پارتی ئامرازێك بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێك چۆن دەوڵەت بونیاد بنێین؟ چۆن ئەم نیشتمانە بەڕێوەبەرین؟

پارتی ئامرازێك بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێك  چۆن دەوڵەت بونیاد بنێین؟  چۆن ئەم نیشتمانە بەڕێوەبەرین؟

 

 

پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەمین پارتی كوردستانییە كە لە هەناوی دەوڵەتێكدا لەدایك بووبێت، ئەویش كۆماری كوردستانە.

ڕێبەری ئەم پارتە كە «مستەفا بارزانی»یە، لە كاتی دامەزراندنی ئەم پارتەدا، سوپاسالاری كۆماری كوردستان بووە و ئەركی سەرەكیشی پاراستنی ئەو كۆمارە بووە. هەر بۆیە بیركردنەوەی لە دروستكردنی بەرەیەك فراوانتر لە «لێژنەی ئازادی» كە سەركردایەتیی شۆڕشی دووەمی بارزانی كردبوو، بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستان، تەنیا بیركردنەوە نەبووە لە دامەزراندنی پارتێكی سیاسی، بەڵكو ئامانجەكە دامەزراندنی بەرەیەكی كوردستانی بوو بۆ ئەوەی تەواوی حزبە سیاسییەكانی ئەو سەردەمە، سیاسەتمەدار، ئەفسەرە ئازادیخوازەكان، كەسایەتی و نوێنەرانی تەواوی خەڵكی كوردستان، لەناو ئەو بەرەیەدا خۆیان ببیننەوە و هێز و تواناكانیان یەك بخەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو پلاتفۆرمە نیشتمانییەدا، بەرژەوەندییە باڵاكانی خاك و نیشتمان لە سەرووی بەرژەوەندیی حزب و خێڵ و گرووپەوە پێناسە بكرێتەوە و، كەموكورتییەكانی كۆماری كوردستان پڕبكاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەتە سەركەوتوو بین.

پارتی دیموكراتی كوردستان، چەمكێكە پێمان دەڵێت: «نەتەوە ژێردەستەكان لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیدا، پێویستیان بە فرەحزبی و پەرتەوازەیی نییە، بەڵكو پێویستیان بە یەكڕیزی و تەباییە لە چوارچێوەی بەرەیەكی نیشتمانیدا بۆ تێپەڕاندن و سەركەوتن لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیدا.

لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستانە، پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا بەرەی نیشتمانییە كە لە بەغدای پایتەخت و بە گرێدانی كۆنگرە و بە بەشداریی 70 دەستەبژێر لە «سیاسەتمەداری حزبە جیاوازەكانی ئەو كاتی كوردستان، ئەفسەرانی ئازادیخواز، كەسایەتییە نیشتمانییەكان» دامەزراوە.

كاتێك یادی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەینەوە، تەنیا یادی دامەزراندنی حزبێكی سیاسی ناكەینەوە، بەڵكو لەسەر ئەو هزرە هەڵوەستە دەكەینەوە، كە ئامانجی ئەوەیە لە قۆناغی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی تەبا و یەكگرتوو بین و، بەرژەوەندیی باڵای خاك و نیشتمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی حزبی و كەسییەوە بێت، دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان دابمەزرێنین و بیر لەوە بكەینەوە چۆن ئەم نیشتمانە بەڕێوەبەرین.

 

 

 پارتی پلاتفۆرمێكی كراوە

بۆ باوەڕی ئازاد

 لە چوارچێوەی باوەڕی ئازادی (الایمان الحر)، باوەڕدارانی بێ سنوور «Believers without borders» لە دایك دەبن، ئەمەش بەو مانایەی هەموو ئەوانەی لەناو ئەم پلاتفۆرمە ئازادەدا پێكەوە كۆدەبنەوە، هیچ ئایدیۆلۆژیەتێكی تایبەتی، یان دید و تێڕوانینێكی ئایینی، یان نەتەوەیی دیاریكراو، پێناسەیەكی پێشوەختە بۆ «باوەڕی باوەڕداران» ناكات.

