٣١ ـی ئاب دەبئ وەک دەستکەوت و شانازی دەستی پێوە بگرین
سی و یەکی ئاب ئەوئ ڕۆژئ ئاراستەی هەموو هاوكێشەكانی لە كوردستان پێچەوانە كردەوەو لە شەوو ڕۆژێكدا ئەو مێژووە لای بەرەی مقاوەمەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو بە سەركەوتن و شانازی و ساڕێژی برینێكی قوڵ. بۆ ئێران و پڕۆ ئێرانیەکانیش كەوتنێكی بەئازار !.
ئەوئ ڕۆژئ بۆ نیشتیمانپەروەران و بەرەی مقاوەمەت و پارێزەرانی نەتەوەیی و گەلی کوردستان تەنها یەک خوێندنەوەی هەیە ئەویش سەركەوتن و بردنەوەی سیاسەت و بەلاداخستنی هاوكێشەكە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان…
٣١ ـی ئاب دەبێ ناوەندەکانی ئەکادیمی و زانستە سیاسییەکان لێی بكۆڵینەوەو بەدواداچوونی دروستی بۆ بكەن و بپرسین بۆچی ٣١ی ئاب ڕوویداوەو چۆن ڕێگری بكرێ لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی لەو جۆرەی کە ڕوویدا ئەگەرنا ئێستا هەولێرو سلێمانی و دەهۆک وەک یەکێک لە پارێزگاکانی ئێران دەهاتنە هەژمار، کاتی ئەوە هاتووە ڕووداوەکە وەک شانازییەکی نەتەوەیی بخرێتە نێو خەرمانی توێژەرە زانستیەکان، تاوەکو ئیدی گیانی برایەتی و خۆشەویستی لەناو دڵی تاكی كورد بچێنین، ئاشکرایە بزوتنەوەی بزافی مقاوەمەی كوردایەتی گەورەترین گرفت و هۆكاری سەرنەكەوتنی لە زۆرێک لە پرسە نیشتیمانی و سیاسیەکانی خۆی دووركەوتنەوە بووە لەئامانجی ڕاستەقینەو بەلاڕێدابردنی ئاڕاستەی ڕووداوو شانازیەکانی ڕێبازی کوردایەتی. چیتریش پێویست ناكات ئەو برینە بكولێتەوە، بەڵكو دەبێ دیراسەی هۆكارەكانی پشت ڕووداوەكە بكرێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی لەوجۆرە بكرێ.
لەبارودۆخێكی وەک ئێستای عێراق کە ئاستەنگی زۆر ڕووبەڕووی کوردستان دەکرێتەوە، كاتی ئەوەیە یەکێتی نیشتیمانی و باقی تری لایەنە سیاسیەکان واز لەو دروشم و دێڕە بریقەدارو بێ بەرهەمانە بێنن و لێرەو بەدواوە فەرهەنگی سیاسیی و ووتاری سیاسی كوردی پڕبكەنەوە بەگیانی تەبایی و برایەتی و لێبوردەیی و بەیەكەوەژیان، بەهێزكردنەوەی گیانی برایەتی با بكرێتە ئەولەویەت و هەمووشتێک بۆسەركەوتنی كوردستان و كورد ئامانجی یەكەم و كۆتایی بێ، با ڕابردووی ناشیرینی خۆیان نەبێتە هەوێنی كاری داهاتوو لەكاتێكدا ٣١ ـی ئاب گەورەترین دەستکەوتی پارێزەری کوردستانەو دەیان دەستكەوت و داستانی هاوشێوە پڕ شانازی هەن بیری شەقام و تاكی كوردی بخەنەوە مۆڕاڵ و ئینتیمای نەتەوەییان پئ جۆش بدەن، كاتی ئەوە هاتووە نەوەی ئێستاو ئایندە بەگیانی كوردانەو پێكەوەژیانی ئاشتیانە جۆش بكرێن.