ئەفسانە ئەمینی نیا:مایەی شانازییە كە نموونەی كارەكانم وەك دیاری پێشكەش بە یادگەی بارزانی نەمر كردووە
ئەفسانە ڕەحیم مەولوود كە بە (ئەفسانە ئەمینی نیا) ناسراوە، خانمێكی پەنجەڕەنگینی دانیشتووی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە كاری دەستیدا داهێنانی تایبەتی كردووە، تابلۆكانی لە كەرەستەگەلێك دروست دەكات كە تێك ناچن. چەندین پیشانگایشی كردووەتەوە، كە دواترینیان لە ڕێكەوتی 17ی6ی2024 لە هەولێری پایتەخت بووە. دەربارەی كاروچالاكییەكانی گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجامدا
«سەرەتا زۆر سوپاسی پشتیوانیی بنەماڵەكەم دەكەم كە بە بەردەوامی پاڵپشتم بوون و هەوڵیان داوە وەك ئافرەتێكی خاوەن بەهرە ئاسانكاریم بۆ بكەن. ماوەی سێ ساڵە دەستم بە كاری زێزین كردووە، لەو ماوەیەش بە شێوازی ئۆنڵاین هەوڵم داوە، كارەكەم بە كۆمەڵگە بناسێنم، لەو ڕێگەیەشەوە داهاتم هەبووە، بە پشتیوانیی خودا دەمەوێ لە داهاتوویەكی نزیكدا زیاتریش پەرەی پێ بدەم».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە پێشوازیی هاووڵاتیان لە بەرهەمەكانی لە هەولێر چۆن بووە، گوتی: «پێشانگاكەی هەولێرم نەبووە بە جێگەی ئومێد، تەنیا ماندووبوونم بۆ مایەوە، بەڵام نموونەی كارەكانم وەك دیاری بە یادگەی بارزانی لە بارزان و بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر و بە چەندین كەسایەتی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد، ئەوەش مایەی دڵخۆشیمە و هیوادارم بەرهەمەكانی منیان پەسەند كردبێت».
تابلۆكانی ئەو خاتوونە بەهرەمەندە، مۆركی نەتەوەییشیان پێوە دیارە، بۆیە ئەو پرسیارەمان ئاراستە كرد، كە ئایا لە ئێران ئەو كارە ڕێگەپێدراوە و دەتوانێت بە ئازادانە كارەكانی بكات؟ لە وەڵامدا گوتی: «لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەموو ئێران هیچ ڕێگری و كێشەیەك بۆ ئەنجامدان و پێشكەوتن لەم كارەدا نییە، بەگشتی كارەكەم لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان باشتر ناسراوە، پێشوازییەكی زیاتری لێ كراوە، بۆیە بەهۆی نەناسینی جۆری كارەكەم لە باشوور بەو ڕاددەیە پێشوازیی لێ نەكرا، بەڵام سوپاس بۆ خودا هەوڵی ناساندنیم دا، تاڕادیەك پشتیوانی لە بەرهەمە هونەرییەكانم باش بوو، هیوادارم باشتریش بێت».
سەبارەت بە پلانیشی بۆ داهاتوو گوتی: «من دەمەوێت درێژە بە كارەكانم و هونەرەكەم بدەم، ئەگەر پشتیوانییش هەبێت، خێراتر دەگەمە ئامانجەكەم، ئەگەر نەشبوو، من ئیرادەم بۆ بەردەوامبوون و باشتركردنی كارەكانم زۆرە و بەردەوام دەبم.»