ئەم باوەڕە بێسنوورە زەمینەی جۆرێك لە سۆفیگەرایی دێنێتە ئاراوە كە سیماكانی باوەڕی ئازاد لەناو گفتوگۆیەكی ڕۆحیدا بەرجەستە دەكات كە ناوكەوێتە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیەت و دید و تێڕوانینی ئایینی و نەتەوەیەكی دیاریكراوەوە، ئەمەش وەك ئەمانوئێل كانت دەڵێت، «ئایین و نەتەوە لە سنووری ئەقڵدا» پێناسە دەكرێت. ڕاشكاوانەتر ئایین هەر ئایینە، ئەوجا ئایینی زۆرینە بێت، یان كەمینە، نەتەوە هەر نەتەوەیە، ئەوجا یەك نەتەوە بێت، یان چەند نەتەوە بن و لەسەر خاكی نیشتمانێكی هاوبەش پێكەوە بژین.

باوەڕی ئازاد، ئەو ڕامانە هزرییەیە كە دیالۆگ لە نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دروست دەكات و، كۆتایی بە شەڕ دەهێنێت و پێكەوەژیان و جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە تەنیشت یەكتری بە زیندوویی دەهێڵێتەوە و ئاشتیی هەمیشەیی كۆمەڵایەتی لە نێوان جیاوازییەكانی كۆمەڵگە دروست دەكات.

جوانیی پلاتفۆرمە كراوەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك سەكۆیەك بۆ «باوەڕی ئازاد و باوەڕدارانی بێ سنوور» تەنیا ئەوەندە نییە كە تێكڕای ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان خۆیان لەناو ئەم پارتەدا وەك بەرەیەكی نیشتمانی دەبیننەوە، بەڵكو لەمە گرنگتر ئەوەیە ئەم پلاتفۆرمە چوارچێوەیەكی بۆ «باوەڕی بێ سنوور» و بۆ «خۆشەویستیی خاك و نیشتمان» دروست كردووە و خوێنی هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی بۆ پاراستنی كوردستان وەك نیشتمانی هەمووان تێكەڵی یەكتری كردووە و، ڕێگەی سەرفرازی و ڕزگاریی ئەم نیشتمانەی ڕەنگڕێژ كردووە. ئەو نەخشەیەی بە خوێنی ئاڵی تەواوی گەلی كوردستان ڕەنگڕێژ كراوە، بووەتە نەخشەڕێگەی شۆڕش لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان و، باوەڕی ئازادی «باوەڕدارانی بێ سنوور»ی تەواوی خەڵكی كوردستانە كە لەناو پلاتفۆرمی كراوەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بە سرووشتی لەدایك بووە.

«باوەڕدارانی بێ سنوور»، پێویستیان بە نیشتمانێكە پێشوازی لە «باوەڕی ئازاد» بكات، هەر ئەمەش وای كردووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەوڵی داوە، ئەو پلاتفۆرمە كراوە بێت بۆ ئەوەی ئازادانە دیالۆگی «باوەڕی ئازاد» بەردەوام بێت و، باوەڕدارانی بێ سنووریش لەناو ئەم پلاتفۆرمەدا دیالۆگ لەسەر ئەوە بكەن، چۆن دەوڵەتێك (دەوڵەتی كوردستان) بونیاد بنێن كە پێشوازی لە هەموو ئەو باوەڕە ئازادانە بكات، پێشوازی لە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەكانی بكات و، نەفرەت لە شەڕ بكات و ئاشتی هەمیشەیی لەم نیشتمانە بەرقرار بكات.

