بەهۆی لافاو لە نەیجیریا 192 کەس گیانیان لەدەستدا
ژمارەی قوربانیانی لافاو بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە نەیجیریا گەیشتە 192 کەس.
ئیزکیل مانزۆ، وتەبێژی دەزگای نیشتمانیی بەڕێوەبردنی باری نائاسایی لە نەیجیریا دوایین ژمارەی قوربانیانی لافاوەکانی بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە 192 کەس بوون.
مانزۆ بە ئاماژەدان بەوەی کە لافاو لە ٢٩ ویلایەت بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە ڕوویداوە، گوتی تا ئێستا سەدان کەس بریندار بوون و ١٠٧ هەزار و ٦٠٠ هێکتار زەوی کشتوکاڵی زیانیان بەرکەوتووە.
وەزارەتی ئاو و ئاوەڕۆ لە نەیجیریا پێشتر هۆشداری دابوو، لە بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتە.
لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) لە ١٣ی ئابدا ڕاگەیەندرا کە لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ کە بۆ ماوەی دوو مانگ لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقا بەردەوام بوو، نزیکەی ٧١٦ هەزار و ٥٠٠ کەس لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست , چاد , کەناری عاج، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، لیبێریا، نیجەر، نەیجیریا، مالی و تۆگۆ کاریگەرییان لەسەرە و زیانیان پێگەیشتووە.
گوڵان: سەردار خەلیل