاون و جیاوازییەکانی یەکتریان قبووڵ بووە. هەروەها كە پەلاماری كوردستانیش دراوە، جیاوازی لە نێوان ئایین و كلتوورە جیاوازەكاندا نەكراوە و هەموویان بە یەك چاو سەیر كراون. كە ناحەزان و دوژمنان وەكو یەك سەیری ئێمە دەكەن، دەبێ ئێمەش یەكدەست و وەكو برا بین بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەموو تەحەدیات و هەموو ناخۆشییەكان ببینەوە.

لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانیش بەشدارییەکی دیاریان لە ژیانی سیاسیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا هەبووە و حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو دۆخی بەیەکەوەژیانەی کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان و مایەی شانازیمانە و هەمیشە داکۆکی و پارێزگاری لەم کولتوورە جوانە دەکەین و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هزرێکی تووندڕۆیی و جیاكاریش دەبینەوە.

لەم دواییانەش کە هەوڵدرا مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆ و دامودەزگای فیدراڵی پێشێل بکرێت، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بووینەوە و سەرەنجام بەشێک لە مافە زەوتکراوەکان گەڕێندرانەوە و پشت بە خوا و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئومێدمان وایە كە ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لە بواری پەرلەمانی و ئیداریی هەرێمدا بە شێوەیەكی شایستەتر بچەسپێنین.

هیوادارم بە هەموومانەوە کار بکەین بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هزر و گیانی پێکەوە ژیان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە دەبنە هۆی زیاتر پێشخستنی نیشتمانەکەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

جارێکی دیکەش دەستخۆشی ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندانەتان لێ دەکەم و بەڵێن دەدەین کە وەک هەمیشە، گرنگی بە زمان و ڕۆشنبیریی سریانی و زمان و کولتوور و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی گشت پێکهاتە جیاوازەكانی کوردستان بدەین.

زۆر سوپاس، جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر شاد و سەركەوتوو بن، وڵاتەكەشمان هەر ئاوەدان بێت.


Top