 دەوڵەتی نیشتمانیی هاوچەرخ

بەرهەمی باوەڕە ئازادەكانە

ئەزموونی سەركەوتنی پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی نیشتمانیی هاوچەرخ لە سەدەی بیستەمدا بەراورد بە شكستی دەوڵەتەكانی جیهان زۆر كەمن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ژمارەی ئەو نەتەوانە كەمن كە هەوڵیان داوە، لە چوارچێوەی لاساییكردنەوەی سیستمی دەوڵەتی «كۆمۆنیستی و لیبڕاڵیی ڕۆژئاوا» بێنە دەرەوە و لەبەر ڕۆشنایی ئیرادەی نەتەوەكەی خۆیان سیستمێكی سیاسیی بونیاد بنێن كە نەتەوەكە خۆی دەوڵەتی پێ بەڕێوە بەرێت.

پڕۆفسیۆر ئەندریاس ڤایمەر لە كتێبی «بونیادنانی نەتەوە: بۆچی هەندێك نەتەوە هاوشان دەڕۆن و سەردەكەون و هەندێكی دیكە شكست دێنن»، ئەو پرسیارە دەورووژێنێت كە «بۆچی لە بەلژیكا هەرێمی فلامی هوڵەندی زمان دەیەوێت لە هەرێمی والۆنی فەرەنسی زمان جیا ببێتەوە، بەڵام لە كانتۆنەكانی سویسرا، فەرەنسی و ئەڵمانی و ئیتاڵییەكان دەیانەوێت پێكەوە بژین؟» ڤایمەر بەو جۆرە وەڵامی ئەم پرسیارە داتەوە: «لەبەر ئەوەی ڕایەڵەیەكی نیشتمانی لە نێوان هۆڵەندی و فەرەنسییەكانی دەوڵەتی بەلژیكا بوونی نییە، هەتا پێكەوە گرێیان بداتەوە و هەردوو نەتەوە بەلژیكا بە نیشتمانی هاوبەشی خۆیان بزانن. بۆیە بەردەوام بەلژیكا مەترسیی لێكترازانی هەیە، بەڵام سویسرا ئەو مەترسییەی لەسەر نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ڕایەڵەیەكی نیشتمانی، باوەڕە ئازادەكانی نەتەوە جیاوازەكانی پێكەوە گرێ داوەتەوە و هەموویان سویسرا بە نیشتمانی هاوبەشی خۆیان دەزانن.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەر لە دامەزراندنییەوە بۆ ئامانجی بونیادنانی دەوڵەت (دەوڵەتی كوردستان) خەباتی كردووە، پتەوكردنی ڕایەڵەی نیشتمانیی نێوان «باوەڕە ئازادەكان»ی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستانی بە ئەولەوییەتی هەموو كارێكی سیاسی و جۆشدانی شۆڕش داناوە، هەموو كاتێكیش ئەگەر هەوڵێك هەبووبێت بۆ پچڕاندنی ئەو ڕایەڵە نیشتمانییەی نێوان نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان، وەك هێڵی سووڕ لە قەڵەمی داوە و قبووڵی نەكردووە و هەڵوێستی نیشتمانییانەی لەسەر دەربڕیوە، هەروەك چۆن ساڵی پار دادگای فیدڕاڵیی عێراق «كۆتا»ی نەتەوە جیاوازەكانی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان ڕەت كردەوە، لە بەرانبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی بە خۆیان دەڵین «كوردستانی»، بە تەنیا هەڵوێستی نیشتمانیی خۆی ڕاگەیاند، بەوەی ئەگەر كۆتای نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان نەگەڕێنرێتەوە، ئەوا بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات و لەمەش زیاتر لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و حكومەتی فیدڕاڵی دەكشێتەوە».

