دكتۆر هلوڤان حوسنی مامۆستای زانكۆ: ئەگەر یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەربكرێت، كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەندیش ئاستەنگی گەورەیان لەبەردەم لادەچێت

دكتۆر هلوڤان حوسنی  مامۆستای زانكۆ:  ئەگەر یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەربكرێت، كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەندیش ئاستەنگی گەورەیان لەبەردەم لادەچێت

 

بێگومان دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی كوردستان كە خاوەنی كەرتێكی نەوت و گازی سەرەكیی خۆیەتی جێگای بایەخ و گرنگیدانە، بەتایبەتی كە ئەم كەرتە ڕۆڵی هەیە لە دابینكردنی داهاتێكی باش و گەورە بۆ هەرێمی كوردستان و خاوەنی كێڵگەیەكی زۆر و فراوانیشە لە سامانی سرووشتی، بەڵام دەركردنی ئەم یاسایە پێویستە بە هاوبەشی و پێدانی زەمانەتی ئەوە دەربچێت، كە ڕەچاوی بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانی تێدا بێت، بۆیە لێرەدا بە چەند خاڵ ئاماژەیان پێ دەدەم.

یەكەم: لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا لە 2005 كە زۆرینەی خەڵكی عێراق دەنگی لەسەر داوە، دەستوورەكە داوای ئەوە دەكات، یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بە زووترین كات ئامادە بكرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت و لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراق بە خەڵكی هەرێمی كوردستانیشەوە، كاتێكیش ئەم یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵییە دەرنەچوو، بۆشاییەكی یاسایی دروست بوو. بۆیە پەرلەمانی كوردستان یاسای نەوت و گازی هەرێمی لە ساڵی 2007 پەسەند كرد، بۆ ئەوەی كاروباری سێكتەری نەوت و گازی لە هەرێمدا پێ ڕێك بخات و بەڕێوەی بەرێت. بۆیە ئەگەر یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەربكرێت، كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەندیش ئاستەنگی گەورەیان لەبەردەم لادەچێت و چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ ڕێكخستەوەی نەوت و گاز لەسەر ئاستی فیدڕاڵی بۆ هەموو عێراق دروست دەبێت.

دووەم: دەرچووونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، زەمینەیەكی لەبار بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانیی نەوت و گاز دەڕەخسێنێت، ئەگەر یاسای نەوت و گاز بەپێی ماددەكانی دەستووری عێراق تێپەڕێت، ئەوا بۆ هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی نەوت و گازی فیدڕاڵی زۆر گرنگە، بەتایبەتی كە نوێنەری هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی بڵند دادەنرێت، كاری ئەم ئەنجومەنەش هەموو ستراتیژیەت و پلانی نەوت و گاز دادەڕێژێت و هەموو كاری كۆمپانیا و پلان و بەرنامەكان دادەڕێژێت و ڕێكیان دەخات بە ئاراستەی بەرژەوەندیی نیشتمانی و لە ناویشیدا بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت، ئەمەش هەمووی لەناو چوارچێوەی كار و بەرپرسیارێتیدا دەبێت و هەمووان كاری خۆیان دەزانن.

سێیەم: دەركردنی یاسای نەوت و گاز واتە گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەسەر ماددە دەستوورییەكانی (111 و 112)ی دەستووری عێراق كە لە ماددەی 111ی دەستووری عێراقدا ئاماژەی بەوە كردووە، نەوت و گاز موڵكی هەموو خەڵكی عێراقە، لە ماددەی 112ی دەستووری عێراقیشدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەو كێڵگە نەوتی و گازییانە لە دوای ساڵی 2005 دەگەنە ئاستی بەرهەمهێنان بە هاوبەشیی حكومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ هەرێم و پارێزگاكان بەڕێوە دەبرێن. بەمەش قۆناغێكی نوێ لە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز لە تەواوی عێراق دەست پێدەكات.

چوارەم: یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بۆ ئەوەی لایە هەموو عێراقییەكان و كوردستانییەكان جێگەی قبووڵكردن بێت، دەبێت بە هاوبەشی ئەم یاسایە دەربچێت و ڕەچاوی هەموو بەرژەوەندییەكانی تێدا كرابێت. ئەم كۆدەنگییە لە دەرچوواندنی یاساكە و تێپەڕاندنی لەناو هۆڵی پەرلەمان كۆتایی بە هەموو ناكۆكی و تەفسیراتە جیاوازەكان دەهێنێت و یاساكە بە شێوەیەكی گشتی بۆ هەموو عێراق و بە شێوەیەكی تایبەتیش بۆ هەرێمی كوردستان سوودی لێ وەردەگیرێت.

پێنجەم: هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2007 لە ڕێگەی پەرلەمانەوە یاسای نەوت و گازی هەرێمی پەسەند كرد و وەبەرهێنان لە سێكتەری نەوت و گاز كرا. لە ساڵی 2014 دوای ئەوەی بەغدا پشكی كوردستانی لە بودجەی عێراق بڕی، هەرێم بە ناچاری دەستی بە هەناردەكردنی نەوتی خۆی كرد بۆ دەرەوەی هەرێم، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، لەگەڵ ئەوەی گەلێك جیاوازی و ناكۆكی لەگەڵ عێراقی لێ كەوتەوە و دەرئەنجامی خراپی لێ دروست بوو، بەڵام بە دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی كۆتایی بەو هەموو ناكۆكییە دێت .

شەشەم: لە ئێستادا بە هۆی بڕیارەكەی دادگای پاریس هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕی جیهانی ڕاگیراوە. ئەم پرسە لەگەڵ ئەوەی پێویستی بە ڕێككەوتنی سیاسی هەیە و هەوڵەكان لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەگەر یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەربچێت، جارێكی دیكە تووشی كێشەی لەو جۆرە نابینەوە.

لە دوماهیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە بە دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و گەڕانەوە و كاركردنی گەورە كۆمپانیاكانی نەوت و گاز بە شێوەیەكی زۆر فراوانتر، ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە بەدەستهێنانی هەلی كار بۆ گەنجەكانمان، ئەمە وێڕای بەگەڕخستنەوەی كاری كۆمپانیا لاوەكی و خزمەتگوزارییەكانی كەرتی نەوت و گاز كە لەگەڵ ئەو گەورە كۆمپانییانە كار دەكەن و ژمارەیەكی زۆری دەستی كاری ناوخۆیی تێدا فەراهەم كراوە.

 

Top