مۆم بوونی جـگەر چییە؟

مۆم بوونی جـگەر چییە؟

مۆمبوونی جگەر Liver cirrhosis یەكێكە لە نەخۆشییە قورسەكانی جگەر، بریتییە لە بەڕیشاڵبوونی خانەكانی جگەر كە دەبێتە جێگرەوەی خانە تەندروستەكان، سەرەنجام دەبێتە هۆی تێكدانی هاتووچۆی خوێن بۆ جگەر و لەدەستدانی فرمانەكانی. مۆمبوونی جگەر لە سەرەتادا بێ نیشانەیە، بە تێپەڕبوونی كات و سەختتربوونی حاڵەتەكە، نیشانەكان دەست پێدەكەن بە شێوەی: زەردوویی (زەردبوونی پێست و سپێنەی چاو)، تاریكبوونی ڕەنگی میز، خورشتی پێست، ئاوسانی سك و قاچەكان لە ئەنجامی كۆبوونەوەی شلە، هێڵنج و ڕشانەوە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، كەمبوونەوەی كێشی لەش، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی جەستەیی، هەستكردن بە ناڕەحەتی یان ئازارێكی سووك لە بەشی ڕاست و سەرەوەی سكدا، ئازار و بێهێزبوونی ماسوولكەكان، هەروەها لەبیركردنی شتەكان. هۆكارەكانی مۆمبوونی جگەر: زیاد خواردنەوەی شلەمەنییە ئەلكهولییەكان، كێشی زیادی لەش كە دەبێتە ئەگەری زیادبوونی چەوریی جگەر، نەخۆشیی شەكرە، ئاستی بەرزی كۆلیستڕۆڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری C بەتایبەتی كە درێژخایەن بێت، هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری B، گرفتەكانی ڕێڕەوەكانی زراو كە جگەر بە كیسی زراو دەبەستنەوە، بەتایبەتی تەسكبوونەوە یان گیرانی جۆگەكانی زراو كە وا دەكات شلەی زەرداو بۆ جگەر بگەڕێتەوە و هەوكردن پەیدا بكات، زیانی لابەلای بەكارهێنانی چەند دەرمانێك بۆنموونە پاراسیتۆڵ یان هەندێك دەرمانی گیایی، زیادبوونی ڕێژەی كانزای ئاسن لە لەشدا Hemochromatosis، هەروەها پەككەوتنی دڵ.

 

Top