ئەم هەڵوێستەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرانبەر بە پێكەوەژیان و بە زیندوویی هێشتنەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە كوردستان، چوارچێوەیەكە بۆ تێگەیشتن لەو هزرەی كە بڕوای بەوە هەیە، دید و تێڕوانینی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی نیشتمان بە ئازادانە «باوەڕی بێ سنوور» بۆ خۆشەویستی ئەم نیشتمانە دروست دەكات. هەر بۆیە مستەفا بارزانی لە ڕێككەوتنی ئاداری 1970 پێداگری لەسەر مافی تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كرد و كردنی بە بەشێك لەو ڕێككەوتنە مێژووییە، هەروەها سەرۆك مسعود بارزانی جیا لەوەی هەموو پشتیگری و پێداگرییەكی كرد بۆ ئەوەی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان لە دەستووری ساڵی 2005ی عێراق بچەسپێنێت، بۆ نووسینەوەی دەستووری كوردستانیش نەتەوە و ئاییینە جیاوازەكانی كوردستانی سەرپشك كردووە، خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری داهاتووی كوردستاندا بنووسنەوە.

چوارچێوەی ئەم بیركردنەوەیە كە لەناو فەزای سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ڕەنگدانەوەی هەیە، پاشخانەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هزر «عەقیدە و فیكری بارزان» كە سەرۆك بارزانی بە «خوداناسی، خوداپەرستی، نیشتمانپەروەری» پێناسەی دەكات. ئەم سێ چەمكەی سەرۆك بارزانی لە تەنیشت یەكدی ڕیزی كردوون، تەواو تەواو ئەو سێ چەمكەیە كە كۆی هزری «باوەڕی ئازاد» پێناسەیان دەكات، ئەمەش بەو مانایەی باوەڕی ئازاد دیدوتێڕوانینی ئایینی، یان نەتەوە، یان ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو سنوورداری ناكات و، بۆچوونی ئەم بەسەر ئەوی دیكەدا فەرز ناكات، بەڵكو جیاوازییەكان لە تەنیشتی یەك بە زیندوویی لەم نیشتمانە هاوبەشەدا دەهێڵێتەوە.

«كوردستانێكی بەهێز» ئەو دروشمەیە كە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێناویدا خەبات دەكات، مەبەست لە «كوردستانێكی بەهێز» ئەوەیە كە ڕایەڵەی پێكەوەگرێدانەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەكان پتەو و بەهێز بێت، بۆ ئەوەیە باوەڕە جیاوازە ئازادەكان، «باوەڕی بێ سنوور» بۆ خۆشەویستیی ئەم نیشتمانە بەرهەم بهێنێت و ئیرادەیەكی بێ سنوور بەهەرم بێت، كە پێكەوە دەوڵەتێكی نیشتمانیی هاوبەش بونیاد بنێنن، كە باوەڕە ئازادەكان بە نیشتمانی هاوبەشی خۆیانی بزانن.

 

 چۆن دەوڵەت بونیاد بنێین؟

چۆن ئەم نیشتمانە بەڕێوە ببەین؟

بیرۆكەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانیدا، دامەزراندنی حزبێكی سیاسی نییە كە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو بەرهەم بهێنێت و بەسەر ئیرادەی گەل و نەتەوەدا فەرزی بكات، وەك لەو سەردەمە (لە چلەكانی سەدەی ڕابردوو») كە شێوازی دامەزراندنی حزبی سیاسی وا بووە، بەپێچەوانەوە لە هزری مستەفا بارزانیدا، پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا یەك ئەركی هەبووە لە پێناویدا خەبات بكات، ئەویش ئەوەیە كە بەردەوام فەزای سیاسیی پارتی، وەرشەیەكی تەئویلی بێت بۆ دیالۆگی ئازاد لەسەر «ماف و داواكانی» تەواوی گەلی كوردستان و دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتێك بۆ ئەوەی «ماف و داواكان» لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان پێناسە بكاتەوە و، بەهاكانی نیشتمان بباتە سەرووی بەرژەوەندیی «حزب، خێڵ، گرووپ، كەس»ییەوە و، هەموو جیاوازییەكان پێكەوە گفتوگۆیەكی نیشتمانییانە بكەن بۆ ئەوەی بگەینە ئەو دەرەنجامەی «چۆن دەوڵەت بونیاد بنێین و چۆن ئەم نیشتمانە بەڕێوە بەرین؟»

