تەماتە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە

تەماتە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە

تەماتە جگە لە ڕیشاڵی تواوە و نەتواوە، ڤیتامینەكانی A، C، K، B9، لەگەڵ كانزای پۆتاسیۆم، كالسیۆم، فۆسفۆر، ماددە دژەئۆكسانەكانی بیتا كارۆتین Beta carotene و لایكۆپێن Lycopene لەخۆ دەگرێت، كە ڕۆڵی بەرچاویان هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەند جۆرێكی شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات، گەدە، سییەكان، لەگەڵ شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەتدا. تەماتە سەرچاوەیەكی گەورەی ماددەی لایكۆپێنە كە ڕەنگە سوورەكەی تەماتە پێك دەهێنێت و ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە. توێژینەوەكان جەختیان كردووەتەوە كە لایكۆپێن ڕۆڵی هەیە بۆ پاراستنی ترشی DNA ناو ناوكی خانە لە فشاری ئۆكسان و هەوكردن، كە هاندەرن بۆ تێكدانی DNA و دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی. سوودە تەندروستییەكانی دیكەی تەماتە: كەمكردنەوەی ئەگەری نەخۆشیی دڵ تا ڕێژەی 14%، دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن، باشتركردنی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس، بەتایبەتی خۆپاراستن لە قەبزی، خۆپاراستن لە ئەگەری نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو لە ڕێگەی كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، هاندانی توانا و فرمانەكانی شانەكانی مێشك بەتایبەتی توانای بیرهاتنەوە و بیركردنەوە.

 

Top