ســــەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە یادی ئەنفالی بادینان: ده‌بێت له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ رابردوو وه‌ربگيرێت

ســــەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە یادی ئەنفالی بادینان: ده‌بێت له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ رابردوو وه‌ربگيرێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 36ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بادینان دا دەڵێ "ده‌بێت له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ رابردوو وه‌ربگيرێت و مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى پارێزراو بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين هه‌موومان پێكه‌وه‌ داهاتوويه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتوومان مسۆگه‌ر بكه‌ين."

ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-8-2024) 36 ساڵ بەسەر دوا قۆناخی ئەنفال تێپەڕ دەبێت. لەو قۆناخەدا کە لە 25ـی ئاب بۆ 6ـی ئەیلوولی ساڵی 1988 درێژەی کێشا، بە ئەنفالی بادینان یان خاتیمەی ئەنفال دەناسرێت. تێیدا رژێمی بەعس پەلاماری ناوچەکانی دهۆک، زاخۆ، ئامێدی، ئاکرێ و چەندین ناوچەی دیکەی دا، هەزاران کەس بێسەروشوێنکران، کە تائێستاش بەشێکی زۆریان رووفاتەکانیان نەهێنراونەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە پەیامێکدا لەبارەی ئەنفالی بادینان رایگەیاند "هه‌رێمى كوردستان و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى، به‌رهه‌مى گيانى پاك و خوێنى هه‌زاران شه‌هيد و فرمێسكى هه‌زاران دايكى جگه‌رسووتاو و ئه‌نفال و كيمياباران و خه‌بات و قوربانيدانى كوردستانييانه‌‌، بۆيه‌ ئه‌ركى هه‌موومانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك پارێزگارى و به‌رگرى لێ بكه‌ين. ده‌بێت وێڕاى هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان، نيشتمان ئامانج و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان بێت."

لە پرۆسەی ئەنفالی بادیناندا، زیاتر لە 5 هەزار کەس ئەنفالکران، نزیکەی 60 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، 663 گوند بەر پرۆسەی ئەنفال کەوتن، لەنێویاندا 40 گوندی مەسیحی، 81 گوندی کوردانی ئێزدی، 79 گوندی دیکەش کیمیابارانکران.

دەقی په‌يامى نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ يادى ئه‌نفالى باديناندا:

ئه‌مڕۆ يادى خه‌مگينى (36) ساڵه‌ى ئه‌نفالى بادينان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ 25ى ئاب تا 6ى ئه‌يلوولى 1988 له‌ دوا قۆناغى ئه‌نفالدا، خه‌ڵكى سڤيل و ئاو و هه‌وا و خاك و سروشتى ناوچه‌كه‌ى گرته‌وه. سڵاو‌ له‌ گيانى پاكى (182) هه‌زار ئه‌نفالكراوى كوردستان كه‌ هه‌ر له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا دوايين گوندى بادينان، بوونه‌ قوربانيى تاوانه‌كانى ڕژێمى ئه‌وساى عێراق.

دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌نفالى به‌ جينۆسايد و تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى ناساندووه‌، بۆيه‌ دووباره‌ داوا له‌ حكومه‌تى عێراق ده‌كه‌ين له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بووى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌. له‌ هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێت باشتر خزمه‌ت به‌ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان بكرێت و له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام بين بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌ جينۆسايد بناسرێت.

هه‌رێمى كوردستان و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى، به‌رهه‌مى گيانى پاك و خوێنى هه‌زاران شه‌هيد و فرمێسكى هه‌زاران دايكى جگه‌رسووتاو و ئه‌نفال و كيمياباران و خه‌بات و قوربانيدانى كوردستانييانه‌‌، بۆيه‌ ئه‌ركى هه‌موومانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك پارێزگارى و به‌رگرى لێ بكه‌ين. ده‌بێت وێڕاى هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان، نيشتمان ئامانج و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان بێت.

له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو وه‌ربگيرێت و مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى پارێزراو بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين هه‌موومان پێكه‌وه‌ داهاتوويه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتوومان مسۆگه‌ر بكه‌ين.

دروود بۆ گيانى شه‌هيدانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان. سوپاس و پێزانين بۆ خه‌ڵكى جوامێرى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى كه‌ ئه‌و ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌ له‌ جێژنيكان به‌ هاناى لێقه‌وماوانى بادينانه‌وه‌ چوون. ميهره‌بانى و هه‌ڵوێستى نيشتمانييان هه‌رگيز له‌بير ناچێته‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2024/8/25

Top