لەناو هزر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانیدا، بەهاكانی خاك و نیشتمانی لە سەرووی دەسەڵاتی خۆیەوە سەیر كردووە. دەسەڵاتی بڕیاردانی چارەنووسسازی گێڕاوەتەوە بۆ ئیرادەی گەلی كوردستان، هەر وەك چۆن لە ساڵی 1974 بڕیاری شەڕی سەپێندراوی ڕژێمی بەعسی قبووڵ كرد و شەڕ دەستی پێكردەوە، بەڵام ئەو مافەی بە خۆی نەدا، سازش لە ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك بكات، ئەمەش لەبەر ئەوەی تەنیا ئیرادەیەك بتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسی كوردستانیبوونی كەركووك بدات، ئیرادەی گەلی كوردستانە و هیچ كەسێك ناتوانێت ئەو ئیرادەیە زەوت بكات، یان لەبری ئەو ئیرادەیە بڕیار بدات.

لەدوای ڕاپەرینی بەهاری 1991 و دوای ئەوەی بەرەی كوردستانی بڕیاری دا، لەگەڵ ڕژێمی سەدام و بەعس دەست بە گفتوگۆ و دانوستاندن بكەنەوە، سەرۆك مسعود بارزانی لەمیانەی سەرۆكایەتیكردنی شاندی بەرەی كوردستانی بۆ دانوستاندنەكانی لەگەڵ حكومەتی بەغدا و گەیشتن بە ڕێككەوتن لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەی ئاداری 1970، ڕاشكاوانە بە شاندی دانوستانكاری بەغدای گوتبوو: «هەتا ئەگەر لەمیانەی ئەم دانوستاندنانە بگەینە ڕێككەوتنیش ئەمە ڕێككەوتنی كۆتایی نابێت و ئەم ڕێككەوتنە دەخرێتە بەردەم ڕای گشتیی خەڵكی كوردستان، ئەگەر ئەوان پەسەندیان كرد، دەبێتە ڕێككەوتنی كۆتایی». ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی لەسەر هێشتنەوەی «ئیرادەی گەلی كوردستان بە زیندوویی» ڕاسپاردەی حزبەكانی ناو بەرەی كوردستانی نەبووە، بەپێچەوانەوە تێكڕای حزبەكانی بەرەی كوردستانی هەموو دەسەڵاتێكیان بە سەرۆك بارزانی دابوو، كە بە ناوی بەرەی كوردستانییەوە دانوستاندن بكات، بەڵام دووربینی و لۆژیكی سەرۆك بارزانی لەم پرسەدا، ئەوەیە كە دەبێت ئیرادەی گەلی كوردستان ڕێككەوتنەكە پەسەند بكات، ئەوەش لە بڕوابوونی بەڕێزیان بە فیكر و عەقیدەی بارزانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەوەی كە دەبێت هەموو باوەڕە جیاوازەكان بەشدارییان هەبێت لە پرسێك كە پەیوەندی بە چارەنووس و شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەوە هەیە.

