*رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە چوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵ بەشدار دەبین لە گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی رەگەزپەرستی لە جنێڤ*

*رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە چوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵ بەشدار دەبین لە گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی رەگەزپەرستی لە جنێڤ*

 

بڕیار وایە رۆژانی (١٤-١٥)ی ئابی ٢٠٢٤ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ گفتوگۆی هەردوو راپۆرتی خولیی (٢٦ و ٢٧)ی کۆماری عێراق تایبەت بە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی رەگەزپەرستی ئەنجام بدرێت، لەم گفتوگۆیانەدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرپەرشتی بەڕێز د. خالید شوانی وەزیری دادی حکومەتی ئیتحادی و سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ئیتحادی بەشداری دەکات.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد بەشداری کردنی شاندی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوی هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی نووسینەوەی راپۆرتەکانی تایبەت بەو رێککەوتننامە و پەیماننامانەی پەیوەستن بە مافی مرۆڤ لە حکوومەتی فیدراڵە، بە مەبەستی خستنەڕووی پابەندبوونەکانی هەرێمی کوردستانە بەو رێککەوتننامانە.

ئەوەشی خستەڕوو کە شاندی حکومەتی هەرێم تێبینییەکانی خۆی پێشکەش دەکات لە چوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵ کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو یاسا و رێنمایی و هەنگاوە کرداریانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێت تایبەت بە جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەوانەش بابەتی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری رەگەزپەرستی.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی راگەیاند بەشداری کردنی حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەدا دەروازەیەکە بۆ ئەوەی بتوانێت پابەندبوونی خۆی بە پرەنسیپ و راسپاردەکان بگەیەنێتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بارەگا سەرەکییەکانی (UN) لەوانە جنێڤ.

هەروەها لەم کۆبوونەوانەدا تیشک دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پلانی حكومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) کە بەشێکی تایبەتە بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەرنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی جیاکاری رەگەزپەرستی.

شایەنی باسە کارەکانی (١١٣)هەمین خولی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری رەگەزپەرستی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژانی ٥ تا ٢٣ی ئاب لە جنێڤ دەبەستێت.

*رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە چوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵ بەشدار دەبین لە گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی رەگەزپەرستی لە جنێڤ*
Top