پـــەیـــامـــی ســــەرۆك بــــارزانـــی لە حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم و هیوای سەربەرزی و خۆشیان بۆ دەخوازم.
دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی 1946ـدا بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر زەڕوورەتێكی مێژوویی بوو بۆ درێژەپێدانی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كورد لەو ساتە سەختانەی هەموو هەوڵی نەیار و داگیركارانی كوردستان ئەوە بوو شۆڕش و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان سەركوت و خامۆش بكەن. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە لەدەستی خەڵكی كوردستان بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان.
لە حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا جەخت لەوە دەكەمەوە، پارتی بۆ ڕزگاریی گەلی كوردستان و خزمەتكردنی گەلی كوردستان دروست بووە، بۆ ئەوە دامەزراوە خەڵكی كوردستان سەرفیراز بن و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان هەردەم پارێزراو و بەهێز بێت. بۆیە دەبێ هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژوو و قوربانیدانی حزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن و ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن كە خزمەتكردن و بەهێزكردنی كوردستانە. هەموو لایەك بە دۆست و نەیارانی گەلی كوردستان ئەو ڕاستیە دەزانن كە چەندە پارتی بەهێز بێت ئەوەندەش كوردستان بەهێزە.
مسعود بارزانی
16ی ئابی 2024