لەدوای شكستهێنانی دانوستاندنەكانی بەرەی كوردستانی لەگەڵ بەغدا بۆ ڕێككەوتن لەسەر ڕێككەوتننامەی ئاداری 1970، ڕژێمی بەعس دامەزراوەكانی دەوڵەتی لە كوردستان كشاندەوە، ئەمەش بەو ئامانجەی كە بۆشایی كارگێڕی لە شارەكانی كوردستان دروست بێت و پاشاگەردانیی سیاسی و كارگێڕی لێ بكەوێتەوە. لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا كە هەم بۆشایی كارگێڕی هەبوو، هەمیش ئیمكانیەتی دارایی زۆر كەم بوو، سەرۆك بارزانی لەناو بەرەی كوردستانی پێداگری لەسەر ئەوە كرد، كە دەبێت بەرەی كوردستانی بە «ئیرادەی گەلی كوردستان» ئەو بۆشاییە كارگێڕییانە پڕبكاتەوە، نەك بە دەسەڵاتی شۆڕشگێڕیی بەرەی كوردستانی، بۆیە داوای كرد، بەرەی كوردستانی پێشنیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان پەسند بكات. دوای ئەوەی بەرەی كوردستانی پێشنیارەكەی سەرۆك بارزانی پەسەند كرد، بەڕێزیان ڕایگەیاند: «ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژی ژیانمە»، ئەمەش بەو مانایەی كە ئەمە ئەو ساتەیە كە جارێكی دیكە ئیرادەی گەلی كوردستان كەوتەوە سەرووی هەموو ئیرادەی حزب و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی بەرەی كوردستانییەوە.

هەتا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساڵی 1992، بەرەی كوردستانی بەوە ڕازی بوو كە ڕێككەوتنی ئاداری 1970 لە ژێر دروشمی «ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان و دیموكراتی بۆ عێراق» جێبەجێ بكرێت. سەرۆك بارزانی لە میانەی دانوستاندنەكانی لەگەڵ بەغدا ئەوەی پێی ڕاگەیاندبوون، دوای ئەوەی دەگەینە ڕێككەوتن، دوایین ڕێككەوتن ئەوەیە كە ئیرادەی گەلی كوردستان پەسەندی بكات، هەر بۆیە وێڕای ئەوەی لە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن كۆی حزبەكانی بەرەی كوردستانی دروشمی «قەبە و گەورەیان» بەرز كردەوە، بەڵام سەرۆك بارزانی بڕیاری دا، دروشمی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر دروشمەكەی ڕێككەوتنی ئاداری 1970 دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەتا ئەو كاتە ئیرادەی گەلی كوردستان بریتی بوو لەو دروشمەی ڕێككەوتنی ئادار و دەبێت ڕێز لەو ئێرادەیە بگیرێت، هەر بۆیە ڕێگەی نە بە خۆی دا و نە بە پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە دروشمێكی دیكە بەرز بكاتەوە و ئیرادەی گەلی كوردستان تێپەڕێنێت. هەر بۆیە هەر بەو دروشمەوە بەشداری هەڵبژاردنی كرد. دیارە ئامانجی سەرۆك بارزانی لەو هەڵبژاردنە بریتی بوو لەوەی:

 ئامانج لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساڵی 1992 ئەوە نەبوو كە ئاكامەكەی ئەوە پیشان بدات، كام لایەنی سیاسی براوەیە و كام لایەنی سیاسی دۆڕاوە، بەڵكو ئامانجی سەرۆك بارزانی لەم هەڵبژاردنە ئەوە بوو، كە ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ جیهان دەربكەوێت، كە ئیرادەیەكە دەتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە «چۆن وڵاتی خۆمان بەڕێوە دەبەین؟»

 لەدوای ڕاگەیاندنی ئاكامی هەڵبژاردنەكانی 1992 و بۆ ڕێكەوتن لەسەر شێوازی دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی شێوازی سیستمی حوكمڕانیی حكومەتی بە «پەنجا بە پەنجا» قبووڵ كرد، بەو مەرجەی ئاكامی هەڵبژاردن چۆنە وەك خۆی ڕابگەیەنرێت و، تەنیا لە حكومەت «پەنجا بە پەنجا» پیادە بكرێت و، پەرلەمان لەسەر بنەمای ئاكامەكانی هەڵبژاردن دابمەزرێت، بۆ ئەمەش ڕازی بوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حكومەت پێكبهێنێت، بەو مەرجەی پەرلەمانی كوردستان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت، ئەمەش ڕاشكاوانە مانای ئەوەیە، سەرۆك بارزانی ئەو مافەی هەیە كە سازش لەسەر مافەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات لە پرۆسەی حوكمڕانی، بەڵام ئەو مافەی بەخۆی نەدا، سازش لەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكات، لە دامەزراندنی یەكەمین پەرلەمانی كوردستاندا.

 دوای دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی ئیرادەی گەلی كوردستان، هەر ئەو پەرلەمانەی كە 51 ئەندامی لە كۆی 100 ئەندام، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون، بڕیارە مێژووییەكەی فیدڕاڵییان دەركرد.

ئەم پرەنسیپە وەك بناغەی «فیكر و عەقیدەی بارزان» كە بریتییە لە «ئیرادەی گەلی كوردستان» لای سەرۆك بارزانی پرەنسیپێكی نەگۆڕە و لە سەرووی هەموو ئیرادەیەكی دیكەوەیە و هەر بڕیارێك پەیوەندی بە چارەنووسی ئەم نیشتمانە و شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەوە هەبێت، ئەوە پێداگریی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەوەیە كە دەبێت چارەنووسی نیشتمان و بەڕێوەبردنی وڵات هەڵقوڵاوی ئیرادەی گەلی كوردستان بێت. ئەم پرەنسیپە لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسیی كوردستان و پرۆسەی سیاسیی عێراقیش لای لایەنە سیاسییەكان بە باشی تێی ناگەن، یان ناتوانن ئەوە بسەلمێنن كە دەبێت ملكەچی ئیرادەی گەلی خۆیان بن، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو، زۆر بە باشی لەو پێداگرییەی سەرۆك بارزانی تێنەدەگەیشتن، كە دەیگوت: «بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەبێت بگەڕێینەوە، بۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان»، لەوانەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتییش، ئەم بانگەشەیەی سەرۆك بارزانی بۆ گەڕانەوە بۆ «ئیرادەی خەڵكی كوردستان» وەك موزایەدەیەكی سیاسی سەیر كرابێت، نەك وەك پرەنسیپێك لە ویژدانی سەرۆك بارزانیدا كە سازشی لەسەر ناكرێت. بۆیە وەك بینیمان لە ئەیلوولی 2017 پێش ئەوەی پرۆسەی ڕیفراندۆم جێبەجێ بكرێت، گوشاری زۆریان بۆ سەرۆك بارزانی هێنا، بۆ ئەوەی ڕیفراندۆمەكە نەكرێت و دوابخرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو گوشارەكان و هەروەها هەموو ئەو بەڵێنانەشی دەخرانە ڕوو، بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم دوابخرێت، لە ئاستی ئەوە نەبوون، ئیرادەی خەڵكی كوردستان پەسەندی بكات، ئەمە وای كرد، سەرۆك بارزانی لە سەرووی هەموو شتێكەوە ڕێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرێت و بە هەموو جیهانی ڕاگەیاند: «نامەوێت شەرمەزاری میللەتی خۆم بم»، بۆیە ڕیفراندۆمەكە لە كاتی خۆی ئەنجام درا و جیهانیش بینییان ئیرادەی گەلی كوردستان چی دەوێت، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێزی لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان نەگرت و لەبری ئەوە گەمارۆیان خستە سەرمان و هێرشی سەربازییان كردە سەر هەرێمی كوردستان، كە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری 2005 بوو، پێشێلكردنی ئەو دەستوورەش بوو.

ئەم مێژووە ئەوەمان پێ دەڵێت، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئامرازێك بۆ دروستكردنی زەمینەیەك دامەزراوە، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووس و شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە بدات. ڕاشكاوانەتر پرەنسیپی نەگۆڕ لە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەركەوتنی ئیرادەی ئازادی گەلی كوردستانە و پارتی بڕوای بەوەیە تەنیا ئیرادەی گەلی كوردستان توانای بونیادنی دەوڵەتی هەیە و هەر ئەو ئیرادەیەش توانای بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەتەی دەبێت.

Top